رۆژهەڵاتی کوردستان، قۆناخەکانی تێکۆشان و چەقبەستن لە باشورا!

رۆژهەڵاتی کوردستان، قۆناخەکانی تێکۆشان و چەقبەستن لە باشورا!

هیوا گول

بەشی یەکەم

سەرەتای دامەزراندنی رێکخراوی سیاسی و دامەزراندنی کۆماری کوردستان.

رۆژهەڵاتی کوردستان وەک بەشێک لە وڵاتی کوردستان خاوەن مێژوویەکی سەرەنجڕاکێش و پڕ لە هەوراز و نشێوە و پێویستە بە وردی راوەستەی لەسەر بکرێ و هەروەها قۆناخەکانی تێکۆشانی خەباتی ئازادی و سەرهەڵدان و پاشەکشەکانی ئەو خەباتە ورد بکرێنەوە و تەجرەبەی لێوەرگرین و لەسەر ئەو بنەمایانەش بتوانین ئەنجامێک وەرگرین.

دیارە لە سەدەی هەژدە و نوزدەیەم دا چەندین سەرهەڵدانی ناوچەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستانا رویان داوە و ئامانجێکی سیاسی دیاریکراویان نەبوە و تەنانەت ناتوانین بە سەرهەڵدان و بەرەنگاربونەوەیەکی نەتەوەیش ناودێریان بکەین.

سەرهەڵدانی جوانڕۆ، ئیلام، سنە، دیواندەرە، سەقز، مەریوان و دواتر دەڤەری ورمی و سەرهەڵدانی سمایل ئاغای سمکۆ، چەند نموونەن لەو سەرهەڵدانانە کە لەوانەیە بۆ ئەم باسەی ئێمە گونجاو نەبن و ئێمە نامانەوێ بگەڕینەوە بۆ مێژوویەکی زۆر دوور.

دیارە سەرهەڵدانی سمایل ئاغای شکاک(سمکۆ) هێندێ جیاوازترە لەوانی پێش خۆی و بە هۆکاری ئەوەی پێوەندی بە جوڵانەوەی شیخ مەحمودی حەفید لە سلێمانیەوە گرتووە، هەوڵی داوە ناوەرۆکێکی نەتەوەیی بگرێتە خۆ بەڵام لەبەر ئەوەی خاوەن پلان و پروژە و ئیدئولوژیەکی تایبەت نەبوو نەیتوانی هیچ ئەنجامێک وەرگرێ. جێگەی ئاماژەیە لە ئەنجامی شەڕی یەکەمی دنیاگر و لەو کاتەدا کە دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێرانا لاواز ببوو، لە هەورامان جافر سان یان (جافر سوڵتان) و حەمەرەشیخان لە بانەش سەریان هەڵدا کە ئەوانیش ئەنجامیکی بەرچاویان نەبوو و لە ناوچەکانی خۆیانا قەتیس مان و دواتر هەموویان شکەستیان خوارد.

خەبات و جوڵانەوەی سیاسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕیتەوە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد(ژێ کاف) و ئەوە یەکەم رێکخراوی سیاسی بە پلان و پرۆژەی کوردییە لەو بەشەی کوردستان.

