کۆدار: ساڵی تازە دەکەینە ساڵی پەرەپێدانی هەمەلایەنەی تێکۆشان
کۆمەڵگەی دیموکرات و ئازادی ڕۆژهەڵات – کۆدار، ڕایدەگەیەنێت کە، ساڵی تازە دەکەنە ساڵی پەرەپێدانی هەمەلایەنەی تێکۆشان.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، کۆمەڵگەی دیموکرات و ئازادی ڕۆژهەڵات – کۆدار، بەبۆنەی هاتنی نەورۆز و ساڵی تازەوە، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا وێڕای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز و ساڵی تازە، هێز و لایەنە سیاسییەکان بانگهێشت دەکات بۆ هاوڕایی و یەکگرتن و دانوستانی سیاسی.
بەیاننامەکە بەمجۆرە دەستپێدەکات و نووسراوە:”بەهار و ئازادی، دوانەیەکی لەیەک دانەبڕاون، جۆش و خرۆشی هاتنی بەهار، هەستێکی مرۆڤە بۆ حەزی نوێبوونەوە، وەرچەخان و گۆڕان، خاڵی بەرامبەر بەهار و خاڵی بەرامبەر ئازادیش، وەستان و مەرگ و خامۆشبوونە، هەربۆیە تێکۆشان لە ڕێگای وەدیهێنانی (ژیانێکی ئازاد)، هاوبەهای ململانێ لەگەڵ مەرگ، ململانێ لەگەڵ مەرگ و ململانێیە لەگەڵ لەناووچوون”.
وەکو لێکدانەوەیەکیش بۆ ساڵی ڕابردوو، کۆدار نووسیوەتی:”ساڵی ڕابردوومان تێپەڕاند، ئەگەرچی ئەو ساڵە ژیانێکی ئازاد و دیموکراتی بۆ ڕۆژهەلات لەگەڵ خۆیدا نەهێنا، بەڵام لە هەموو بوارەکاندا، هەوڵ و کۆششی گەلی کورد و گەلانی ئێران بۆ گەیشتن بە ژیانێکی شەرافەتمەندانە و بۆ وەدەستخستنی ماف و ئازادییەکانیان، بەبێ وەستان بەردەوام بوو”.
سەبارەت بە حکومەتی ئێران، کۆدار لە بەیاننامەکە ئاماژە دەکات:”حکومەتی ئێران نەک تەنیا هەوڵی نەدا کە گۆڕانکارییەک لە زەین و تێڕوانینەکانی خۆی بەرامبەر (پرسی کورد) و (پرسی بەدیموکراتیکردنی ئێران) وەدیبهێنێت، بەلکو بۆ لاوازکردنی توانای وروژاندنی دیموکراتی لە کوردستان، ئێران و ناوچەکە، درێغی لە هیچ هەوڵێکی خراپکارانە ناکات”.
ئەوەش هاتووە:”لەو ساڵەی کە ڕابورد، دەستکەوتی مێژوویی و کارەساتی ڕاچڵەکێنەریشمان تاقی کردەوە، گەرمیی و جۆشی سەرکەوتنی مەزنی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا و دروستبوونی (فیدرالیەتی باکوری سوریا) دەستکەوتێکی هاوبەش بوو بۆ هەموومان و هێزە ئازادیخواز و دیموکراتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ناوچەکەش، ئەو دەستکەوتانە بەهرەبەخشی پەرەپێدانی تێکۆشانی ئێمەشە”.
لە بەیاننامەکەیدا، کۆدار ئاماژەی بەوەش کردوە کە:”هاوتای ئەو سەرکەوتنانە، شکستپێهێنانی تیرۆریستانی داعش لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنان، هێزەکانی سوریای دیموکراتی و پێشمەرگەکانی باشووری کوردستان، سەرنجی هەموو خەڵکی جیهانی ڕاکێشا بۆ ئەو پرسەی کە خەڵکی کوردستان و هاوپەیمانەکانی، نەک تەنیا خۆیان لەبەرامبەر تیرۆریستەکان و وەدیهێنانی سیستمێکی دیموکراتی، خۆیان بە پابەندی وەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی و ئارامیی بۆ هەموو هەموو گەلانی ناوچەکە و خەڵکی جیهان دەبینن”.
