چاڵاكی مەریوان پەیامێكە بۆ هەر كەس كە خوێندنەوەی لۆژیكیانەی بۆ هێز، ئیرادە و پڕۆژەی پژاك هەبێت

چاڵاكی مەریوان پەیامێكە بۆ هەر كەس كە خوێندنەوەی لۆژیكیانەی بۆ هێز، ئیرادە و پڕۆژەی پژاك هەبێت
22.07.2018

ئامەد شاهۆ

ئافراندن و راگەیاندنی پڕۆژە و كاركردن لەسەریان، تایبەتمەندی دیمۆكراتیك و شۆڕشگێڕانەی پژاكە

هەر پڕۆژە و نەخشە رێگایەكی دیمۆكراتیك لەناوەڕۆكی خۆی بە واتای پێشكەوتن، نوێبوونەوە و داهێنان بۆ چارەسەری ئاشتیانەیە. پژاك پارتێكە لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا بە ئەمڕۆ لەهەر قۆناخ و سەردەمێكی پێویستدا، بە داهێنانی پڕۆژە، فۆڕم و هەیكەلی نوێ‌ تێكۆشان و بونیادنانی تاك و كۆمەڵگایەكی ئازاد و دیمۆكراتیك لەگۆڕەپانی تێكۆشانی دیمۆكراسیخوازی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران خاوەن رۆڵ بووەو دەبێت. ئافراندن و راگەیاندنی پڕۆژە و كاركردن لەسەریان، تایبەتمەندی دیمۆكراتیك و شۆڕشگێڕانەی پژاكە كە لەتەمەنی 14 ساڵەی خۆیدا هەمیشە هیوای گەلانی ئێران و گەلی كوردی درەوشاندوەتەوە. تەوەرەیەكی گرنگ كە پژاكی خستووەتە ناو دڵی تاك و كۆمەڵگای كوردی و گەلانی ئازادیخوازی ئێران ئەوەیە كە پژاك پارتێك نییە كە تەنیا ئیستراتیژی تێكۆشانی خۆی بە كەش و هەوای سیاسی و رووداوە رۆژانەییەكان ببەستێتەوە. بەڵكوو پژاك لەدەرئەنجامی تێكۆشانی خۆی لەژێر مەنگەنەی سەركوت و چەوساندنەوەی كۆماری ئیسلامیدا؛ مێژوو، تاك و كۆمەڵگایەكی لەكەسایەتی خۆیدا بۆ گەلانی ئێران و گەلی كورد زیندوو كردووەتەوەو بە روانگەی خەباتی ئیستراتیژی نەیارانی دیمۆكراسی شڵەژاندووە.

دامەزراندنی پژاك لەساڵی 2004ی زایینی و تێكۆشانی تا بە ئەمڕۆ بۆ گەلی رۆژهەڵاتی كوردستان بە واتای گوزارشت لەگوزەركردنی دیاردەی كوردی ئۆبژە بۆ كۆمەڵگایەكی نەتەوەیی هۆشیار، سیاسی، رێكخراو و تێكۆشەر كە بۆ گەهێشتن بە ئازادی بووە بە سۆبژە. واتا بە چەمك و فەلسەفەی نوێ‌ تێكۆشانی لەكۆنە كوردی كۆیلەو داڕماو، كوردێكی ئازاد و دیمۆكراسیخوازی خۆڵقاندووە كە دەستپێشخەری چەسپاندنی سیستەمی كۆنفیدڕالیزمی دیمۆكراتیك و خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتیكی گەلان و دیمۆكراسی هەرێمی دەكات. دەبێت بۆ هەر كەس روون و ئاشكرا بێت كە پژاك كۆپی پارتە مافیا سفەتەكان، نەتەوەپەرەست، دەسەڵاتخواز و ناسیۆنالیستی كوردی، دەوڵەت ـ نەتەوەی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و ئیسلامی سیاسی نییە. چۆن ئەو پارتانە ئامانجی ئاوا كردنی دەوڵەت و گەهێشتن بە لووتكەی دەسەڵاتی خۆیان وەك پرەنسیپێك داناوە كە ئەوەش بە پێچەوانەی روانگەی تێكۆشانی پژاك و كۆمەڵگای دیمۆكراتیكە. چۆنكە پژاك بڕوای بەوە هەیە كە سۆسیالیزم و دیمۆكراسی لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان تەنیا لەمیانەی ژیانێكی دیمۆكراسی فرە بەشدارییەوە بۆنیاد دەنرێت، نەك بە پێچەوانەی قۆرخ كاری سیاسی، جۆگرافی و هەرێمێكی بەرتەسكی پڕۆژە كارتۆنی و بازاڕیەكان. چۆنكە ئامێری دەوڵەت نە لەگەڵ سرووشتی سۆسیالیزم و گەوهەری كۆمەڵگای ئازاد دەگونجێت و نەش لەگەڵ بیرۆكەی ئازادی و دیمۆكراسی. ئەوانەی كە ئەمڕۆ وەك زوڕناژەنی دەوڵەت ـ نەتەوەكان خۆ بە نمایش دەدەن، تەنیا بەدوای گێرەشێوێنی، قازانجی زیاتر، دەسەڵات و دەستڕۆیی خۆیانەوەن كە ئەوەش بە واتای چڕبوونەوەی پاوان و قۆرخكاری هێز و چاوسانەوەی گەلی خاوەن رەنج و نرخە دیمۆكراتیەكانیانە.

