جەمیل بایک سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە شیدەکاتەوە

جەمیل بایک سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە شیدەکاتەوە

جەمیل بایک هاوسەرۆکى کەجەکە ڕایگەیاند، لە شەڕی دژ بە چەتەکانى داعش دا کورد قورسترین ئەرک و باری خستە سەر شانی خۆی. ڕاشیگەیاند، بڕیاری کشانەوەى ئەمریکا پشتیوانیکردنە لە کوشتار و سڕینەوەى کورد لەسەر دەستى تورکیا.

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ گۆڤاری (Lower Class – چینى خوارەوە)، کە بە زمانى ئەڵمانى بڵاودەکرێتەوە ئەنجامدا. بایک لە بەشی یەکەمی چاوپێکەوتنەکەدا چەندین شیکاریى لەبارەى بڕیاری کشانەوەى ئەمریکا لە ڕۆژئاوا، بڕیار لە دژی کادرانى پێشەنگی بزووتنەوەى ئازادیى کورد و هێرشەکانى تورکیا لە دژی ڕۆژئاوا خستەڕوو.

“ئێمە هاوپەیمانیى بەرفراوانی دژ بە داعش، بە هەڵوێستی هاوبەش لە دژی فاشیزم دەزانین”

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە سەرنجی خستە سەر هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژ بە داعش لە بەرخودانى کۆبانێ لە دژی داعش و وتى “ئێمە بە ناوی بزووتنەوەکەمانەوە ئەوەمان بە مانادار و هێژا دەزانی. هاوپەیمانییەکى بەرفراوان لەو چوارچێوەیەدا دروستبوو، ئێمە ئەوەمان بە هەڵوێستى هاوبەش لە دژی فاشیزم لێکدایەوە. هێزەکانى ئازادی لە رۆژئاوا بە سیاسەتى هەستیار و سەرنجڕاکێشەوە ئەوەیان گۆڕی بۆ رێککەوتنێک. بەو شێوەیە هاوپەیمانیى دژ بە داعش دروستبوو، کە ئێمە دەتوانین بە بەرفراوانترین هاوپەیمانیى دژە فاشیستیی مێژوو پێناسەی بکەین”.

بایک ئەوەى بە بیرهێنایەوە، ئەو هاوپەیمانى و رێککەوتنە لە کانوونی دووەمی ٢٠١٥ دا ناوەندی کۆبانێى رزگارکرد و لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى “لە مانگی ئایارى ٢٠١٥دا ناوچەکانى کۆبانێ لە دەست داعش رزگارکران. فاشیزمی داعش، کە کردبوویان بە بەڵا بە سەر مرۆڤایەتییەوە، تێکشکێنرا و لە ناوچەکانى تری رۆژئاواى کوردستان و رۆژهەڵاتى سوریادا دەستیان بە جموجوڵی تر کرد. لە ١٨ی تشرینى یەکەمی ٢٠١٧ / ٢٦ی رەزبەر، رەقا کە داعش بە پایتەختی خۆیی دەزانی رزگارکرا و ئەوەش لە رووی سیاسی و سەربازییەوە کاریگەریى لەسەر داعش دانا. سەرکەوتنێکى مێژوویى لەو جۆرە لەلایەن هاوپەیمانیى نێودەولەتییەوە ئەنجامدرا. کوردان هاوپەیمانییان بە گرنگ و هێژا دەزانی و بەڕاستیش بە هەستیاری و بەرپرسیارییەوە جوڵانەوە”.

“بەشداریپێکردنى تورکیا لە هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیدا بۆ ئەنجامدانى هێرش بوو لە دژی پەکەکە”

جەمیل بایک رایگەیاند، کوردان قورسترین و بار و ئەرکیان لەو تێکۆشانەدا خستە سەر شانیان و لە دەرەوەى کوردستانیش بۆ رزگارکردنى هەرێمە عەرەبییەکان، لە دژی فاشیزمی داعش هەوڵى هەمە لایەنەیان خستەکار.

