پەکەکە ڕێز لە حکومەتی هەرێم ناگرێت، یان پەدەکە!

پەکەکە ڕێز لە حکومەتی هەرێم ناگرێت، یان پەدەکە!

میدیاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەکەکە بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە بووەتە جێی مەترسی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و ڕێز لە حکومەتی هەرێم ناگرێت، لە کاتێکدا پەدەکە خۆی هیچ ڕێزێک لە حکومەتی هەرێم ناگرێت و گەورەترین مەترسییە بۆسەر ئەزمونی باشووری کوردستان.

زۆر جار دەبیستین پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەڵێت، پەکەکە ڕێز لە ئەزموون و حکومەتی هەرێمی کوردستان ناگرێت، ئایە ئەوە پەکەکەیە ڕێز لە ئەزمون و حکومەتی هەرێمی کوردستان ناگرێت یاخود خودی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) خۆیەتی؟.

لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا دەردەکەوێت پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە هیچ جۆرێک ڕێز لە ئەزمونی هەرێمی کوردستان ناگرێت و بە هەموو شێوەیەکیش سوکایەتی بەم ئەزمونە دەکات.

1- ڕێککەوتنی ٥٠ ساڵەی نەوت لەگەڵ دەوڵەتى تورک، کە تاکو ئێستا هیچ دەزگایەکی حکومی لێی ئاگادار نییە و تەنها ڕێککەوتنی نێوان پەدەکە و تورکیایە و ئەو رێککەوتنە بەبێ رێزگرتن لە دام و دەزگا شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە. لە رێگەى ئەو رێککەوتنەوە داهاتێکی زۆری خەڵکی کوردستان بە دەوڵەتی تورکیا دەدرێت.

2- پارتی بێ ڕێزیی بە پەرلەمان کرد و ڕێگری کرد لە سەرۆکی پەرلەمان لە ١٢/١٠/٢٠١٥ کە بچێتە شاری هەولێر و کۆبونەوەی پەرلەمان بکات و بۆ ماوەى ٢ ساڵ پەرلەمانی داخست، کە پەرلەمان گەورەترین دەزگای شەرعیی هەرێمی کوردستانە.

3 – درێژکردنەوەى ماوەى دەسەڵاتی مەسعود بارزانی لەسەر کورسیی سەرۆکایەتیی هەرێم بە شێوەی ناشەرعی و نایاسایی و ئامادە نەبوونی مەسعود بارزانی بۆ دەسهەڵگرتن لە کورسیی سەرۆکایەتیی هەرێم لە کاتی یاسایی خۆیدا. دوو جار بەدەر لە هەموو یاساکانی هەرێم کاری بۆ درێژکردنەوەى ماوەی دەسەڵاتەکەى بەسەر کورسیی سەرۆکایەتیی هەرێمەوە کرد و رێزی لە هیچ دام و دەزگا و یاسا شەرعییەکانی هەرێم نەگرت لە پێناو دەسەڵات و کورسیەکەیدا.

4 – پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەوەى رێگری لە نووسینی دەستوور بۆ هەرێمی کوردستان بکات و رێگری لە دیاریکردنی سنووری دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم بکات، بۆ ماوەى ٢ ساڵ پەرلەمانی داخست، کە گەورەترین دەزگای شەرعیی هەرێمی کوردستانە و تا ئێستاش رێگای نەداوە ئەو دوو پرۆژە یاسایە، کە شکۆ و دەسەڵاتی شەرعیی هەرێمی کوردستان دیاری دەکەن، تەواو بکرێن.

5 – پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی تاوەکو ئێستا ئامادە نەبووە بۆ دیاریکردنی شەرعیەت و شەفافیەتی داهاتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کار بە سندوقی نەوت و گازی هەرێم بکات و کەس نازانێت داهاتی هەموو خەڵکی باشووری کوردستان بۆ کوێ دەچێت و چۆن خەرج دەکرێت.

