قاشوقچی و کورد

قاشوقچی و کورد

فایق دارتاش

ئەوەی ڕووداوی کوشتن و پارچەپارچەکردنی جەستەی جەمال قاشوقچی کردۆتە پرسێکی نێودەوڵەتیی و جیهانیی ، نە کەسایەتیی خۆیەتی وەکوو ڕۆژنامەوانێکی پڕۆفێشناڵ و ڕاوێژکارێکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی سعودیی و نە وەکوو باس‌دەکرێ بەدەنگەوەهاتن و بەدواداچوونی سیستەمی سەردەستی جیهانییە بۆ پرسەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ ، بەڵکوو شەڕی دەستەڵات و هێژمۆنیی دوو بۆچوونی ناکۆکی جیهانی موسوڵمانیی سوننەیە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا بەرژەوەندییەکانیان بەر یەک‌کەوتووە و لەم دواییانە دا تا ئاستی تەقینەوە و تێکچوونی یەکجارەکیش چووە .

ئەردۆغان و حزبەکەی وەکوو دەمڕاست و نوێنەری جەمسەری ئیسلامی-ئیخوانیی ، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دا بەردەوام لە هەوڵی ئەوە دابوون بزووتنەوە هاوئاوازەکانی خۆیان لە دونیای ئیسلام بە گشتیی و وڵاتەعەرەبییەکان بە تایبەتی ، بخەنە ناو بەرەی خۆیان و لە ژێر خێوەتیی خۆیاندا سەرۆکایەتییان بکەن و ئەمەش دەگەڵ بەرژەوەندییە جیهانیی و ناوچەییەکانی پاشایەتیی سعودیی وەکوو نوێنەری سەرەکیی ئیسلامی-وەهابی و موحافزەکار ، یەکتری نەدەگرتەوە.

ناکۆکییەکانی ئەو دوو جەمسەرە لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنەسەرکاری محەمەد مورسی لە میسر دەستی پێکرد کە تێیدا تورکیا زۆر بە ڕاشکاویی پشتی ئیخوانییەکانی ئەو وڵاتەی گرت و گوێی بۆ داواکاری و خواست و بەرژەوەندییەکانی پاشایەتیی سعودیی نەدا و ئەمەش تا ڕادەیەک پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتی دوچاری لێکترازان کرد. نیزیک ساڵێک دواتر ، سەرکەوتنی کودەتاسەربازییەکەی ژەنڕاڵ سیسی و لە ئەنجام دا گرتن و ڕاوەدوونانی مورسی و لایەنگرەکانی ، سیاسەت و نفوزی تورکیای لە باکووری ئەفریقا دوچاری نوشوستی کرد .

ئەو لێک‌دووربوونەوە و لێک‌عاجزبوونانە ، کاتێک زیاتر تەشەنەیان کرد کە شای سعودیی مرد و دەستەڵاتی سیاسی لەم وڵاتە جێگۆڕکێی پێکرا و محمد بن سەلمان وەکوو جێنشینی شا ، هەموو جومگە ئابووری و سیاسی و ئەمنی و سەربازییەکانی بە دەستەوە گرت . تا پێش مردنی ئەو ، تورکیا و سعودیی لە هەندێک شوێنان وەکوو سووریا تا ڕادەیەک هاوکاریی یەکتریان دەکرد بەڵام بەهۆی ڕەچاوکردنی سیاسەتێکی نوێ و جیاواز لە جاران لە لایەن سەلمان و کوڕەکەی ، گۆڕانکاریی بە سەر پەیوەندییەکانیان داهات .

ئەم پێشکەوتنانە ، میسر و ئیمارات و سعودیی بە ڕەسمی خستە بەرەی دژی ئیخوانیزم کە پێکهاتبوو لە تورکیا و قەتەر و… . بارگرژیی نێوان ئەو دوو جەمسەرە دەگەڵ ئاڵۆزییەکانی سوریا و هەروەها گەمارۆکانی سعودیی و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر قەتەر گەیشتە لوتکە چوونکە لە پڕۆسەی بایکۆتکردنی قەتەر دا تورکیا بە ئاشکرا پشتگیری قەتەری کرد. لەولاشەوە لە هەر دوو وڵاتی عێڕاق و سوریا ، داعش وەکوو گەورەترین دوژمنی ئایدیۆلۆژی سعودییەکان پەرەی بە دەستەڵاتی خۆی دەدا و تورکیاش زۆر بە وردی و بە زانابوون چاوپۆشی لە سەرکەوتنەکانی داعش لە هەردوو سنووری نێوان عێڕاق-تورکیا و سوریا – تورکیا دەکرد .

سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی داعش لە عێڕاق و سوریا و سیاسەتی تورکیا لەم بارەوە ، دەرباری سعودیی گەیاندە ئەو قەناعەتە کە سەرەڕای ناکۆکیی ئایدۆلۆژیک و سیاسیی دەگەڵ هەردوو دەستەڵاتیی ناوەندی دیمەشق و بەغدا ، بە دوای ئاڵتەرناتیفێکی جودا و سێهەم دا بگەڕێ و بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەشیان پێویستییان بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی و تەنانەت جیهانیش هەبوو لە دژی داعش .

پاشایەتیی سعودیی بۆ بە جێگەیاندنی ئەم کارە ، ویستی بە بەردێک دوو چۆلەکە بکوژێ واتە ڕێکارێک بگرێتە بەر کە هەم داعش وەکوو دوژمنێکی سەرەکی خۆی لاواز بکات و لەم ڕێگایەوە پێش بە بەرەوپێشچوونی سیاسەتی هەرێمایەتیی تورکیا لە سوریا و عێڕاق بگرێت و هەم ئەگەر بۆی بکرێت لە ڕێگای پشتیوانیکردن لە بەرهەڵستکارانی سووری دوور لە تورکیا ،ڕژێمی بەشار ئەسەد وەها لاواز بکات کە ئیدی مەجالی هەستانەوەی دووبارەی نەبێت و بەمجۆرە هێژمونی ئێران بخاتە مەترسییەوە . هەربۆیە بە هەموو جۆرە ئیمکاناتێکی مادیی و دارایی و سەربازیی و لۆجەستیکیی و تەبلیغاتییەوە کەوتە ناو ئەو هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەی کە لە دژی داعش لە سوریا و عێراق پێکهاتبوو و بە هاوکاریکردنی ئەوان زەبری گورچکبڕ لە پێکهاتە و سەرچاوەئابوورییەکانی داعش وەشێنرا .

لێدانی داعش لە لایەن هاوپەیمانانەوە ، بەر لە هەر پێکهاتە و ڕێکخراوێک بە قازانجی کوردەکان شکایەوە و ئەوان توانیان بە پشتیوانی هاوپەیمانان داعش لە زۆربەی هەرە زۆری ناوچە کوردی و تەنانەت ناکوردییەکانیش دەربکەن .
هێزگرتنی کوردەکان بە تایبەت لە سوریا ، تورکیای نیگەران کردووە و بە پێچەوانەوە سعودی و هاوئاوازەکانی خەریکن دۆخەکە بە قازانجی خۆیان دەقۆزنەوە . لە لایەکی ترەوە هەرەسهێنانی پڕۆژەی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کە لە لایەن نیزیکترین دۆست و هاوپەیمانی ئەردۆغان واتە بارزانییەوە سەرپەرشتی دەکرا ، ئاکامی پێچەوانەی لێکەوتەوە و کەرکوک و بەشێکی بەرچاو و گرینگ لە ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی کوردەکان کەوتەوە بن کۆنتڕۆڵی هێزەکانی نیزیک لە ئێران و ئەم ڕووداوە تورکیای خستە ناو قەیرانێکی سیاسی بە جۆرێک کە ناچار بوو بۆ بە دەستهێنانەوەی نفوز و مەشروعیەتیی خۆی پەنا بۆ ڕووسیا بەرێ و بە هاوکاری و چاوپۆشینی ئەوان توانی شاری عەفرین داگیربکات و تەسلیمی نیزیکەکانی خۆی بکات .

کودەتا سەربازییەکەی هاوینی ٢٠١٥ لە دژی ئەردۆغان و هەڵوێستی سارد و درەنگوەختی شانشینی سعودیی لە مەحکومکردنی دا ، درزی نێوان دوو وڵاتی زیاتر لە پێشوو گەورەکردەوە و کەشێکی بێ‌متمانەیی باڵی بە سەر پەیوەندییەکانی هەر دوو لا دا کێشا .

لەم بارودۆخە سارد و سڕە دا ، ڕۆژنامەنووسێکی ناڕازی بەڕەچەڵەک تورکی هاووڵاتی سعودیی و کۆنە هاوڕێ و هاوکاری دەستەڵاتدارانی پێشووتری ئەم وڵاتە ،لە ناو خانووبەرەی کۆنسوڵخانەی سعودیی لە ئیستانبوڵ بێسەروشوێن کرا . جەمال قاشوقچی لە سەردەمی دەستەڵاتدارێتیی عەبدوڵڵا کوڕی عەزیز دا یەکێك بوو لە نیزیکترین کەسەکان لە پاشای سعودیی و هەروەها لە تورکی و سعود فەیسەڵ و جێگای متمانەی ئەوان بوو .

