پارادایمی باشور سەرکەوتن لەگەڵ خۆی ناهێنێ

پارادایمی باشور سەرکەوتن لەگەڵ خۆی ناهێنێ

بەرخۆدان، سەرهەڵدان و ڕاپەڕین لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ڕابردوویەکی دێرینی هەیە. پارێزوانی و خۆپاراستن شتێکە لە کەسایەتی و جیناتی مرۆڤدا جێی گرتووەو بابەتێکی سروشتی و ڕۆحی جیانەکراوە لە مرۆڤ و هەموو بوونەوەرەکانی ترە. لەگەڵ دروست بوونی مرۆڤ غەریزەی پاراستن و خۆپاراستنیش گەشەی کردووەو ڕێ و ڕێبازی جیاوازیشی بەخۆیەوە بینیوە، لانی کەم لەسەرەتای ژیانی مرۆڤایەتیدا بەپێی دەرفەت و دەستکەوتەکانی بەرامبەر کارەسات و ڕووداوە سروشتیەکان خاوەن پلان و بەرنامەی تایبەتی خۆپاراستن بووە. دواتر و لەگەڵ پێشکەوتنی ژیان و بەدیهاتنی سیستمی بەڕێوەبەری و شێوەگرتنی لە دامەزراوەی ناسروشتی دەوڵەتدا، مرۆڤە ئازادیخوازو کۆمەڵگاو گەلان هەمیشە بەرامبەر بە هێرشی داگیرکاران بەرخۆدانییان کردووەو بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیشیان ڕاپەڕین، سەرهەڵدان و شۆڕشیان بەرپا کردووە.

ڕەنگە لە مێژووی هەموو گەل و نەتەوەکانی جیهانداو لەسەردەمە جیاوازەکاندا سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی کۆمەڵگاکان هەم دژ بە داگیرکارە دەرەکیەکان هەمیش دژ بە سیستم و دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرە ناوخۆییەکان کە لە فۆرمی ژیانی ئاسایی دەرچوون، ئەنجام درابێت و هەندێکیان بە ئامانجی خۆیان گەیشتوون و هەندێکیشیان ناکام ماونەتەوە، باشوری کوردستانیش یەکێک لەو شوێنانەیە کە لە دوای دروستکردنی دەوڵەتی عیراق و لە سەد ساڵی ڕابردووداو بەتایبەت لە نیوەی دووەمی سەدەی ٢١-وە چەندین بزوتنەوەو حیزب و لایەنی سیاسی تێدا دامەزراوەو هەریەک بەجۆرێک و لەچوارچێوەی فیکرو فەلسەفەیەکدا و لەژێر دروشمی جیاوازدا خەبات و تێکۆشانیان بۆ ڕزگاری نەتەوەیی ئەنجام داوەو لەم نێوەندەشدا کۆمەڵگای باشور خاوەن ڕەنجێکی گەورەی بەرخۆدان، سەرهەڵدان و ڕاپەڕینەکانە. ڕوو پەلەکانی ئەو دیرۆکە بە خوێنی قوربانیان و گیان بەختکردووان ڕەنگین و نەخشێندراوە، بەڵام وێڕای گەورەیی کارەساتەکان و زۆری هەژماری قوربانی و ماڵوێرانیەکان، ئێستا دەبینین گەلی باشوری کوردستان ڕۆژە ناهەموارە چاوەڕوان نەکراوەکانی کە شایستەی ئەو کۆمەڵگا قوربانی دەر، شۆڕشگێڕ و سەرکەشە نین، دەرباز دەکات.

شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی باشوری کوردستان لە کات و ساتە جیاوازەکاندا دەستکەوتی زۆرو مەزنیان لێکەوتۆتەوە کە دواترینیان بەرهەمی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١-ی گەلی باشوری کوردستانەو دواتریش ڕوخانی ڕژێمی سەدام لە ساڵی ٢٠٠٣، بەڵام هیچ یەک لەو دەستکەوتانە جگە لە کۆمەڵێ کەسی دیاری کراو، بنەماڵەو حیزب، نەکەوتە خزمەتی گەل و کۆمەڵگاو ئەو چینەی زۆرترین زیانی بینیووە زۆرترین بێ بەشی بەرکەوتووە. تەنانەت بەهۆی کرانەوەی ئەو فەزا بێ بەندو داوەو هاوردەکردنی شێوازو فۆرمی ژیانی کۆمەڵگاو وڵاتانی دەرەوەو سەپاندنی بەسەر گەلدا، خەڵکی باشور بە ئاستێک لە کەلتورو تایبەتمەندیە ڕەسەنەکانی دابڕاو و نامۆ بووە کە ناناسرێتەوە. هۆکاری سەرەکی ئەم بابەتەش بریتیە لە نەبوونی سەرۆکایەتی یان ڕێبەرایەتیەکی خۆڕسکی سروشتی خاوەن ڕەنج، بە بیرو باوەڕ و فەلسەفەیەکی ئازادیخواز، یەکسانی خوازو دادپەروەر. بەشێوەیەکی گشتی ئەو کەسایەتی و لایەنانەی کە جڵەوی شۆڕش و سەرهەڵدانەکان و ئاڕاستەکردنیان لەدەستدا بووە، لە چینێکی باڵادەست و ئەرستۆکراتی دوور لە ئێش و ئازار و داخوازیە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگا بوون و لە هەناوی ژانەکانی کۆمەڵگادا لەدایک نەبوون. ئاڵا هەڵگرانی ئازادی، یەکسانی، کۆمەڵگای دیموکراتیک، سەربەخۆیی، خۆشگوزەرانی و دادپەروەر جگە لە بانگەشەی بێ بنەماو دروشمی ڕاگەیاندن و وروژێنەر، نەیانتوانی لەکەسایەتی خۆیاندا هەنگاوێکی بەجەسارەتی پراکتیکی بهاوێژن و خۆیان لە تایبەتمەندیە نادروستەکان دابماڵن و دەست لە سیفەتە کوژەرەکانی وابەستە بوون هەڵبگرن. لەلایەکی تریشەوە وێڕای ئەوەی ئیرادەی خۆ بەڕێکخستەکردنی گەل لە دەرەوەی حیزبی سیاسی بەشێوەیەکی بەرچاو دروست نەبووە، هاوکات هەموو ئەو دەنگ و ڕەنگە جیاوازانەش لەلایەن خودی حیزبە کوردیەکانەوە سەرکوت کراون کە ویستوویانە ڕێبازێکی جیاوازی چارەسەری و دەریچەیەکی دەرباز بوون لە هێژموون و داگیرکاریەکانی حیزبە وابەستەکان بدۆزنەوە. هەروەها لەکاتێکدا دروشمی سەرەکی لایەنە سیاسیەکان ژن و مافەکانی بووە، بەڵام ئەمە جگە لەفریودان شتێکی تر نەبووەو هیچ کات لەو دەسەڵاتە هەرێمیەی باشوردا ڕێگاو دەرفەتی پێویست بۆ ژنان نەکرایەوەو تەنانەت باشوری کوردستان بووە گۆڕستان و جێگایەکی پڕ لە مەترسی لەسەر ژیان و ئاسایشی ژنان.

