ڕاپۆرتێک لە ڕۆژئاواوە

ڕاپۆرتێک لە ڕۆژئاواوە

Report from Rojava
Debbie Bookchin
‎دیبی بوکچین

و: سیاوەش گۆدەرزی

‎قامیشلۆ، سوریا، ئیلهام ئەحمەد لەگەڵمانە، ئەو ژنەی لەم چەند مانگەی دواییدا بە نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا سەردانی ئەوروپا و ئەمەریکای کرد. هەتا لە سەر داهاتووی ٥ هەتا ٦ ملیۆن کەس لە ناوچەئازادکراوەکان و ملیۆنان پەنابەری ناوخۆیی و هەروەها ژن و منداڵانی دیلە داعشەکان دانووسان بکا. لە بەر ئەوە ئیلهام تەرەفی وتووێژی زلهێزەکانی جیهانە بە جۆرێک ئێستا داهاتووی هەرێمەکە لە دەستی ئەم ژنەدایە..
ئەو لێبراوییەی لە چاوەکانیدا دەبیندرێ و ئەو جدیی بوونەی لە نێو چاوانیدا بەدیدەکرێ، شایەتن بۆ ئەم بەرپرسایەتییە قورسەی ئەم ژنە لە سەر شانەکانی داناوە.
مانگی ڕابردوو بە سەیارە ڕەشە گوللەنەبڕەکەی بەرەو باشوور هەتا دێرەزوو ئەو شۆێنەی دوا موڵگەی خەلافەتی داعش کۆتایی دێت، چوو بۆ ئەوە بە چاوەکانی خۆی تێکشکانی خەلافەت ببینێ و بە شێوەی ڕەسمی بە جیهانی ڕابگەیەنێ. بە هەڵکەوت نییە کە هەر لەم وەرزی بەهار و نەورۆزەی ٦۱۲ی پێش لە زایین بوو کە جارێکیتر کوردەکان تەخت و بەختی حاکمێکی خوێنڕێژی دیکەکان بە ناوی زوحاک سەروژێر کرد…
هەمووان لە سەر ئەوە هاودەنگ بوون کە سەرکەوتنی یەکجارەکی بە سەر داعشدا لە ڕۆژی ۲۱ی مارس ڕۆژی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی ڕابگەیەنن. ڕۆژێک کە وەک سیمبۆلی ژیانەوە و نوێ بوونەوە لە نەریتی کوردەواریدا ناسراوە. هەر لە کۆنەوە لە دژی نایەکسانی و زوڵم لە ڕووخانی زوحاکەوە هاوئاهەنگییەک لە نێوان کورد، عەرەب و ئاسۆریدا هەبووە هەروەک ئێستا لە ڕووخانی خەلافەتی داعشدا ئەو هاوئاهەنگی و یەکگرتنە هەیە. ئیلهام ئەحمەد جەخت لە سەر ئەوە دەکا: “هۆکاری سەرەکی کە داعش لە لایەن ئەم هێزە و گرووپە ڕەنگاوڕەنگانەوە تێکشکا ئەوەیە کە ئێمە پەیماننامەی کۆنفیدراڵمان لە نێوان یەکتردا واژۆ کردووە. ئێمە لە یەک هەلوومەرج و لە قۆناغی جیاوازدا و لە سەر یەک قەوارەی جۆگرافی بە یەک ئامانجی هاوبەشەوە پێکەوە دەژین.. ”
لە ڕۆژی ۲۱ی مارس هەزاران کەس جێژنی نەورۆز لە کۆبانی لە باکووری سوریا پیرۆز دەکەن. ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاواو سوریای دیمۆکراتیک بۆ سەقامگرتووی لە هەرێمەکەدا ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕن. ئێستا هەرێمەکە لە یەک لە سێی خاکی سوریا پێکدێ و ۳٠ بۆ ٤٠ لەسەدی حەشیمەتی سوریا لێرە دەژین. هەرێمەکە بە شێوەی نافەرمیش وەک ڕۆژئاوا ناسراوە، لە وشەی ڕۆژئاوای کوردییەوە بە مانای غەرب وەرگیراوە واتە ڕۆژئاوای کوردستانی گەورە، ئەو وڵاتەی لە نێوان تورکیا، ئێران، عێراق و سوریادا دابەش کراوە.