6 – پارتی دیموکراتی کوردستان کە زۆربەى دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانی بە دەستەوەیە و بە کوردی خۆی بە بکوژ و ببڕ دەزانێت، ماوەى چەندان ساڵە پرۆژە بودجەى هەرێمی کوردستانى نەبردووەتە پەرلەمان تاوەکو خەڵکی کوردستان بە شێوەى شەرعی و قانونی ئاگاداری پرۆژە بودجەى هەرێم بن، بەڵام ئەو حیزبە رێز لەو یاسا شەرعیەش ناگرێت و پرۆژە بودجە ناباتە پەرلەمان و دەستی بەسەر پارە و قوتی خەڵکی هەرێمدا گرتووە و پارە و داهاتی هەرێم بۆ خواستی و ویستی خۆی خەرج دەکات.

7- ڕاگەیاندنی بەیاننامە کە هیچ دام و دەزگایەکی حکومی لێی بە ئاگا نین و تەنها هەڵوێستی حزبی پەدەکەیە و بە ناوی حکومەتەوە دەری دەکات.

8- بەکارهێنانی هێزی پێشمەرگە بێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، نمونەی ناردنی هێز بۆ زینی وەرتێ، و ناردنی هێز بۆ چەمانکێ.

9- ئاسایش کە لایەنێکی حکومیە، بەڵام لە دەستی پارتی دیموکراتی کوردستانە و بە ئارەزوی خۆی مامەڵەی پێوە دەکات.

10- گرتنی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان بێ گەڕانەوە بۆ دادگا و لایەنی فەرمی، هەروەها زیندانیکردنیان و ئەشکەنجەکردنیان بێ ئەوەی ڕێز لە یاسا بگرن.

11- پەدەکە ڕێز لە یاسای عێراق ناگرێ و ڕێگری لە تەڤگەری ئازادی دەکات کە حزبێکی فەرمی عێراقیە، ناهێڵیت بارەگایان هەبێت و سەرجەم ئەندامەکانیشی دەستگیر دەکات.

12- بێ گەڕانەوە بۆ حکومەت ڕێککەوتن لەگەڵ عێراق دەکات لەسەر پرسە نیشتمانیەکان وەک لە شەنگال بینیمان.

13- پەدەکە بەیاننامە بڵاودەکاتەوە لەسەر ناوی ئاسایشی گشتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا ئەو دەزگایە سێ بەشی لە دەست یەنەکەیە.

14- پەدەکە سەرجەم بنەماڵەی حزبی بەعسی لە ئەستۆ گرتوە و لە شاری هەولێر لە باشترین شوێنەکان ژیان بەسەر دەبەن.

15- بە دەیان بنکە و بارەگای میتی تورکیا لە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی پەدەکە هەن لە کاتێکدا تورکیا هەر بە ناویش دان بە هەرێمی کوردستان دا نانێت و پێی دەڵێت باکوری عێڕاق.

16- لیسەندنەوەی متمانە لە پەرلەمانتار هاوشێوەی دەوڵەتی تورکیا وەک هەمومان بینیمان پەدەکە متمانەی لە پەرلەمانتار سۆران عومەر سەندەوە.

17- لێدان لە مامۆستایانی ناڕازی و خۆپیشاندەران کە هاتون بە شێوەیەکی مەدەنی داوای مافی خۆیان دەکەن لە شەقامەکان.

جگە لەو خاڵانەی کە باسمان لێوە کرد لە دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٠ تاکو ئێستا بە هەموو شێوەیەک پارتی دیموکراتی کوردستان هێرش دەکاتە سەر پارتی کرێکارانی کوردستان و هەمو ڕێگەیەکی گرتوەتەبەر لە پێناو خۆشکردنی شەڕی ناوخۆ لەگەڵ پەکەکە، هەر لە ناردنی هێز بۆسەر زینی وەرتێ و سیخوڕیکردن و ناردنی زانیاری بۆ دەوڵەتی تورکیا تا گەیشتە ئاستێک کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی لە هەموو قەیرانەکانی بەردا و ڕێککەوتن لەگەڵ عێڕاق بکات لە دژی پەکەکە. پارتی دیموکراتی کوردستان کە زۆربەی پۆستە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەتی و لە هەموشی شکستی هێناوە، قەیرانی ئابووری، قەیرانی کەرتی تەندروستی، پەروەردە، بەرهەمی ناوخۆ و سەرجەم کەرتەکانی دیکە.