بایک راشیگەیاند، کورد لەو تێکۆشانەدا هەزاران کچ و کوڕی شەهید بوون و وتی “لەو قۆناغ و پرۆسەیەدا، لە کۆتایى ساڵی ٢٠١٤دا ئەمریکا لە هاوپەیمانیى دژ بە داعش دا بەشدارى ئەو تێکۆشانە بوو، بەڵام ئەمریکا لەسەر هەمان هێڵ بەردەوام نەبوو. ئەمریکا لە ٢٢ی تەمووزی ٢٠١٥ / ٣١ی پووشپەڕ لەگەڵ کۆماری تورکیا رێککەوت. گوایە کۆماری تورکیا بەشداریی هاوپەیمانیى دژ بە داعشی کردووە، بەڵام دەوڵەتى کۆماری تورکیا لە رۆژئاواى کوردستان و سوریا هەرگیز بەشداریی هاوپەیمانیى دژ بە داعش نەبوو. لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتنێکى دوو لایەنەى ئەنجامدا، گوایە لە دژی داعش هاوپەیمانیى دووەمیان دروستکردبوو. لە راستیدا ئەمریکا لەو کاتەوە بە دوو شێوە دەجوڵایەوە. رێککەوتنەکەیان لەگەڵ تورکیا هاوپەیمانیى دژ بە داعش نەبوو، بەڵکو بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە رێگای بۆ تورکیا کردەوە و پشتیوانیى لە تورکیا کرد. ئەوە بوو لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠١٥ / ٢ی گەلاوێژ فڕۆکە جەنگییەکانى تورک هەستان. دەوڵەتى تورک خێرا بە جیهانیان راگەیاند، کە لە داعش دەدات، بەڵام هەموو فڕۆکە جەنگییەکانیان بۆمبەکانیان بەسەر سەنگەرەکانى پەکەکەدا باراند. بۆمبەکانیان بەسەر کوردستاندا باراند، لەو هێزانەیان دا، کە لە دژی داعش خۆڕاگری و داکۆکییان دەکرد. بەو شێوەیە لەو کاتەوە نزیکایەتیى دوو لایەنە و دووفاقی و دۆخێکى درۆینە دەستیپێکرد”.

“بڕیاری کشانەوەى ئەمریکا پرۆسەیەکە، کە ساڵی ٢٠١٥ دەستیپێکرد”

بایک ئەوەشی وت، بەو شێوەیە هاوپەیمانییەکى درۆینە لە دژی داعش دروستکرا. وتیشی “خۆی لەخۆیدا هیچ هێزێک بڕواى بەوە نەدەکرد. ئەوە وەک رێککەوتنى ئەمریکا و کۆماری تورکیا دەناسرا و لێکدەدرایەوە. دواى ئەوە لە تشرینى یەکەمی ٢٠١٧ / رەزبەر، رەقا رزگار کرا و داعش تێکشکا، ئەو هاوپەیمانییەى کە لە دژی داعش دروستبوو بوو، لاواز بوو. ئەمریکا لە بریى ئەوەى هاوپەیمانیى دژ بە داعش بە بنەما بگرێت و بەهێزی بکات، ئەو هاوپەیمانییەى کە گوایە لە دژی داعش دروستکرابوو، کە لە راستیدا لە دژی پەکەکە دروستکرابوو، ئەوەى قبوڵ و جێبەجێ دەکرد و ئەو هاوپەیمانییەی دەدایە پێش. ئەو کۆمەڵکوژییانەى کە دەوڵەتى کۆماری تورکیا لە کوردستان ئەنجامیدان، ئەو هێرشانەى دژ بە پەکەکە ئەنجامیدان، بە پشتیوانیى ئەمریکا ئەنجامیدان. (تورکیا) لەو کاتەوە و بۆ ئەوەى پشتیوانیى زیاتری ئەمریکا بەدەست بهێنێت دەستی بە باجدانى زیاتر و سازشی زیاتر لەگەڵ ئەمریکا کردووە. پەیوەندیى خۆى لەگەڵ ئێران و رووسیا وەک هەڕەشە بەکارهێنا. بڕیاری کێشانەوەى ئەمریکاش هەندێک پەیوەندیى بەوەوە هەیە. لە راستیدا ئەوە پرۆسەیەکە، کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دەستیپێکردووە”.