مەودای نێوان شەڕی یەکەم و دووهەمی دنیاگر کەم بوو و هێشتا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دنیا لە ژێرباری ویرانکاریەکانی شەری یەکەم نەهاتبووە دەرێ کە شەڕیکی دیکە هاتە ئاراوە و بەتەواوی کاریگەری کردە سەر جیهان و لە ئێرانا کاریگەری زوری بە جێهێشت. لە شەڕی یەکەمی دنیاگرا دەسەڵات لە ئێرانا بە تەواوی هەڵوەشایەوە و رەزا خان لەو بۆشایە کەڵکی وەرگرت و خوی وەک پاشای ئێران لەسەر بنەمای سلسلەی پەهلەوی راگەیاند و بۆ تەسبیت کردنی ئێقتداری خۆی زور بە توندی روبەڕوی هەموو سەرهەڵدانەکان بویەوە و بە شێوەیەکی بێروحمانە سەرکوتی هەموو جمو جوڵیکی دەکرد.لە ئەنجامی شەڕی دووهەمی جیهانیدا و لەوکاتەدا کە ڕەزاخان دەمارگرژانە پشتگیری لە نازیەکانی ئاڵمان بە ریبەری ئادولف هیتلێر دەکرد، هێزە هاوپەیمانەکان خوار و ژوری ئێرانیان داگیر کرد و بە کردەوە رەزا خان دەسەڵاتی لێسەندرایەوە و دواتر دور خرایەوە و ئەوەش جارێکیتر بوشایەکی جیدی لە دەڤەرە جۆراجۆرەکانی جوگرافیای سیاسی ئێرانا دروست کرد و کوردستان بە کردەوە بێ خاوەن بوو، لە بەشی باشوری ڕۆژهەڵاتەوە تا شاری سنە لە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیز و بەشی باکوری رۆژهەڵاتی کوردستان هەتا نێزیک بۆکان لە ژێر دەستی هێزەکانی یەکیەتی سۆڤیەتا بوو. دیارە ئەم هیزانە ئەمجارەیان وەک هێزی داگیرکەر لەگەڵ خەڵکا هەڵس و کەوتیان نەدەکرد و جۆرە ئازادیەکیان لەگەڵ خۆیانا هێنابوو. هەروەها بە هۆکاری کارتێکەریەکانی شەڕ و بەرفراوانی بەرەی شەڕەکان هەم ئینگلیز وهەم سوڤیەت لە لایەنێک، کەس یان کەسایەتیەک دەگڕان بتوانێ رێبەری ژیان و بەڕیوەبەری کۆمەڵگا بگرێتە ئەستۆ و ئەوان ئەو ناوچانە تەسلیمی ئەو کەس، گروپ، یان لایەنە بکەن و دڵنیا بن کە ئەو ناوچانە نابنە کۆسپ لەبەردەم هێزی هاوپەیمانەکاندا.

یەکێک لە کەمایەسیەکانی کورد ئەوە بوو کە لەو کاتە هەستیارەدا خۆێندنەوەیەکی جیدی سەردەمیانەیان بۆ هەل و مەرجەکە نەبوو و لە لایەکیترەوە هێشتا رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر دەست و دەسەڵاتی عەشیرە و سەرک هۆزەکانا بو و سەروک هوزەکانیش تەنیا گرینگیان بە ناوچە و بەرژەوەندی بچوکی تایبەتی خۆیان ئەدا و ئامادە نەبوون لە دەور یەک کۆبنەوە و کەسێک بکەنە رێبەری خۆیان و هەموویان بۆ ئامانجێکی سیاسی، نەتەوەیی تێبکۆشن و تەنانەت لە هەموو حاڵەتەکانیشا دژایەتی و دوژمنایەتی یەکتریان ئەکرد. وەک دەڵین ئامادە بوون خۆیان هیچ وەرنەگرن بەو شەرتە ئەوانیتریش هیچیان پێ نەدرێ.
لە ناوچەکانی ژێر دسەڵاتی سۆڤیەتا کە تا نێزیک شاری بۆکان دەگرێتەوە هێندێ گوڕانکاری بەرچاو هاتبوونە ئاراوە و ڕوسەکان لە ژێر کاریگەری شوڕشی ئوکتوبردا هەوڵی پێشخستنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی دەسەڵاتی ئاغاوات و کەمکردنەوەی زوڵم و زورییان ئەدا وئەوەش بە پێچەوانەی چاوەڕوانی خەڵکی ناوچەکە بوو، چونکە هەر هەمان هێز کە ئەو کاتە هێزی قەیسەری ڕوسی بوون لە شەڕی یەکەمی جیهانی دا هەزاران جورم و جینایەتیان لەو دەڤەرەدا ئەنجام دابوو. هەر چۆنێک بێ، لە مۆکریان جوڵانەوەیەکی روشنبیری وەڕێ کەوت و کۆمەڵە کەسێکی خۆێندەوار و تا ئەندازەیەک ئاگادار لە سیستەمی سیاسی جیهان و ڕوداوەکان کەوتنە جم و جوڵ و هەوڵیان دا ڕیکخراوێکی سیاسی دامەزرێنن. ئەوەی لەو کاتەدا بۆ ئەو کۆمەڵە ڕوشنبیرە کوردە گرینگ بوو ئەوە بوو کە دەبێ کۆمەڵگا بە رێکخستن بکرێ و دواتر دەنگی مافخوازی هەڵبڕێ، دیارە ئەوان پێیان وابو دەبێ لە پێشدا کورد و هەموو ئەوانەی تەڤلی ئەو رێکخراوەیە دەبن، دەبێ بەرژەوەندی نەتەوەیی پێش بەرژەوەندی خۆیان بخەن و بەمجۆرە کوردێکی بە ئیرادە ئامادەی بەرەنگابونەوەیەکی دژوار بکەن.