ئەركی هەر هێزێكی تێكۆشەر ئەوەیە كە كۆمەڵگایەكی سیاسی بونیاد بنێت

ئەو هێز و پارتە دەوڵەتخوازانەی كە ئەمڕۆ لەبەرگی ئۆپۆزسیۆنی كوردی و ئێرانیدا گەورەتر لەقەبارەی خۆیان و دوور لەحەقیقەتی مێژوو، تێكۆشان و ئیرادەی ئازادی كۆمەڵگاكەیان، چۆپی رووخان و شەڕی سەربازی دەسووڕێننەوە، ئەگەر پێكهاتە و هەیكەلی كۆمەڵگاو پارتەكەیان لەو قەوارەیەدا نەڕازاندبێتەوە و دیمۆكراتیزە نەكردبێت و خاوەن زهنیەت، چەمك و فەلسەفەی تێكۆشانی دیمۆكراتیك نەبن، هەرگیز توانای رووخانی رژێم، شەڕی چەكداری و تەنانەت ململانێ‌ لەگەڵ دەسەڵات و بەڕێوەبردن و دەستپێشخەری كۆمەڵگاشیان پێ ناكرێت. چۆن ئەركی هەر هێزێكی تێكۆشەر ئەوەیە كە كۆمەڵگایەكی سیاسی بونیاد بنێت و كۆمەڵگای سیاسیش ئەو كۆمەڵگایە كە ئازادی خۆی بەدەستهێناوە. واتا كۆمەڵگا سەبارەت بە بەرژەوەندیە ژیانیەكانی خۆی پێویستە خاوەن هێزی فكر، بڕیار، چالاكی رادیكاڵانە و خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتیانەی خۆی بێت، كە ئەم لۆژیكە مەودایەكی زۆری لەگەڵ زهنیەت و رەوڕەوەی خەباتی كەسایەت، پارت و هێزە تیزانگی و شكلیەكان هەیە.

كۆدار و پژاك بە راگەیاندنی نەخشەرێگای ئاشتیانە بۆ دیمۆكراتیزە كردنی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان تێپەڕی قۆناخێكی نوێ‌ تێكۆشان بوو. نەخشە رێگایەك كە لەژێر رووناكی پارادایمی كۆمەڵگای دیمۆكراتیك، ژینگەپارێز و ئازادی ژن خەمڵێندراوە. رەهەندەكانی نەتەوەی دیمۆكراتیك بە زەقی خراونەتەڕوو و رێگا چارەی كرداریش بۆ جێ‌بەجێ كردنی پڕۆژەكە دەستنیشان كراوە. بۆ بۆنیادنانی كۆمەڵگای دیمۆكراتیك ئەرك و بەرپرسیاری و دەستپێشخەری دراوەتە سەر پێكهاتەی گەلان، كۆمەڵگا، رێكخراوی مەدەنی، ژنان و جەوانان. لەپڕۆژەكەدا ئەخلاق و سیاسەتی دیمۆكراتیك بە بنەما گیراوەو گەیشتن بە دیمۆكراسی خۆجێی و دیمۆكراسی لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتیك پێناسە كراوە. بۆ گەرەنتی چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد و گەلانی ئێران و چەسپاندنی دیمۆكراسی خۆجێی جەخت لە یەكێتی نەتەوەیی كوردان و یەكێتی گەلانی ئێران كراوە. جیا لەوە ئەگەر لەئێران كاربەدەستانی رژێم رێگا بەوە نەدەن كە دەوڵەت + دیمۆكراسی لەجۆگرافیایەكی هاوبەشدا پێكەوە بژین، گەل بە هێز و ئیرادەی خۆی یەك لایەنە خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتیك جێ‌بەجێ‌ دەكات. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە كە ئەگەر هێرش و پەلاماری سەر گەریلاكان، گرتن، لەسێدارەدان و تیرۆری كۆماری ئیسلامی ئێران دژ بە گەلی كورد و گەلانی ئێران بەردەوام بێت، گەلی كورد و كۆدار و پژاك لەچوارچێوەی ئیستراتیژی پاراستنی رەوا مافی خۆپاراستن بە كاردێنن.