“ئەمریکا هێزێکى گرنگى لە سوریا نییە و بە زۆری لە ئاسمانەوە بەشداریى شەڕ بوو”

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە باسی ئەوەیکرد، ئەمریکا هەرگیز بە تەنها لەگەڵ یەک لایەنەدا نەجوڵاوەتەوە و وتی “هەموو کات ئەڵتەرناتیڤێکى لە رۆژەڤی خۆیدا هێشتووەتەوە. ئێستا رایگەیاند، لە سوریا دەکشێتەوە. ئەوە کێشە نییە. لە راستیدا ئەمریکا بەهۆی بەرخودانى دژ بە داعش چووە سووریا، ئەگینا خۆی لە خۆیدا لە سوریا کاریگەریى نەبوو. بەرخودانى کوردان بووە هۆی ئەوە ئەمریکا لە سوریا ببێتە خاوەن کاریگەری. لە رووی یاساییەوە پێگەى نییە. هێزێکى ئەوەندە زۆریشی لە سوریا نییە. ناکرێت بوترێت لەسەر زەویدا جموجوڵی هەبووە. بەڵکو بە هێزی ئاسمانی بەشداریى شەڕ بوو. ئەوانەى لە زەویدا شەڕیان کردووە، بەرگرییان کردووە و پاراستنیان کردووە، هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) بوون. بە تایبەتی یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) و یەکینەکانى پاراستنى ژن (یەپەژە) بوون. ئەو هێزەى لە هەرێمەکەدا باڵادەستە هێزی بەرخودانى کوردانە”.

“بابەتەکە مان و نەمانی هاوپەیمانییە”

بایک وتیشی “بۆیە دۆخێکى لەو جۆرە نییە کە ئەمریکا ناوچەیەکى کۆنترۆڵ کردبێت و لێى بکشێتەوە و بەو هۆیەوە بۆشایى دروست بێت. کۆماری تورکیا بە دەسەڵاتداریى ئاکەپە و مەهەپە دەڵێت ‘کاتێک کشانەوە من شوێنەکەیان پڕ دەکەمەوە’. دۆخێکى لەو جۆرە لە گۆڕێ نییە. راستییەکەى ئەوەیە، ئەمریکا بە پشتیوانى ئاسمانى بەشداریى هاوپەیمانى بوو. بابەتەکە ئەوەیە، هاوپەیمانی لەوێ دەمێنێتەوە یان نامێنێتەوە. ئەمریکا ٢ هاوپەیمانیى دروستکردووە. ئەو لەگەڵ کامیاندا بەردەوام دەبێت؟ بڕیاری کشانەوە بە مانای ئەوەیە کە پەیوەندیى لەگەڵ هاوپەیمانیى هێزەکانى کورد و ئەوروپا، کە لە دژی داعش دروستبووە لاواز دەکات و پەیوەندیى خۆی لەگەڵ کۆماری تورکیا بەهێز دەکات و ئەوەش هاوپەیمانیى ساختە و درۆینەى دژ بە داعشە”.

“ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هێزێکى گرنگە و هەر وا ناکشێتەوە”