سەرەڕای ئەوەی لە باشوری کوردستان ماوەی ٢٧ ساڵە حکومەت و پاڕلەمان هەیە، بەڵام قسەکەری یەکەم حیزب و لەناو حیزبیشدا کەسێکە. واتا مۆدێلی حکومڕانی و بەڕێوەبەرایەتی باشوری کوردستان زۆرتر لەوەی کە شێوازێکی دامەزراوەیی یاسایی هەبێت، ڕەنگی کلاسیکی دیوەخان و خانەدانێتی سەدەکانی ڕابردووی تێدا زاڵە. لەبەر ئەوەی پارتە سیاسیەکانی باشوری کوردستان ئەگەرچی خاوەن بانگەشەی ڕزگاری نەتەوەیی و شۆڕشی نەتەوەیین، بەڵام نە ئەو فیکرەی لەسەری دامەزراون و نە ئەو شێوازە خەباتەش کردوویانە ڕەنگ و بۆنی کوردایەتی نەداوەو زۆرترین خزمەتی دوژمنانی کورد لە باشوری کوردستان و لەلایەن حیزبەکانەوە کراوە. هەمیشە گەل قوربانی بووە و خۆشگوزەرانی و دەسەڵات و ڕێوەبەریەکانیش لە کەسایەتی حیزب و بنەماڵەدا کورت و بەرتەسک کراوەتەوە. شێوازی سیاسەتی حیزبەکانی باشوری کوردستان لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ بەجۆرێک ناڕەواو دوور لە پێوانە ئەخلاقیەکان بووە کە کۆمەڵگای سروشتی لە باشوری کوردستان لە ڕیشەوە هەڵتەکاندو هیچ ڕایەڵەو ژێیەکی پەیوەست بوونی لەنیوان تاکەکاندا نەهێشتووە. کۆمەڵگا بەسەر ئەجێندای بەرتەسک و بەرژەوەندی بنەماڵەیی و کەسی حیزبەکاندا دابەش بوون و ئەم پارچە بوونەش هەتا ئاستی خوارەوەی تاکەکان هاتووە. هەرچەندە بەناوی کۆمەڵگای مەدەنیەوە چەندین سەندیکاو ڕێکخراوی نا حیزبی و ناحکومی دروست کراون، بەڵام زۆربەیان پڕۆحیزب و پڕۆکەسایەتین و ئەوانیش لەپێناو قوڵکردنەوەی ناکۆکیەکاندا درێغیان لە تێکۆشان نەکردووە. دەتوانین بڵێین لە باشوری کوردستاندا کۆمەڵگا بە ماناو پێناسە ڕاستە سروشتیەکەی لە لێواری مەرگ و مەترسی لەناوچووندایەو لیبرالیسمێکی نازانستی و بێ پێوان باڵی ڕەشی بەسەر خەڵکدا کێشاوە کە هەموو ڕەنج، نرخ و تێکۆشانی کۆمەڵگا دەخاتە گیرفانی چەند بەرپرس و بنەماڵەیەکەوە. وە بابەتێکی تری مەترسیدار ئەوەیە کە زۆر بەزانا بوون و بە شێوەیەکی سیستماتیک هەموو نرخە مەعنەویەکانی خەڵکی باشوریان لە مادیات و گوزەرانی شکڵی و موچەدا کەم کردەوەو ڕۆحی بەرخۆدان و پارێزگاری کردن تەنانەت لە خاک و کەرامەتی ئینسانیشیان بە ئاستێک لاواز کردووە کە لە پەلامارەکانی داعش و دواجاریش ڕووداوی ١٦ ئۆکتۆبەردا بەئاشکرا دەرکەوتە ڕوو. واتا حیزبەکانی باشوری کوردستان بەشێوەیەکی گشتی و بەتایبەتی حیزبە دەسەڵاتدارەکان لەبەر ئەوەی خاوەن ڕوئیای سەربەخۆو کارنامەو پلان نامەی سەربەخۆی خۆیان نین، بۆیە نەک نەیانتوانیوە کۆمەڵگا ڕێک بخەن و ئامادەی هەر ئەگەر و مەترسیەکی بکەن، بەڵکو خۆیان بوونە جێبەجێکاری پلانی دەوڵەتە داگیرکارەکان و تا وای لێهات تان و پۆی چڕی کۆمەڵگا لەبەر یەک هەڵوەشێتەوەو ئێستا باشوری کوردستان کۆمەڵگایەکی بێ هێزی پاراستنی جەوهەری تێدا دەژیەت و لاوازترین دوژمنەکانی کورد بە ئاسانی دەتوانن نرخەکانی داگیر بکەن و دەستدرێژی خاکەکەی بکەن.

لێرەدا پێویستە ڕۆژئاوای کوردستان وەک نمونەیەکی ئەرێنی وەربگرین، هەرچەندە ناکرێت و ڕاستیش نابێت ئەگەر لە لایەنی فیکری، فەلسەفی، ئایدیۆلۆژی و سیستمەوە بەراوردکاری نێوان ڕۆژئاواو باشوری کوردستان بکەین، بەڵام ئەگەر سەرکردایەتیەکی ژیر، خاوەن بیرێکی قوڵ، بەرنامەی ستراتیژیک و فیداکار هەبوایە، ئەوا دەکرا گەلی باشوریش وەکو ڕۆژئاوای کوردستان ببێتە ئیرادەیەکی پۆڵایین و شکان و پاشدا کشان قبوڵ نەکات. تا ئێستا کۆمەڵگای باشوری کوردستان هیچ جێگەیەکی لەناوەندەکانی بڕیارو جێبەجێکردندا پێ نەدراوە، دەزگا حکومیەکان ڕەنگی گەلیان پێوە دیار نیەو کۆمەڵگا هیچ مانایەکی نیە لە بیری سیاسی حیزبەکاندا. بەڵکو گەل، خاک و کۆمەڵگا هەمووی بە قوربانی ئیمتیازات و پۆست و پلەو پایەی حیزبی و کەسی کراوە. هەربۆیەشە چارەنوسی خەڵک بەو ئاستە ترسناکە گەیشتووە کە لەبەرامبەر هەر هێرشێکی فیکری و فیزیکی بێ پاراستن و بێ سەنگەر ماوەتەوە. لە باشوری کوردستاندا هەمیشەو بەردەوام لە پشتی کۆمەڵگاو پێکهاتەکانەوە بڕیار درواوەو ڕێکەوتن لەگەڵ ئەم و ئەو کراوە بۆیە بەهیج جۆرێک لە هیچ یەک لەو شکستە گەورانەی کە لەباشوری کوردستاندا ڕوویان داوە گەل بەشدار نیە، هەروەک چۆن لە بڕیارە گرنگ و چارەنوس سازەکانیشدا ئاوڕ لە گەل نەدراوەتەوە. بۆیە ئیتر کاتی ئەوە هاتووە گەلی باشوری کوردستان لەدەرەوەی حیزبە سیاسیەکان خۆی بەڕێکخستن بکات و ئەنجومەن و سەندیکاو کۆمینی جیاوازی پیشەیی و پێکهاتەیی دابمەزرێنێت و ببێتە فشارێکیش بۆ دەسەڵاتداران کە چیتر یاری بە چارەنوسیانەوە نەکات. پێوستە گەلی باشوری کوردستان سود لە ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان وەربگرێت و بە گوڕو تینەوە بێتە مەیدان و ڕۆژ بەڕۆژ ساحەی دەسەڵاتداری کەمتر و تەنگتر بکاتەوە. دەبێ کۆمەڵگای کوردستان و بەتایبەت ژنان ئیلهام لە فیکری ئازادی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان وەربگرن و هەوڵی دامەزراندنی سەرکرادایەتی هاوبەش یان بەکۆمەڵ بدەن و ئیدی بەسیفەتی دایکایەتی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگا بگەڕێننەوە دەستی خۆیان کە لە بنەڕەتدا ئەوە مافێکی ژنانەو پیاوانی دەسەڵاتگەرا لێیان داگیرکردوون.