لێرەدا و لە ناو ئەم هەموو قەیرانەدا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوی کردوەتە بەغدا و لە دژی پەکەکە ڕێکەتن دەکات، ئامادەیە لەگەڵ تورکیا ڕێبکەوێت و ئامادەیە هەمو قوربانیەک بدات لە پێناو لێدان لە پەکەکە، بەڵام ئامادە نییە بۆ هێورکردنەوەی دۆخی هەرێم و تیمارکردنی ئەو قەیرانانە هەنگاو بنێت. هەموو ئەو هەوڵانەشی بێسود بووە و لە ئێستادا خۆی هێزی بردووە و دەیەوێت بە یەکجاری دەسپێشخەری شەڕی براکوژی بکات. لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا کۆمەڵێک لە چەکدارەکانی خۆی ڕەوانەی ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی گەریلا کرد و دەیویست لەو ڕێگەیەوە سیناریۆیەک دروست بکات هاوشێوەی شانزە ئەکتۆبەر، کە تەواوی خیانەتەکەی لەسەر خۆی لادا و لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانیەوە خستێیە سەر یەنەکە، بەڵام لێرەدا ئەوەشی بۆ نەچۆیە سەر، چونکە تەواوی حزب و لایەنەکان و تەنانەت وەزارەتی پێشمەرگە و پەرلەمانیش ڕاستییەکانیان خستە ڕوو و چەواشەکارییەکانی پەدەکەیان ئاشکرا کرد.

لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی پەدەکە چی ڕودەدات؟

لە ئێستادا شاری هەولێر کە بە شارێک لە ژێر کۆنترۆڵی پەدەکە دەناسرێت بە دەیان بەڵگە هەیە کە سەرکردەکانی حزبی بەعس و نەوەکانیان لەو شارە لە باشترین شوێنەکان دەژین و دەخوێنن، بە دەیان خێزانی میتی تورکیا بە ئاشکرا لەو شارە نیشتەجێن و تەنانەت بنکە و بارەگای تایبەت بە خۆشیان هەیە. بە دەیان کەسایەتی کە لە عێڕاق سزادراون و پێویستە ڕادەست بکرێن بە ئاشکرا لە نێو شاری هەوڵیر دەژین و خۆشترین گوزەرانیان هەیە، ئەوەی کە ناتوانێت لەو ناوچانەی ژێر کۆنترۆڵی پارتی بژیت تەنها لایەنە دیموکراتی خوازەکانە کە لە هەر کوچەیەکی ئەو ناوچەیە دەنگ هەڵبڕن دەستگیر دەکرێن.

پارتی دیموکراتی کوردستان سەرەڕای ئەوەی لە مێژوودا بە لایەنێکی خیانەتکار ناسراوە، لە ئێستاشدا و بە ئاشکرا خیانەت دەکات و شانازیشی پێوە دەکات هەر لە ڕادەستکردنی شەنگال بە داعش و ڕادەستکردنی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان بە عێڕاق تا دەگاتە ئەوەی بە ملیۆنان دۆلار دەدزێت لە پارەی نەوتی هەرێم کە تاکو ئێستایش پەرلەمانەکەی نازانێت داهاتی نەوت چەندە و ئەو پارەیەشی کە دەدزرێت بە دەیان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. بەوانەشەوە ناوەستێ و پەلاماری پەکەکە دەدات و بەوە تۆمەتباری دەکات کە جێی مەترسییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

پەکەکە تاکو ئێستا چی بۆ هەرێمی کوردستان کردوە؟

پەکەکە لە سەرەتای دروستبوونییەوە تا دەگاتە هاتنیان بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و جێگیربونیان، هەمیشە لە هەوڵی پاراستنی هەرێمی کوردستان بوە و ئەو ئەزمونەی وەک دەسکەوتێک بۆ کوردان بەناو کردوە. پەکەکە سنوری باشوری کوردستانی هەمیشە پاراستوە و بە هەموو هێزیەوە نەیهێشتوە دەوڵەتانی داگیرکەر هێرش بکەن و ئەو ناوچانە داگیر بکەن. هەمیشە دەوڵەتی تورکیا لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە ئەو ناوچانە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و گروپە توندڕەوەکان لەوێ بەجێ بکات، بەڵام ئەوەی تاکو ئێستا ئەو هەوڵانەی پوچەڵ کردوەتەوە لەو سنورە تەنها و تەنها پەکەکەیە.

