دوورگەی لەسێدارەدان

ئامەد شاهۆ

دوورگەی لەسێدارەدان

سیاسەتی لەسێدارەدان بریتییە لە؛ قورسترین، سەختترین و دڕندانەترین جۆرێکی سزا و تەمێ کردنی تاکی بە تاوانبار ناسراو، لەلایەن کاربەدەستانی رژێمە کە بە رێگای یاساو و رێساوە رەوا کراوە. پێشێلکاری سەرەکی ترین مافی مرۆڤ واتا مافی ژیانە. شێوەیەکی ئەشکەنجەی رۆحی – رەوانی تاک و کۆمەڵگایە کە لەپێناو لاوازکردن و داڕماندنی پەیڕەو دەکرێت. هاوکات ئامێری تۆقاندن، بە چۆک دان، تەسفیەکردن، تەسلیم وەرگرتن و قڕکردنی کۆمەڵگایە. دژە ئازادی، دیمۆکراسی، دادپەروەری و پێکەوە ژیانی گەلانە. رووی حەقیقەتی دەوڵەت و دەسەڵات لەبەرامبەر کۆمەڵگایە. دەمامکی شاراوەی رژێمە کە کردەوە چەپەڵەکانی پێ پەردەپۆش دەکات. مەکینەی هاڕینی شکۆ و پێشێل کردنی هەستی مرۆییە.

لەمێژووی یاسای سزادان، لەسێدارەدان؛ قورسترین، بێ رەحمانەترین و ترسناکترین سزای مرۆیی لەقەڵەم دەدرێت کە لە کۆنەوە تا بە ئەمڕۆ، دەسەڵاتداران لەسەر گەلان و هاوڵاتیانی ناڕازی و ئازادیخواز کە دژ بە یاسای نابەرابەری دەوڵەت وەستاونەتەوە، جێ بە جێ کراوە. لەئێران بە پێ یاسای بنەڕەتی رژێم بە بڕیاری دادگای – گشتی، جەنایی، سەربازی و … هتد بەو سزا نامرۆڤانەیە ژیان لەمرۆڤەکان زەوت دەکەن و ترس و تۆقاندن لەناو گەل و کۆمەڵگا درووست دەکەن.

سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان لەئێران کردەوەیەکی یاساییە. رژێم بە پێ یاسا و لەژێر ناوی بە پشت بەستن بە ئایاتی قورئان، جێ بە جێ کردنی حوکمی خودا، لەلایەن دەسەڵاتداران و لایەنگرانی سزای لەسێدارە، وەک بیانوو ئەو سزا نامرۆڤانەیە، دژ بە هاوڵاتیان درێژە پێ دەدەن. رژێم بە پێ یاسا و شەریعە، بە ناو بۆ ئەم تاوانانەی خوارەوە بڕیاری لەسێدارەدانی بڕاندوەتەوە کە بریتین لە؛ تاوانی سیاسی، کوشتنی ئەنقەست (قصاص)، لەسێدارەدانی حەد، لەسێدارەدانی لۆمە کردن (تعزیر)، تاوانی رەگەزی، ئازاری جنسی منداڵان، نێربازی، قاچاخی ماددەی هۆشبەر، رفاندنی مرۆڤ، لادان لەدین و تێکدانی ئاسایشی وڵات، محاربە (شەڕ کردن لەدژی خودا) و گەندەڵی سەر زەوی کە سەرجەمیان لەلایەن مۆرە و دەستەو تاقمەکانی خودی رژێمەوە ئەنجام دەدرێن. ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەو یاسایە لەنۆبەی دەسەڵاتداران و بەرپرسان لەکار دەکەوێت و تەنیا بە پێ قازانجی رژێمە دەسەڵاتدارەکان دەسووڕێت. ئەو تاوانە دژە مرۆییە لەژێر پەردەی ئاینی ئیسلام بۆ لاوازکردنی تاک و کۆمەڵگا ئەنجام دەدرێت و لەبەر هۆکاری شەرعی، زۆربەی لەسێدارەکان بە دەست جەلادەکانی رژێم لەنێوان بانگی بەرەبەیان و دەرکەوتنی خۆر ئەنجام دەدرێت و ژمارەیەکیش لەبەر چاو رای گشتی لەکات و ساتی جیا بە شێوەی ئاشکراو و شاراوە بەڕێوە دەبرێت.

