بانگەوازییەکی ئاوارتەی نەتەوەیی – خاوەندارێتی لە کۆبانێ بکەن

بانگەوازییەکی ئاوارتەی نەتەوەیی – خاوەندارێتی لە کۆبانێ بکەن

هێشتا کۆبوونەوەی چوارقۆڵی نێوان فەرەنساو ئەڵمانیاو روسیاو تورکیا لە 27ی ئۆکتۆبەر لە ئەستەمبوڵ بەردەوام بوو، کە تورکیا بە تۆپ و فڕۆکە دەستی بە بۆردومان کرد. هێرشی دەوڵەتی تورکیا لەسەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، لە کاتێکا دەستی پێکرد کە تورکیا لەسەر مەسەلەی ئیدلب گوشارەکانی چڕ دەکردەوە.

تورکیا بەردەوام هەڕەشە و هێرشەکانی لەسەر کۆبانێ و رۆژاوای کوردستان پەرە پێئەدات. لە راستیدا ئەو بەو هێرشانە ئەیەوێ ئەو رۆحی بەرخۆدان و ورەیەی کوردان بشکێنێ کە لە شەڕی پاراستنی کۆبانێدا بەدەست هاتبوو. هەرچەند هێرشەکانی ئەم رۆژانەی دوایی بە چەکی هەمەجۆریش بێت، بەڵام بەشێکی زۆری بریتییە لە شەڕێکی دەروونی لە دژی ورەی سەرکەوتنی کوردان لە کۆبانێدا. تورکیا بە هێرشەکانی ئەمڕۆی ئەیەوێ تۆڵەی 2014 بکاتەوە.

گەلی کوردستان بە پێشەنگی هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە لە کۆتایی مانگی ئۆکتۆبەری 2014دا، بە قارەمانێتی داعشی داردەستی تورکیای تێکشکاند. سەرکەوتنی کۆبانێ لە 2014دا، هەمانکات تێکشکانی داعش و تورکیا بوو. لە دوای ئەوە ئیتر نە داعش خۆی و نە بەیارمەتی تورکیاش نەیتوانێ بێتەوە سەرخۆی و ببێتەوە هێزەکەی جاران. دەوڵەتی تورکیاش رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو داڕزان و هەڵوەشان ئەچێت. لە ئێستادا لە دۆخێکی زۆر خراپدایە.

پێویستە کورد بە رۆحی بەرخۆدانی کۆبانێ وەڵامێکی مێژوویی بە ئەردۆگان بدەنەوە، چونکە ئەو ئەیەوێ هەموو دەستکەوتەکانی کوردان لە باشوورو رۆژاوا لەناوبەرێت. کۆبانێ بە خوێنێ کوردانی باکور، رۆژهەڵات، باشوورو رۆژاوا رزگارکرا. بە سەدان شۆڕشگێڕی جیهانی و مرۆڤدۆست بە هاواری کۆبانێوە هاتن و شەهیدیش بوون.
لە بەرخۆدانی کۆبانێدا، ژنی کورد لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی بوونە خاوەن ناوێک سەربڵند. هەموو دنیا لە بەرخۆدانی کۆبانێدا توانو ویستی ژنانی کوریان ناسی. کوردان بەو بەرخۆدانە لەسەر زەوی رێکەوتنی سایکس پیکۆ و لۆزانیان هەڵوەشاندەوە و بوون بە یەک پارچە. سەرکەوتنی کۆبانێ بوو بە سەرکەوتن و سەربەرزی و شانازیی هەموو کوردان. بەرخۆدانی کۆبانێ بوو بە پردی نێوان کوردان خۆیان و جیهان و دەرگای دۆستایەتی گەلانی لەگەڵ کورد واڵا کرد. بەهۆی بەرخۆدان و سەرکەوتنی کۆبانێوە زلهێزەکانی دنیا ناچاربوون لەگەڵ کوردان دانوستان بکەن و کوردان ببینن.

دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی بمێنێتەوە پێویستی بەوە بوو هێرش بکاتە سەر ناوەندەی رۆح و باوەڕە نەتەوەییەی کوردان کە کۆبانێیە. هەر بۆیە لە ساڵوەگەڕی رزگارکردنی کۆبانێدا هێرشەکانی دەست پێئەکات. هەروەک چۆن تورکیا شکانی خۆی لە 2014دا لە بیرنەکردووە. پێویستە کوردانیش سەرکەوتنی خۆیان لەو ساڵەدا لەبیر نەکەن.

ئەگەر ئێمە چالاکی و هەولەکانی خۆمان لە دژی ئەو دەستدرێژیانە بەهێز نەکەین، ئەوا تورکیا هێرشەکانی خۆی توندتر ئەکات و خەونی داگیرکردنی کۆبانێ کە لە 2014دا نەهاتە دی، ئەمجارە دەیکا بە واقیع. لەو چوارچێوەیەدا پێویستە هیچ لایەنێکی کوردی لە دژی ئەو هێرشانە بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبێت. هێرشەکانی سوپای تورکیا مەسەلەیەکی نەتەوەیی جدییە و پێویستە لەو ئاستەدا سەیربکرێت.

ئێمە بانگی گەلی کورد، پارت و رێکخراوی کوردستانی دەکەین لە هەر شوێنێک بن، بە رۆحی بەرخۆدانی 2014ی کۆبانێ لە بەرامبەر هێرشەکانی تورکیادا بوەستن. پێویستە کۆبانێ جارێکی دی ببێتە مەڵبەندی تێکشکانی ئەردۆگان و سوپاکەی. ئەمەش وەک دوێنێ لە دەستی خۆماندایە.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان
01.11.2018

Related posts