بایک ئاماژەى بەوەکرد، ئەمریکا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا هێزێکى گرنگە و هەر وا لە خۆیەوە ناکشێتەوە. ئەوەشی وت “ناکۆکییە ناوخۆییەکانیان بە تایبەتى لە ناو هێزە سەربازییەکانیاندا خۆی دەرخست. ئەوان مەترسییەکە بەو شێوەیە لێکدەدەنەوە؛ لە دۆخێکى لەو جۆرەدا کاریگەرییمان لەسەر رۆژهەڵاتى فورات نامێنێت، لە رووی سەربازییەوە ئێمە ناتوانین بیپارێزین، چونکە باش ئاگاداری هەڵوێستى سەربازیى کۆماری تورکیان. ئەگەر ئەوە رووبدات ئەوا کاریگەریى سەربازیی خۆیان لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا لە دەست دەدەن. پنتاگۆن لەبەر ئەوە نیگەرانە. سەرۆکایەتیى ئەمریکاش بە زۆری بیر لە سیاسەت دەکاتەوە. ئەو کارەى کە بۆ خۆی بە سەرەکیى دەزانێت جیایە و قورسایى دەخاتە سەر سیاسەتى ناوخۆ. لە هەڵبژاردنى ناوخۆیى ٢٠١٨ دا دۆڕاندی. دواى ٢ ساڵی تر هەڵبژاردن هەیە. ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیشدا تێکدەشێکێت، بۆیە لەو بوارەدا سیاسەت دەکات. ئەوە هەڵوێستێکى ناوخۆییە. بە وتنى ‘من سەربازەکان دەکشێنمەوە’ هەوڵ دەدات کاریگەرییەکى گرنگ لەسەر کۆمەڵگەى ئەمریکا دروست بکات. ئەوەش پەیوەندیى بە ئامانجی خۆی بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا هەیە. خاڵی دووەمیش ئەوەیە؛ هاوپەیمانیى لەگەڵ کۆماری تورکیا بەرەو پێش دەبات. پەیوەندیى لەگەڵ کۆماری تورکیا بەهێز دەکات. رووسیا لە نێوان کۆماری تورکیا و ئەمریکا ناکۆکیى دروست کرد. ئەوە هەندێک هەڕەشە بوو بۆ سەر ئەمریکا. دەیەوێت ئەو سیاسەتەى رووسیا تێکبشکێنێت و پەیوەندیى خۆی لەگەڵ تورکیا بەهێز بکات. بۆ ئەوەش هەر وەک ٢٢ی تەمووزی ٢٠١٥ / ٣١ی پووشپەڕ لە ٤ و ٥ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨ / ١٣ و ١٤ی خەزەڵوەر ئەمریکا و تورکیا رێککەوتن. وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە تورکیا چاوپێکەوتنى ئەنجامدا و لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاریاندا کە گەمارۆی سەر ئێران توند بکەنەوە. لە دژی بەڕێوەبەرانى پەکەکە بڕیاریان دەرکرد. ئەوە ئاماژەیە بە رێککەوتن لەگەڵ تورکیا. ئەمریکا بەو شێوەیە دەیەوێت پەیوەندیى خۆی لەگەڵ تورکیا بەهێز بکات، تورکیا لە عێراق بداتە پاڵ خۆیى و کوردانیش بەشداری ئەوە بکات و بەو شێوەیە سیاسەتى گوشار لەسەر ئێران زیاتر بکات. بۆ ئەوەش پشتگیری لە تورکیا دەکات و باج بە سیاسەتەکانى ئاکەپە و مەهەپەى فاشیستی دوژمنى کوردانى دەدات. هەوڵ دەدات لەگەڵی رێبکەوێت. دەوڵەتى کۆماری تورکیا بە تایبەتى بەرێوەبەریى تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی ئەوە بۆ خۆیان بە هەل دەزانن بۆ زیاتر دوژمنایەتیکردنی کورد، هەوڵ دەدەن سیاسەتى پاکتاوکارانە و سڕینەوەیان لە دژی کوردان بەشێوەیەکى کاریگەرانەتر بەڕێوە ببەن”.

“ئەمریکا خواستى لە هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بکشێتەوە، بەڵام دەوڵەتە ئەوروپییەکان لە ڕووی وەستانەوە”

بایک لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتی “بۆیە ناکرێت بوترێت، ئەمریکا لە سوریا و لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دەکشێتەوە، بەڵکو لە سیاسەتەکانى ئەمریکادا گۆڕانکاری روو دەدات و لەو ناوچانە ناکشێتەوە. لە هاوپەیمانیى دژ بە داعش دەکشێتەوە. پەیوەندیى خۆی لەگەڵ هاوپەیمانییەکە کەم و لاواز دەکات و لەگەڵ دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە رێککەوتن ئەنجام دەدات بۆ ئەوەى لە بریى داعش، هێرش بکاتە سەر کوردان، کە کورد لە دژی داعش لە تێکۆشاندایە. ئەوە بۆ خۆی دەکاتە بنەما و لەگەڵ ئەو هاوپەیمانییەدا پەیوەندییەکانى بەهێز دەکات. سیاسەتەکانى بەو شێوەیە دەگۆڕێت. لە ماوەکانى رابردوودا هەندێک رەخنە لە دژی ئەوە خرانەڕوو. دەوڵەتە ئەوروپییەکان ناڕەزایەتییان نیشاندا. ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا وتبویان، هاوکاریى بەشێوەیە بۆ هاوپەیمانى نابێت.

