ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی هەڵوێستی نەتەوەیی دژی داگیرکاریی تورکیا لە کوردستان

ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی هەڵوێستی نەتەوەیی دژی داگیرکاریی تورکیا لە کوردستان

لەسەر بانگەوازی کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان ( کە لەژێر چەتری ك ن ك دا لە 34 پارت و رێکخراو پێکدێت)، هەروەها نوێنەرانی دەیان پارت و رێکراوو ژمارەیەک کەسایەتی کوردستانیی، رۆژی 27.07.2019 لە برۆکسل کۆبوونەوەی هەڵوێستی نەتەوەیی لە دژی داگیرکاریی تورکیا لە کوردستان بەڕێوەچوو. ئەگەرچی کۆبوونەوە تایبەت بوو بە داگیرکاریی تورکیا لە کوردستان، بەڵام هەڵوەستە لەسەر داگیرکارییەکانی ئێرانیش کرا. لە ئەنجامی وتووێژەکاندا ئەم ئەنجامنامەیەی خوارەوە گەڵاڵە کرا.

کوردستانیانی هێژا

راستە کوردستان سەرەتا بە پەیمانی قەسری شیرین کرا بە دوو پارچە، دواتریش بە پەیمانی لۆزان کرا بە چوار پارچە. بەڵام خەڵکی کوردستان هیچ کاتێک و هیچ کام لەو پەیمانانەی بە ڕەوا نەزانیوە. لەبەرامبەر ئەوانەدا بەردەوام شۆڕش و راپەرین کراوەو سەر بۆ داگیرکەران نەوی نەکراوە. بەو پەیمانانە نەک هەر تەنیا گەلی کورد بەڵکو گەلی ئاسوری – سریانی – کلدانی و هەموو پێکهاتەکانی تری کوردستان پارچە پارچە کران.

لە سی ساڵی رابردوودا دۆخێکی نوێ لە کوردستان هاتە ئاراوە. سەرەتا لە باشوور و دوای ئەویش لە رۆژاوا دوو بەڕێوەبەرایەتی خۆجێیی دامەزران. ئاشکرایە هیچ کام لە ئێران و تورکیا ئەوەیان پێ قبوڵ نەکرا. هەوڵیان دا بە هەموو شێوەیەک نەیهێڵن، ئەگەر ئەوەش نەکرا دەستی تێوەردەن و ئابڵوقەی سیاسی و ئابووری بخەنە سەر.
لەو پڕۆسەیەدا ئێران بە نهێنی و بە ئاشکرا هەندێک کێشەی درووست کرد. لە باشووری کوردستان چەندین جار بارەگای هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی بوردومان کردو چەندین کەسیشی تیرۆر کرد. لەم رۆژانەی دووییشدا تۆپبارانی چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستانی کرد.

