پەلاماردانی جەرابلوس داگیرکارییە داگیرکردنی سوریاو رۆژاوای کوردستانە

پەلاماردانی جەرابلوس داگیرکارییە
داگیرکردنی سوریاو رۆژاوای کوردستانە

دەولەتی تورکیا سینارۆیەکی تری دەستپێکردو بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە سوپاکەی خۆی بردە ناو جەرابلوس. ئەمە بەواتای دەستتێوەردانە لە ناوخۆی سوریا، بە واتای دەستپێکردنی داگیرکردنی سوریاو رۆژاوای کوردستانە. ئەم هەنگاوە بە ئاشکرا پێشێلکرنی یاسا نێودەولەتیەکانە.
هەرچەندە تورکیا رایدەگەیەنێت: ” ئێمە بۆ پشتگیریی سوپای ئازادی سوریا و لە دژی داعش ئەم هەنگاوەمان ناوەو چووین “. بەڵام ئەمە راست نییە. چونکە ئەو چەندین ساڵ دراوسێی داعش بوو، نەک هەرگیز دژایەتی یەکتریان نەکرد، بەڵکو هاوکاریش بوون. بەڵام هەمیشە دژایەتی پەیەدەو یەپەگەو هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەڕیوەبەرایەتی کانتۆنەکانی رۆژاوای کردووە. ئاشکراشە کە ساڵانێکە دەوڵەتی تورکیا هاوکاریی داعش و هەموو هێزە سەلەفیە توندرەوەکانی تر ئەکات.
لە کاتێکا کە شارۆچکەی منبەج ئازاد کرا، لەو کاتەدا کە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرەوپێش ئەچوون و داعشیان لەو هەرێمانەدا دەرئەکرد، هەر لەو کاتەوە دەوڵەتی تورکیا کەوتە جووڵە. ئامانجی تورکیا هێرشی دژی داعش نیە، بەڵکو ڕێگرتنە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات و گەلی کوردستان. ئامانج گەلی کوردو هێزە دیموکراتەکانە، ئامانج تێکدانی دەسکەوتەکانی کوردستانیان و دۆستەکانیانە. ئەوەش روونە کە هەرگیز تورکیا شەڕی دژی داعش نەکردووە، بەڵکو چەند هێرشێکیان کردۆتە سەر خەڵکانی سڤیل و وڵاتپارێزو کوشتوویانن.
ئەم دۆخەی ئێستا زۆر لە دۆخی ئەو کاتەی موسڵ ئەچێت کە داعش داگیری کرد. هەروەک چۆن لەوێش بە بێ شەڕو بە پێی رێککەوتن داعش چوونە ناو موسڵ. بە هەمان شێوەش بەپێی رێککەوتنێک تورکیاو هاوکارانی چوونە ناو جەرابلوس.
هەمووان ئەو راستیە ئەزانن کە لەو هەرێمەدا ئەو هێزەی کە زیاتر لە دژی داعش شەڕ ئەکات، هێزەکانی یەپەگەو یەپەژەو هێزەکانی سوریای دیموکراتن. بێگومان بە تەنیا کورد لەو هەرێمانە ناژین، گەلی تری وەک عەرەب، ئاسوری – سریانی – کلدانی، تورکمان، ئەرمەنی و چەچەن لەوێ ئەژین. وەک بیرو باوەڕیش موسوڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و عەلەویش لەو هەرێمانە بوونیان هەیە. نوێنەری هەموو ئەو پێکهاتانە لە ناو بەڕێوەبەرێتی و هێزەکانی پاراستنی ئەو ناوچانەدا جێی خۆیان گرتووە.
زۆر روون و ئاشکرایە کە دەوڵەتی تورکیاو حکومەتی ئاکەپە نە دژی داعشەو نە شەڕی لەدژی کردووە نە ئەیکات. ئەو تەنیا و تەنیا لە دژی تێکۆشانی گەلی کوردستان بە گشتی و، لە دژی رۆژاوایە. لەدژی دامەزراندنی فیدرالیزمی باکوری سوریایە.
بێگومان جێی داخە کە ئەو هەموو سیناریۆ دژە مرۆڤایەتیانە دژ بە گەلی ئێمە بەڕیوەدەبرێن و هەموو جیهانیش لێی بێدەنگن. هەربۆیە بانگەوازی بە پەلەی ئێمە لە دەوڵەتانی ناوچەکە و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و روسیاو هەموو جیهان ئەوەیە، کە بە ئەرکی ئەخلاقی و مرۆڤانەی خۆیان هەستن و چاوی خۆیان لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی تورکیا دانەخەن و بێدەنگ نەبن. هەمانکات داوا لە رای گشتی جیهانی و هێزە دیموکراتخوازو مرۆڤدۆستەکان ئەکەین کە، هەر تەماشاوانی ئەم رەوشە نەبن، لە بەرامبەر ئەم هێرشانە بێدەنگ نەبن و جێی خۆیان لەگەڵ بەرخۆدەرانی ئازادی بگرن.
هەروەها داوا لە گەلی کۆڵنەدەرو تێکۆشەری خۆمان ئەکەین کە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی خۆیان لە منبەج و هەموو رۆژاوا، بە گوڕتر بجوڵێن. بۆ رزگارکردنی جەرابلوس خەباتی بێ پسانەوەو بەردەوام بکەن. پێویستە بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی فیدرالی دیموکرات لە رۆژاواو باکوری سوریاو، تەنانەت هەموو سوریاش، تێکۆشان بەردەوام بێت.
ئێمە جارێکی تر داگیرکردنی سوریا لە لایەن دەولەتی تورکیاوە شەرمەزار دەکەین.
جارێکی تر رزگارکردنی منبەج لە گەلی خۆمان پیرۆز دەکەین.

کۆنسەی بەرێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – کەنەکە
26.08.2016

Related posts