لەمێژووی دەوڵەت و دەسەڵات، جۆرەکانی سێدارە تا بە ئەمڕۆ بەشێوەی لەداردان، رەمی کردن، سووتانی ناو ئاگر، زیندە بە چاڵ کردن، سەر بڕین یان سەرپەڕاندن، بەردباران، ژووری غاز، دەرمانخواردکردن یان دەرزی لێدانی ژەهراوی، پێست کەندنەوە، خنکاندن بە ئاو، تاساندن، کورسی کارەبایی، جیلۆتین و هەڵواسین تا مردن بەڕێوە براوە و دەبرێت. ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ لەئێران جۆرەکانی لەسێدارەدان زۆر بە شێوەی نامرۆڤانە لەسەر مرۆڤەکان پەیڕەو دەکرێت کە هاوشێوەی لەکردەوە دڕندانەکانی داعش ترسناکتر و چەپەڵترە.

سزای سێدارەدان بە گشتی لە ٩٤ وڵاتی جیهان بە یاسایی کراوە و بە پێ ئامارەکان لەسەدا ٩٠ی لەسێدارەکانی جیهان لە شەش وڵاتی؛ چین، ئێران، پاکستان، سوودان، عەرەبستان و ئەمریکا ئەنجام دەدرێت. وڵاتانی چین و ئێران لەئاستی جیهاندا بەرزترین ئاماری لەسێدارەدانیان تۆمار کردووەو ئەوەش زۆرترین زیان و گورزە کە لەئاشتی و دیمۆکراسی دراوە. تایبەت ئێران لەجێ بە جێ کردنی سزای لەسێدارەدان لەئاستی جیهان پێشڕەو و رێکۆردارە. هاوکات لەسێدارەدانی منداڵانی ژێر تەمەن ١٨ ساڵ لەریزی پێشەوەی جیهانە. تەنانەت راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان باس لەوە دەکەن کە دەسەڵاتی رژێمی داگیرکەری ئێران ساڵانە نزیکەی ١٠٠ منداڵی ژێر تەمەن ١٨ ساڵانی بە تۆمەتی نابەجێ لەسێدارە داوە، فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ ئاماری لەسێدارەدانی مێرمنداڵانی تەمەنی ژێر ١٨ ساڵانی لەساڵی ٢٠١٩، بۆ ٩٠ کەس راگەیاندووە. ئەوەش کردەوەیەکی وەحشتناک و ترسناکی رژێم لەپێناو پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لەئێران دەخاتەڕوو.

هاوتەریبی ئەوەش رژێمی داگیرکەری ئیران سەرکەوتنی شایانی لەسێدارەدانی ژنان لەئاستی جیهان تۆمار کردووە. بە پێ ئامارە نافەرمی و میدیاییەکان لەماوەی سەرۆک کۆماری ٧ ساڵەی حەسەن رۆحانی نزیکەی ٥ هەزار کەس لەسێدارە دراون کە زیاتر لە ١١٠ ژن و نزیکە ٧٠٠ کەس لە قوربانیەکان مێرمنداڵ بوون. هۆکارەکانی لەسێدارەدانی ژنان لەئێران بە زۆری دەگەڕێتەوە بۆ زهنیەتی دەسەڵاتداری پیاو و رژێمی دژە ژنی ئێران، هاوکات بەرفراوانی توندوتیژی ناو ماڵ، بابەتی نامووس، بێ بەش کردنی ژنان لە مافی جیابوونەوە، هەژاری، زەواجی زۆرەملێ و منداڵ هاوسەری. رژێم سەرجەم زۆڵم و زۆری و تاوانەکانی لەدژی ژن لەژێر پەردەی ئاینی ئیسلام و داب و نەریتی کۆنەپارێز و یاسای بنەڕەتی رژێم رەوایەت پێ دەدات. زهنیەتی حاکم لەئێران، زهنیەتێکی دژە ژنە و بە سەرکوت و چەوسانەوەی ژن هەژمۆنی خۆی بە سەر کۆمەڵگا دەسەپێنێت.

