سولەیمان* و مەرگی دووەم

سولەیمان* و مەرگی دووەم

بۆ بیرەوەری شەهید زانا (سۆران چیرە)

تاپۆ مەهابادی ( س ب)

وەبیرم نایە کەنگێ یەکەم جار لە دایک بووی بەڵام باپیرم بۆی دەگێڕامەوە، ئەخە ئێوە هاوتەمەن بوون. باپیرم کاتێ باسی جوانەمەرگی تۆی دەکرد، پێی خۆش بوو کەس نەیبینێ. هەناسەیەکی قووڵی هەڵدەکێشا و فرمێسک لە چاوە ماندووەکانی دا قەتیس دەما. بۆیەش بۆ من نامۆ نی. هەر چەند دەتەویست پێ نەزانی و شاراوە بمێنییەوە، بەڵام ئەمن لە یەکەمین دیدار دا ناسیمییەوە. شێوەت هەمیشە لە زەینم دایە، بۆ ساتێکیش چیە ناتوانم لە بیرت بکەم. بۆ ڕووداوێکی ئەوەندە ئاساییە، وا بە سانایی لە بیر بکرێ؟ لە ڕاستیدا ئەمن زۆر بە مەرگی یەکەمت کاریگەر بووم. نازانم بۆ لە دڵەڕاوکێ دام؟ دەڵێم مەحاڵە لەو گەمارۆ تەنگە دەرباز بین، هەڤاڵ لێمان دوورن، زۆر دوور. هەر چوار دەورەمان دوژمنە. ئەمن لە هەموو کەسێ، تەنانەت لە خۆشم زیاترخەمی تۆمە. گەرچی تۆ هەمیشە بزەت لە سەر لێوە و هیچ خەمبارییەک لە تۆ دا بەدی ناکرێ. نازانم بە ئەنقەست وا دەکەی، یان بە ڕاستی ناترسێی. لەوانەیە ئەتۆ ئەزموونت وەرگرتبێ بۆیە پەشۆکاو نەبی. ئەدی ئەمن؟! ئەمنێک کە دەتناسم. ئەمنێک کە موو بە موو شارەزای ژیانی تۆم. کە هیچ ڕێگایەکی ڕزگار بوون بەدی ناکەم. دەڵێم هەر سەد بریا هێندە شەیدای ناسینی تۆ نەبوایەم. ئاخ! مەگەر چۆن دەبێ؟ بۆ شتێکی ئەوەندە ئاساییە؟ مرۆڤ بە خۆی نییە. ژیانی تۆ و جوانەمەرگیت ویژدانی هەر مرۆڤێکی بە هەست دەلەرزێنێ. بیرەوەرییەکانی باپیرم، تیتری ڕۆژنامەکانی چل ساڵێک لەمەو پێش، ناهێڵن ساتێک لە بیرت بکەم. کە بە پەنام دا تێدەپەڕی، کە دەپەیڤی و پێدەکەنی، چل ساڵ دەگەڕێمەوە بۆ دوایە. چاوەکانم دەگرم تاکوو نەتبینم، هەڵدێم، لە گەڵ ئەوەش دا وەک بڵێی ئێستاکە بێ، سەری بڕاوت دەبینم، لەو لای تریشەوە چەند کەسێک کە ڕەوانەی ئەو دیوت دەکەن. نەک بۆ ئەوەی لە زێدی خۆت دا بتنێژن، بەڵکو بۆ ئەوەی بە خەڵکی بسەلمێنن کە ئێمە بە دەستەکانی خۆمان کوشتومانە. دواتریش وتارە دوور و درێژ و مانشێتە ڕەنگاوڕەنگەکانی ڕۆژنامە حیزبییەکان دەبینم.

لێرەش، لەم دیوەش دا گوێم لە هەناسەکانی باپیرمە. ئەتۆ… دەتەوێ وا بنوێنی کە ناتناسم، کەچی بێهودەیە. پێش ئەوەی بێیە ئەودیوەی، تۆم ناسی. هەر لە شارەکەمان. لە شارە بچووک و پڕ لە کارەساتەکەمان. نەک تەنیا ئەمن، هەر کەسێک مێژووی ئەو وڵاتەی خوێندباوە، دەیتوانی ئەتۆ بناسێ. یەکەم جار لە مەیدانە بچکۆلەکەی نێوەڕاستی شار دیتمی. ئەتۆ هەر ڕۆژ بە سەعاتان لە وێ بووی. لە وێ هەر وەک چوار پەیکەرەکەی نێوەڕاستی مەیدانەکە لەو خەڵکە ڕادەمای. لە دار و بەرد و خۆڵی ئەم شارە. لەو کچانەی هەر ئێوارە خۆیان دەڕازاندەوە و دەستە دەستە دەهاتن و دەچوون. ئەتۆ لە هەموو کەس و هەر شتێک زیاتر سەرنجی منت ڕاکێشابوو. ئەخە باپیرم زۆری باسی تۆ کردبوو. لە وێ لە پەیکەرەکانی نێو مەیدانەکەت دەڕوانی و منیش لە تۆ. چوار پەیکەر، چوار شێر، شێر و ماشێن، شێر و شار. ئەمنیش جارجارە نیگام دەکەوتە سەر چوار پەیکەرە شێرەکان. لە دڵی خۆم دا دەمگوت بڵێی شێری چوارەم ئەتۆ نەبی؟
ئەو ڕۆژانە سەرەتای ئاشنا بوونمان بوو. ئەمن دەمدیتی، هەر ئێوارە کە خەڵکی خەریکی سەیر و سەفا بوون، بە شەقام و کۆڵانەکانی مەیدانەکە دا خۆت دەگەیاندە گۆڕستانێکی سێ کەسی و ماوەیەکی درێژ لە وێ دەمایەوە. قەت نەموێرا ئەوەندەت لێ بێمە پێشێ تاکوو گوێت لێ ڕابگرم. ئەگەر چی دەشمزانی ئەو گۆڕانە بۆ تۆ بیرەوەرییەکی گرینگ بوو، بیرەوەری کۆماری ساوای شارەکەمان. هەر ئێوارە کۆڵان بە کۆڵان وەدوات دەکەوتم، کە چی قەت نەمدیت جارێکی ڕێت بکەوێتە سەر مەزاری خۆت. ئەو ڕۆژانەی کە سەرەتا شارت بە جێ هێشتبوو، هەر کەس پێی زانی. هەر کەس پێی خۆش بوو بزانێ بۆچی تەرکە شار بووی. بەڵام کێ وەک من بە مەراق بوو؟ لە پیاسەکانی دەمەو ئێوارە دا هەستم بە تەنیاییەکی سەرسووڕهێنەر دەکرد و پێم خۆش نەبوو بگەڕێم، بۆیەش خۆم لە ماڵێ دەخزاندەوە.

