هاوپەیمانیەکی نوێ دژ بە ڕۆژئاوا و ڕۆڵی بارزانی و ئەنەکەسە

هاوپەیمانیەکی نوێ دژ بە ڕۆژئاوا و ڕۆڵی بارزانی و ئەنەکەسە

2016-08-24

لە کاتێکدا هاوسەنگی سیاسی و ئاڵۆزیەکانی سوریا روو لە گۆڕانە، تورکیا و ئێران هەوڵدەدەن بەرژەوەندیەکانیان لە ناوچەکە بپارێزن، هەڵوێست و دانوستانەکانی ئەم دوواییانەی ئەو دوو وڵاتە ئەم قسەیە پشتڕاست دەکاتەوە، ئەوان پلانەکەیان لە حەسەکە و ناوچەکانی شەهبا دەستپێکرد، بەڵام تا ئێستا ئەمەریکا وەکوو هێزی باڵادەستی شەڕی سوریا پشتی کوردەکانی بەرنەداوە، بۆیە هێزە کوردەکان بوونەتە لاپەڕە و ژمارەیەکی زەحمەت لە هاوسەنگیەکانی سوریا.

پڕۆژەی فیدراڵی دیموکراتی کە لەلایەن پێکهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریاوە راگەیەندرا، لەلایەن زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە وەک تورکیا، و ئێران و رژێمی سوریا بە مەترسیدار تەماشا دەکرێت، لەبەر ئەوە ئەم وڵاتانە و هەندێک وڵاتی دیکە هەوڵی لەباربردنی ئەم پڕۆژەیە دەدەن.

تورکیا سەرەکی ترین هێزی دژ بە گەلی کوردە لە سوریا، بۆیە لەگەڵ هەر وڵاتێک دا کە تا رادەیەک لەگەڵ ئەم دژایەتیەدا بێت پێوەندیەکان یان قوڵتر کردۆتەوە.

پاش هەوڵەدانی کودەتا لەم دواییانەدا لە تورکیا، ئەردۆغان تێگەیشت کە سیاسەتەکانی ساڵانی ٢٠١١-٢٠١٢ی هەڵە بوون، لەبەر ئەوەی کە تورکیا لەو ساڵانەدا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەروەها وڵاتانی نێودەوڵەتی کەوتە دژایەتیەکی سەختەوە، بۆیە ئەردۆغان تا ئێستاش بەردەوامە لە دژایەتی گەلی کورد.

ئەردۆغان بۆ ئەوەی بتوانێت جارێکی دیکە تورکیا بگەڕێنێتەوە بۆ نێوو مەیدانی سیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، دانوسانەکانی لەگەڵ رووسیا دەستپێکردەوە، سەرەتا نامەیەکی نارد و داوای لێبوردنی کرد لەسەر خستنە خوارەوەی فڕۆکە رووسییەکە، پاشان بۆ باشکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات سردانی روسیای کرد، لەوێ رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە تورکیا یارمەتی لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی رژێمی ئەسەد نەدات، چونکە رژێمی ئەسەد پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ رووسیا هەیە.

هەنگاوی داهاتووی ئەردۆغان بەرەو ئێران بوو، لە نێوان ئێران و تورکیا دا لە بارەی ئاڵۆزیەکانی سوریادا ناکۆکی هەیە، لەبەر ئەوەی تورکیا پشتگیری لە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات و ئێرانیش پشتگیری رژێمی ئەسەد، وەلێ تورکیا هەوڵی دا پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێران قووڵتر بکاتەوە.

ئەو ناکۆکیانە ڕێگری لە سەردانە دوو لایەنەکانی ئەم دوو وڵاتە نەکرد، ١٢ ی ئابی ئەمساڵ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، سەردانی بینالی یڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا و ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری کرد، پاشان رایگەیاند کە ئێران، رووسیا و تورکیا سێ ئاکتەری سەرەکی سیاسەتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئێران وتی، نزیکایەتی نێوان تاران و ئەنقەرە بەو مەبەستەیە کە هێزی بەشار ئەسەد، زیاتر بکەن و ئاڵۆزیەکانی ناوخۆی سوریا چارەسەر بکرێت.