رژێمی ولایەتی مۆتلەقەی فەقی بەو کردەوە هۆڤانەی مافی کوشتنی هاوڵاتیان بۆ خۆی پارێزراو دەبینێ و چارەنووسی بەندەکانی بە رەحم و بەزەیی خوێنمژەکانی ئێران بەستوەتەوە، رژێم بەو جۆرە سزایە تەنانەت دیار دەکات کە مرۆڤەکان لە چ رۆژێک، چ کاتژمێرێک و لەچ جێگاو بە چ رێبازێک دوایی بە ژیانیان دەهێنرێت. دەسەڵاتدارانی رژێم کە خۆیان بە نوێنەری خودا لەسەر زەوی لەقەڵەم دەدەن، بۆ کۆتایی هێنان بە ژیانی تاوانباران و مەحکوومین بە پەتی سێدارە خۆیان کردوەتە قافیسی گیان کێشانی مرۆڤەکان.

رژێمی داگیرکەری ئێران وەک لۆیاتانێکی هاوچەرخ لەبواری پرەنسیبی دادگایی کردنەکان، لەسێدارەدانی ژنان، مێرمنداڵان و لەسێدارەدان لەبەر چاو رای گشتی پێشڕەوە. ئەوەش نامۆیی و دووربوونی رژێم لەچاند و نرخی دیمۆکراسی لەناوچەکە و جیهان دەخاتەڕوو. بەڵگەی سەلمێنەری ئەوەیە کە رژێم چەندێک گرنگی بە مافی مرۆڤ لەوڵات دەدات و بۆ سەپاندنی هەژمۆنی خۆی بە سەر کۆمەڵگا بە شێوەیەکی دڕندانە کولتووری دیمۆکراسی لەجۆگرافیای پڕ پیت و بەرەکەتی ئێران نەزۆک دەکات. رژێم بە پەتی سێدارە دەیەوێت شووناسی پێکهاتە ئەتنیکی، مەزهەبی و باوەڕیەکانی ناو ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان پاکتاو و بێ ئیرادە بکات.

سەرەڕای تێکۆشانی بێ وچانی دام و دەزگا مەدەنی و ئازادیخوازەکانی ناو کۆمەڵگا لەپێناو بن بڕ کردن و هەڵگرتنی تاوانی دژە مرۆیی سزای لەسێدارەدان، رژێمی داگیرکەری ئێران بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی جیهان، سوورە لەسەر درێژەپێدانی سزای لەسێدارەدان. ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە ١٨ی دسامبەری ٢٠٠٧ی زاینی ئەنجومەنی گشتی سازمانی ملل، بڕیارنامەی نەهێشتنی سزای لەسێدارەدان لەجیهاندا بە ١٤٤ دەنگی هاوڕا و ٥٤ دەنگی دژبەر و ٢٩ دەنگی بێلایەن پەسەند کرد. بەڵام ئێران و ئەمریکا لەگەڵ پەسەند کردنی ئەو بڕیارنامە نەبوون و دەنگی دژبەریان بە کارهێناوە. واتا ئەو دوو وڵاتە لەبنەڕەتدا دژبەری پەرەپێدانی دیمۆکراسی و ئازادی لەجیهان و ناوچەکەدان. چۆن وڵاتێک کە لەگەڵ بەردەوامی سزای لەسێدارە لەناو کۆمەڵگا بێت، دەوڵەتێکە کە پشت بە دەسەڵاتی سەربازی دەبەستێ و هەمیشە لەهەوڵی سەرکوت و چەوسانەوەی کۆمەڵگایە و بۆ سەرخستنی ئەو پلانەش هەر رێ و رێبازێک تاقی دەکاتەوە. پێداگری رژێمیش لەسەر سیاسەتی لەسێدارەدان وای کردووە کە ئێران ببێتە دوورگەی لەسێدارەدانی جیهان.

