هاوسەرۆکی کۆدار:نەورۆز بانگەوازی گەلەکەمان بوو بۆ دروستکردنی یەکڕیزی نەتەوەیی

هاوسەرۆکی کۆدار:نەورۆز بانگەوازی گەلەکەمان بوو بۆ دروستکردنی یەکڕیزی نەتەوەیی

هاوسەرۆکی کۆدار دەستنیشانی دەکات، کە نەورۆز و تەڤگەرى ئازادى بە شێوەیەک تێهەڵکێشى یەکن و جیا کردنەوەیان ئەستەمە، ئەوەش دەخاتەڕوو کە دوژمنانی گەلی کورد و دوژمنانی مرۆڤایەتی دەیانەوێت لە ناخى رۆژە پیرۆزەکانەوە گورز لە گەلی کورد و دەستکەوتەکانى بدەن، بەڵام گەلی کورد بە بەشداریکردنی لە نەورۆز بانگەوازی کرد بۆ دروستکردنی یەکڕیزی نەتەوەیی.

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت-دا بۆ ڕۆژنیوز، زیلان تانیا، هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکراتی و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)، پێشوازی و پیرۆزباییەکانی نەورۆزی ٢٠١٧ دەنرخێنێت و هاوکات هەڵوێستی کۆدار سەبارەت بە هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتى تورک و چەکدارانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان (عێراق) و هەروەها چەتەکانى داعش بۆ سەر گەلى ئێزدى لە ڕۆژانى نەورۆزدا دەدوێت.

زیلان تانیا لەم چاوپێکەوتنەدا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە تەنیا کۆنگرەی نەتەوەیی دەتوانێت یەکڕیزی و یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد لە هەموو جیهان و چوارپارچەی کوردستان دەستەبەر بکات.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

-نەورۆزى ٢٠١٧ چۆن دەنرخێنن؟

“گەل بە هەموو هێز و تواناى خۆیانەوە بەشدارییان تێداکرد”

زیلان: نەورۆزى ئەمساڵ قۆناغێکى نوێ بوو لە تێکۆشانى ڕزگارى خوازى گەلان-د، گەل بە هەموو هێز و تواناى خۆیانەوە بەشدارییان لە پیرۆز ڕاگرتنى جەژنى نەورۆز-دا کرد، ئەویش بە ماناى سەرکەوتنى تێکۆشانى ئازادى خوازییە، سەرەڕاى هەموو کۆسپێک کە بۆ رێگرتن لە باش بەڕێوە چوونى نەورۆز دروست کرابوو، دیسان لە ئاستێکى بێ وێنەدا بینیمان کە گەل لە هەر چوار پارچەى کوردستان و هەموو ئەو شوێنانەى کە گەلى کوردى تێدایە، پێشوازى لێکرد، ئەمەش پابەند بوونى گەلى کورد بە ڕەمزى سەرکەوتنى نەورۆزەوە نیشان دەدات و بانگەوازی گەلەکەمان بوو بۆ دروستکردنی یەکڕیزی نەتەوەیی.

-بەڕێوەچوونی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئەوە بوو کە ئێوە چاوەڕێتان دەکرد؟

“گەل بە پەنابردن بۆ گوندەکان ئەم پیلانەکەی ئێرانیان پوچەڵ کردەوە”

