پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزدی: سەدام و بارزانی خەڵکی ئێزدیان پەرتەوازە کرد

8b63ed7b680a342df015

2016-07-23

ڕۆژنیوز – ڕزگار دەنیز / دەلیل دیلان

ئەندامێکی پارتی ئازادی و دیموکراتی ئیزدیەکان دەڵێت: لەساڵی 1975 تا 2003 سەدام سیاسەتی پەرتەوازەبوونی لەسەر ئێزدیەکان بەڕێوەدەبرد، کاتێک بارزانیش هات گەلی بێ ئیرادە و پەرتەوازە کرد.

ئەندامی پێشووی تەڤگەری دیموکراتی ئێزدیەکان ناسراو بە (تەڤدا) و ئەندامی ئێستای پارتی ئازادی و دیموکراتی ئێزدیەکان مونزور شەنگالی، کە کەسایەتیەکی ناسراوی ئێزدیەکانە لە دیمانەیەکیدا بۆ ئاژانسەکەمان ڕۆژنیوز باس لە دۆخی شەنگال و ئەو سیاسەتە دەکات کەلەسەریان بەڕێوەبراوە.

لەسەر ئەو کۆمەڵکوژیانەی بەسەر ئێزدیەکاندا هاتووە شەنگالی دەڵێت:” زۆر کۆمەڵکوژی بەسەر ئێزدیەکاندا هاتووە، زۆرێک لەو کۆمەڵکوژیانە شاردراونەتەوە، چیای شەنگال ڕۆڵی باشی بینیەوە لە پاراستنی گەلەکەماندا، لەوێ گەلانی ئاسوور و سوریانیش ژیاون، دوای ڕێکەوتنی جەزائیر ساڵی 1970 بۆ 1975 سەدام خەڵکی ئێزدی لە چیاکان دوورخستەوە و کۆمەڵگای بۆ کردنەوە، ئامانج لەوە ئەوەبوو کە گەل بکاتە سیستەمی کرێکار، زۆر تاقیکردنەوەیان کرد، بەڵام لەبابەتی ژیان و ئاین دا نەیانتوانی سەرکەوێت، یەکگرتن ئێزدیەکانی لەسەر پێی خۆی هێشتەوە، سەدام هەتا ڕووخا هەوڵی پارچەکردن و پەرتەوازەکردنی ئێزدیەکانی دەدا “.

ناوبراو باس لە دوای ڕوخاندنی سەدام و دەسەڵاتداری پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لەشەنگال دەکات و دەڵێت: دوای ڕوخانی سەدام ئەو هێزانەی هاتنە شەنگال بەتایبەتی پارتی هەمان سیاسەتی سەدام یان دووبارە کردەوە، سەدام دەیویست بە خواردن و پارە ئێزدیەکان بۆخۆی ڕاکێشێت پارتیش هەمان شتی دەکرد، هەوڵی دا بەو ڕێگەیە یەکگرتوون و یەکبوونی گەل پارچە و پەرتەواز بکات، لەساڵی 2003 تا 2013 لەلایەک خەڵک باوەڕیان بەپارتی کرد، بەڵام لەلایەکی دیکەوە پارتی باوەڕی خەڵکەکە کە بەئاینەکەی هەیبوو پارچەی کرد، ناکۆکی خستە نێوان عەشیرە و کەسایەتیە ئاینییەکان و هەموو کۆمەڵگا، بۆنمونە پارەی دەدایە هەندێک کەس و بەهەندێک کەسی دیکەی نەدەدا، بۆئەوەی ئەو خەڵکە بکەونە دژایەتی و بەرامبەر یەکتر بوەستنەوە، ئەو پەرتەوازەکردنە ئێشی کۆمەڵکوژیەکانی زیاتر دەکرد، کەسێکیان نەهێشتبوەوە بتوانێت خەڵک ڕێکبخات و بەرامبەر هێرشەکان بوەستنەوە.

لە بەرگریەوە بگرە تا ئابووری پارتی هەموو شتێکی خستبوە دەستی خۆی، خەڵک باوەڕی خۆی پێدابوون، ئەوانیش وایان نیشاندابوو کە ئەگەر هەرشتێک ڕووبدات بەرگری لە ئێزدیەکان دەکەن، خەڵکی شەنگالیش باوەڕیان نەدەکرد جارێکی تر هێرش بکرێتە سەریان، لەبەر ئەوەی عەرەبەکان دراوسێ بوون، بەڵام کاتێک زانرا لەهەموو لایەکەوە هێرشیان کردە سەر شەنگال، هێزەکانی پارتی هەرزوو هەڵهاتن و خەڵکەکەیان بەجێهێشت، گەل ناچاربوو هەرچۆنێک بێت هەوڵی خۆڕزگارکردن بدات، هەزاران کەس کۆمەڵکوژ کران و هەزارانی دیکە دەستگیرکران، دەستدرێژی کرایە سەر ژن و کچانی ئێزدی، ئەگەر پێش ئەو هێرشە ڕێوشوێنێک بگیرایەتەبەر ئەو کاتە قوربانیەکان کەمتر دەبوون و ئازارەکانمان ئەوەندە بەسۆ نەدەبوو.

