حکومەتێک نەتوانێت بژیوى ژیانى کرێکاران دابین بکات، چۆن باسی مافەکانى مرۆڤ دەکات

حکومەتێک نەتوانێت بژیوى ژیانى کرێکاران دابین بکات، چۆن باسی مافەکانى مرۆڤ دەکات

لێدوان1396/2/14
پەیامی کۆدار سەبارەت بە گیان لەدەستدانی هەژمارێک لە کرێکارانی کانزای ئازادشار

کرێکار، وەک کەسانی خاوەنی زیاترین رەنج و بێ مافترین کەس لە سیستەمی دەوڵەتاندا، لە هەر شوێنێک بن مۆرکیان بە ژیانی کۆمەڵگاوە دیارە. هەر کرێکاریشن بە رەنجی خۆیان کۆمەڵگە دەژیێنن. لەبەرامبەریشدا هەر سیستەمی دەوڵەتگەرا و دەسەڵاتگەرایە کە کرێکاران وەکو کۆیلە و خزمەتکاری سیستەمەکەیان بەکاردێنن. لەکاتێکدا کرێکار و رەنجدەر هەرگیز بە مافی رەوای خۆیان نەگەیشتوون، هەر لەلایەن خودی سیستەمی سەرمایەداری و پەیڕەکارانییەوە بەردەوام وەک ئەمرازێکی گەیشتن بە بەرژەوەندییە تەسک دوور لە ئەخلاقییەکانی خۆیان خەرجیان کردوون. هەر کرێکارانن لەلایەن سەرمایەدارانەوە تووشی زیاترین چەوسانەوە دەکرێن و هەر دەوڵەتیشە چاو لە هەموو جۆرە هێرشێکی سەر کرێکاران و رەنجدەران دەپۆشێت. ئەمە چ جای باسکردن لە ئازادى و دیموکراسى و یەکسانییەکانیان کە تەنیا جێگەی گومان و پرسیارن و هیچی تر.

جێگەی داخێکی گەورەیە رۆژ نییە هەواڵى دڵتەزێنى بێکارى و دەرکردنى کرێکاران و لەسەرووی هەمووشیانەوە وەک مرۆڤ مامەڵە نەکردن لەگەڵیان بەر گوێ دەکەوێت. لەویش بە ئێش و ئازارتر کرێکار لەلایەن رژێمە دەسەڵاتدار و دەوڵەتپەرستەکانەوە کراون بە ئامرازی سیاسەت لەسەر کردن، هەموو بەرەو مەرگیان دەبەن و هەم سیاسەتیان لەسەر دەکەن. لەبەرامبەریشدا بە هەموو جۆرێک دەنگى نارەزایەتی کرێکاران و خەمخۆرانیان کپ دەکرێت و خۆپێشاندانەکانیان بۆ گەیشتن بە مافەرەواکانیان سەرکوت دەکرێت. سیستەمی سەرمایەداریش دروستکردنی بێکاری و سوپای بێکاران و خۆژیاندن لەسەر کرێکار نەبێت دیارە هیچی بۆ نامێنێتەوە کە خۆی لەسەر بژیێنێت.

رۆژى چوارشەممەی رابردوو هەواڵى تەقینەوە لە کانزایەک لە شارى “ئازادشار”ى سەر بە پارێزگاى “گوڵستان” دڵى هەر مرۆڤێکى خاوەن ویژدان و ساحێب شەرەفى سووتاند، کە بوویە هۆى گیانى لەدەستدانى ٣٥ هاوڵاتى و بریندار بوونى هەژمارێکى تر. بێ گومان جارێکى تر نووکى پەیکان ئەو کارەساتە حکومەت و دەوڵەتى ئێران دەگرێتەوە کە بەردەوام باس لە مافى هاوڵاتى بوون و مافەکانی مرۆڤ دەکات. ئەمەش هیچ پەردەیەک لەسەر ئەو راستییە ناهێڵێتەوە کە رژێمی ئێران هێندەی پەڕەپووشێک نرخ و بەهاى مرۆڤایەتى نازانێت. تەنیا بەشێوەیەکی دوور لە رەوشتی مرۆیی لە چوارچێوەی دیبەیتەکانی هەڵبژاردنەکانیش دا بەردەوام بەناوى خەڵک موزاییدە دەکەن و خۆیان دەمڕاستى موستەزعەفان و هەژاران دەزانن. گەلۆ چۆن دەبێت لە ناو حکومەتێک کە رێژەیەکی زۆری هاوڵاتیانی لە نێو گەورەترین شێواز و سیاسەتی چەوساندنەوە و سەرکوتکاری و کوشتاری زیهنی و ئەخلاقیدا دەژین؛ باس لە یەکسانى و ئازادى و هاوڵاتى بوون بکرێت؟ ئەمەیە گومانە گەورەکە.

هەر لێرەوە وەک کۆمەڵگاى دیموکراتیک و ئازادى رۆژهەڵاتى کوردستان “کۆدار”، پرسە و سەرەخۆشى خۆمان ئاراستە بنەماڵەى گیانبەختووان دەکەین. بەهەر شێوازێک بێت، خۆڕێکخستنی ناوخۆی کرێکاران و رەنجدەران بە ئەرکی سەرەکی خۆمان و هەموو لایەک بەتایبەتی و سەرجەم کرێکار و رەنجدەران دەزانین. کۆمەڵگا ناچارە بە شێوازی خۆڕێکخستنی مەدەنییانە لە دژى زوڵم و نایەکسانى راوستن و داواى مافە رەواکانى خۆیان بکەن.

هەر لەسەر ئەو بڕوایەین کۆمەڵگا ناچارە ئابورى چنگى دەوڵەت دەربهێنێت، هەموو جۆرە رەنج و بەرهەمێکی رەنجی مرۆڤ بکرێت بە موڵکی گشتی، تا گەل بتوانێت بۆ خۆی لەسەر بناخەی ژیانی کۆمیناڵی و دیموکراتی کار بکات و بەرهەمى رەنج و تێکۆشانى خۆی بۆ بگەڕێتەوە. نەک چەند سەرمایەدار و رەنج خۆر و دەسەڵاتپەرستێک لەسەر خوێنی ئەمان خۆی بژیێنێت. کرێکاران تەنیا و تەنیا بە یەکێتى و رێکخستنى ناوماڵى خۆیان و بە بەشداریبوون لە هەر رێکخراوەیەکی مەدەنی دەتوانن بە مافەرەواکانیان بگەن، ماف گەلێک کە رژێمی دەسەڵاتپەرست و دەوڵەتپەرست زیاترین ترسێکیان لە وەدەنگهاتنیان هەیە، و هەروەها کۆمارى ئیسلامى ناچاری گوێ شلکردن بکەن.

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی وکوردستان “کۆدار”

١٤ی بانەمەڕی ٢٧١٧ی کوردی

٤ی مەی٢٠١٧ زایینی

Related posts