25ی گەلاوێژی 1942 یەکەم کۆبونەوەی تایبەت بە دامەزراندنی کۆمەڵەی ژێانەوەی کورد(ژێ کاف) بەڕیوە چوو و ئەو رێکخراوەیە دامەزرا. دیارە ژێ کاف زور بە نهێنی و بە شێوەیەکی جیدی کاری دەکرد و بەردەوام بوو لە تەنینەوەی خۆی و ئەندامانی باوەرپێکراوی وەردەگرت و سوێندی دەدان کە خەیانەت بە نەتەوە و نیشتمانەکەیان نەکەن. ژێ کاف بە خێرایەکی بەرچاو پەرەی دەگرت و تەنانەت وایلێهاتبو کە سەروک هۆز و ئاغاکانیش مەیلی بوونە ئەندمیان تێدا پەیدا ببوو.
کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد(ژێ کاف) خاوەن بەرنامەیەکی نوسراوی دیاریکراو نەبوو، بەڵام خاوەن فکر و رامانێکی قوڵی نەتەوەیی، سیاسی و دوور بین بوو. ئەوان دەیانویست سەرەتا رێکخراوەکەیان تۆکمە بکەن و بەرفراوانی بکەنەوە و ئینجا بڕیاێکی دیکە بدەن و بتوانن لە هەل و مەرجەکە کەڵکی پێویست وەرگرن.
تەمەنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد کەمە، بەڵام لەو ماوە کەمە دا و بە سەرنجدانە ئەندامەکانی ئەو رێکخراوەیە بۆمان دەردەکەوێ کە رێکخراوێکی خاوەن فکر و بیرکردنەوەی قوڵ و دنیا بینیەکی بەرفراوان و هاوچەرخ و زانستیانە بووە.

یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد عەبدولڕەحمان زەبیحیە. ناوبراو بێجگە لەوەی گەنجێکی خوێندەوار و لە بنەماڵەیەکی کەم دەرامەت بووە بەڵام مروڤێکی ڕووناکبیری زیرەک بووە و بێجگە لەوانەش نوسەریکی باش و زمانزانێکی بە توانا بووە.
زەبیحی بڕوای بەوە هەبوو کە دەبێ کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد بتوانێ لە هەموو کوردستانا خۆی بە ریکخستن بکات و بەمجۆرە ببیتە مێکانیزمی ئازادی کورد و پێکەوە گرێدانی کوردستانی گەورە و لەم بارەشەوە هەوڵیکی زور درا و کاریگەری کردە سەر بەشەکانی دیکەی کوردستان بەتایبەت باشوری وەڵات.(عەبدولڕەحمان زەبیحی کە بە عولەماش ناویان بردووە ساڵی 1920 لە مەهاباد لە دیک بووە و لە ساڵی 1980 بە شێوەیەکی گوماناوی لە راپەڕاندنی ئەرکێکی دیاریکراوا لە نێوان باشور و رۆژهەڵاتی کوردستانا بێسەروشۆین دەکرێ و کەس نازانێ چۆن و لە کۆی و بە چ تاوانێک و لە لایەن چ دەزگا و حیزب و حکومەتێکەوە گیراوە و کوژراوە، بەڵام گومانەکان لەسەر حکومەتی بەعسی عێراق و دەزگای موخابراتی ئەو حکومەتەیە)

لەبەر ئەوە ژێ کاف بە تەواوی بنەماکانی نەهێنی لەبەر چاو دەگرت و هەوڵی ئەدا کە رێکخراوەکەیان لە لاوازیدا نەپسی و تا کاتی خۆی بە خێرایەکی باش ئەندامگیری بکات و پەرە بگرێ، گوڤارێکی بڵاو دەکردەوە بە ناوی دیاری کۆمەڵە و دواتر بوو بە نیشتمان و لەو گوڤارەدا بیرو باوەرەکانی ژێ کافی بڵاو ئەکردەوە و لە وتارەکانیدا باسی هەل و مەرجی جیهانی، ناوچەیی و بیری نەتەوەیی و دیموکراسی دەکرد و کاریگەریەکی بەرچاوی هەبوو و خەڵک تامەزروی خۆێندنەوەی بوون.