مزوور شەنگالی بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت لە قسەکانی:” ئەوکاتەش چەند حزب و لایەنێک لەسەر ناوی ئێزدیەکان هەبوون، ئەوانیش لەناو خۆیاندا پارچە ببوون، بەلانی کەم ئەگەر ئەوانە یەکیان بگرتایە، هێزێکی بەرگریان ئاوابکردایە، لەوباوەڕەدام کە بەر بەو کۆمەڵکوژییە دەگیرا، بەڵام هەموویان دوای بەرژەوەندی کەسایەتی خۆیان کەوتبوون، گەلیان لە بیرچوبوەوە کاتێک داعش هێرشی کرد هەموویان هەڵهاتن “.

شەنگالی دەڵێت: لەساڵی 2004 تا 2014 ئەوەی ویستبێتی گەل ڕێکبخات و کۆیانبکاتەوە تەنها تەڤگەری تەڤدا بوو، چونکە تەڤدا زۆر هەوڵیدا ئەو لایەنەکان لەیەک بەرەدا کۆبکاتەوە، بەڵام تەڤدا لە ناوخۆ و دەرەوەی شەنگال لەژێر گوشارێکی گراندا بوو، وەک مەترسیەک سەیریان دەکرد، چەندە تەڤدا لاواز بوبێت، بەڵام بەهۆشیارکردنەوەی خەڵک و هەوڵەکانی توانی نەهێڵێت پیلانی لەبەین بردنی ئێزدیەکان تێکبدات، بەڵام ئەوانەی کە دەیان هەزار کەس بوون هەڵهاتن و چوون، تەڤدا سەلماندی کەلە هەستیار و ئاڵۆزترین دۆخ دا لەپاڵ گەلەکەیەتی و بەجێی ناهێڵێت.

ناوبراو ڕایگەیاند: لەسەرەتای کۆمەڵکوژی ئێزدیەکانەوە تا ئەمڕۆ زۆر گەمە و سیاسەت بەڕێوەبراوە، هەموو ئەو هەوڵە نەگریسانە پوچەڵکراونەتەوە، بەرخۆدانی خەڵکی ئێزدی نەک تەنها بۆ بەرگری بەڵکو لە ڕووی ڕێکخستن و سیاسەتدا زۆر هەنگاوی گرنگ نرا، دوای کۆمەڵکوژیەکەش ئێمە ئەوکات وەک تەڤدا پێشەنگایەتی ئەو خەڵکەمان کرد کەلە چیاکاندا مابوونەوە و پێداویستیەکانمان بۆ دابینکردن، بەڵام ئەوەی تا ئێستا کردوومانە بەس نییە، بۆیە بڕیاری دامەزراندی حزبێکمان دا.

لەکۆتایی قسەکانیدا منزوور شەنگالی وتی:” لەدوای کۆمەڵکوژی ئێزدیەکان لەسەردەستی داعش گەرچی ئازارەکە مەزن بوو، بەڵام توانرا لە ڕووی بەرگری، ڕێکخستن و باوەڕیەوە هێزێک دروست بکرێت، ئەگەر ئەمڕۆ ئێزدیەکان هێزێکی بەرگری خۆیان نەبوایە لەوباوەڕەدام داعش لەماوەی 24 کاتژمێردا جارێکی دیکە شەنگالی دەگرتەوە، ئیدی داعش ناتوانێت بەئاسانی پێبخاتە شەنگالەوە، شەرڤانانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال (یەبەشە) پێشەنگایەی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی موسڵیش دەکەن، دەبنە هێزی باوەڕی شەنگال و هەموو عێراق، وەک چۆن یەپەگە بووە هێزی باوەڕی هەموو سوریا، ئێزدیەکان سەلماندیان کە یەبەشە ڕۆژ بەڕۆژ بەهێزتر دەبێت، هەموو ئەو هێرشانەش تێکدەشکێنیت کە بکرێنە سەر ئێزدیەکان “.

 س.خ

سەرچاوە رۆژنیوز

Related posts