چەپەڵترین رێگەیەک کە رژێم لەبەرامبەر گیراوان بۆ سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بە سەریان پەنای بۆ هێناوە، درووست کردنی دۆسیەی ساختە، بۆختان هەڵبەستن و دانپێدانانی بە زۆرەملێیە. رژێم بە زۆری لەژێر ناوی تاوانی فساد فی الارض و محاربە حوکم دراوەکان لەسێدارە دەدات. بەو بەرچەسپانە زمانی زگماکی لەجۆگرافیای هاوبەشی گەلان قەدەخە دەکا، سیاسەتی دیمۆکراتیکی گۆشەگیر و نەزۆک کردووە. ناسنامەکان سەرکوت و چەوسێندراونەتەوە. واتا ئەو کەسانەی کە ئاڵاهەڵگری شووناسی نەتەوەیی، ئەتنیکی، مەزهەبی و باوەڕمەندی جیا لەهەژمۆنی دەسەڵات ببن و لەپێناو دەستەبەر کردنی ئیرادەی ئازاد و مافی رەوا و خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیکی خۆیان تێبکۆشن، لەلایەن کاربەدەستانی رژێم هەرس ناکرێ و بە تۆمەتی دژە خودا و گەندەڵی سەر زەوی لەسێدارە دەدرێن. لەکاتێکدا ئەو رژێمەی کە لەسەر دەسەڵاتە و خۆی بە نوێنەری خودا لەسەر زەوی لەقەڵەم داوە، گەندەڵترین دەوڵەتی سەر گۆی زەوییە و سەرجەم کردوەکانی دژە خودا و ئاینی ئیسلامە. لەبەر ئەوەی رژێم لەبابەتی سزای لەسێدارەدان لەریزبەندی دووهەمی جیهاندایە، ئەو واتا دەگەیەنێت کە ئێران لەریزی دووهەمین وڵاتی جیهانە کە دژ بە دیمۆکراسی و ئازادییەو ئەوەش مەرگەسات و کارەساتی وەحشتناکی لەئێران خوڵقاندووە. چەندێک رێژەی لەسێدارەدان لەهەڵکشاندا بێ، ئەوەندە هێرش بۆ سەر دیمۆکراسی و ئازادی بەرین تر دەبێ و وڵات بەرەو فاشیزم، تاکڕەوی و ناوەندگەرایی خلۆڕ دەبێ و دەستەواژەی دیمۆکراسی و پێکەوە ژیانی گەلان کرچ و کاڵ دەبێ. واتا دیمۆکراسی رۆحێکە لەجەستەی کۆمەڵگادایە. دیمۆکراسی چالاک بوونی گەل و کۆمەڵگایە. چالاکی زمانی دیمۆکراسییە. کردەوەکانی رژێم دەیسەلمێنێت کە رژێم چالاک بوونی کۆمەڵگا هەزم ناکات و دیمۆکراسی لەجەستەی کۆمەڵگا دادەماڵێت و کۆمەڵگای بێ رۆح و هەست دادەمەزرێنێت. لە بەر ئەوەی ئێران پێویستی هەنووکەیی بە گۆڕینی دەستووری بنەڕەتی و هەنگاو بۆ دیمۆکراتیزەکردن هەیە، واتا ئەوەش تاکە بژاردەیەکە کە ئاشتی و ئارامی لەناوخۆی ئێران سەقامگیر دەکات و لەئەگەری پێداگری رژێم لەگەڵ سیاسەتی سێدارە و سەرکوت و چەوسانەوەی گەلان، رژێم بەرەو لێواری مەرگ شۆڕ دەبێتەوە.