ئێستاش لێرە دەتبینم. لەو دیوی سنوورەکانەوە، لە ئەڵقەی گەمارۆی تەنگ دا. لە هەموویان زیاتر خەمی تۆمە. حەقیشمە. کێ هەیە وەک من تۆ بناسێ؟ لە وانەیە بە تۆیان نەگوتبێ بەڵام ئەمن دەزانم کە ئێمە لێرە کۆمەڵێکی بێ‌چەکین و پەیوەندیمان بە هیچ کوێوە نییە. ئەوەش باش دەزانم هیچم لە دەست نایە. بەڵام بە خۆم نییە. ساتێ ناتوانم بێ خەفەت بم. دڵم گیراوە. پێم خۆش نییە، هیچ شتێکی بکەم. جگە لەوەی لەم ڕۆژانەی دوایی دا، لە تۆ بڕوانم و بەس. لە ڕۆیشتنت، لە چەک‌بەدەست‌گرتنت، لە ڕوخسارت کە هەموو نەهامەتی و مەینەتییەکانی پێشینیانمانی تێدا دەبینم، کە هەموو دووپات بوونەوەی مەرگ و کارەساتی تێدا دەبینم.

ئەوە چەند ڕۆژە هەواڵێکی ناخۆش ئازارم دەدا، ئۆقرەم لێ هەڵدەگرێ. ناتوانم باوەر بکەم، هەر جار نا جارێک لە کەپرەکەم دەردەکەوم و ماوەیەکی درێژ خۆم لە نێو تاشە بەرد و نێو ئەشکەوتان دەخزێنم. لەو کاتەی وا ئێوە چوونە بەرەی پێشەوە، ئەویش لە سەر ویستی خۆتان، ئیتر لەو کاتەوە نەمدیتییەوە. ئێوە بە قارەمانێتی بێ وێنەتان ڕێگاتان کردەوە و پاشەکشەتان بە دوژمن کرد. دوای ئەوەی ئێمە لەو شوێنە دوور کەوتینەوە، ئەو هەواڵە ناخۆشە هات، هەر ئەو کاتانە بوو، بۆنێکی غەریب کەپووی پڕکردم. بۆنی دووپاتەبوونەوەی ڕۆژەکان و بۆنی دووپاتەبوونەوەی کارەسات.

لەم دیوەدا، لەو خاکەی کە سەدان ساڵە ساتەکان وەستاون و هەنگاوەکان بەرەوە دواوە دەچن، وەک چل ساڵ لەمەو پێش دیسان هاتن بتگرن، بتکوژن و تەحویلی ئەو دیوت دەنەوە. دواتر بیستم بۆ ئەوەی نەکەوییە دەستی وان، ئەمجارەیان بۆ خۆت کۆتاییت بە ژیانی خۆت هێنابوو و نارنجۆکت بە خۆت دا تەقاندبۆوە. بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێ مەرگی تۆ دووپاتە نەبێ. ئەوە چەند ڕۆژە وەک سیمبولێک ناوت دەبردرێ. وەک نموونەی مێژووی هەڵوەدا و پڕ لە دووپاتبوونەوەی گەلەکەم. ئەمنیش ئەوە چەند ڕۆژە ئاڵۆز و پەشۆکاوم. دەستم بۆ هیچ شتێک ناچێ. ساتێک ناتوانم لە بیرت بکەم. لەو ڕۆژەوە هەر شەرڤانێکی دەیبینم، دەچمە کنی، دەستەوە یەخەی دەبم. بۆن بە کەوا و پانتۆڵەکەیەوە دەکەم. لە ڕوخساری، لە دەستەکانی، لە چەک و ڕەختەکەی، لە دانیشتن و هەستانی دەنێڕم. لە دڵم چەقیوە. دەڵێم لەوانەیە لە نێو پۆلێک لەو سەفەرییانەدا بت‌بیننم. دەڵێم دەبێ یەکێک لەو هەمووانە ئەتۆ بی. ئەتۆ سولەیمان! شێری چوارەم…!

23/3/2002 — خنێرە

*مەبەست لە سولەیمان، لەم چیرۆکە دا “سولەیمانی موعینی”یە .

Related posts