لە قوناخی گەشەی کۆمەڵەی ژیانەوی کورد(ژێ کاف) دا وەرچەرخانێک لە سیاسەتی سۆڤیەت ڕویدا و دەسەڵاتدارنی مۆسکۆ چاویان بڕیە نەفتی ئێران و بۆ دەست بەسەرداگرتنی نەفتی ئێرانیش هەوڵی دروست کردنی هێندێ گوشاریان دا و لەم پێوەندیەدا سەروک کۆماری ئازەربایجان کە ئەو سەردەمە لە فیدرالیزمی یەکیەتی شوراکان دا بوو، پێوەندیان گرت لەگەڵ چەند کەسایەتیەکی ناسراوی دەڤەرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئازەربایجان وەک پێشەوا قازی محەمەد لە مەهاباد و پیشەوری لە تەورێز.

دیارە پێشەوا قازی محەمەد ماوەیەک دەبوو کە ببوو بە ئەندامی کۆمەڵەی ژێ کاف و سویندی خوارد بوو کە نهێنیەکان بپارێزی. هاتنی پێشەوا وەک کەسایەتیەکی خاوەن دەسەڵاتی ئابوری و کۆمەڵایەتی بۆ ناو کۆمەڵەی ژێ کاف، هێندێ نیگەرانی لە لای ئەندامانی دامەزرێنەری ئەو کۆمەڵەیە دروست کرد و پێیان وابوو کە رێکخراوەکەیان ئەکەوێتە بن کاریگەری و هەژمونی پێشەوا قازی محەمەد و لەوانەیە نەتوانن وەک پێویست گەشە بکەن.
کۆمەڵەی ژێ کاف یەکەم کۆنگەری خۆی ساڵیک دوای دامەزراندنی، لە شاخی خوداپەرەست لە دەڤەرەی موکریان بەست و باسی هەل و مەرجی کار و خەباتی خۆی کرد و بڕیاری بڵاو کردنەوەی گوڤاری نیشتمانیان دا. ئەو کۆنگرەیە لە مانگی بانەمەڕی 1943 بەسترا و نێزیک بە 100 ئەندام تێدا بەشدار بوون.
سەبارەت بە پاشخانی بەشدار بوان کە تەمەنیان چەند بووە، لە کام ناوچەوە بەشدار بوون و بە پێی کامە پێوانە بەشدار بوون، هیچ زانیاریەک لە بەردەستدا نیە.

پێشەوا قازی محەمەد چەند جارێک سەردانی دەسەڵاتدارانی ئازەربایجان و سوڤیەتی کرد و دواتر چەند کەسێکی کۆ کردەوە و باسی ئەوەی بۆ کردن کە دەبێ کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد هەڵوەشیننەوە و حیزبی دیموکراتی کوردستان دامەزرێنن و دامەزراندنی ئەم حیزبەش دەبێتە هۆکاری سەرنەجڕاکشانی زلهیزەکان و سۆڤیەت ئەم حیزبەیان لاپەسەندە و زور حەز ناکەن کۆمەڵەی ژ ێ کاف پەرە بستێنی و بە رێکخراوێکی ناسیونالیستی دەزانن.
ساڵی 1945 لە ساڵرۆژی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد(ژێ کاف) دا واتە لە 25 ی گەلاوێژدا حیزبی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و کۆمەڵە هەڵوەشایەوە.

دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ڕاستیدا وەک کودەتایەک بوو کە لە کۆمەڵە کرا و لەوکاتەدا کە ئەو کومەڵە هەڵوەشایەوە و حیزبی دیموکرات دامەزرا سەرکردایەتی کۆمەڵە ئاگادار یان بەشدار نەبوون و تەنانەت بەریز عەبدولڕەحمان زەبیحی کە دامەزرینەر و وەک سکرتێری کۆمەڵە بوو، لەوی نەبوو و لە بەندیخانەی ریژیمی داگیرکەری پاشایەتیدا بوو.

هەڵوەشانەوەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد لەو هەل و مەرجە ناسکە دا و لە کاتێکدا کە ئەو کۆمەڵەیە بە شێوەیەکی زانستیانە و بە تێگەیشتن لە هەل و مەرجەکە خەریکی ئامادەکاری کۆمەڵگا بوو بۆ سەرهەڵدانێکی سەرتاسەری، گورزێکی کاریگەر بوو لە یەکەم ریکخراوی سیاسی کورد درا کە ئیتر هیچکات نەیتوانی بوژانەوە بە خویەوە ببینی.

دامەزارندی حیزبی دیموکراتی کوردستان بەو پەلە پەل و بەو بێ بەرنامەییە و تەنیا لەسەر بەڵێنی بێ بەڵگەی لایەنێک، هەڵەیەکی گەورە بوو کە لە لایەن پێشەوا قازی محەمەدەوە کرا. پێشوا قازی محەمەد بە پەرۆشی مافی نەتەوەکەیەوە بوو، پێی وابوو کە ئەتوانێ هیچ نەبێ دەسکەوتیكی بەربەستکراو بۆ کورد دابین بکات بەڵام مەودای دەسەڵات و حیزبەکەی زور بەرتەسک و لاواز بوو. لایەنی سەربازی، سیاسی، ئابوری، جوگرافیایی و ئیداری بۆ لەبەر چاو نەگیرابوو و لە ناوچەکانی مۆکریانا قەتیس مایەوە و ئەوەش وایکرد کە هەموو کات لەمەترسیدا بێ. سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە پێچەوانەی دامەزرینەران و سەرکردەکانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد جولانەوە و زیاتر سەرقاڵی بە دەسەڵات گەیشتن بوون تا ریکخستن و بە زۆری لە ئاغاوات پێک دەهات.

ساڵی 1946 پێشەوا قازی محەمەد لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد کۆماری خودموختاری کوردستانی راگەیەند. سەبارەت بەو کۆمارە و بەندەکانی
ڕاگەیاندنی زانیاری زور لە بەردەست دا نیە، بەڵام کۆماری کوردستان لە مەهاباد وەک کۆماری خودموختاری کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانا پێناسە کراو پێشەوا قازی محەمەد لە وتو وێژ لەگەڵ چاپەمەنیەکانی تاران دا پێداگری لەوە کردەتەوە کە ئەوان مافی کوردیان دەوێ لە چوارچێوەی ئێرانا.
راستە تەمەنی کۆمار کورت بوو بەڵام کۆمەڵیک تەجروبەی باشی لەگەڵ خۆیا هێنا و هەتا ئێستا بۆ وردبوونەوە و پێداچوونەوە و کەڵک لیوەرگرتن دەبێ، بەتایبەت لە بواری پێکەوە ژیانی گەلان دا کە هەموو کەس وەک یەک بە بێ لەبەر چاوگرتنی مەزهەب، ئەتنیک و ڕەگەز خاوەن ماف بوون و کەس مافی نەبوو دەستدریژی بکاتە سەر کەسیتر و مافی ژنان لەبەر چاو گیرابوو و هەوڵی کردنەوەی خۆێندنگەی کوردی درا و سەرئەنجام دەرگای کۆمار بۆ کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانا کرایەوە. بەڵام ئێمە ناتوانین تەنیا بە عەتف و خۆشەویستی و لە هێندێ حاڵەتا بە دەمارگرژیەوە کۆماری کوردستان و ریبەری پێشەوا قازی محەمەد ببینین وبخۆێنینەوە. ئەگەر پێشەوا قازی لە هەڵوەشانەوە یان کودەتا کردن لە کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد و دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان و دواتر ڕاگەیاندی کۆماری کوردستان دا پەلەی نەکردایە لەوانەیە شکستەکەشی بەو خێرایە نەبایە و بیتوانیایە ماوەیەک باش دەوام بێنێ و پەل بهاوێتە بەشەکانی دیکەی کوردستان و لە ئەنجامی سەرکەوتنەکانی شەڕی دووهەمی دنیاگر و شکەستهێنانی نازیەکانا، کورد ببایەتە خاوەن بەشی سەرکەوتن و جێگە و پیگەی خۆی لە جوگرافیا و سیاسەتی دنیا دا دیاری بکردایە.

کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد لەو باوەڕەدا بوو کە دەبێ لە بنەڕت و بە بەرنامە قوناخەکانی خەبات و تێکۆشانی کورد دیاری بکرێ و بچێتە پێش و خەریکی بە رێکخستن کردنی کۆمەڵگا بوو بە بێ لەبەر چاوگرتنی چین و ناوچە و شارەکان. بەڵام پێشەوا قازی رێک پێچەوانەی ئەمەی کرد و هیچ گرینگیەکی بە ریکخستن لە بوارەکانی سیاسی، سەربازی، کۆمەڵایەتی و بەڕیوەبەری نەدا و تەنیا پشتی خۆی بەست بە بەڵینە نەنوسراوەکانی سەروکی ئازەربایجان و لە رێگەی ئەویشەوە یەکیەتی سۆڤیەت .

کۆماری کوردستان لە کاتێکدا ڕاگەیندرا کە حیزبی دیموکراتی کوردستان خاوەن ژمارەیەکی زور لە ئەندام نەبوو و تەنانەت بۆ خەڵکێش وەک پێویست نەناسرا بوو. ناوچەی کار و تێکۆشانی زور بەر تەسک و بێ بەرنامە بوو، ئەوانەی بەشدار بوون تێدا بە زوری خان و دەرەبەگ و سەروک عەشیرەکان بوون. لە ڕاستیدا ئەوانەی بەشداری حیزبی دیموکرات ببوون کەسانێکی بە زوری هەلپەرەست و بەرژەوەندیخۆاز بوون و پێیان وابوو شای ئێران ناگەڕیتەوە و بۆ ئەوە چووبوونە ناو ڕیزەکانی دیموکراتەوە کە قازانجێکیان وەبەر بکەوێ و لە حکومەتی کوردیدا خاوەن دەسەڵات و نفوز و هێز بن و بەمجۆرە بەردەوام بن لە چەوسانەوەی کۆمەڵانی خەڵکا.

پێشەوا قازی محەمەد کەسێکی ڕوناکبیر، زمان زان، ئاگاداری هەل و مەرجی دنیاو بە تەدبیر بوو، بەڵام تەنیا بوو، تەنیایی لەوەدا بوو کە مەشوەرتی کەم دەکرد و زیاتر کارەکانی ئەکردە ئەمری واقع.

حیزبی دیموکراتی کوردستان لە 25ی گەلاوێژی 1945 دامەزرا و کۆماری کوردستان لە 1946 دا ڕاگەیندرا و سەروکی حیزب واتە پێشەوا قازی کرایە سەروک کۆمار، بەڵام بەداخەوە کۆمارێکی هەژار لە بواری ئابوری، بەرتەسک لە بواری جوگرافیایی، بێ هێز لە بواری سەربازی و لاواز لە بواری ریکخستنیەوە بوو.
ئەوانە تەنیا خاڵە لاوازەکانی کۆمار نەبوون، بەڵکو کاتەکەشی زور نەگونجاو بوو، ماوەی چەند ساڵیک بوو کە بە هۆکاری لاوازی دەسەڵاتی دیکتاتوری داگیرکەرە ئێرانیەکانەوە و بە هۆی لایەنگری لە فاشیزمەوە لە لایەن رەزا شای ئێرانەوە، ڕۆژهەڵاتی کوردستان شانسێکی گەورەی سەرهەڵدانی هەبوو کە هیچ جم و جوڵیکی نەکرد، کەچی کاتێک شەر کوتایی پێهاتووە و کوڕی رەزا شا خراوەتە سەر تەخت و زلهێزەکان و سەرکەوتوەکانی شەڕی دژی نازی خەریک بوون بۆ مسۆگەر کردنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەسەڵاتی تارانیان ئەبوژاندەوە، کۆمار ڕاگەیندرا و لە کاتی ڕاگەیاندن و دوای ڕاگەیاندنیشی هیچ پاڵپشتیەکی جیهانی بۆ خۆی مسۆگەر نەکرد و پەیامەکانیشی دیارینەکراو و پڕ لە دوو دڵی بوون. هەر بەم پێوانەیەش نەیتوانی هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان بگرێتەوە و پشتیوانی هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کورد بۆ لای خۆی ڕاکیشێ.

هیوا گوڵ محەمەدی

درێژەی هەیە…

Related posts