عەلی ئەکبەر ویلایەتی، سەرۆکی ناوندی نلێکۆڵینەوە ستراتیژیەکانی ئێران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوەنیدا رایگەیاند کە دانوستانە سێ قۆڵیەکەی ئێران، تورکیا و روسیا لە بارەی ئاڵۆزیەکانی سوریایە و وتیشی:” مەبەستی ئیمە لەم سەردانانە بەهێزترکردنی دەوڵەتی سوریایە بۆ ئەوەی خاکی سوریا پارچە پارچە نەبێت و تیرۆریستەکان لە سوریا لەناوببەن”.

دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی دوایی بەرەو سوریا نا کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە دژایەتی راستەوخۆی دەکردن، ئەوان ڕێککەوتن کە چیتر دەوڵەتی تورکیا پشتگیری لە هێزە ئیسلامیەکانی دژ بە رژێمی ئەسەد نەکات، تورکیا خەڵکی سوریای بەو شێوەیە هەڵدەخەڵەتاند کە پشتگیری و دۆستایەتی ئەو لە تیرۆریستەکان بۆ دژایەتی کردنی رژێمەکەی ئەسەدە.

بەڵام مەبەستی تورکیا بە روونی ئەوە بوو کە رێگا نەدات هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە باکوری سوریا پێشڕەوی بکەن و کوردەکان پێگەی خۆیان لەناوچەکە بەهێز بکەن، بۆیە ویستی بەفەرمی پێوەندیەکانی لەگەڵ رژێمی سوریا ئاسایی بکاتەوە، هەر لەم چوارچێوەیەدا یڵدرم داوای لە هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد لە بارەی پرسی سوریا لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە.

پاش کۆبوونەوەیەک یلدرم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا وتی:” گرنگە ئێمە کات لە دەست نەدەین و لاپەڕەیەکی نوێ لەسویا بکەینەوە، ئەمەش لە سەر بنچینەی هاوکاری و بەشداری وڵاتانی تورکیا، ئێران رووسیا، ئەمریکا، سعوودیە و چەند وڵاتێکی دیکە پێکدێت، بەهێزبوونی پێگەی کورد لە باکوری سوریا یا لە باشوری تورکیا بۆ ئێمە شایانی قبوڵ نییە، هەلوێستی تورکیا لەم بارەیەوە روونە، ئێمە قبوڵی ناکەین خاکی سوریا چەند پارچە ببێت و پێگەیەک لەوێ دروست ببێت کە سوودەکەی بگات بە کەسانی دیکە “.

ئەم دانوستانانەی دەوڵەتی تورکیا بە مەبەسەتی زیان گەیاندن بە سیستەمی فدراڵی دیموکراتی لە باکوری سوریا لەگەڵ ئێران و سوریا هاوپەیمانیەکی نوێ دەهێنێتە ئاراوە، ئەویش ڕێک پاش ئەوەی کە هێزەکانی سوریای دیموکراتی شاری منبیجیان لە چەتەکانی داعش پاککردەوە ئەم هاوپەیمانیە بۆ ئەم وڵاتانە گرینگیەکی زیاتری دەبێت.

تورکیا لەلایەکەوە پەوەندیەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بە خاتری ئاڵۆزیەکانی سوریا لەناکۆکیدا بوون بەهێزتر دەکات، لە لایەکی دیکەشەوە، لە جەرابلوس، عەزاز و ئەل رایی پشتگیری چەتەکان دەکات، تورکیا چەتەکانی داعشی لە شارۆچکەی مارەب و گوندەکانی دەوروبەری حەلەب کۆکردەوە و بەناوی تابووری سوڵتان موراد رێکیخستوون، ئەویش تەنها بەمەبەستی ڕێگری لە پێشڕەوی هێزەکانی سوریای دیموکراتی بۆ ئەوەی نەتوانن بەرەو کانتۆنی عەفرین پێشڕەوی بکەن.