دەولەتی تورکیاش لە لایەکەوە لە ناو سنوورە فەرمیەکانی خۆیدا بە هەموو شێوەیەک پەلاماری خەڵکی باکوری کوردستان ئەدات بە داپڵۆسین و زیندانیکرد وەلامی داخوازییەکانی خەڵک ئەداتەوە
. لە لایەکی تریشەوە چاوی بڕیوەتە باشوور و رۆژاوای کوردستان. لە دوای 1990یشەوە تورکیا ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی فراوان کردووە. لە بادینانەوە تا نزیکی موسڵ چەندین بنکەی سەربازی و سیخوڕیی دامەزراندووە. لە لایەکەوە ئەم هێزانەی خۆی دژی گەریلاکانی هەپەگە بەکار دێنێ و لە لایەکی تریشەوە ناوچەیەکی فراوانی ئەو هەرێمەی خستۆتە ژێر کۆنترۆڵی سەربازی و سیخوڕییەوە. داگیرکاریی تورکیا لە باشوور هەر سەربازیی نییە، بەڵکو ئابووری و کلتوری و کۆمەڵایەتیشە. دەستی خستۆتە زۆر شوێنی وەک کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان و لە هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیای ئەو شوێنانەدایە. بە ئاشکرا لە رووی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسییەوە پشتگیریی نەیارەکانی کوردستان لەو ناوچانە ئەکات. بە تایبەتیش دوای ریفراندۆمی 2017، تورکیا و ئێران رۆڵی زۆریان لە داگیرکردنەوەی کەرکوک و ناوچەدابڕاوەکاندا بینی.
دوای ئەوەی خۆبەڕیوەبەرێتی رۆژاوای کوردستان دامەزرا، تورکیا ستراتیژی داگیرکاریی خۆی نوێکردەوە. بۆ ئەو مەبەستەش پلانە سەربازییەکانی داگیرکاریی رێکخستەوە و خستنیە بواری پراکتیکەوە. لە عەزاز و جەرابلوسەوە دەستی پێکردووە، دواتریش عەفرینی داگیرکرد. ئێستاش ئامادەکاریی بۆ داگیرکردنی کۆبانێ و گرێ سپی و جزیرە ئەکات. ئەم هەڵوێستە هێرشکاری و داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا زۆر بە توندی بەردەوامە. دوای داگیریکردنی عەفرین تورکیا بە شێوەیەکی سیستیماتیک تاوانی دژی مرۆڤایەتی لەو شارە بەڕێوەئەبات. دیموگرافیای عەفرین ئەگۆڕێت و سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی تاڵان ئەکات.
ئێستاش ئەو داگیرکارییە لە باشووری کوردستان سیماو ناوەرۆکێکی تری گرتووە. ئیدی بنکەی سەربازی و سیخوڕیی بەس نییە. ئەیەوێ زۆر ناوچەی فراوان و ستراتیژیک بە تەواوی داگیر بکات و تیایدا جێگیربێت. بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا لە شوێنی زۆر گرنگ و ستراتیژیک دەستی بە داگیرکاریی لە باشووری کوردستان کرد.
تورکیا ئێستا ناوچەی برادۆستی داگیرکردووە. بەردەوامیش هێرش بۆ شوێنی تر ئەکات و تیایدا جێگیر ئەبێت. ناوچەی برادۆست هاوسنووری باکور و رۆژهەڵاتی کوردستانە. داگیرکردنی ئەو ناوچە ستراتیژییە بۆ بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان لە باکور و رۆهەڵات، هەروەها بۆ هەرێمی باشووری کوردستانیش هەڕەشەو مەترسییەکی گەورەیە. ئێرانیش کە لەو پڕۆسەی داگیرکاریەدا پشتگیریی تورکیا ئەکات، لە ئێستادا بە هۆی ئابڵوقەی ئابووری ئەمریکاوە لەسەری، لەبەر بەرژەوەندیەکانی خۆی بێدەنگی هەڵبژاردووە.

حکومەتی عێراقیش لەبەرامبەر ئەم داگیرکارییەدا بێهەڵوێستە. ریفراندۆمیش دەرفەتێکی دا بە حکومەتی عێراق کە تا ئاستێك هاوکاری تورکیا بێت لە دژایەتیکردنی بزاڤی ئازادیخوازیی کوردستاندا. لەگەڵ ئەم راستیانەشدا بەداخەوە دەسەلاتداریی باشووری کوردستان لەبەرامبەر ئەم داگیرکارییەدا بێدەنگ و بێهەڵوێستە. بەڵام لە لایەکی ترەوە هەندێک گروپی پەرلەمان، چەندین پارتی سیاسی و رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، گەلی باشوور بە گشتیی، خاوەن هەڵوێستن و ئەم داگیرکارییە قبوڵ ناکەن. پێویستە حکومەت و هەموو هێزەکانی تریش گوێ لە دەنگی خەڵک بگرن و لەبەرامبەر داگیرکاریدا بێدەنگ نەبن و هەڵوێست بگرن.

تورکیا بە پلانی ستراتیژیک دەستی بە داگیرکارییەکانی کردووە. عەفرینی داگیرکرد هەتا رێگای دەریای سپی ناوەڕاست لە کوردان بگرێت. بە داگیرکردنی ئەو ناوچانەی باشووری کوردستانیش ئەیەوێت دەسەلات و هەژموونی خۆی بەسەر سێ پارچەی دی کوردستاندا بسەپێنێ.

