خێڵی درۆ

” لاسە شۆڕێ بووم خەنیمی دوژمنان
ئێستێ ئەنگواوم بە تیری چڵکنان”

خێڵی درۆ

دەک ڕووڕەش بن، خێڵی درۆ!
ڕووڕەشی دنیا و قیامەت!
بەکرەشۆفاری ئەم زێدە و
پاڵەوانانی خیانەت!
کرمەزەردی ‘ڕووداو’ـەکان!
هۆ چەقەڵ و لەڕەسەگی یانیگری
هەواڵبەندی گورگەبۆران!
لەم زستانە درەنگوەختە ساردو سڕە
کردەوەتان تیژکردنی
کەڵپی کولیان،
بە سێسووچی فەرەنگیانەی سێ دوژمنان!
دە وسکوت بن،خێڵی درۆ!
پێچەوانەی ناوەکانتان…
نە ڕەسەن، نە کوردپەروەرن،
زڕتە بێکارەی بەدفەڕن!
تەوەزلی پڕاوپڕ لە گازی خەردەل،
کۆنەکوانێکی چلکن و
بێ‌چاووڕوو، کوێرو کەڕن!
دە بێدەنگ بن،
خێڵی درۆ!
بگەڕێنەوە ئاودەستی…
مۆڵگەی ‘میت’ و کڕوکپ بن!
باش بزانن، من وەکوو مەم،
لە زریانی گورگەبۆری پۆشتەو تەیار
باکم نیە
سەت بن، هەزار بن، دەهەزار یان
بێ‌ئەژمار،
بێمننەتم،
بە شمشێری ‘ئاڤێستا’کان و ‘بارین’ان ژنخاسانە،
‘دڕیان پێدەدەم شێرانە’.
بە کوێرایی چاوی کوێرتان،
مامە هێمن گوتەنی:
‘بەهار هەر دێ’ و
شنەی شەماڵی نەورۆزی،
لە ڕۆچنی مێدیایەکی ‘ئاریۆبەرزەن’ی
موژدەی سەرکەوتنی عەفرینێ،
بۆ لاسەشۆڕ دێنێ.

کاکەلاس ، 2018-03-18

Related posts