لەسێدارەدان وەک کارتی گوشاری رژێم لەدژی گەل و کۆمەڵگا بە کار دەبرێت. رژێم چ کات و ساتێک دەیەوێت پانتایی داگیرکردنی کۆمەڵگا بەرین تر بکات و ترس و تۆقاندن لەناو کۆمەڵگا بڵاو بکا و شەپۆلی ناڕازی شەقام و هێڵی خۆڕاگری تێکبشکێنێت، مەکینەی لەسێدارەدان وەگەڕ دەخات. رژێم لەبەر ئەوەی ترسی لەدیمۆکراسی و دادپەروەری هەیە، پەرە بە سیاسەتی لەسێدارەدان دەدات. بە سیاسەتی لەسێدارە ناسنامەی کورد، عەرەب، ئازەری، بەلووچی، گیلەکی و … هتد سەرکوت و دەتوێنێتەوە. بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەوەش دوابەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران شەپۆلی لەسێدارەدان و سەرکوتی لایەنگرانی دیمۆکراسی و دادپەروەری لەچوار گۆشەی ئێران بەربڵاو بوویەوە. لەرۆژهەڵاتی کوردستان لەبەر ئەوەی گەلی کورد چۆکیان لەبەرامبەر رژێمی داگیرکەری ئێران کە حاشای لەراستیەکانی کۆمەڵگاکانی ئێران دەکرد، دانەنا و دژ بە زۆڵم و زۆرداری ئاڵای تێکۆشانیان بەرز کردەوە، مەکینەی لەسێدارەدان لەدژیان وەگەڕ خرا. بۆیە پەیامی سەرەتای رژێم لەبەرامبەر پێکهاتەکانی ئێران، گرتن، لێدان و لەسێدارەدان بووە. تایبەت بە ئیعلان کردنی جیهاد لەدژی کورد و شەڕ لەدژی کوفر لەکوردستان چەمرانەکان و خەڵخاڵیەکان لەماوەی مانگێکدا زیاتر لە ١٠٠ کەسیان لەسێدارە دا و لەدرێژەی ئەو نەریتەشدا لەلایەن رژێمەوە ساڵانە زیاتر لە ٤٠٠ کەس لەسێدارە دەدرێت کە بە درێژایی تەمەنی ٤٠ ساڵەی رژێم زیاتر لە ١٦ هەزار کەس لەسێدارە دراون. مەکینەی پەتی سێدارە ئەمڕۆ لەلایەن ئیبراهیم رئیسی، قالیباف، رۆحانی، سادق حوسەینی و … هتد بە دەستووری خامنەیی دژ بە هاوڵاتیان دەسووڕێت.

پەرەپێدانی سیاسەتی توندوتیژی رژێم لەبەرامبەر کۆمەڵگا، لەبنەڕەتدا هێرش بۆ سەر نرخی دیمۆکراسی و ئازادی کۆمەڵگایە. دەستەو تاقمێک کە بە زەبری چەک و فێڵ و تەڵەکە دێنە سەر کورسی دەسەڵات، تەک تیپ کردنی کۆمەڵگا بە بنەما دەگرن. پێداگری رژێم لەسەر ئەوەی کە ئێران وڵاتێکی موسڵمانە و پابەندی ئاینی ئیسلام و مەزهەبی شیعەیە، لەگەوهەردا سڕینەوەی سەرجەم رەنگ و دەنگەکانی ناوخۆی ئێرانە. رژێم چەندێک بەرەو ناوەندگەرایی خلۆر دەبێ، چەکەرەی ئاشتی و دیمۆکراسی لەبار دەبات. ئەوەش نائارامی و سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لێدەکەوێتەوە. رژێم هەر چەند دەیەوێت بە لەسێدارەدان کۆمەڵگا کۆنتڕۆڵ و تەسلیم وەربگرێت، بە پێچەوانەوە ئەوەندە شەپۆلی ناڕەزایەتی جەماوەری و کاردانەوەی دیمۆکراتیکی گەل تەشەنە دەستێنێ.

تەنانەت بۆ راگرتنی ئەو سزا دڕندەیە لەئاستی جیهان ١٠ی ئۆکتۆبەر (١٩ی رەزبەر) بە رۆژی جیهانی بەڕەنگاربوونەوە لەدژی سزای لە سێدارە پێناسە کراوە. بە پێ ئەوە تا ئێستا سێ لەچواری وڵاتانی جیهان سزای لەسێدارەدانیان هەڵوەشاندووە. واتا١٣٠ی وڵاتی جیهان ئەو سزا نامرۆڤانەیان هەڵوەشاندوەتەوە.