پاشخانی ئەم هەرێمە دەگەڕێتەوە بۆ دەسپێکی شەڕی ناوخۆیی سوریا لە ساڵی ۲٠۱۲ کاتێک کوردەکان شێوە ڕێکخستنێکی سیاسییان وەجوڵە خست کە ئامانجی سەرەکی خۆبەڕێوەبەری و کۆمەڵگایەی کۆنفیدرالی بوو. پرۆژەیەکی نوێی کوردان لە هەرێمەکەدا کە ڕێگای بۆ پلۆلاریزم، سیستەمی سیاسی فرەئەتنیکی وەک سیستەمێکی تاقانە و دەگمەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆش کرد. لەم سیستەمەدا عەرەب، تورکمان، ئاسۆری، کورد و گرووپە ئەتنیکییەکانی دیکەش بە شێوەیەکی هاوبەش جمگەکانی دەسەڵات کە هاوکات لە سەر بنەمای دیمۆکراتیک دامەزراون لە هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکاندا بەڕێوە دەبەن. ئەمە مۆدێلێکی بەڕێوەبەرییە کە لە سەر کۆڵەکەکانی ئاشتی و سەقامگرتووی دامەزراوەو هەوڵ و تێکۆشان ئەوەیە کە ئەم مۆدیلە لە لایەن دەسەڵاتی سوریاوە دانی پێدا بنرێ.
کاتێک من لە هەرێمەکەدا گەڕام ئەندامانی ئەتنیکە جیاوازەکان پێیان گوتم ئەمە یەکەمجارە کە ئەتنیکە جیاوازەکان هاوکاری و هاوئاهەنگی ڕاستەقینە لەگەڵ یەکتری دەکەن. لە کاتێکدا لە ڕابردوود دەوڵەتی سوریا ئەمانەی لە دژی یەکتری بەکار هێناوە بۆ ئەوە دەسەڵاتی ناوەندی خۆی زیاتر بچەسپێنێ.
پرۆژەی ڕۆژاوا هیوایەکە لە سەر بنەمای یەکسانی ئابووی، سیاسی، فەرهەنگی، ڕەگەزی و پەروەردەیی هەڵچێندراوە بۆ ئەوە هەموو کۆمەڵگای سوری لە بنەڕەتەوە بگۆڕێ. مافی یەکسانی ژنان، هۆشیاری ئیکۆلۆژیک و دیمۆکراسی ڕاستەوخۆ سێ کۆڵەکەی سەرەکین کە هاوپەیمانەتی یان کۆنتراکتی کۆمەڵایەتییان لە سەر بنیاد نراوە.
سەرەڕای ئەم ئیرادە قایمە بۆ گۆڕانگاری یەک لە بەڕێوەبەرانی ئیدارەی باکووری سوریای دیمۆکراتیک دەڵێ ئەوان بە تەنیاو بە بێ یارمەتی دەرەوە توانای ڕیشەکێشکردنی داعشیان نییە. ئەو هاوپەیمانەتییەی بۆ تێکشکانی داعش دامەزراوەو لە نێو ئەواندا ئەمەریکا، بریتانیا و وڵاتانی دیکە ئەگەر لە بواری سەربازی، ئابووری و لە هەموو گرینگتر پشتگیری دیپلۆماسی بۆ سەقامگرتووی لە هەرێمەکە درێژە بە یارمەتییەکانیان نەدەن ئەوە داعش جارێکیتر سەرهەڵدەداتەوەو لێرەشەوە بەرەو جیهانی ڕۆژئاوا تەشەنە دەکا.
شێروان دەروێش وتەبێژی شورای سەربازی مەنبەج دەڵێ “ئەگەر کێشە سیاسییەکان لە سوریا چارەسەر نەکرێن ئەوە داعش بەهێزتر لە جاران سەرهەڵدەداتەوە. داهاتوو مەترسیدارتر لە ئێستا دەبێ.” شورای سەربازی مەنبەج ئەو هێزە سەربازییەیە کە مەنبەجی لە دەستی داعش لە ساڵی ۲٠۱٦ ڕزگار کرد و تورکیاش داوای کرد کە هێزە کوردییەکان لە مەنبەج بکشێنەوە. مەنبەج ئێستا یەک