پژاك خاوەن كەلتووری دیمۆكراسییە

پژاك و كۆدار لەبەر ئەوەی خاوەن كەلتووری دیمۆكراسین، بڕوایان بە رەخنە، راو و بۆچوون هەیەو ئەوەش وەك هەوێنی پێشكەوتن و نوێبوونەوە بۆ خۆی لەقەڵەم دەدات. هەر چەند لەسەرەتای پڕۆژەكەوە، پێشكەشی زۆر هێز و لایەنی سیاسی و كەسایەتی سەربەخۆ كراوەو گەلێك تێبینی بە نرخ و بە واتا ئاراستەی نەخشەرێگاكە كرا كە لەدەوڵەمەند كردنیدا بە كاریگەر بووە. پژاك هێز و توانای خۆی لەبەشداربوونی كارای گەل لەگۆڕەپانی دیمۆكراسیدا وەردەگرێت. ئەوەش بۆ خۆی فۆرمێك لەبەشداربوونی گەل و كۆمەڵگایە لەپێناو سەرخستنی پڕۆژەیەك. كاتێك هێز، لایەن، كەسایەت و رێكخراوێك بە بەرپرسیارییەوە سەرنج و رەخنەی خۆی ئاراستەی پڕۆژەیەك دەكات، بێگۆمان لەزەمینی كرداردا چاوەڕوانی هەڵگرتنی ئەرك و بەرپرسیارێتی یان لێ هەیە.

ئەوەی سەرنج راكێشە چەند لایەنی سیاسی و ژمارەیەك كەسایەتی بێ‌ناسنامە دوای راگەیاندنی پڕۆژەكە زۆر بە سیستماتیك شمشێری دژایەتی خۆیان لەبەرگی كوردایەتی سەختە راكێشا و بە چاوی نەیارێكەوە لێكدانەوە لەسەر پڕۆژەكە دەكەن. واتا راشكاوانە نكۆڵی لەنرخ و بەهاكانی كۆمەڵگای گەل و دیمۆكراسی دەكەن. ئەوەش ئەدەبی سیاسی ئەو لایەن و كەسایەتانە دەخاتەڕوو كە چەندێك مەودایان لەگەڵ نوێكاری و پێشكەوتن هەیەو لەگەوهەری دیمۆكراسی بدوورن. ژمارەیەك لایەن و كەسایەت بە رەش كردن و بێ‌واتا نیشان دانی ئەو نەخشە رێگایە، لەژێر ناوی پێناسەو بیانووی ناسیاسیانە دەیانەوێت لەبەرپرسیاری مێژوویی و یەكڕیزی نێو ماڵی كوردی خۆیان بدزنەوە. بە هەڵگرتنی دروشمی زەبەلاحی بێ‌كردار، لەسەر رەنج و نرخی كۆمەڵگا بازرگانی دەكەن. بە رەش كردن و لاواز كردنی پژاك و كۆدار دەیانەوێت جارێكی تر رۆح بە جەستەی تێكشكاویاندا ببەخشن. ئەوەی جێگای داخە ئەوەندەی كەسایەت، هێز و لایەنی كوردی دژ بەو پڕۆژەیە دەوەستنەوە، ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی كوردی ئەوەندە دژایەتی یان نەنواندووە. دیارە پڕۆژەی روون و ئەنجامگیر لەگۆڕەپانی تێكۆشاندا كۆتایی بە تەمەنی پارت و كەسایەتی بێ‌كرداردا دێنێت. ئەگەر وا نەبێت، چ ویژدانێك دەتوانێت بە بەراوردكردنی پڕۆژەی پژاك و كۆدار، نكۆڵی لەمیرات و نرخی تێكۆشانی سەردەمیانەی رۆژئاوای كوردستان بكات و حاشا لەخۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتیكی گەل بكات و بە جێگای پژاكیش بڕیار لەسەر پلان و بەرنامەكانی بدات. ئەوانەی لەمنبەرەكانی بازنەی شەڕی تایبەتی داگیركەرانەوە دەنگۆی ئەوە بڵاو دەكەنەوە كە پڕۆژە هیچ شتێكی بۆ كورد تێدا نییەو سەركەوتوو نابێت، دیارە بە چاویلكەی دەوڵەت ـ نەتەوە و لەپەنجەرەی بازنەی شەڕی تایبەتی دژ بە پژاك و كۆدار پێناسەی خۆیان دەكەن. بۆیە پژاك و كۆداریش هەرگیز چاوەڕوانیان لەو جۆرە كەسایەت و لایەنە دەسەڵاتخواز، ناوەندگەرا، رەگەزگەرا و نەتەوەپەرەست نییە كە بە جێگای رەخنە هەوڵی رەش كردنی تەڤگەری ئاپۆیی رۆژهەڵاتی كوردستان دەدەن و دوور لەپێوانی كوردایەتی، شۆڕشگێڕی و ئەخلاقی تۆمەتی ناڕەوا دەخەنە پاڵ تێكۆشانی دیمۆكراتیك و ئاشتیانەی پژاك و كۆدار.