هەروەها هاتووە:”کۆمەڵگەی دیموکرات و ئازادی ڕۆژهەڵات- کۆدار، بە هەستکردن بە بەرپرسیارییەتی مێژوویی، هەوڵیداوە بۆ هاوڕایی زیاتری لایەنە سیاسی و حزبەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان، ئەو هەوڵە ستراتیژییانە بەشێکی ئەو هەوڵانە بوون کە نەک تەنیا لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، بەڵکو لە هەرچوار پارچەی کوردستان هەیە، هەرچەندە وڵاتانی دژە کورد، بەتایبەتیش دەوڵەتی تورکیا، بەهەموو توانایانەوە هەوڵیان دا کە نەک تەنیا ڕێگە لە بەردەم وەدیهاتنی هاوڕایی کوردەکان بگرن، بەڵکو هانیان دەدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ یەکتر، ئەوەی لە شەنگال ڕوویدا، نمونەیەکی زیندووی ئەو هەوڵانەیە کە دەستێوەردانێکی بێشەرمانە بوو”.
سەبارەت بە ساڵی داهاتوو و پێشوازی لەبەهار کۆدار نوسیویەتی:”ئێستاکە دەچینە پێشوازی بەهار و نەورۆز کە گەلی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، هەروەک گەلانی تری ئێران، لە هەموویان زیاتر پێویستی بە ئازادی هەیە، هەم بارودۆخی ناوخۆی ئێران و هەم گۆڕانکاری ناوچە و نێودەوڵەتی، حکومەتی ئێرانی خستوەتە بەردەم ئەو دووڕیانە: یان هەڵسوکەوت لەگەڵ کوردەکان و هێزە گۆرانخوازەکان و دیموکراسیخواز و دەستپێکردنی بەهاری چارەسەری دیموکراتی لە ئێران، یانیش چوونەناو زستانێکی سەخت و قەیران و دووچاربوونی دۆخێکی هاوشێوەی سوریا، دۆخێکە کە سێبەرەکەی بەسەر ئێرانەوەیە”.
لە بەشێکی دیکەی بەیناننامەکەدا هاتووە:”کۆمەڵگەی دیموکرات و ئازادی ڕۆژهەلاتی کوردستان، مژدەی ئەوە دەدات کە ئەمساڵ، خوێنی تازە دەکرێتە شادەماری تێکۆشانی ئازایخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمەش، هەم پێویستییەکی ئێستایە و هەم زەرورەتێکی مێژوییە، ئێمە وەکو کۆدار، خۆمان پابەند بە پەرەپێدانی هەمەلایەنەی ئاستی تێکۆشانی ئازادیخوازانە لە ئێران و ڕۆژهەلاتی کوردستان دەزانین”.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا کۆدار بانگهێشتی رەوتە سیاسییەکانی کوردستان دەکات و دەنووسێت:”لەسەر ئەم بنەمایە، پیرۆزبایی هاتنی نەورۆز و دەستپێکردنی ساڵێکی نوێ لە گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان، گەلانی ئێران و ناوچەکە دەکەین, بانگەواز دەکەین بۆ هەموو خەڵک و ڕەوتە سیاسیەکانی کوردستان و ئێران و هێزە ئازادیخوازەکان و بانگهێشتیان دەکەین بۆهاوڕایی، یەکگرتن، هاوکاریکردنی یەکتری لەبارەی تەوەری (چارەسەری دیموکراتیانەی پرسەکان)، حکومەتی ئێرانیش بانگهێشت دەکەین بۆ دەستپێکردنی بەبێ ئاستەنگ دروستکردن بۆ (کرانەوەی دیموکراتی) و ئامادەکردنی زەمینەی سیاسی و مافپەروەری و چارەسەری سیاسی و دیموکراتی پرسی کورد، پرسی گەلان و کەمینەکانی ئێران”.
سەرچاوە: رۆژنیوز