کۆدار داوا لە گەلانى ئێران دەکات پشتگیریى ناڕەزایەتى کرێکاران بکەن

بۆ خەسارناسی ئەو قەیرانانەی کە ئێستا گەڵانی ئێران و هەروەها کۆماری ئیسلامی ئێران ڕووبەڕووی بوونەتەوە، پێویستە بگەڕینەوە بۆ دامەزراندن و بەسەرکارهاتنی ئەم دەوڵەتە تۆتالیتەرە.

پێویستە بزانرێت جگە لەوەی، کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە بەرژەوەندی خۆیان، دەستیان بەسەر شۆڕشی گەلانی ئێران داگرت، خاڵێکی گرنگ لە مێژۆی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئەمەیە، کە لەڕاستیدا ئەم دەستبەسەراداگرتنی دەسەڵاتە دوورە لەهەر بەرنامە و پرۆژەیەکی جێگرەوە لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بە تایبەت ئابووری بووە.

بەم پیناسەیە، دەتوانین بڵێن لەڕستیدا لە خوێندنەوەی مێژۆی چل ساڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ شێوەیەک یاری لەگەڵ وشەکان ڕووبەڕوو دەبینەوە نەک گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سیستمی پێشوو، بەو واتایەی، کە لە ئاستی مەعنا جیاوازیەکی بەرچاو لە نێوان سیستمی حکومەتی ئیسلامی و هەروەها سیستمی پاشایەتی بوونی نییە، هەردوو سیستم لە بنەماکانی بوونی خۆیان، کاپیتالیستی، ڕانتخۆر، هاوردە کار و خاوەنی سوپایەک لە مافیاکانی پێکهاتوو لە کوڕە مەسئولەکان و کەسانی پەیوەندیدار بە حکومەتن.

مەبەستی ئێمە لە یاری لەگەڵ وشەکان ئەمەیە، کە خاوەنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە زیرەکییەکی فراوان کاریان کردووە بۆ بەلاڕیدابردنی بیرۆکەکان لە بازنەی ئابووری و سیاسی، ئەو بەلاڕێدابردنە بەم شێوەی بوو، کە بنەماکانی تێگەیشتن و توێژەکانی گرێدراو بەم چەشنە تێگەیشتنە لە مەیدانی وشەکانی نەکراوە و ناڕوون، کە تێگەیشتن لێیان زەحمتە و دابڕاون لە ڕاستی کۆمەڵایەتی هەیی پێشکەش دەکران، بۆ نمونە دەتوانین بە وشەیەکی سەرەکی وەک سەرمایەدار و سەرمایەداری ئاماژە بکەین، لەڕاستیدا ناوەڕۆکی دژە کرێکاری و تۆتالەتەری ڕژێم لەم دیمەنگۆڕینە ڕووکەشیانە خۆی دەشارێتەوە، سەرمایەدار لە سوڕیکی پێگەیشتن، دەگۆڕدرێت بە خاوەنکار و لە خاوەنکارەوە بۆ دروستکەری هەلی کار، ئێستا جێگەی نەرینی و تێکدەری سەرمایەدار و سەرمایەداری لە خانەی پیرۆزی و رێز جێی خۆی دەگرێت، دوای شەڕی ئێران و عێراق و بەسەر کار هاتنی حکومەتی بە ناو ئاوەدانکردنەوە و هاوتەریبی ئەوە گرتنەبەری گۆڕانکاری و سیاسەتە جیهانی سازیەکان و ئۆلیبرالیستی لە بواری ئابووری ڕووبەڕووی هەندێک چەمک وەکوو خاوەنکار، دروستکەری هەلی کار و کرێکاری نمونە و شۆ-وە نمایشی و ڕیکلامیەکان لە ئاستی کۆمەڵگای کرێکاری و ڕاگەیاندنە گشتیەکان دەبینەوە، بەم شێوەیە دۆخی کار و بژێوی کرێکاران ڕۆژلەداوای ڕۆژ خراپتر و کارەساتبارتر دەبوو، سەربەخۆیی لە کار و بڕیاردانی کۆمەڵگای کرێکاری بە پشتبەستن بە ڕێکخراوەکانی لەڕووکەش کرێکاری و تەنانەت لە ناوەڕۆک دژە کرێکاری وەکوو بەسیجی کرێکاری، سەندرایەوە.