(پلانی حەسەکە)

هێزەکانی رژێمی بەعس و چەتەکانی، هەفتەیەک بەر لە ئێستا هێرشیان کردە سەر شاری حەسەکە، ئەوەش لە سەر داخوازی تورکیا بۆ زیان گەیاندن بە بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتی پێکهات، ئەو هێرشە ئاشکرای کرد کە هاوپەیمانی تورکیا، سوریا و ئێران بۆ لەناوبردنی سیستەمی فدراڵی دیموکراتی باکوری سوریا زۆر جدیە، بە پشتگیری ئەو هاوپەیمانییە بۆ یەکەم جار رژێمی ئەسەد فڕۆکە جەنگیەکانی ناردە سەر ئاسمانی حەسەکە و خەڵکی مەدەنی شارەکەی بۆردومان کرد.

سەردانی راوێژکاری میت بۆ دیمەشق، دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا، بەمەبەستی بەهێزترکردنی پەیوەندیەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بوو، بەتایبەت پاش راگەیەندراوەکەی یڵدرم کە وتی:” ئەسەد دەتوانێت لە ماوەی گواستنەوەی دەسەڵاتدا وەک سەرۆک کۆمار لە جێگای خۆی بمێنێتەوە، لە شەش مانگی داهاتوودا تورکیا رۆڵێکی گرینگی لە سوریادا دەبێت “.

(ئەنەکەسە لە پیلانەکەیە)

وەک باس کرا، چەند رۆژ بەر لە ئێستا، پاش رزگارکردنی منبیج ئەنەکەسە لە سەر داخوازی دەوڵەتی تورکیا هەوڵی دا گێرەشێوێنی بکات، لە یەک لە ناوچەکانی سوریا و لە ئەوروپا دژ بە بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتی خۆپیشاندانیان ئەنجام دا بۆ ئەوەی دۆخی ئەوێ رەش بکەن، ئەمە نیشان دەدات کە ئەنەکەسەش لە هاوپەیمانی دژ بە پرۆژەی فیدراڵی دیموکراتی رۆژئاوا – باکوری سوریا بەشدارە.

مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق، لە کاتێکدا سەردانی ئێران و تورکیا دەکات کە کەس تێداناگات چی بۆ ئەو تێدایە، ماڵپەڕی رەسمی سەرۆکایەتی هەرێم دوو رۆژ بەر لە ئێستا هەواڵێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە بارزانی بانگهێشتی ئێرانی قبوڵی کردوە سەردانی تاران دەکات بەڵام هۆکاری سەردانەکەی نەزانراوە.

پاش ئەوەی پڕۆژەی فیدراڵی دیموکراتی رۆژئاوا – باکوری سوریا راگەیەندرا، سنووری سێماڵکا لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراوەوە بەتەواوی بەڕووی ڕۆژئاوا دا داخرا، ئەوە بە تەنها دەیسەلمێنێت کە بارزانی تا چ ئاستێک دژ بەو پڕۆژەیەیە، بارزانی بەم هەڵوێستانەوە دەیهەوێت خۆی وەکوو بەشێک لەو هاوپەیمانیەی دژی پڕۆژەی فیدراڵی رۆژئاوا – باکوری سوریا نیشان بدات.

ئەوەی لەم نێوانەدا سەرنج راکێشە، لەگەڵ هەموو پیلان و هاوپەیمانی و هێرشەکان بۆ سەر پڕۆژەی فیدراڵی دیموکراتی، ئەم پڕۆژەیە رۆژ لەدوای رۆژ هەنگاوەکانی زیات بەرەوپێش دەچێت و پێشڕەوی دەکات.

س.خ
سەرچاوە رۆژنیوز

Related posts