گرێبەستی لێکتێگەیشتنی دەوڵەتانی سوید و فینلاند لەگەڵ تورکیا، جێگای شەرمەزاریە

هێرش و داگیرکاری دەوڵەتی ڕوسیە بۆ سەر وڵاتی ئۆکرانیا کاریگەری قوڵی لەسەر هاوکێشە سیاسییەکان لە جیهان دا دروست کردووە. کاریگەریەکانی ئەم شەرە، گۆرانکاری بنەڕەتی لە بواری ئاسایش، سیاسی، ئابووری و سەربازی هێناوەتەوە ئاراوە. سەرەڕای ئەوەی کە هێرشی داگیرکاری لەهەرچەشنێک شەرمەزار و مەحکوومە، بەڵام بێ گومان بۆ ڕای گشتی جیهان ئاشکرایە کە ئەم شەڕە ململانێی پەرەپێدانی هێژمۆنی دوو جەمسەری جیهانی روسیە و ئامریکایە لە بەرامبەر یەکتر و هیچ پەیوەندی بە مافی خەڵکەوە نییە. لەم پەیوەندیەدا دوای داخوازی دوو دەوڵەتی سوید و فیلاند بۆ بوون بە ئەندام لە پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، دەوڵەتی داگیرکەر و فاشیستی تورکیا بۆ ئەوەی داخوازی ئەندامێتی ئەم دوو دەوڵەتە ئەرێ بكات، کۆمەڵێک داخوازی نادیموکراتیکی دژ بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردی وەک مەرج دەستنیشان کرد.بۆ ئەم مەبەستە لەئەنجامی کوبۆنەوەیەکی سێ قۆلی دەوڵەتانی سوید و فینلاند و دەوڵەتی داگیرکەر و فاشیستی تورکیا لەژێر چاودێری سەرۆکی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە مەدرید، هەر سێ دەوڵەت گرێبەستێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد. لەم گرێبەستەدا دەوڵەتانی سوید و فینلاند لە پێناو ئەرێ کردنی داخوازی ئەندامبوونیان لە پەیمانی ناتۆ لە لایەن تورکیاوە، پابەندبوون بە جێبەجێکردنی هەشت خاڵ دژ بە بزووتنەوە و بەرژەوەندی باڵای گەلی کورد لە باکوور (پارتی کرێکارانی کوردستان) و ڕۆژئاوا (یەپەگە و یەپەژە) لە بەرژەوەندی تورکیا. سەرەرایی ئەوەی کە هەر دەوڵەتێک مافی خۆیەتی بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی وڵات و هاوڵاتیانی خۆی ڕێکەوتنی پێویست لەهەربوارێکدا ئەنجام بدات، بەڵام ناکرێت بۆ قازانج و دابینکردنی بەرژەوەندی دەوڵەت و هاوڵاتیانی خۆت، گەلێک و بزووتنەوەکەی تر وەک گەلی کورد کە زیاتر لە سەد ساڵە بۆ ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری تێکۆشان دەکات، بکرێتە قوربانی، ئەم شێوازە لە دیپلۆماسی، بێبەریە لە پرەنسیپ و ئەخلاق، هەروەها پرۆسەی دیموکراتی ئەم وڵاتانە دەباتە ژێر پرسیارەوە و دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش لە مێژووی ئەم وڵاتانە. لێرەدا ئێمە وەک مەجلیسی پژاک لە ئورووپا وابیردەکەینەوە کە دەوڵەتانی فینلاند سوید لە پێناو وەرگرتنی مافی ئەندامبوون لە پەیمانی ناتۆ، دیسان هەڵەیەکی سیاسیان کرد. بەتایبەت ئەم هەڵە بۆ سوید هاوشێوەی بەهەڵەداچوونی دۆسیەی ئۆلۆف پالمەیە. دۆسیەیەک کە کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردیان ساڵها پێ تۆمەتبار و تیرۆریزە کرد، بەڵام دواتر زەمەن حەقیقەتی دەرخست و نیشانی دا کە کورد بێتاوانە لەم دۆسیەدا و ئەمە پیلانگێڕی ئیستخباراتی میتی تورکیا و کورتهێنانی تێڕوانینی دەوڵەتی سوید بوو دژبە گەلی کورد.