“ئەمریکا بەو سیاسەتانە بڕوابوون بە خۆی لە دەستدەدات”

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە سەرنجی خستە سەر ناڕەزایەتییەکان لە ناو ئەمریکا دا و وتیشی “پنتاگۆن و وەزارەتى دەرەوە ناڕەزایەتییان نیشاندا و هەندێک کەس دەستیان لەکارکێشایەوە. سیناتۆرەکان ناڕەزایەتییان نیشاندا. هاوپەیمانیى دژ بە داعش لە راگەیاندراوەکەیدا سوپاسی تێکۆشانی دژ بە داعش کرد و تەقدیر و رێزی لە تێکۆشانی کوردان گرت، کە هەزاران شەهیدیان لە شەڕی دژ بە داعشدا بەخشیوە. ئەوە رێگاى بۆ دروستکردنى گوشار کردەوە و بەو هۆیەوە راگەیاندراوی نوێ بڵاوکرانەوە و وتیان ‘ئێمە دەیپارێزین، ئێمە هێدی هێدی دەکشێینەوە’ و بەوشێوەیە هەڵوێستە فریودەرانەکەی خۆیان دەرخست. ئەوە نایەکگرتوویى و ناجێگیرییە. هەموو رۆژێک لە رۆژەکەى تر جیاوازە و یەک ناگرێتەوە. ئەمریکا بەو سیاسەتانە بڕوابوون بە خۆی زۆر لە دەستداوە. بە راستیش بە بەشداریکردنى لە هاوپەیمانیى دژ بە داعش و بە رێککەوتن لەگەڵ بەرخودانى کورداندا و لە تێکۆشانی ٣ ساڵەدا نرخی ئەمریکا زیادیکردبوو. هەم لە ناو کورداندا و هەم لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و هەم لە ناو راى گشتیى نێونەتەوەیدا. بەم نزیکایەتى و هەڵسوکەوتەى ئێستای ئەو نرخەى خۆی لە دەست دا”.

“دەستوەردانى ئەمریکا لە ئێران وەک دەستوەردان لە میسر و سوریا و وڵاتانى تر نابێت”

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لەبارەى گفتۆگۆکان لەبارەى دەستوەردانى چاوەڕانکراو لە ئێران وتی “ئەمریکا پێشتر ئێران و سوریای بە تەوەری شەڕ راگەیاندبوو. هەمووان ئەوە دەزانن. بۆ ئەوەى بتوانێت لە دژی ئەو تەوەری شەڕە تێبکۆشێت، خواستى تورکیا و عێراق بکاتە هاوپەیمانى خۆی و کوردانیش بەشدار بکات”.

