کۆمەڵگەی دیموکراتی ئازادی ڕۆژهەڵات (کۆدار)، پشتیوانی ڕۆژهەڵاتی بۆ شەنگال ڕاگەیاند.
کۆدار ئەمڕۆ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردوە کە گەلی کورد گیانفیدایی و خەباتی زۆریان کردوە لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و دیموکراتی، هەر شوێنێکی کۆبانێ و شەنگال و سور و جەزیرە، بە خوێنی شەهیدان ڕەنگین بووە، بوەتە سیمبۆلی بەرخۆدان.
لە سەرەتای بەیاننامەکەدا هاتووە:”دوای سەرکەوتنی شۆڕش لە ڕۆژئاوای کوردستان، کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان لە شەنگال، داستانی کۆبانێ و بەرخۆدان و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی لە شارەکانی باکوری کوردستان، خەڵکی کورد زۆرتر لە جاران سوورە لەسەر یەکبوونی نەتەوەیی و تێکۆشان لە دژی داگیرکەران و ناپاکان”.
هەروەها ئەوەش هاتووە کە:”خەڵکەکەمان گیانفیدایی و ڕەنجی زۆری داوە لەپێناو ئازادی و دیموکراتی، هەر شوێنێکی شەنگال، کۆبانێ، سوور و جزیرە، بەخوێنی شەهیدان ڕەنگین بووە و بوەتە سیمبۆلی بەرخۆدان، هەربۆیە گەلەکەمان هیچ جۆرە دەستدرێژیی و خیانەت و داگیرکارییەک قبوڵ ناکات بۆسەر ئەو بەهایانە کە بە خوێن و ڕەنجی خۆی بەدەستی هێناوە”.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە کە:”رژێمی تورکیا بە هەموو توانایەکییەوە خۆی بۆ قڕکردنی گەلی کورد ئامادە کردوە، دوای شکستخواردنی داعش، ئێستاکە ڕاستەوخۆ لە دژی باشور و فیدرالییەتی دیموکراتی باکوری سوریا جاڕی شەڕی داوە و هێزەکانی هێناوەتە ناو خاکی باشور، لەم چوارچێوەیەشدا، پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق، کە بە ئاشکرا دژایەتیکردنی خۆی لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕاگەیاندووە و لە ڕۆژی ڕووناکدا شەنگالی بە چەتەکانی داعش فرۆشت، هێشتاکە هێز دەبەخشێتە تورکیای فاشیست”.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە:”لە ساتێکدا کە زەرورەتی یەکێتی نەتەوەیی کورد لە هەموو کاتێک زیاتر خراوەتە بەرباس، لەم چوارچێوەیەدا هەوڵی تازە لەلایەن پارت و لایەنە سیاسییە کوردەکان دەستپێکردبوو، هێرشەکانی ناپاکانەی چەتەکانی پارتی بەناوی پێشمەرگەی ڕۆژئاوامان بینی لە شەنگال، ئەو چەتانەی کە لە لایەن هێزەکانی تورکیای داگیرکەرەوە ڕاهێنانیان پێ کراوە، هاوشێوەی داعش، هێرشیان کردە سەر خەڵکی خانەسۆر و هێزەکانی بەرگری شەنگال(یەبەشە)”.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە:”هاوکاتبوونی هێرشی ئەو چەتانە لەگەڵ دیدارەکانی بارزانی و ئەردۆغان، نیشانی دەدات کە پارتی و ئەنەکەسە، بە تەواوی بوونەتە داردەستی سیاسەتی کوردکوژانەی ڕژێمی فاشیستی تورک، هێرشەکەی ئەو هێزانە، هێرشێکە بۆ تەواوکردنی کۆمەڵکوژی نیوەناچڵی ئێزدییەکان کە داعش نەیتوانی کامڵی بکات، ئەوەش بۆ ئێمە بەمانای هێرشکردنە بۆ سەر کوردستان و بەها نەتەوەیی و دیموکراتییەکانی گەلەکەمان”.
هەروەها ئەوەش هاتووە کە:”ئەو ڕەفتارەی چەتەکانی ژێر کۆنترۆلی ئەردۆغان و بارزانی، بە هاوشێوەی ڕەفتارە دڕندانەکانی داعش لە شەنگال دەژمێرین و بە تووندی مەحکومی دەکەین، شەنگال و ئێزیدییەکان سیمبۆلی بەرخۆدان و بەها مێژوییەکانی کوردستانن و هێرشێکی لەم شێوەیە ناپاکییە، بەهیچ شێوەیەک لەلایەن گەلی کورد بێ وەڵام نامێنێتەوە، سڵاو دەنێرین بۆ بەرخۆدانی خەڵکی ئێزیدی لەبەرامبەر ئەو هێرشانە و ڕایدەگەیەنین کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لە پشتتانە و پشتیوانیتان لێ دەکەین”.
لە رۆژنیوز وەرگیراوە