زیلان: سەرەڕاى ئەو ئامادەکارییانەى کە لە ئاستێکى بەرفراواندا بۆ بەڕێوەچوونى مەراسیمى نەورۆز کرابوو، چاوەڕوانیمان ئەوە بوو، کە لە هەموو شار و شارۆچکە و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتى کوردستان دا، پیرۆزبایى جەژنى نەورۆز بە شێوەیەکى زۆر جەماوەرییانەتر بەڕێوەبچێت، بەهەمان شێوە گەلى ڕۆژهەڵاتى کوردستانیش خۆى بۆ ئەوە ئامادە کردبوو، کە لە نەورۆزى ئەمساڵ دا شان بە شانى کوردانى باقى پارچەکانى کوردستان، یەکێتى، هاودەنگى و هاوبیرى خۆى بۆ سەرخستنى تێکۆشانى ئازادى دیار بکات، لە هەمان کات دا پەیامێکى سیاسى بۆ دوژمنانى گەلى کورد لە هەر چوار پارچەى کوردستان ڕابگەیێنێت، ئەوەى جێگاى سەرنجە ئەوەیە کە سەرەڕاى ئەوەى دەرفەت و دەستورى بەڕێوەبردنى نەورۆز لە ڕۆژهەڵات دا لەلایەن دەوڵەتى ئێرانەوە بە شێوەیەکى ئاشکرا لە گەل سەندرایەوە، بەڵام بەشێک لە گەل بە پەنابردن بۆ گوندەکان ئەم پیلانەیان پوچەڵ کردەوە، بۆ نمونە شار و شارۆچکە کانى مەریوان، سنە، سەقز، هەورامان، کرماشان و با‌قى ناوچە کانى تر و بوونە گۆڕەپانى هاودەنگى نەورۆزى کەرکوک، سلێمانی، قەندیل، عەفرین، کۆبانێ، وان و ئامەد.

-سەرەڕاى ئەو هەوڵانەى داگیرکەران، کە بە شێوازی جیاجیا دەیانەوێت جەژنى نەورۆز لە گەلى کورد تەنیا بکەن بە ڕۆژى گەشت و سەیران، پیرۆزکردنە جەماوەرییەکان چۆن دەنرخێنن؟

“ساڵ بە ساڵ ڕۆژانى جەژن دەبن بە ڕۆژى بەرخۆدان و سەرکەوتن”

زیلان: بێگومان دوژمنانى گەلى کورد بەردەوام بە سیاسەتى نکۆڵى و قڕکردن و هەروەها بە لاڕێدا بردنى رێورەسمە کلتورییەکان وەکو سەمبۆلیزە کردن و قەتیس کردنیان بە ڕۆژێک، هەموو چەشنە هێرشێکیان لە سەر گەل بەڕێوە بردووە، لە ڕێگاى ئەم سیاسەتانەشەوە هەوڵ دەدەن گەل لە مێژوو و فەرهەنگ و ناسنامەى خۆیان دوور بخەنەوە، خۆشبەختانە گەلى کورد قۆناغێکی دوور و درێژە لەم سیاسەتە تێگەیشتووە و پەرچەکردارى پێویست و سروشتى بەرانبەر داوەتەوە، بۆیە ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵ بە ساڵ ڕۆژانى جەژن دەبن بە ڕۆژى بەرخۆدان و سەرکەوتن، ئەوەى لەناو کۆڵان و شەقامى شارەکاندا ڕێگرى لێ دەکرێت، بە مەشخەڵى ئاگرى سەربانى گوندەکان و لوتکەى چیاکان وڵامى دەدرێتەوە، ئەمەش ئاستى هۆشیارى گەلەکەمان لە بەرانبەر ئەم چەشنە سیاسەتانەى دەوڵەتى ئێران نیشان دەدات و هەروەها هەوڵدانى گەیشتن بە سیستەمى خۆبەڕێوەبەرى دیموکراتییە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستاندا.

-وەک کۆدار چ پەیامێکتان هەبوو بۆ نەورۆزى ئەمساڵ؟

“هەنگاونان بەرەو یەکێتى نەتەوەیى”

زیلان: پەیاممان هاودەنگى و هاوبیرى لە تێکۆشاندا و هەنگاونان بەرەو یەکێتى نەتەوەیى لە مەراسیمى بە شکۆى نەورۆز دا بوو، هەروەها بە ڕۆ‌حى نەورۆزەوە، پێشوازى لە هاوبیریی و پێکەوەژیانى گەلانى ئاریایى بە تایبەت هەموو ئەو ڕەنگ و نەتەوانەى کە لە ئێراندا دەژین بکرێت، گەلەکەمان بە وەرگرتنى ئەم پەیامە بە جلوبەرگى نەتەوەیى و ڕەنگى خۆى پێشوازییەکى گەرمى لە پەیامەکەمان کرد و بەم ڕەنگە ئامادە بوونى خۆى بۆ هەڵهێنانى هەنگاوى نوێى شۆڕش دەربڕى.