گەریلا تێکۆشان بۆ باشوری کوردستانیش دەکات

لە چوارچێوەی شەڕی داعشدا لە کاتێکدا پەکەکە سەرقاڵی شەڕی باکور بوو و بەشێکی زۆری هێزەکەی لە باکور بوو و بەشەکەی دیکەشی لە ڕۆژئاوا بوو، لە کاتێکدا مەترسی هاتە سەر باشوری کوردستان و حکومەتی هەرێم نەیتوانی سنورەکانی لە داعش بپارێزێت، تەنانەت پارتی دیموکراتی کوردستان بێ تەقاندنی فیشەکێک بە هەزاران هاوڵاتی شەنگالی تەسلیمی داعش کرد و هێزەکانی کشاندەوە. لێرەدا پەکەکە خۆی بە بەرپرسیار بینی و هێزی ڕەوانەی شەنگال کرد، تەواوی شەنگالی لە چەتەکانی داعش پاک کردەوە و توانی سەرجەم دیلەکانی ژێر دەستی داعش ئازاد بکات. لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان هانایان بۆ پەکەکە برد و داوایان کرد پەکەکە هاوکاریان بکات و شانبەشانی ئەوان هەرێمی کوردستان بپارێزن، پەکەکە بێ دوو دڵی هێزی لە باکوری کوردستان کشاندەوە و ڕەوانەی باشوری کوردستانی کرد، لە سەرجەم جەبهەکانی شەڕدا ئامادەبون و سەرکەوتنی گەورەیان لە باشوری کوردستان تۆمارکرد.

کاتێک داعش هێرشی هەولێری کرد و دەیانویست بە تەواوی هەولێر داگیر بکەن، پەکەکە هێزی ڕەوانەی سنورەکانی هەولێر کرد و بە بەرخۆدانیەکی بێ هاوتا بەرپەچی ئەو هێرشەیان دایەوە، لێرەدا مەسعود بارزانی خۆی بۆ دەستخۆشی لە گەریلاکانی پەکەکە چوو بۆ سەردانیان و دەستخۆشی لێیان کرد و سوپاسگوزار بوو کە نەیانهێشت هەولێر لە لایەن داعشەوە داگیر بکرێت. پەکەکە لە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکانی هەرێمی کوردستان بەشدار بوە و تەنانەت بۆ مێژوو خۆی سەلماندوە کە هەموو هەوڵێکی داوە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی و هێزەکان و لایەنەکان ڕێک بخاتەوە و بە یەک دەنگ ڕوبەڕوی دوژمن ببنەوە، بەڵام ئەوەی کە تاکو ئێستا ڕازی نییە تەنها و تەنها پارتی دیموکراتی کوردستانە، نەک تەنها ڕازی نییە، بەڵکو هەمو هەوڵێکشی داوە بۆ لەناوبردنی ئەو یەکێتیی نەتەوەییە.

ئەوەی کە پیویستە لە کۆتاییا بوترێت ئایە پەکەکە لە باشوری کوردستان تێکدەرە کە وەک پەدەکە باسی لێوە دەکات؟ ڕێز لە حکومەتی هەرێم ناگرێت؟ یاخود ئەوە پارتی دیموکراتی کوردستانە کە ڕێز لە حکومەتی هەرێم ناگرێت و لە گەرمکردنی شەڕی براکوژی ناکەوێت. وەڵامی ئەو پرسیارەش هەموو تاکێکی باشوری کوردستان دەیزانێت و شایەتی ئەوە دەدات کە پەکەکە لە مێژووە تا ڕۆژی ئەمڕۆ هەرێمی باشوری کوردستانی پاراستوە و ڕێزی لە حکومەتەکەی گرتوە.

ژ.ت
سەرچاوە: فیرات نیوز

Related posts