هیچ هێز و لایەنێك نابێت هێز و توانای پژاك تاقی بكاتەوە

پژاك و كۆدار لەگردەلوولی قەیران و گێژاوی ئێران و رۆژهەڵاتی ناوین بە راگەیاندنی نەخشەرێگایەك هێڵی سیاسی و فكری و تێكۆشانی بۆ رای گشتی روون كردەوە. ئەوەی راگەیاند كە پشتگیری هێڵی دیمۆكراسی یان گەل دەكات و لەگەڵ داخوازیە رەواكانی ئاپۆرای سەر شەقامەو لەگەڵ دەستێوەردانی دەرەكی و سیاسەتەكانی رژێمیشدا نییە. ئەو نەخشە رێگایە تاقی كردنەوەی نەبزی گەلان و رژێمی ئێران و هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان بوو. ئەوەی بەلای پژاكەوە گرنگە گەلی ئازادیخواز بە هێماكانی هەیكەلی نەتەوەی دیمۆكراتیك و رۆحی خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتیك بە هانای ئەو نەخشەرێگایەوە هاتوون كە بە چەمكی پێكەوە ژیان كردنی گەلان و دیمۆكراسی لەناو ئاپۆرای جەماوەردا لەگەڵ نەخشەرێگای ئاشتیانەدان. بەڵام كۆماری ئیسلامی بە هێرش و پەلامار بۆ سەر گەریلاكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، گرتن و تیرۆری چالاكانی مەدەنی و سیاسی كورد و وەگەڕخستنەوەی كارتی لەسێدارەدان وەڵامی نەخشەرێگای ئاشتیانەی كۆدار و پژاكیان دایەوە. ئەو هەڵوێستەی سۆپای پاسداران و بەكرێگیراوانی رژێم بووە هۆكاری ئەوەی هێزی پاراستنی رەوا، كە هێزێكە لەخزمەتی پڕۆژەی دیمۆكراتیزاسیۆن لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان لەپێناو پاراستن و خزمەتی گەل و كۆمەڵگادا وەڵامی پڕ بە پێستی ئەو تیرۆر، هێرش و هەڕەشانە بداتەوە. بۆیە هیچ هێز و لایەنێك نابێت بیەوێت هێز و توانجی پژاك لەم دۆخەدا تاقی بكاتەوە، چۆن پژاك هێزێكە كە توانای چارەسەری كێشەی كورد و گەلانی بەڕێگای ئاشتیانەوە هەیەو هاوكات هێزێكیشە كە لەئەگەری هەر جۆرە هێرشێكی سەربازی دەتوانێت توندترین وڵامی هێرشبەران بداتەوەو مافی خۆپاراستن بە كاربێنێت. چاڵاكی ناوچەی مەریوان ئەو پەیامەیە كە دەبێت هەر كەس خوێندنەوەی لۆژیكیانەی بۆ هێز، ئیرادە و پڕۆژەی پژاك هەبێت.

سەرچاوە: سایتی پژاک

Related posts