قاشوقچی لەوان سەردەمان دا لە نوسینەکانی دا جاربەجار نقورچێکیشی لە ئەردۆغان دەدا و ڕەخنەی لێدەگرت . دوو ڕوداو لە وەرسووڕانەوەی قاشوقچی دا دژ بە محەمەد بن سەلمان، ڕۆڵیان هەبوو کە بریتی بوون لە کودەتا سەربازییەکەی میسر و دواتر مردنی عەبدوڵڵا پاشای سعودیی .

دوای لەبەر یەکترازان و دوشەقەبوونی بەرەی سوننییەکان لە ناوچەکە ، جەمال قاشوقچی کە وردەوردە لایەنگران و پشتیوانەکانی خۆی لە سیستەمی دەستەڵاتدارێتیی سعودیی دا لاواز دەدی ، سەنگەرەکەی گۆڕی و کەوتە بەرەی تورکیا و قەتەر ( ئیخوانییەکان) و ڕێگای دژایەتیکردنی کاربەدەستانی سعودیی و بەتایبەت محەمەد بن سەلمانی گرتە بەر .

لە میانەی ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمەکەی باشوری کوردستان ، جەمال قاشوقچی بە توندی دژی سەربەخۆیی و ڕاگەیاندنی وڵاتێکی کوردیی ڕاوەستا و لە نووسینەکانی‌دا هەڵوێستی نیشاندا . هەروەها لە ڕۆژەچارەنووس‌سازەکانی هێرشی تورکیا بۆ سەر هەرێمیی عەفرین کە زۆربەی مرۆڤایەتیی پێشکەوتنخواز لە دژی هێرشە نابەرامبەر و نامرۆڤانەکەی تورکیا هەڵوێستییان هەبوو ، قاشوقچی پشتگیری لە هێرشەکانی تورکیا کرد و داگیرکارییەکەی بە ڕەوا زانی .

هاوکات دەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی هاوکاریی سەربازیی و دارایی دەوڵەتی سعودیی بۆ کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ، ناوبراو بە توندی دژی ئەو هەڵوێستەی محمەد بن سەلمان وەستایەوە و لاگیری لە سیاسەتی دوژمنکارانەی ئەردۆغان کرد بەرامبەر بە دەستەڵاتیی خۆجێیی ڕۆژئاوای کوردستان .
دەستبەسەرکردنی وەلیدبن تەلال یەک لە پشتیوانە سەرەکییەکانی قاشوقچی لە باری ماڵییەوە ، لە لایەن ڕیازەوە ، قاشوقچی خستە تەنگاوییەکی لە ڕادەبەدەر بە جۆرێک کە لە میانەی نووسینی وتارێک دا محمد بن سەلمانی بە پوتین شوبهاند. ناوبراو وردە وردە و بە سپایی بە ڕەسمیی کەوتە بەرەی ئیخوانییەکانەوە و ئەو پڕۆسەیەش کاتێک تەواو بوو کە دەگەڵ خانمە نووسەر و لێکۆڵەرێکی تورک ئاشنا بوو و پڕیاری هاوسەرگیری دەگەڵ دا و بوونە دەسگیرانی یەکتر . ئەو خانمە کە ناوی خەدیجەیە یەک لە ڕەخنەگران و دژبەرانی ئەنجومەنی هاوکاری کەنداو و کۆمکاری عەرەبیی و هەروەها داکۆکیکارێکی سەرسەختی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا و قەتەر و بزووتنەوەی حەماس و هەموو ڕێکخراوەکانی سەر بە بزاڤی ئیخوانییەکانە .

هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دیارنەمانی جەمال قاشوقچی و دواتر دانپێدانانی دەستەڵاتی سعودیی بە کوشتنەکەی لە ناو کۆنسوڵخانەی خۆیان لە ئیستەنبوڵ . تورکیا زۆر وەستایانە و شارەزایانە هەوڵیدا ڕووداوەکە بکاتە بیانوویەک بۆ درزخستنە نێوان پەیوەندییەکانی ئەمریکا و سعودیی بەڵکوو لەم ڕێگایەوە بتوانێ گوشار بخاتە سەر پاشایەتی ئالی سعود تا بەڵکوو لە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و سوریا بە تایبەتی واز لە هەندێ سیاسەتی پەیڕەوکراوی ئەم دواییەیان بهێنن کە بێگومان گرینگترینیان هاوکاریکردنی ئەمریکایە لە پڕچەککردن و پشتگیریکردنی کوردەکان لە سوریا . بێگومان تورکیا باش دەزانێ کە یەک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی کوردەکان وەکوو هێزێکی چالاک و کاریگەر بەرامبەر داعش بێجگە لە ئازایەتیی و فیداکاری‌نواندنی خۆیان ، هاوکاری سەربازیی ئەمریکا و پشتگیریی دارایی و لۆجەستیکی سعودییەکان بووە.

