هاوپەیمانێتیەکی نوێی کۆمەڵایەتی یان ڕۆحانی و تیرۆری نوێ لە کوردستان

هاوپەیمانێتیەکی نوێی کۆمەڵایەتی یان ڕۆحانی و تیرۆری نوێ لە کوردستان
25.12.2016

شێرزاد کەمانگەر

ئێران بەرەو هەڵبژاردنێکی نوێ دەچێ و حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماریش باسی هاوپەیمانێتیەکی نوێی کۆمەڵایەتی دەکات. ئایا ڕاستە، یان زۆرتر ڕیکلامێکە بۆ هەڵبژاردن؟ ئەگەر ڕاستە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی ئێران؛ چ گەل و چ پێکهاتەکانی گۆمەڵگا و ئاینی، لەناو ئەم هاوپەیمانێتیە نوێیەدا بتوانن بەشدار بن و چارەنوسی خۆیان دیاری بکەن. تەنانەت پێویستە هێزە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکانیش بەشداری ئەو سەرەتایە ببن. بێگومان ئەگەر پەیڕەوی ڕێسا بکەن. بەڵام ئەگەر ڕیکلامێک بێت ئەوا پێویست بە بەشداری و گفتوگۆش ناکات، هەروەک ئەوەی تا ئێستا بەڕێوە چووە. بەڵام هەموو جارێک ڕژێم هەوڵی داوە کە بە گرتنە بەری ڕێبازی نوێ گەلی ئێران بەرێتە سەر سندوقی دەنگدان. بەڵام ڕاستیەکە شتێکی تر نیشان دەدات. یەکێک لە کێشەکانی ناوخۆی ئێران کە تا ئێستاش بێ چارەسەری ماوەتەوە ئەویش کێشەی گەلانە. گەلی کوردیش یەکێک لەو گەلانەی ڕۆژهەڵاتی ناوینە کە تا ئێستاش سەری بۆ هیج داگیرکەرێک نەوی نەکردووەو لەڕۆژگاری ئەمڕۆشدا یەکێک لە خاوەن ڕۆڵە سەرەکیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینە. هەربۆیە بەردەوام ڕوو بەڕووی هێرش و پەلامار بۆتەوە. لە ڕەوشێکی وەهادا کە لەلایەکەوە باسی هاوپەیمانێتی نوێی کۆمەڵایەتی دەکەن و لەلایەکی تریشەوە لە یەکەمین شەوی زستاندا دوو تەقینەوەی تیرۆریستی لەدژی ئۆفیسی دەفتەری سیاسی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) پێک هات و لەئەنجامدا شەش کەس شەهید بوون. بۆچی ئێستا، بۆچی ئەو شەوەو بۆچی حیزبی دیموکراتی کوردستان؟!!

لەشەوێکدا کە ساڵوەگەڕی لەدایک بوونی د. قاسملۆیە ئەو هێرش ئەنجام درا. وەک دەزانرێ د. قاسملۆ یەکێک لە سیاسەتمەدارانی کوردی ئۆپۆزسیۆنی ڕژێم بوو کە دەیویست لەدوای ساڵانێک تێکۆشانی چەکداری کێشەی کورد بەڕێبازێکی دیموکراتیک چارەسەر بکات. بەڵام لەسەر مێزی گفتوگۆ لەلایەن ڕژێمەوە شەهید کراو ڕژێم بەو شێوەیە وەڵامی گفتوگۆی دایەوە.

بەڵام ئێستا لەو ڕەوشەدا بۆچی حیزبی دیموکرات کرایە ئامانج؟ ئەوەش پێویستی بەوە هەیە بیری لێ بکرێتەوە، بۆچی؟ لە دوو ساڵی ڕابردوودا وەکو بەڕێز خالید عەزیزی سکرتێری (حدک) وتی زۆر کەس هەوڵیان دا چاوپێکەوتن و چارەسەری لەگەڵ ڕژێم بەڕێگایەک دەست پێ بکات! زۆرجاریش ڕایان گەیاندووە کە نایانەوێ ڕژێمی ئێران هەڵوەشێننەوە، یان پێشتر دەیانوت سەردەمی شەڕی چەکداری نەماوە.

پرسەکە ئەوەیە بۆچی حیزبێک کە نایەوێ ڕژێم تێک بچێت و باوەڕی بە دیالۆگ و ڕەوایەتی ڕژێم هەیە دەکرێتە ئامانج؟
بێگومان ئەگەر ڕژێمی ئێران ئەو کردەوە تیرۆریستیەی ئەنجام دابیت پەیام بۆ (حدک) ئەوەیە کە لە ڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەرەکەتان کە دەیویست ئاشتی و دیالۆگ بکات دووبارەی دەکەنەوە کە ئەوان نە بۆ دیالۆگ و نەبۆ چارەسەری ئامادە نین. لە شەوی زستانیشدا وتیان ئێمە ڕێگا نادەین کۆبوونەوە لەدەوری ئێوە دروست بێت. هەروەها وتیان کە ئەو کەسانەی لە ناو ڕێکخستنە کوردیەکاندا زۆرتر باوەڕیان بە دیالۆگ هەیە، ئێمە بۆ ئینکار کردنی ئەوان هەزار جار کردەوەی هەرە چەپەڵ ئەنجام دەدەین. دەڵێ لەهاوپەیمانێتی نوێدا تۆ نیت. نە لەگەڵ گەلان و نە لەگەڵ ئەو هێزانەی دەیانەوی ئێمە بشکێنن گفتوگۆو دانیشتن ناکەین. لە هاوپەیمانێتیدا تەنها گەلێک کە ئێمە دەمانەوێت و ئەوەی ئێمە دەیڵێین ئەوانیش ئەنجامی دەدەن، ئێمە ڕێگا دەدەین بەشدار بن.

ڕاستیەکە ئەوەیە تاکە ڕێگایەکی چارەسەری یەکگرتنی هێزە کوردیەکان و جێ گرتن لەناو هاوپەیمانی و ڕێککەوتن و دروست کردنی بەریەکی هاوبەشە بەرامبەر ڕژێمی ئێران. ئەوەی کە ئێستا هەڕەشە لە پارتە ڕۆژهەڵاتیەکانیش دەکات ئەوەیە کە ئەوەی بەسەر موجاهیدینی خەلق هات بەسەر ئەوانیشدا بێنن. لەبەر ئەوەی ئێستا ئیتر موجاهید وەک سنور بۆ ئێران کێشە نیەو بەهاوکاری عیراق و ئەمریکا، بە هێرش و کۆمەڵکوژیەکی زۆر هەموویان بۆ ئەلبانیا گواستنەوە. ئەو ڕەوشەی ئێستا ئەگەر بۆ وڵاتێکی تریش نەبێت ئەگەری زۆرە ڕوو بەڕووی مەترسی کۆمپلۆو ڕێکەوتنی نهێنی ببنەوە.
تەنها ڕێگای چارەسەری بۆ گەلی کورد و ڕزگار بوون لەو ڕەوشە، یەکگرتنی هەموو پارت و ڕێکخستنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەهەمان کاتدا پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەییە تا هیچ کەس و حیزبێک نەبنە قوربانی سیاسەتی حیزبێکی تر.

YENİ ÖZGÜR POLİTİKA

Related posts