لە باشوری کوردستاندا وێڕای ئەو هەموو بەڵاو زیانە گەورە قەرەبوو نەکراوانەی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بەسەر کۆمەڵگادا هاتووە، بەڵام تا ئێستا نەمان بینی بەرپرسێک یان سەرۆکی حیزبێک لەبەرامبەر گەلدا داوای لێبوردن بکات یان ڕەخنەدایینی خۆی بدات و لە کردەوەدا قەرەبووی هەڵەو کەموکوڕیەکانی بکاتەوە، لەبەر ئەوە ئیتر دەبێ خەڵک لەوە تێبگات کە ئەو سەرکردایەتیە باکی بەهیچ شتێک نیەو شعوری لاوازو هەست و بیری لە بەرژەوەندی شەخسیدا نقوم بووە. ئەگەر سەرنج بدەینە دوایین ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەبینین کە لە عەفریندا بەرخۆدانێکی بێ هاوتای دیرۆکی بەڕێوە دەچێت و گەل بەشی سەرەکی ئەو بەرخۆدان و فیداکاریە پێکدەهێنێت. ئەمەش بۆ هەبوونی فیکرو سیستمێکی بەڕێوەبەرایەتی کارامە بە پێشەنگایەتی و ڕۆڵگێڕی ژن و بێ بەرژەوەندی حیزبی و کەسی دەگەڕێتەوە. پێویستە بەباشی ئەوە ڕاستیە ببینین کە ئەگەر ئەو سەرکردایەتیە هاوبەشە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا نەبوایە ئەوا چارەنوسی عەفرین لە کەرکوک باشتر نەدەبوو، هەروەها دەبێ سەرکردایەتی باشوری کوردستانیش لەئاستی ڕۆژئاوای کوردستان و عەفریندا داوای لێبوردن بکەن چونکە ئەوە تەسلیمکاری ئەوان لەکەرکوک و ناوچەکانی تر بوو هێزو جەسارەتی بە دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان بەخشی کە پەلاماری بەشێکی تری کوردستان بدات. دواجار ئەوەی دیارە ئەوەیە کە ئێستا پارادایمێکی نوێ لە ئارادایە کە دەتوانێ مرۆڤی کورد هەم وەک تاک و هەمیش وەکو کۆمەڵگا بگەڕێنێتەوە ئاستی تاک و کۆمەڵگاکانی تری جیهان و کورد بکاتەوە بە خاوەن شانازی کە ئەویش ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان لە گەڵ بەرخۆدانێکی دیرۆکی دژی داگیرکاری، لە حاڵی بەجێ بوون و بوون بەبەشێک لە ژیانی کوردانە. بێگومان نابێ چاو لەوەش بپۆشین کە پارادایمی حیزب و بەڕێوەبەرایەتی باشوری کوردستان مرۆڤ بەرەوە سەرکەوتن هان نادات و بەپێچەوانەوە لەکاتێکدا کوردان لەسەرکەوتن نزیک دەبنەوە ئەم جیهان بینیەی سیاسیەکانی باشور شکست لەسەر شکست تۆمار دەکەن.

alternative 66

Related posts