ڕاگەیەندراوی کەجەکە لەسەر کوشتنی سولەیمانی و دۆخی ناوچەکە

کەجەکە لەبارەی کوشتنی قاسم سولەیمانی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، شەڕی سێیەمی جیهانی کە ناوەندەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە زیاتر فراوان بووەو، مۆدێرنیتەی دیموکراتی تاکە ڕێگەی چارەسەریەیە، ڕاشیگەیاند: ئەمەی ڕوودەدات نیشانەی ئەوەیە، کە داهاتوو بۆ گەلانی ناوچەکە سەخت و دژوار دەبێت.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکە بەم شێوەیەیە:

لەم جۆگرافیایەی کە سیستمی دەولەتپارێز پێنج هەزار ساڵە دروست بووە، قەیڕانێکی قوڵ دەستیپێکردووە و بە دەستوەردانی هێزەکانی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست قەیرانەکە زیاتر قوڵدەبێتەوە. نە هێزە هەرێمی و نە هێزە نێودەوڵەتییەکان خاوەن نەخشەڕێگای چارەسەری کێشە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نین. خۆی ئەو هێزانە سەرچاوەی کێشەکانن ناتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن. کوشتنی یەکێک لە گرنگترین کارەکتەرە سەربازی و سیاسیەکانی ئێران قاسم سولەیمانی و فەرماندەی حەشدی شەعبی مەهدی موهەندیس لە بەغدا ئەم ڕاستیە جارێکیتر ڕادەخەنە بەرچاو. دوای ئەوەی دەسەڵاتی داعش کۆتاییهات، ئەو هێزانەی بەدوای سەروەری دەگەڕێن دەستیان بە شەڕی یەکتری کرد و ئەوەش جەنگی جیهانی سێیەمین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر و گەورەتر دەکات. ئەم ڕاستیە نیشانەی ئەوەیە چارەسەری بە تەنها لە ڕێگەی سیستمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک دەبێت، کە ڕێبەر ئاپۆ ئەو سیستمەی لە سەر بناغەی شرۆڤەکاری مێژوویی کۆمەڵگا داناوە.

کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نە بە نەتەوەپەرستی، نە بە مەزهەبچێتی، نە بە زایەندەپەرستی سیستمی سەروەری پیاو، نە بە سیاسەت و عەقلیەتی لیبڕال و بەرژەوەندیپەرستی مۆدێرنیتەی کاپیتاڵیزم کە بەهای کۆمەڵگا لەبەر یەکتری هەڵدەوەشێنێتەوە چارەسەر نابن، دیموکراسی کۆمەڵگا کە ئازادی و یەکسانی هەمەڕەنگی وەک بناغە وەردەگرێت، تاکە ڕێگەچارەیە. بناغەی کۆمەڵگا و مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جگە لە دۆخی کلتوری هیچ چارەسەریەکی تر قبوڵ ناکات. لەبەرئەوەش سەپاندن و دەستوەردانی هێزە دەسەڵاتپەرستەکان و مۆدێرنیتەی کاپیتالیزمی نێودەوڵەتی کێشەکان قوڵتر دەکەنەوە. بێگومان زیاتر تێکچوونی دۆخی سیاسی و قوڵبوونەوەی شەڕ جگە لە ئێش و ئازار هیچ شتێک بە گەلان نابەخشێت. کوشتنی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس نیشانەی ئەوەیە بۆ گەلانی ناوچەکە داهاتوو سەخت و دژوار دەبێت.

شەڕی نێوان هێزە هەرێمی و هێزەکانی مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی لە سکەی خۆی دەردەکات و دەکەوێتە ناو شەڕێکی قوڵ. خۆی هێرشی ئاسمانی ئەمریکا لە ئێستادا دۆخێکی بەم شێوەیەی دروست کردووە. لەبەرئەوەی چاوی مەزهەبپەرست و نەتەوەپەرستی کوێرە و لە ناو شەڕێکی بەم شێوەیەدا سەختی و ئاستەنگی زۆر لەبەردەم هێزە ئازادیخواز و دیموکراتەکان دروست دەکات. تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی گەلان لە دۆخێکی بەو شێوەیەدایە کە لە (پانکردنی گژوگیا لەژێر پێی کەسێک) دەچێت. لەبەرئەوە شەڕی هەرێمەکە لە شەڕی نێوان ئەو هێزانە زیاتر، لەدژی گەلانە.

