پژاک: خەڵک بوونەتە قوربانی سیاسەتەکانی ڕژێمی ئێران

پژاک: خەڵک بوونەتە قوربانی سیاسەتەکانی ڕژێمی ئێران

پژاک لە ڕاگەیاندراوێکدا هاوخەمی خۆی لەگەڵ قوربانیانی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە مەدەنییەکەی ئۆکرانیا ڕاگەیاندووە و دەشڵیت: خەڵک بوونەتە قوربانی سیاسەتەکانی ڕژێمی ئێرانن.

ئەمڕۆ مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، ڕاگەیەندراوێکی لەسەر ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئێران بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی پژاکدا هاتووە: بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی، گەلانی ئێران جگە لە نایەکسانی، نادادپەروەری، گەندەڵی سیستماتیک، ئاپارتایدی ڕەگەزی و پیاوسالاری شتێکی دیکەیان نەبینیوە، درێژبوونەوەی تەمەنیشی بە واتای ڕاستی مافیابوون و دیکتاتۆربوون و قەیران دروستکردنیەتی، جگە لە کات کوشتن و قەیران سازیی ستراتیژێکی دیکەی نییە و بەمەش سەرمایە مرۆیی و سروشتییەکانی ئێران بەفێڕۆ دەدات.

لە بەردەوامی هاتووە: لە پێشگرتنی سیاسەتی دژە مرۆڤانە و نیولیبرالیستی دەوڵەت لە بازنەکانی کۆمەڵایەتی و ئابوری، تەشەنەدان بە قەیرانەکان و دروستکردنی قەیران لە ناوچەکە لە ڕێگەی گروپە گرێدراوەکانییەوە، خەرجکردنی ملیارەها دۆلار لە سەرمایەکانی خەڵک بۆ ئامانجە دژە مرۆڤانەکانی لە ناوچەکە و جیهان، سەرکوت و کوشتاری هێزە کۆمەڵایەتی و گۆڕانخوازەکان لە ناوخۆی ئێران، نمونەیەکی بچوک و ئاشکرا لە نابەرپرسیارێتی و قەیران سازی دەسەڵاتە، لەم ڕۆژانەدا ڕووداوگەلێک دەبینین کە لێکەوتەکانی دەرد و ڕەنجی خەڵکی ئێران زیاتر دەکات، توندبوونەوەی گرژییەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا نمونەیەکی دیکەی قەیران سازییە ئەندازیاری کراو و سیستماتیکەکانە، بەو واتایە کە لە قازانجی خواست و داواکانی ئازادیخوازانەی گەلانی ئێران و ناوچەکە نییە و بۆ سڕکردن و پاشەکشێ بەو خواستانەیە.

لە بەشێکی دیکە هاتووە: ناڕوون بوون و بەڕێوبردنی هەڵەی ڕێبەران و کاربەدەستانی ئێران هەر ڕۆژ قوربانیی لێدەکەوێتەوە، لە دوایین نموەنەدا هێرشی مووشەکی دژی فڕۆکەیەکی گەشتیاری و کوشتاری ژمارەیەکی زۆر مرۆڤی بێ تاوان، نیشاندەری گەندەڵی و تێکڕووخان و نابەرپرسیارێتی لە هەموو بازنەکان بەتایبەت بازنەی سیاسیی و سەربازی ڕژێمە، درۆزنی و ناڕوونی لە وەڵامدانەوە لە بەرامبەر کارەساتێکی دەستکرتدی خودی ڕژێم، دڵی هەموو خەڵکی ئێرانی ئێشاند و ڕای گشتی جیهان خستە گومان، بازنەی نێوان قەیران و مانەوەی ڕژێم، کاتێک دەپچڕێت کە هەموو گەلانی ئێران یەکگرتووانە و هاوهەنگاو، دەسەڵاتی دیکتاتۆر و تۆتالیتەری ئێران ناچار بە گۆڕان یان خۆڕادەستکردن بکات.

هەروەها هاتووە: بۆیە گەلانی ئێران دەمێکە گەیشتوونەتە ئەم ڕاستییە کە ئامراز یان سەربازی پیادەی گوێرایەڵی کایەکان و شەڕانگێزی ڕژێمی دیکتاتۆری دەسەڵاتداری ئێرانن و بە ئاگاوە هاتنی خەڵک بووەتە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندان و مانگرتن لە پێناو گۆرانکاری دیموکراتی بنەڕەتی لە مانگ و ساڵەکانی ئەم دواییە، گەیشتن بەم بابەتە گرنگە و یەکانە ڕێگای ڕزگاری و ئازادی و بە دیموکارتی کردنی هەموو ئێران لە ڕێی ڕێکخستنی بەربڵاو، ئاگابوونەوە، یەکێتی، تێکۆشان و حیساب خواستنەوەی ئامانجدار لەدژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری تێدەپەڕێت.

لە کۆتاییشدا هاتووە: پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، لەگەڵ دەربڕینی خەمی خۆی، هاوخەمی خۆی لەگەڵ گەلانی ئێران و هەموو کەسوکاری قوربانیانی ئەم ڕووداوە تاڵ و گیان کێشە ڕادەگەینێت.

سەرچاوە: سایتی رۆژنیوز

Related posts