-کاریگەرى تێکۆشانى تەڤگەرى ئازادى لەسەر نەورۆز و کاریگەرى نەورۆز لەسەر تەڤگەرى ئازادى چى دەبێت؟

“تێهەڵکێشى یەکن، جیاکردنەوەیان ئەستەمە”

زیلان:خواستى ئێمە زیندووکردنەوەى ڕۆحى خۆڕاگریی، تێکۆشان و ئازادیى گەلانى ئاریایى بە تایبەت گەلى کوردە لە نەورۆزدا، ئەو کاریگەرییانەى کە نەورۆز و تەڤگەرى ئازادى لە سەر یەکى دادەنێن بە شێوەیەک تێهەڵکێشى یەکن، کە جیاکردنەوەیان ئەستەمە، نەورۆز هەمیشە تێکۆشان و قارەمانێتى ئەو کەسانەمان بە بیر دێنێتەوە، کە بۆ ئازادى گەلەکەیان چاویان لە هەرشتێکى خۆیان پۆشى و مەشخەڵى تێکۆشانیان بە ئاگرى ڕۆح و جەستەى خۆیان هەڵکرد، بۆیە هەر ساڵ سوێند و پەیمانێکمان پێ نوێ دەکاتەوە و ڕێگاى ڕزگاریى گەلمان بۆ ڕۆشن دەکاتەوە.

– بە تایبەت لە ڕۆژانى دەمە و نەورۆزدا بە زۆر شێوازى جیاجیا هێرش دەکرێتە سەر گەلى کورد، ئەمساڵیش بە هەمان شێوە کۆمەڵێک چەکدار لە ژێر ئاڵاى حکومەتی هەرێمى کوردستان و لەلایەکیش چەتەکانى داعش پەلامارى ئێزیدخانیان دا و بەردەوامن، زیاتر لە ٥٠ کەسى مەدەنى و شەڕڤانى ریزەکانى پاراستنى ئێزیدخانیان شەهید و بریندار کرد، ئەمە چۆن خوێندنەوەی بۆ دەکرێت؟

“هێرشەکان هەزم نەکردنی شادی دڵی گەلە”

زیلان: وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد، نەورۆز ڕۆژى سەرکەوتنى ڕووناکییە بە سەر تاریکى دا، سەرکەوتنى ئازادى خوازانە لە بەرانبەر زوحاکەکانى سەردەم-دا، بۆیە ئەو هێرشە دڕندانانەى کە لە ڕۆژانى جەژنى گەل دا بۆ سەر خەڵکى مەدەنى بە ڕێوە دەچێت، هیچ نییە جگە لە هەزم نەکردنى ئەو گەشانەوە و شاییەى کە لە دڵى گەلدایە، لە ڕاستیدا دەیانەوێت لە ناخى ڕۆژە پیرۆزەکانەوە گورز لە گەل و دەستکەوتەکانى بدەن، بە تایبەت هێرشەکانى ئەم دواییەی دەوڵەتى تورک بە پێشەنگایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان-عێراق و هاوکات چەتەکانى داعش بۆ سەر گەلى ئێزدى لە ڕۆژانى نەورۆزدا جارێکى تر ئەم راستیە ئاشکرا دەکات، هەروەها لەکاتێکدا کە تا ئێستاش چارەنووسی بەسەدان و بگرە بە هەزاران ژنی ئێزیدی دیار نییە، تیرۆکردنی ژنانی ئێزیدی و رۆژنامەنووسان و بەتایبەتیش رێز دانەنان و بگرە سوکایەتیکردن بە دایکانی ستەمدیدەی ئێزیدیخان جێگەی گومانە، ئەمە کارێکە دوژمن هەمیشە و بە هەموو شێوە و شێوازێک خوازیار و هەوڵدەری بووە، بەتایبەتیش تیرۆرکردنی ژنێک کە لە دەستی داعش ڕزگاربووبوو، چییە ئەگەر پێکانی ئامانجێک نییە کە ئەو تیرۆریستانە هەیانبوو، بۆیە دووپاتی دەکەمەوە کە ئەم کردە و ڕەفتارانە جێگەی گومانن.