پەژاک و کۆدار بۆ هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتی لەسێدارەدان لەرێکەوتی ١٧\٠٩\٢٠٢٠، هەڵمەتی “بەڵێ بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ سێدارە” یان بۆ رای گشتی راگەیاند. ئەو هەڵمەتەش لەدژی کۆیلەتی، شەڕ، بێکاری، برسێتی، گرانی، گەندەڵی و داڕمانی کۆمەڵایەتییە و بانگەوازی لەسەرجەم تاک و گەلانی ئێران دەکات کە لەدژی داگیرکاری، گۆشەگیری و فاشیزم گوڕ بە تێکۆشان بدەن، چون ئەم قۆناخە هەستیارە بۆ گەلانی ئازادیخواز بە تایبەت گەلی کورد، کات کاتی دیمۆکراسی و ئازادییە. لەبەر ئەوەی نابێ لەوە زیاتر کات بە فێڕۆ بدەن، چۆن گەلانی ئێران زیاتر لە هەر گەلێکی تر پێوێستییان بە ئازادی و دیمۆکراسی هەیە. بۆ هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارە پێویستی بە یەکگرتن، یەکڕیزی و یەکگوتاری نێوان هێزە ئازادیخواز و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا هەیە. یەکێتی و یەکگرتنی سەرجەم گەلانی چەوساوە و مافخواز لەئێران و کوردستان دەتوانێت پاشەکشێ لەسیاسەتی لەسێدارە، سەرکوت و داگیرکاری لەکوردستان بهێنێت.

پەژاک لەسەرەتای دامەزاندنیەوە تا بە ئەمڕۆ دژ بە سیاسەتی لاوازکردنی کۆمەڵگا و بە تایبەت سزای نامرۆڤانەی لەسێدارە بە شێوەیەکی رادیکاڵ لەئاستی ناوخۆی ئێران و هەندەران تێکۆشاوەو هەم لەزیندانەکانی رژێمی داگیرکەری ئێران بە دەستپێشخەری، حەسەن حیکمەت دەمیر، حەبیبوڵڵا گولپەری پوور، رەزا مامەندی، حسێن خزری، فرزاد کەمانگر، شیرین علم هولی، ئیحسان فەتاحیان و بە دەیان کادیر و ئەندام و لایەنگری تری پەژاک لەدژی سزای لەسێدارە وەستاون و بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە گیان و ژیانیان بەخت کردووە و بە بەرخۆدان و تێکۆشانیان داری ئازادی و دیمۆکراسی یان لەجۆگرافیای هاوبەشی گەلانی ئێران گەشاندوەتەوەو ئەو تێکۆشان بە تۆخی درێژەی هەیە.

هۆشیاری و تێکۆشانی گەلان دژ بە سزای سێدارە لەسەرتاسەری ئێران هیوابەخشە و تایبەت سەرجەم ئەو کۆڕ، کۆبوونەوە، خۆپیشاندانی جەماوەری، مانگرتنەکانی گیراوان و هەڵمەتی تویتەری لەژێر ناوی “ئیعدام مەکەن” لەئاستی جیهان دژ بە رژێمی ئێران بەڕێوە براون و دەبرێن، گرنگ و بە نرخن. هاوکات لەدرێژەی تێکۆشان لەدژی سێدارە هەڵمەتی؛ “بەڵێ بۆ دیمۆکراسی، نا بۆ سێدارەدان” هەنگاوێکی تری مێژوویی گەلانی ئازادیخواز دژ بە زۆڵم و زۆرداری و چەوسانەوەیە و ئەو هەڵمەتە دوا بزمار دەبێ کە لەدارە مەیتی (تابوت) رژێمی سێدارەی ئێران دەدرێت و بە تێکۆشانی هاوبەش و دیمۆکراتیکی گەلان، خۆری ئازادی لەئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان سەرهەڵدەدات.

Related posts