لێدوانی کۆدار و پژاک بۆ ئیدانە کردنی کردەوەی تێروریستی سەر حیزبی دیموکڕاتی کوردستان

لێدوانی کۆدار بۆ ئیدانە کردنی کردەوەی تێروریستی سەر حیزبی دیموکڕاتی کوردستان

بەداخەوە هەواڵی کردەوەی تێکدەرانە و تێرۆریستی سەر بارەگای حیزبی دیموکڕاتی کوردستان کە لە ئاکام دا شەهید و برینداربوونی چەند پێشمەرگەی ئەو حیزبەی لێکەوتەوە تەڤگەری ئیمە و سەرجەم گەلی کوردستانی خەمبار کرد.

وەک “تەڤگەری کۆدار” بە تووندترین شێوە ئەو ڕووداوە قیزونە شەرمەزار دەکەین و سەرساخی بۆ حیزبی دیموکڕاتی کوردستان و سەرجەم پێشمەرگەکانی، بنەماڵەی سەربەرزی ئەو شەهیدانە و گەلی کوردستان دەخوازین و هیوادارین بریندارەکانی ئەو کردەوەیەش تەندروستی خۆیان بە زووترین کات بەدەست بێنن. لەگەڵ ئەوەش داوا لە هەموو حیزب و لایەنە کوردی و گەلی کوردستان دەکەین لەو کاتە هەستیارەی کە رۆژهەڵاتی ناوین و گەلی ئیمە پێی تێپەر دەبێت بە ڕوحی یەکێتی و هۆشیاری نەتەوی حەڕەکەت بکەن و بۆ دووبارە نەبوونەوەی ڕووداو گەلێکی ئاوە، هەنگاوی جدی بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوی کوردستان هەلێننەوە.

کۆمەڵگای دیموکڕاتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان “کۆدار”

٢ی بەفرانباری ٢٧١٦ کوردی

٢٢ی دێسامبری ٢٠١٦ زایینی

هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر بارەگایەكی حزبی دیموكراتی كوردستان شەرمەزار دەكەین
22.12.2016

شەپۆلی توند و تیژی و تیرۆر لەرۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەت كوردستان لەپێناو چەوساندنەوەو سەركوت كردن و تۆقاندنی ئیرادەی ئازادیخوازی گەلانی ناوچەكە و بە تایبەت گەلی كورد لەسەرجەم بەشەكانی كوردستان لەپەرەسەندایە. ئەو شەپۆلە تیرۆرەی ناوچەكەی گرتووەتەوە مەترسییەكی جددییە بۆ سەرجەم هێزە ئازدیخوازەكانی جیهان و ناوچەكە. ئەو هێز و دەوڵەتانەی كە ئەمڕۆ پاڵپشتی تیرۆر و توندوتیژی لەناوچەكەدا دەكەن سام و ترسێكی مەزن یان لەتێكۆشانی رەوا و دیموكراتیكی گەلی كورد هەیە، تایبەت رۆژنامەنووسان، سیاسەتمەداران، پارێزەرانی مافی مرۆڤ و چالاكانی سیاسی، پێشمەرگە و گەریلا تێكۆشەرەكانی گەلی كورد كەوتوونەتە بەر ئامانجی ئەو هێرشە تیرۆریستیانە.

شەوی سێشەممە رێكەوتی 20ی دسامبر هێرشێكی چەپەڵ كرایە سەر بارەگایەكی حزبی دیموكراتی كوردستان و بە دوو تەقینەوە پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستان بوونە ئامانج و بەداخەوە 5 پێشمەرگەو دوو ئەندامی ئاسایش شەهید كران و ژمارەیەكیش بریندار بوون. ئێمە ئەو هێرشە تیرۆریستییە شەرمەزار دەكەین و هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی ئەو شەهیدانەو حزبی دیموكرات دەردەبڕین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداربووەكان دەخوازین.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە سەرجەم پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەقۆناخە جیاجیاكاندا بوونەتە ئامانجی كردەوە تیرۆریستەكانی رژێمی داگیركاری كۆماری ئیسلامی ئێران و بە رێگای تیرۆرەوە بەردەوام ئاستەنگی لەبەردەم تێكۆشانی رەوای گەلی كورد دروست كردووە. بۆیە ئەو هەوڵە تیرۆریستیانەیە شەرمەزار دەكەین و بۆ مایەپووچ كردنی ئەو تیرۆرانە بانگی بە بەهێزكردنی تێكۆشان و یەکێتی نەتەوەیی دەكەین.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك)

2016/12/22

*ئێمەش وەک پلاتفۆرمی زاگرۆس ئەو هێرشە تیرۆریستییە بە توندی شەرمەزار دەكەین و هاوخەمی خۆمان بۆ بنەماڵەی ئەو شەهیدانەو حزبی دیموكرات دەردەبڕین. با بە خەباتی هاوبەش وەڵامی هیرشی ترۆریستانەی داگیرکەرانی کوردستان بدەینەوە.

Related posts