بایک لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتیشی “گەمارۆ لە ٥ی تشرینى دووەمی ٢٠١٨ / ١٣ی خەزەڵوەر راگەیاندرا و ئەوە بە مانای زیندووکردنەوەى گوشارەکانە بۆ سەر ئێران. ئەمریکا ئەو گوشارە لەسەر ئێران زیاتر دەکات، بەڵام نزیکایەتیى لەگەڵ ئێران وەک نزیکایەتیى لەگەڵ سوریا و میسر و وڵاتانى تر نابێت. بارودۆخی ئێران جیاوازە. دەستوەردانى ئەمریکا لە ئێران بەشێوە و رێبازی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەرێن و هەر بەو شێوەیەش دەبێت. زیاتر گەمارۆی ئابووری پێشدەخرێت. دیارە کاری هەواڵگری بەرەوپێش دەبرێت. ئەگەری ئەوە هەیە نزیکایەتى و هەوڵ بۆ کودەتا لە ئێران ببێتە رۆژەڤ. ئێمە نازانیم کام شێوازەیان بەرەوپێشدەچێت، بەڵام ئەمریکا دەیەوێت تێکۆشان لە دژی ئێران بەرەوپێش ببات. دەیەوێت هەموو کەس بەشداری لە هەڵوێستى دژ بە ئێراندا بکات. ئەوە لە بەرژەوەندیى کورداندا نییە. لەو دۆخەشدا دەیەوێت کۆماری تورکیاش بەکار بهێنێت، داواکانى خۆی دەسپێرێتە کۆماری تورکیا و سازش لەگەڵ کۆماری تورکیا دەکات. دەسەڵاتى ئاکەپە و مەهەپە لەوەوە هێز دەگرن و دەیانەوێت کۆمەڵکوژی و پاکتاوکاریى سەر کوردان گەورەتر بکەن. ئەو سیاسەتە زیان بە کورد دەگەیەنێت. بۆیە کاری یەکەمی کورد هەڵوەشاندنەوەى دیکتاتۆریى فاشیستیى ئاکەپە و مەهەپەیە”.

“گەورەترین هەڕەشەى ئێستا لەسەر کوردان، دەوڵەتى تورکە”

بایک سەرنجی خستەسەر دۆخی ئێستای ئێران و رایگەیاند “ئێمە دەزانین لە رووی زیهنیەت و سیاسەتەوە لە دژی سیاسەتى کوردانە، لە دژی کوردانە. لە رووی مێژوویشەوە ئاگاداری ئەوەین. لە رووی دۆخی رۆژانەوەشەوە. ئەوەى بەسەر کورددا هاتووە ئێستاش هەر ئەوە بەسەر کوردا دێتەوە. هەر چۆن بەرخودانەکانى پێشووتری کوردان لە رێککەوتنى نێوان عوسمانى – ئێران سەرکوتکران و هەر چۆن بەرخودانەکانى سەدەی ٢٠ بە رێککەوتنى نێوان تورکیا – ئێران تێکشکێنران، بەڕێوەبەرانى تورکیا و ئێران سەرباری ئەوەى لەسەر بابەتەکانى تر لەگەڵ یەکتر رێکناکەون، بەڵام ئێستا لە سیاسەتى دژ بە کورداندا دەبنە یەک. ئێران بۆ رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بۆ کوردان هەڕەشەیە، بەڵام لە دۆخی ئێستادا هەڕەشەى سەرەکى نییە. هەڕەشەی سەرەکی و هێرشکار دەسەڵاتی فاشیستیى ئاکەپە و مەهەپەیە، کە خاوەنداری لە چەتە خوێنخۆرەکانى وەک داعش و قاعیدە دەکەن و دەیانحەوێننەوە. لەبەر ئەوەش دەبێت ئامانجی یەکەم دەسەڵاتى ئاکەپە – مەهەپە بێت. لە دژی ئێران هەڵوێستێک نیشان بدرێت، یان نیشان نەدرێت، ئێمە لەو بابەتەدا هیچ ناڵێین. لە دژی ئێران تێکۆشان بکرێت یان نەکرێت، ئێمە هیچ ناڵێین. بەڵام ئێمە دەڵێین، راست نییە گرنگی و قورسایى بخەنە سەر ئێران و بەو هۆیەوە ئاکەپە و مەهەپە بەهێز بکرێن و رێ خۆش بکرێت بۆ کوشتار و سڕینەوەى کورد. ئەو هێزەى ئەوە بکات، نە دەتوانێت سیاسەت و عەقڵییەتى دواکەوتوو لە ئێران تێکبشکێنێت نە دەشتوانێت لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا تێکى بشکێنێت. بە پێچەوانەوە ئەوە خاوەنداری لە دواکەوتوویی دەکات. بۆیە هەڵەیە. لەبەر ئەوەش پێویستە تێکۆشانی سەرەکی لە دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە ئەنجام بدرێت. ئێمە ئەو تێکۆشانە بە کاری سەرەکیى خۆمان دەزانین”.