تەڤگەری ئازادی گەلی کورد لەدژی دەستوەردانی دەرەوە و سیاسەتەکانی سەرکوتکردنی حەسرەتی ئازادی و دیموکراسی گەلانە. جگە لە دیموکراتبوونی کۆمەڵگا لە سەر هێڵی نەتەوەی دیموکراتیک کێشەکان چارەسەر نابن. ئێدی وەک سەدەکانی پێشوو بە بێ ئیرادەی گەلان، بە شەڕ یان ڕێککەوتن هێزە سەردەستەکان ناتوانرێت ئاشتی و ئارامی بخوڵقێنرێت. بۆچوونێکی پێچەوانەی بە واتای ئەوە دێت کە لەگەڵ ڕاستی ئەم سەردەمەی گەلان نییە. بەو هۆیەوە تا گەلان دەست بە خەبات نەکەن و هێزی چارەسەری خۆیان پیشان نەدەن، نابێت کەس چاوەڕێی کۆتاییهاتنی جەنگ بکات و ئاشتی و ئارامی دروست بێت. نە تەنها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەروەها لە هەموو جیهان لەدژی قوڕسکردنی باری گەل و کێشەکانیان پێویستە گەلان دەست بە جوڵە و خەبات بکەن. گەلان بە تێکۆشانی خۆیان لە هەموو جێگەیەکی جیهان ژیانێکی ئازاد و یەکسان لەسەر بناغەی دیموکراسی بەرجەستەدەکەن.

دەوڵەتی تورک هەوڵ دەدات سوود لە شەڕ و ئاڵۆزیەکان وەربگرێت

نەتەوەپەرستی و مەزهەبپەرستیش وەک دەستوەردانەکانی دەرەوە لەناو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبنە هۆی پارچەبوون و شەڕ. لەبەرئەوە بە ئەندازەی وەستانەوە لەدژی هێزە دەرەکییەکان، وەستانەوە لەدژی مەزهەبپەرستی و نەتەوەپەرستی بۆ جێگیربوونی ئاشتی و ئارامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە. لەبەرئەوەی شەڕ و ململانێ بە هۆی ئەو عەقلیەتەوە ڕوودەدەن و زەمینە بۆ دەستوەردانی دەرەوە دروست دەبێت و ئەوەش زیان بە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەیەنێت.

دەوڵەتی تورک چۆن تا ئێستا سوودی لە شەڕ و ململانێکان وەرگرتووە، هەوڵ دەدات سوود لە شەڕ و کوشتنەکانی ئەم دواییەش وەربگرێت و لە زەمینەیەکی بەم شێوەیەدا هێرش بکاتە سەر گەلی کورد و هێزە دیموکراتەکان. بانگەوازی دەوڵەتی تورک بۆ (خوێنساردی) و دژایەتیکردنی دەستوەردانی دەرەوە و کوشتنەکان، هەمووی هەڵخەڵەتاندنە و بۆ شاردنەوەی ڕاستیەکانە. بە پێچەوانەوە، بە دەستوەردانەکان و کوشتنەکان دڵخۆش دەبێت، لەبەرئەوەی هێرش، داگیرکەری و کوشتنەکانی ئەویش ئاسایی دەبن. دەیەوێت سوود لە شەڕ و ململانێکان وەربگرێت.

بۆ تێکدانی سیاسەتی هێزە دەرەکیەکان، پووچەڵکردنی سیاسەتی هێزە هەرێمیەکانی وەک تورکیا کە دەیانەوێت سوود لە شەڕ و ئاڵۆزییەکان وەربگرن، بەهێزکردنی تێکۆشانی دیموکراسی لە سەر بناغەی برایەتی گەلان کە پشت بە سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک دەبەستێت، گرنگە. بە تەنها وڵات و کۆمەڵگا دیموکراتەکان دەتوانن دەستوەردان و یاریەکانی هێزە دەرەکیەکان پووچەڵ بکەنەوە. بەم شێوەیە هەم لە هەموو وڵاتان یەک بە یەک، هەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی ئاشتی و ئارامی جێگیر دەبێت. ئەگەر بە سیاسەتی و عەقلیەتی دیموکراتی و برایەتی گەلان وڵامی جەنگی جیهانی سێیەمین لە عێراق و سوریا بدرێتەوە، کۆتایی بە کوشتن، شەڕ و دەستوەردانەکان دێت کە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قوڵتر دەکەنەوە. تاکە چارەسەری ئەمەیە.”

سەرچاوە: سایتی رۆژنیوز

Related posts