تورکیا لەم کێشەیە دا زۆری هەوڵدا مەیلی ئەمریکاییەکان بەرەو لای خۆی ڕاکێشێت هەر بۆیە سەرەڕای ئەو کێشە و هەرایەی کە لە سەر قەشە ئەمریکییەکە دەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی تڕامپ دا هەیبوو و ڕازیی بە ئازادکردنیی نەبوو، لە ڕۆژەکانی زەقبوونەوەی کێشەی قاشوقچی دا لەپڕ ئازادی کرد بەڵکوو مەیلی ئەمریکا بۆ لای خۆی ڕاکێشێت .

تورکیا باش لەوە گەیشتووه کە هێز و کاریگەریی ڕووسەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سنووردارە و ئەوان تا ڕادەیەکی نەک زۆر ، دەتوانن لە سەر ڕووداوەکان کاریگەرییان هەبێ ( وەکوو کێشەی عەفرین ) و دەستەڵات و هێزەکەیان لە چۆمی فورات ناپەڕێتەوە ، هەربۆیە هەرچی هەیەتی و نییەتی دایناوە بۆ هەراجکردن لە پێناوی ئەوەی کە لە شیمالی سوریا دەستی باڵای هەبێ و نەهێڵێ کوردەکان قەوارەیەک سازبکەن بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ هەموو هەوڵێک بدات بۆ دوورکردەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی کە گرینگترینیان سعودیی و ئیمارات و میسرن لە ڕۆژئاوای فورات.

جێبەجێکردنی پڕۆژە سیاسیی و فکرییەکەی ئەردۆغان ، بەر لە هەموو شتێک بەستراوەتەوە بە کۆنتڕۆڵکردنی کێشەی کورد بەڵام نەک بە شێوازیی بەڕێوەبەرانی کەمالیست و سیاسەتی ڕەسمی پێشووی کۆماری تورکیا کە نکوڵیکردن و پاکتاوکردنی کوردەکان بوو لە هەر شوێنێک بەڵکوو ئەو هەوڵدەدات کێشەی کورد لە ڕێگای کۆنتڕۆڵکردنی لە لایەن کوردەکانی نیزیک لە خۆیەوە بکات و بۆ ئەم مەبەستەش لە هەر دوو پاڕچەکە هەوڵ دەدات ناسیۆنالیست- ئیخوانیستەکانی کورد بکاتە دەمڕاست و نوێنەری ڕاستەقینەی کێشەی کورد ( عەفرین لە ڕۆژئاوا و زۆنی زەرد لە باشوور ).بەم پێیە کێشەی کوشتنی قاشوقچی کردۆتە کراسەکەی عوسمان و ڕووداوەکە وەکوو دارێکی دووسەر زیڕین دەبێنێ کە لە لایەک بە گوشار خستنە سەر ئەمریکا و هاوپەیمانە عەرەبەکانی ، ناچارییان بکات واز لە کوردەکان بهێنن و لە لایەکی ترەوە خۆی ئامادە بکات بۆ سەرکردایەتیکردنی جیهانی ئیسلامی سوننە دوای پەراوێزکەوتنی سعوودییەکان بەڵام ئەوەی ڕاستیی بێت بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییە ستراتژیکەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەمریکا و پاشایەتیی سعودیی وەها چوونە دەباڵ یەکەوە و لێکتر گرێدراون کە دوور نییە دارەکەی تورکەکان لە دوو سەر زێڕەوە ببێتە دوو سەر پیسایی و دیسان خەونەکانیان وەدی نەیەت .

ئەمریکا بۆ زیاتر لاوازکردنی هەر سێ وڵاتی خاوەن هێژمۆنی و ئایدۆلۆژیا ، پێویستیی بە هەبوونی هەر هەموویان هەیە و بۆ ڕاگرتنی باڵانس قەت یەکێکیان فیدای ئەوی تر ناکات هەر بۆیە مەحاڵه ڕێگا بدات ئەو هێزە ناوچەییانە ئەوەندە بەهێز بن کە سبەی ڕۆژ ببنە هێزی جیهانیی . لەم ناوە دا تورکیا هەوڵ دەدات لە ئەگەری سەرنەکەوتنی لە سیناریۆی یەکەم دا موشتەری تازە پەیدا بکات و لە ڕێگای ئەوروپا و ڕووسیاوە بۆ مەسەلەکە بچێت(کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەی ڕووسیا و تورکیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا) و تەنانەت ئەگەر ناچار بێت هەوڵی زیندووکردنەوەی داعشیش دەدات ( هێرشی بەرفراوانی داعش بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دێرەزوور و هەروەها تۆپبارانکردنی کۆبانێ ).

سەرچاوە
Rojnu@

Related posts