لە حەوت کانتۆنی خۆبەڕێوەبەرە لە باکووری سوریا. ئەو ٦ کانتۆنەکەی دیکە بریتین لە: عەفرین، جەزیرە، ڕەقە، تەبقە، دێرەزوور و کۆبانی. پرسێک کە ئیلهام ئەحمەد و بەڕێوەبەرانی دیکە لەگەڵی ڕووبەروون ئەوەیە سەرەڕای ئەوە پانتاییەکی زۆر لە ژێر کۆنترۆڵی ئیدارە خۆبەڕێوەبەرییەکاندایە بەڵام هێشتا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکووری سوریا لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە فەرمی نەناسراوە. سەردانەکانی ئەم دواییانەی ئیلهام ئەحمەد بۆ دەرەوە هەر لەم چوارچێوەدا بووە.
ئەرکی قورسی ئەو بەرچاوڕوونی بۆ کێشەیەکی پێچەڵپێچ لە کێبەرکێی جوگرافی نێوان دەوڵەتی سوریای ئەسەد و دەوڵەتی تورکیای ئەردغان بۆ کۆنترۆڵکردنی خاکی زیاتری سوریا بووە. لە لیستی ئەولەکاری ئیدارەی باکووری سوریادا هەر ئێستا چەند پرسێکی گرینگ هەن وەک: شانە خەوتووەکانی داعش و پرۆپاگەندەی بیری جیهادی، ناسەقامگیری ئابووری و دەسپێکی مەحکەمەی داعشە دیلە نێودەوڵەتییەکان.
بێجگە لەمانە ئەرک و کارە بەپەلەکان لە پێوەندی لەگەڵ یارمەتییە مرۆییەکان وەک بوونی دەیان هەزار پەنابەری ناوخۆیی کە لە کەمپەکاندا دەژین، گەڕانەوەی ئەو ناوچە پان و بەرینانەی لە دەستی داعشدا بوون بۆ دۆخی ئاسایی وەک ئاوەدانی، چاکبژی و یارمەتی نەفسی و سایکۆلۆژی بۆ هاودەست و هاوکارانی داعش.
عێراق دەرسێکە بۆ فێربوون کاتێک پرۆپاگەندەی ئەمن و ئاسایش دەکرێ و لە مەیدانی ڕاستیشدا ئاسایش نییە. دوای ئەوەی لە دیسەمبەری ۲٠۱۷دا سەرکەوتن بە سەر داعشدا لە عێراق ڕاگەیاندرا شانە خەوتووەکانی داعش لە چالاکی بەردەوامن. هێشتا کوشتن، بارمتەگرتن و بۆمبدانانەوەی گرووپە داعشییەکان بەردەوامە. ڕۆژئاوا نایهەوێ هەمان ئەزموون دووپات بکاتەوە. وەک ئەوەی لە مەنبەج ڕوویداو و شانەیەکی خەوتووی داعش لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا حەوت شەڕڤانی کوردی رێزەکانی هەسەدە کوژران.
لەگەڵ هەبوونی مەترسی لەو شێوەیە دیسان بەڕێوەبەرانی ڕۆژئاوا لەو باوەڕەدان ئەگەر بێتوو لە دەرەوەڕا یارمەتی بکرێن ئەوە دەتوانن هەرێمەکەیان بکەنە نموونەی سەقامگیری لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە عێراقدا یاسای دژەتیرۆر لە لایەن دەوڵەتی ناوەندییەوە توانا و تاقەتی لە هەرێمەکان لە چارەسەرکردنی کێشە ناوچەییەکاندا سەندۆتەوەو هەمووشت خراوەتە دەستی چارەسەری سەربازی کە کۆمەڵگای مەدەنی لە ژێر پۆستاڵی سەربازیدا پلیشاندۆتەوە. بە پێچەوانە لە ڕۆژئاوا هەوڵدەدرێ دەسەڵات لە دەستی ناوچە و هەرێمەکاندا بمێنێتەوە بۆ چارەسەری باشتر و ڕیشەیی کێشەکان. وەک نموونە دامەزراوەیەکی وەک “ماڵی ژنان” لە لایەن کۆنگرەی ستار هەزاران کێشە و گرفتە بنەماڵەیی و جڤاکییەکان لە ساڵدا چارەسەر دەکا. کارمەندانی ئیدارەی ڕۆژئاوا لەو باوەڕەدان کە دامەزراوەیەکی هاوشێوە دەتوانی لایەنگرانی داعش بگەڕێنێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگا نەک زیندان کە چارەسەری لەگەڵ خۆیدا ناهێنێ.