لێرەدا جێگای سەرەنجە چۆن دەکرێت دوو دەوڵەتی سوید و فینلاند کە خاوەن سیستەمی دیموکراتیکی کۆمەڵایەتی و ئەزمونی دیموکراسین، لە وڵاتەکەیاندا بە هەمان ڕوانگە کە دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورکیا دەروانێت بە پارتی کرێکارانی کوردستان، ئەوانیش بە هەمان شێوە لەم پارتە بڕوانن! لە کاتێکدا کە پرسی بە تیرۆریست ناساندنی پارتی کرێکارانی کوردستان، تەنها بڕیارێکی سیاسیە، نەک یاسایی و بۆ دابینکردنی بەرژەوەندی و باڵانسی پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان لە ناوبەری تورکیا و ئامریکا و دەوڵەتانی ئورووپایی جێبەجێ کراوە. هەروەها چۆن دەکرێت لەگەڵ دەوڵەتێک کە وەک ڕۆژی ڕوناک هاوکار و پشتیوانی لۆجێستیکی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بوو و خۆی لە ڕوانگەی ڕای گشتی جیهانیەوە تۆمەتبارە بە کردەوەی تیرۆریستی، گرێبەستی هاوکاری دژ بە تیرۆریزم واژۆ بکرێت و بەڵێنی ناردنی چەک و چۆڵی سەربازی پێ بدرێت! ئایا ئەم بڕیارە نابێتە هۆکاری زیندووکردنەوەی مەیدانی داعش؟ نابێت دەسەڵاتداری سوید و فینلاند بهێڵن پاوانخوازی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بێتە هۆکاری ئەوەی کە دەوڵەتانی سوید و فینلاند دژ بە پێوان و بنەماکانی ئازادی و دیموکراسی لە وڵاتەکەی خۆیان کە بە ساڵها بۆی تێکۆشانیان کردووە، بجوڵێنەوە و چاویان لەبەرامبەر ڕاستییەکان ببەستن.ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان مەجلیسی ئورووپا، ئەم بارودۆخە کە لە دەرئەنجامی ئەم گرێبەستە نادیموکراتیکە هاتۆتە ئاراوە بە مەترسی بۆ سەر پێگەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد و چالاکوانانی کورد لە دەرەوەی وڵات بەگشتی و وڵاتانی فینلاند و سوید بە تایبەت دەبینین. هەربۆیە ئەم گرێبەستە بە گشتی بە لایەنی دیار و شاراوەیەوە شەرمەزار و ڕسوا دەکەین. لێرەدا داوا لەسەرجەم گەلی کورد دەکەین کە بێ دەنگ نەبن و زۆرتر دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان لە ڕێگای سیاسی و دیپلۆماسی و بە چالاکی مەیدانی بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتانی سوید و فینلاند دەرببڕن. هاوکات داوا لەسەرجەم لایەنی سیاسی و مەدەنی، چالاکوانانی چەپ و ئازادیخواز، فمێنسیت و ئانارشیست…هتد، فینلاندی و سویدی دەکەین کە پشتیوانی گەلی کورد بن لەم قۆناغە هەستیارەدا. بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بۆ بەدیهینانی دیموکراسی و ئازادی و دادپەروەری تێدەکۆشێت و لەم پێناوەدا خاوەن نرخ و بەهای مرۆڤی و ئازادیخوازانەیە، هەروەها کوردانی دانیشتووی ئەم دوو وڵاتە، ڕۆڵێکی بەرچاویان لە هەموو ئاستێکدا بۆ درووستکردنی ئە وڵاتانە هەبوو و بەشێک بوون لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی دیموکراسی. هەربۆیە نابێت ئەم تێکۆشانە و ئەم گەلە ئاستەنگ و لەژێرناوی تیرۆردا سات و سەودای پێوە بکرێت.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان لە ئورووپا

ڕێکەوت ٢٠٢٢/٠٧/٠١

Related posts