-ئێوەش وەک لایەنێک کە لە سەرەتاى هێرشەکانى داعش دا هێزتان بۆ پاراستنى گەلی باشورى کوردستان ڕەوانە کردبوو، لە بەردەوامى ئەو هێرشانەدا چى دێتە ئاراوە؟

“ئامادەین پارێزگارى لە خەڵکی ئێزدى و شەنگال بکەین”

زیلان:ئێمە وەک کۆدار ئازادى گەلى رۆژهەڵات لە بەدى هاتنى ئازادى گەلەکەمان لە پارچەکانى تر دا دەبینین بۆیەش هەر چەشنە هێرشێک کە لە سەر گەلەکەمان لە پارچەکانى تر بەڕێوەبچێت، وەکو هێرش لەسەر خۆمان دەیبینین، لە هەمانکاتدا داگیرکردنى هەر پارچەیەکى کوردستان بۆ ئێمە وەکو داگیرکردنى ڕۆژهەڵاتى کوردستانە، کوردستان یەک جەستەیە و پاراستنى وەکو ئەرکى ویژدانى و ئەخلاقى هەر تاکێکى کوردە لە هەر جێگایەک لە دونیا دا، لەم ڕووەوە ئێمە ئامادەین بە هەموو هێز و تواناى خۆمانەوە پارێزگارى لە خەڵکی ئێزدى و شەنگال و هەر ناوچەیەکى ترى کوردستان بکەین.

-ئێوە دەڵێن لە قۆناغێکى وەها هەستیار و چارەنوس سازدا پێویست بە یەک دەنگى و یەک ڕیزى هێزە کوردى و دیموکراتییەکان هەیە، بانگەوازیتان چیە؟

” پێویستى بە هەوڵدانى خێرا و کارامە هەیە لەم بوارەدا”

زیلان:گەلى کورد هەردەم پێویستى بە دروستکردنى بەرەیەکى نەتەوەیى هەبووە بۆ پارێزگارى کردن لە خۆی، ئەم کارە زۆر لەمێژتر پێویست بوو بەڕێوە بچێت و تا ئێستاش زۆر درەنگ ماوەتەوە، ئەگەر یەکگرتنێکى نەتەوەیى لە نێوان کوردان دا هەبوایا بێگومان هیچ هێزێک زەفەری بە گەلەکەمان نەدەبرد و هەوڵی سازاندنی زەمینەی هێرش هێنان بۆ سەر گەلەکەمانی نەدەدا، ئەوەى جێگەى بایەخە ئەوەیە، کە چیدى مۆڵەت نەدەین بە پەرتەوازەکردنمان تا هەوڵ بۆ لە ناو بردنمان بدرێت، هەتا ئێستاش لە بابەتی یەکگرتنى نەتەوەیى-دا ئێمە زۆر درەنگ ماوین و پێویستى بە هەوڵدانى خێرا و کارامە هەیە لەم بوارەدا، هەروەها بە یەک دەنگى و بە یەک ڕیزیێک، کە تەنیا بە بەستنى کۆنگرەى نەتەوەیى دەتوانێت دەستەبەر بکرێت ڕێگە لە سەرکەوتنی خەتى خیانەت و بوونە دەستەمۆى دوژمن بگیردرێت، بێ گومان کۆنگرەى نەتەوەییە ڕێگە لە کارەساتەکانى شەنگال و خیانەت لە تێکۆشانى پارچەکانى تر دەگرێت.

سەرچاوە: ڕۆژنیوز – هەژار ڕێبین

Related posts