دەستبەسەراگرتنی ناوجەی برادۆست و کێلەشین، هەتا ئەگاتە خواکورک و سیدەکان و دەوروبەری، کە سێکوچکەی باکورو باشورو رۆژهەڵاتی کوردستانە، دەستکەوتێکی سەربازییە بۆ تورکیا. بەڵام بۆ سێ پارچەی کوردستان لاوازبوون و دبڕانێکی ترە. ئەمەش بە دڵی ئێرانە.

دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی خەڵک و ولاتانی جیهان چەواشە بکات، بە بیانووی شەڕ لەگەڵ پەکەکەو هیزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە- بانگەواز بۆ هێرش و داگیرکارییەکانی بۆسەر کوردستان ئەکات. ئەمەش خۆڵ کردنە چاوو ئاوەژووکردنی راستییەکانە. هەربۆیە پێویستە رووی راستەقینەی ئەم هێرش و داگیرکارییانە بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان و جیهان ئاشکرا بکرێت. تورکیا ئەیەوێ جارێکی تر لە سەدسالەی درووستبوونی دەوڵەتی تورکیادا لە 2023 دا، “میساقی میللی” بخاتەوە بواری پراکتیک. میساقی میللی یان سوێندی نەتوەیی بریتییە لە فراوانکردنی سنووری تورکیا کە هەموو ولایەتی موسڵ و باکوری سوریا ئەگرێتەوە. ئیدی ئامانجی تورکیا بە روونی دەستبەسەرا گرتنی هەموو ئەو هەرێمەو لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانە.

لەبەر ئەم هۆکارانە، ئێمە وەک کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان و هەموو ئەو پارت و رێکخراوو کەسایەتیانەی بەشداری ئەم کۆبوونەیەن، ئەمانەوێ سەرنج رابکێشینە سەر ئەو راستییە سیاسی و ستراتیژییە تاکو بتوانین رێگا لەبەردەم نەیاران بگرین و ئەو مەترسی و هەڕەشانە لە سەر خەڵکی کوردستان دوور بخەینەوە.

لەبەر رۆشنیایی ئەم راستییانەدا ئێمە بە بەیاخەوە ئەم داخوازیانەی خوارەوە ئەخەینە بەردەم خەڵکی کوردستان و هەموو پارت و رێکخراو و بزاڤە مەدەنییەکان، هەروەها بەڕیوەبەرێتیی رۆژاوای کوردستان، بە تایبەتیش حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ناوچە داگیرکراوەکانی باشوور لە چوارچێوەی دەسەڵاتی فەرمی ئەودایە:

1. کۆبوونەوە زۆر بە تووندی داگیرکاریی تورکیاو ئێران لە کوردستان ریسواو شەرمەزار ئەکات و داوای بەهیزکردنی تێکۆشان دژی ئەو داگیرکارییانە ئەکات.

2. داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان، رێ لە بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان لە باکور و رۆهەڵات ئەگرێت. هەروەها رێگا لەبەردەم لاوازبوون و تێکچوونی هەرێمی باشووری کوردستان خۆش ئەکات. جارێکی تریش کوردان لەیەک داببڕێت و هێزە شۆڕشگێرەکانی لاواز بکات. لەبەرئەوە پێویستە هەموو لایەک ئەو ناوچە داگیرکراوانە وەک ناوجەرگەی کوردستان ببینن. لەبەرامبەر ئەو داگیرکارییە بوەستن و خەباتی لەدژی بەهێز بکەن.

3. هێرشی ئاسمانیی تورکیا هەر لە زاخۆوە هەتا قەندیل بەردەوامە. ئەو هێرشانە زەرەروزیانێکی زۆری گیانیی و ماڵیی بە خەڵکی خۆجێیی ئەو ناوچانە گەیاندووە. زۆر گوند چۆڵ کراون و سوپای تورکیایان تێدا جێگیر کراوە. سەربازگەی هەمیشەییان تێدا دامەزراوە. ئەمەش بە واتای داگیرکردنێکی هەمیشەیی دێت. هەربۆیە پێویستە هەموو کوردستانیان لەدژی ئەو داگیرکارییە هەمیشەییە، چالاکەنە ناڕەزایی دەربڕن و بە کردەوە هەڵوێستی خۆیان پیشان بدەن.