“لەو دۆخەدا کورد ناتوانێت لەگەڵ تورکیا ڕێککەتن بکات بۆ دژایەتیکردنى ئێران”

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە راشیگەیاند، پەکەکە بۆ بوون و ئازادیى کورد خاوەنی هەڵوێستێکى ئایدۆلۆژیک و ستراتیژیکە و ئەوەشی وت “خاوەنی تیۆری و ستراتیژییەکى زۆر بەهێزە و ئەوەی نیشان داوە و نیشانیشی دەدات؛ ئەوەش لەگەڵ رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى دیموکراتیک بەدی دێت. بۆیە بەپێى ئەو هەڵوێستە ستراتیژیکە دەجوڵێتەوە. بەپێى ئەو ستراتیژە، هەڕەشەی سەرەکی دیکتاتۆریى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپەیە. هێرشە پاکتاوکارانەکان بۆ سڕینەوە و داگیرکەری لەلایەن ئەو دیکتاتۆرییەوە ئەنجام دەدرێت. بە شێوەیەکى هەمەلایەنە فاشیست و قڕکەرەکان هێرش ئەنجام دەدەن. کۆمەڵکوژیى لە کۆمەڵگەى باکووری کوردستان ئەنجامدا. گوێی بە پێوەرە حقوقی و یاساییەکان نەدا. پەرلەمانتاران، هاوسەرۆک شارەوانییەکان زیندانى دەکات. ئەو بەڕێوەبەرە کوردانە، کە هەموویان لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردران، لە ناوی بردن. دەیان هەزار سیاسەتمەداری کوردی زیندانیکردووە. هەموو رۆژێک دەیان کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات. لە دژی ئەوانە چالاکیى مانگرتن بەڕێوەدەچن. بە فڕۆکە و بە چەکی ناتۆ هەموو رۆژێک بۆمب بەسەر باشووری کوردستاندا دەبارێنێت. بە هێرشی داگیرکەریى ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ / ٣٠ی بەفرانبار عەفرینی سەرکوتکرد. لە عەفرین، کە هەموو دانیشتوانەکەى کوردن، ئێستا کوردی تیادا نەماوە. بە بەرچاوی دونیاوە سڕینەوەی ئەنجامدا، لە عەفرین کوردێتیى سڕییەوە. دەیەوێت ئەوە لە هەرێمەکانى تری کوردستان دووبارە بکاتەوە. هەموو سوپاکەى لەسەر سنوور جێگیرکردووە و هەموو رۆژێک هەڕەشە دەکات. بۆردومان دەکات، بە تانک هێرش دەکات و بۆردومان دەکات و دەڵێت ‘من داگیری دەکەم’. پێویستە ئەو راستییانە ببینرێن. لەو دۆخەدا روونە کە ئایا کورد دەتوانێت لەگەڵ کۆماری تورکیا رێککەوتن ئەنجام بدات و تێکۆشان لە دژی ئێران بکاتە کاری سەرەکیى خۆی؟

جەمیل بایک ئەوەشی وت: خۆ چەندجار ئاگربەست راگەیاندراو و هەوڵ درا لەگەڵ تورکیا چارەسەرییەکى دیموکراتیک دروست بکرێت. ئەوەى، ئەوەی رەتکردەوە بەڕێوەبەریى ئێستاى ئاکەپە – مەهەپە بوون. ئەو بەڕێوەبەرییە سڕینەوەى کوردی کردووەتە ئەرکی بەردەم خۆی. لەو دۆخەدا ئەگەر ئەمریکا لەگەڵ بەڕێوەبەرییەکى لەو جۆرە رێبکەوێت، ئەوا دەچێتە سەر هێڵی دژایەتیکردن و دوژمنایەتیکردنى کوردان. بێگومان کورد پشتیوانى لە پلانێکى ستراتیژی لەو جۆرە ناکەن و بەشداری تیا ناکەن”.

ک.ک
سەرچاوە: رۆژنیوز

Related posts