بەشێک لەهۆکارەکان کە لە عێراق و لە بەشێک لە سوریادا بوون بە هۆی سەرهەڵدانی داعش وەک شۆڤینیزم، توندئاژۆیی دینی و نایەکسانی ئابووری لە ڕۆژئاوادا بە شێوەی بەربڵاو بوونیان نییە. هاوکات بە قسەی ئیلهام ئەحمەد “گەرەک کەمپینێکی ڕێکخراو و گەورە بۆ نەهێشتنی شوێنەوارەکانی داعش وەڕێبخرێ. ئەم کەمپینە پێویستی بە خەڵکی پسپۆر و پشتگیری کەرەستەیی و مادی هەیە. پێش لە هەموو شتێک هێزە هاوپەیمانەکان گەرەک عێراق ناچار بکەن کە دەست لە گەمارۆی هەرێمەکانی ژێر کۆنترۆڵی سوریای دیمۆکراتیک هەڵبگرێ بۆ هاتنی کەرەستەی پێویست بۆ وەگەرخستنی پێشەسازی، کشتووکاڵی و هەروەها هەڵێنجانی نەوت. هەروەها کەرەستەی پێویست بۆ نەخۆشخانە، قوتابخانە، پەرەوەردەو ڕێگاوبان و بەگشتی خزمەتگوزاری. پەروەردە ڕۆڵی سەرەکی دەبینێ لە ڕیشەکێشکردنی فکری داعشی”.
ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپایی دەتوانن لە ڕێی دیپلۆماسییەوە گوشار بخەنە سەر تورکیا بۆ ئەوە هەڕەشەی سەربازی ڕابگرێ کە ئاسایش و سەرەوەری خاک لە هەرێمەکە دەخاتە مەترسییەوە. هاوکات ئیلهام ئەحمەد ئاماژە بەوەش دەکا کە ئەوان دەیانهەوێ بەشێک بن لە سوریا بەو مەرجەی دەوڵەتی سوریا هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکان لە یاسایەکی بنچینەیی نوێدا بگونجێنێ و بە فەرمی بیاناسێنێ. …
لە دەسپێکی شەڕی کۆبانییەوە لە ساڵی ۲٠۱٤ کوردەکان لە لایەن ئەمەریکا و هێزە هاوپەیمانەکانەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش یارمەتی سەربازی دراون. ئەم شەڕە بە نرخی گیانلەدەستدانی ۱۱ هەزار شەڕڤان و بریندار و سەقەتبوونی هەزارانیتر تەواو بوو کە ئاکامەکەی تێکشکانی داعش لە پێشدا لە کۆبانی و دواتر شار بە شاری باکووری سوریا هەتا کۆتایی داعش بوو. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی قەرزەکانیان لای هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک لە ژێر ڕێبەرایەتی یەپەگە و یەپەژە بدەنەوە ئەویش بە بەفەرمی ناسینی قەوارەی باکووری سوریای دیمۆکراتیک و دەسپێکی پێوەندی فەرمی و دیپلۆماتیک.