ئێستا ناڕەزایەتیە بەربڵاوەکانی کرێکاری لە سەرتاسەری ئێران دەبینین، کە ئاکامی ئابورییەکی ڕانتخۆر و مافیاییە، کە تەواوی بنکە ئابوری و بەرهەمهێنەرانەکانی کشاوەتە ئاستی مایەپووچبوون و داخران، ئەم بابەتە خۆی بووەتە هۆکاری کارلەدەستدانی هەزاران کرێکار، لەم ناوەدا دەسەڵات بە بیانووی بچووککردنەوەی حکومەت، لە ڕێگەی بەدەستەوەدانی پێشەسازییە گەورەکان بە کەرتی تایبەت، بووبە هۆی قەیراناوی بوونی زیاتری دۆخی کار و بەرهەمهێنان و لەدوای ئەوە قەیرانی دۆخی بژێوی کرێکاران، ئاکامی ئەم قەیرانە بووەتە هۆی ئەوەی کرێکاران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین، بڕژێنە سەر شەقامەکان، نمونەی بەرچاوی ئەمەش خۆپێشاندانەکانی کرێکارانی “پووڵای ئەهواز” و “نەیشەکری هەفت تەپەیە”یە کە خوازیاری بڕێنەوەی دەستی مافیایە لە ئابووری و گەڕانەوەی خاوەنیەتی کارگەکە بۆ حکومەتن.

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، سەرەڕای پشتیوانی لە خواستە ڕەواکانی هەموو کرێکارانی ئێران و بەتایبەت کرێکارانی “نەیشەکری هەفت تەپەیە”ی خوزستان، پێشنیارەکانی خۆی بەو شێوەیە پێشکەشی شورای کرێکارییان دەکات:

خاوەنی کارگە و کۆمەڵەکانی گرێدراوی نەیشەکەری هەفت تەپە و داهاتی بەرهەمهێنانەکەی بگەڕێتەوە خاوەنە ڕەسەنەکانی واتا کرێکارانی ڕەنجدەری ئەو شوێنە.

کرێکاران و شورای کرێکاری نەیشەکەری هەفت تەپە، پێویستە سەرنج بدەن بەو بابەتە کە دەستاودەست بوونی خاوەنی کارگەکە لە نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی حکومی، جیاوازیەیک لە دۆخی بژێوی و لابردنی قەیرانی هەیی دروست ناکات و تەنیا قەیرانەکە دەخاتە پێچ و درێژخایەنی دەکات.

پێویستە هەر چالاکیەکی کرێکاری بزانێت لە ئێران ڕێکخراو و دامەزراوەیەک بە ناوی تایبەت بوونی نەبووە و نییە، ئەو شتەی کە دەوڵت و ڕاگەیاندنەکانی گرێدراوی ڕێکلامی بۆ دەکەن لەڕاستیدا وێنەیەکی ناپیرۆز و یەکنەگرە بە ناوی “تایکومی” (تایبەت-حکومی)، تایکومی لەڕاستیدا بەدەستەوەدانی پێشەسازی گەورە و دایکەکانە لە دەوڵەت، بە ڕێکخراوە مافیایی و سەربازی-ئەمنیەکان (سوپای پاسداران) و کوڕە بەرپرسەکان.

لە کۆتاییدا کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار، داوا لە کۆمەڵگای کرێکاری ئێران دەکات، خۆیان لە چوارچێوەی شوراکانی سەربەخۆ کرێکاری بەڕێکخستن بکەن، لەم بوارەشدا داوا لە یەکاویەکی گەلانی ئێران، بە تایبەت ژنان، جوانان و خوێندکاران دەکات، پشتیوانی لە ناڕەزایەتی دەربڕێنە ڕەواکانی کرێکاران بکەن.

شورای ڕێوەبەری کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار

سەرچاوە:https://rojnews.news

Related posts