4. هەبوونی بنکەو بارەگای گەریلاو پێشمەرگە لەو ناوچانە راستییەکی مێژوویی و رەوایە. لە هەموو سەردەمەکاندا ئازادیخوازان و تێکۆشەرانی دۆزی کوردستان لەو شوێنانەدا بنکەو بارەگایان هەبووە. چونکە ئەوە ولاتی خۆیانەو مافی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆیانە. پێویستە هەموو بزاڤە کوردستانییەکان پڕۆپاگاندەی نەیاران سەبارەت بەوەی کە لەو ناوچانەوە هێرش ئەکرێتە سەر ولاتەکەیان، بەهەستی نەتەوەیی و نیشتمانیی پووچەڵ بکەنەوە. هیچ گومانی تێدا نییە کە هەر پارچەیەکی داگیرکراوی کوردستان تایبەتمەندیی خۆی هەیەو پێویستە لەبەرچاو بگیرێت. بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە ئازادیخوازانی کوردستان نەتوانن لەنزیک ئەو سنوورانە بمێنن کە داگیرکەران دایانناوە. لەبەرئەوەش پێویستە بەیەکدەنگی هێرش و داگیرکاریی ریسواو شەرمەزار بکرێت و هێزی داگیرکار بەتەوای لەو ناچانە بکرێنە دەرەوە.

5. هەروەها لەگەڵ تێکۆشان دژی داگیرکاریی لە باشووری کوردستان، پێویستە هەمانکات داگیرکاریی تورکیا لە رۆژاوی کوردستان، لە عەفرین، عەزاز، باب و جەرابلوسیش ریسواو شەرمەزار بکرێت. داوابکرێت بەزووترین کات تورکیا لەو ناوچانەش بچێتە دەرەوە.
6. پیویستە هێرشەکانی ئێرانیش فەرامۆش نەکرێن. پێویستە بە هەمان شێوە هەڵوێست لە بەرامبەر هێرش و داگیرکاریی ئێرانی بگیرێتە بەر. پێویستە ئێران بێ هیچ مەرجێک هێرشەکانی بۆسەر ئەو هەرێمە رابگرێت. لە کاتێکدا ئێران لەژێر ئابڵوقەی نێودەولەتیدایە، بژاردەی هەرە باش بۆ ئێران ئەوەیە لەگەڵ هێزو لایەنە کوردستانییەکان بکەوێتە دیالۆگ و کێشەکان بە رێگای ئاشتیی چارەسەر بکات.
7. لەو بارەیەوە بە گرنگی ئەزانین سەرنجی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ سەر رووداوەکان رابکێشین کە دەوڵەتی تورکیا سنووری فەرمیی دەوڵەتی عێراقی بەزاندووە. یاساو رێسای دراوسێیەتی و نێودەڵەتیی شکاندووە و دەسەڵاتداریی عیراقی خستۆتە ژێر پرسیارەوە. تورکیا بەردەوامە لە هێرشەکانی و خاکێکی فراوانی ئەو دەوڵەتەی داگیر کردووە. پێویستە حکومەتی عێراق وەک مافێکی یاسایی خۆی هەموو سنوورە فەرمییەکانی خۆی و هاوولاتیانی بپارێزێت. لەدژی دوژمنایەتی و داگیرکاریی تورکیا هەڵوێستی جددی هەبێت.

8. بۆئەوەی هەرچی زووتر ئامادەکاریی پێویست دژی ئەو داگیرکارییانە بکرێت، کۆبوونەوە داوا لە کۆما جڤاکێن کوردستان – کەجەکە- پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هەموو هێزە کوردستانییەکان ئەکات، کۆبوونەوەو هەڵویستێکی هاوبەش لەو بارەیەوە پیشان بدەن.

9. کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان و هەموو ئەو پارت و رێکخراوو کەسایەتیانەی بەشداری ئەم کۆبوونەیەن، وەک هەموو جارێک داوا لە دنیای دیموکرات و دەولەت و دەزگا نێونەتەوەییەکان ئەکەن لە بەرامبەر داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لە کوردستان هەڵوێست بگرن. دەنگ هەڵبڕن و ناڕەزایەتی خۆیان پیشان بدەن.

کۆبوونەوەی هەلویستی نەتەوەیی دژی داگیرکاریی تورکیا لە کوردستان
27.07.2019 برۆکسل

Related posts