فوئاز یوسێف یەکێکیتر لە بەڕێوەبەرانی سوریای دیمۆکراتیک دەڵێ دەبێ ناتۆ دان بەوەدا بنێ کە تورکیا بووەتە سەرچاوەیەکی مەترسیدار لە هەرێمەکەدا بەهۆی ئەوە پشتگیری تیرۆریزمی کردووە. یوسف ئاماژە بە داگیرکاری کانتۆنی عەفرین لە ساڵی ڕابردوو دەکا لە لایەن تورکیاوە بە هاوکاری گرووپە جیهادیستییەکان. بێجگە لەوە خەڵکی سڤیلی هەرێمی عەفرین کەوتنە بەر کوشتار، ئەشکەنجە و دەستدرێژی جنسی ژێرخانی ئابووری عەفرینیش لە ژێر بۆمباراندا تەفروتونا کرا. داگیرکاری عەفرین بوو بە هۆی ئاوارەبوونی ۳٥٠ هەزار کەس کە زۆربەیان کوردن و هەتا ئێستاش۱۷٠ هەزار لەوان لە کەمپی ئاوارەییدا دەژین. بانگەشەی تورکیا گۆیا مەترسی بۆ سەر وڵاتەکەیان لە سنوورەکانی ڕۆژئاواوە لە لایەن ڕێبەرانی سوریای دیمۆکراتیک بە توندی ڕەد دەکرێتەوەو بەپێچەوانە دەگوترێ ئەوە تورکیایە کە لە نێو خاکی سوریادا تێکدانی دیمۆگرافی دەکا و پاکتاوی ڕەگەزی بە هاوکاری گرووپە جیهادیستیەکان ئەنجام داوە.
ئەوە هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک بوون کە پایتەختی داعشیان لە ئۆکتۆبەری ۲٠۱۷ و دوا موڵگەی داعشیان لە شارۆچکەی باغووز لە ژانڤییەی ئەمساڵدا لە داعش پاک کردەوە. لە ئازدکردنی باغووزدا گرتن، جیاکردنەوەو بەجێکردنی ۱٠ هەزار کەس تێکەڵاو لە داعش و بنەماڵەکانیان لە کەمپی ئەلهاولدا کە ئێستا ۷۲ هەزار کەسی تێدایە، پرۆسێسێکی درێژ و ئەرکێکی قورسی خستە سەر هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک. لە نێو ئەم گیراوانەدا ٥۸٤ ژنی جیهاددیست و ۱۲٤۸ منداڵی داعش لە وڵاتی جۆراوجۆر هەن. بێجگە لە ۲٠ هەزار کەسی گرێدراو بە داعش کە خەڵکی عێراقن.
هەتا ئێستا وڵاتانی هاوپەیمان سەرەڕای داوخوازی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک خۆیان لە تەحویلوەرگرتنەوەی جیهادیستەکانیان پاراستووەو لە بەرانبەردا باسی دانانی مەحکەمەیەکی نێودەوڵەتییان لەڕۆژئاوا بۆ ئەو مەبەستە کردووە. بەوشێوەیە هەتا جیهان ببێتە شاهیدی تاوان و بەربەرییەتی توندئاژۆی ئایینی داعشەکان. بەڵام وەگەڕخستنی مەحکەمەیەکی نێودەوڵەتی و دەسپێکی پرۆسێسی دادئەستێنی لە توانای مادی و مەعنەوی ڕۆژئاوا نییە و گەرەک وڵاتان یارمەتیدەر بن.

ڕۆژئاوا بە پێداچوونەوەی بڕیاری ترەمپ خۆشحاڵن کە هێزە ئەمەریکییەکان نەکشانەوەو گرووپێکی پێکهاتوو لە٤٠٠ سەرباز و کاربەدەستی ئەمەریکی ماونەتەوە بۆ ئەوە گەرەنتی پێدانی ڕۆڵی کورد و کەمایەتییە ئەتنیکەکانی دیکەدا لە وتووێژەکانی ئاشتی لە داهاتوودا بکەن.

پۆڵات جان یەک لە فەرماندەکانی یەپەگە دەڵێ: “پێویستە پێکەوە داهاتوو بنیاد بنێین. ئەمە ئەرکی ئێمە بە تەنیا نا بەڵکوو ئەرکی هەموو جیهانە بەتایبەت وڵاتەکەی جەنابت”.

دیبی بوکچین
٤ی ئەپریلی ۲٠۱۹
Debbie Bookchin

سەرچاوە: فەیسبوکی بەرێز سیاوەش گودەرزی

Related posts