شەهیدانی 9-ی گوڵان بوونە پێنوسێکی نوێ و ڕۆمانی ئەڤینێکی بێ کۆتاییان نووسی

شەهیدانی 9-ی گوڵان بوونە پێنوسێکی نوێ و ڕۆمانی ئەڤینێکی بێ کۆتاییان نووسی

ئارین زانا

لەگەڵ پێشکەوتنی دەسەڵاتداری و دروست بوونی چینایەتی،هەمیشە لەبەرامبەر زۆرداری چینی سەردەست ناڕەزایەتی و دەنگ هەڵبڕین پێش کەوتووە. خودایانی دەسەڵات بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگا بەم شێوەیە کە خۆیان ئەیانهەوێ دیزاین بکەن،باشترین ڕێگەیەک کە بینیویانە پڕکردنی مێشکی کۆمەڵگا بە ئیدۆلۆژی دڵخوازی خۆیانە وداپۆشینی ئەم ئیدۆلۆژییە بە ڕوکەشی فەرمانی خودایی بوون و موقەدەس بوون تا هیچ تاکێك نەتوانێت لەبەرامبەر ئەو یاسا و ڕێسا بەناو ئاسمانیانە دەنگ هەڵبڕێت، چونکە ملکەچ نەکردن لەبەرامبەر فەرمانی خودا واتا دژی خودابوون یان بە وتەی کۆماری ئیسلامی ئێران موحاریبە یان شەڕ لەگەڵ خودا.

بەڵێ! ئەوە پێناسەی هەموو ئەو کەسە ئازادیخوازانەیە کە ئەو نهێنیەی خوداکانی دەسەڵاتیان بۆ ئاشکرا بووە و لەبەرامبەر ئەو یاسا پوشاڵیانە سەرخەم ناکەن.

لە دوای ڕوخانی ئیمپراتۆری مادەکان، هەموو ئەو دەوڵەتانە وا لەسەر کوردستان دەسەڵاتیان بەڕێوە برد، هەر سیاسەتێکیان بۆ تواندنەوەی گەلی کورد لە ناو کلتوری خۆیاندا بەکارهێنا. تەنانەت کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئێستاش کورد وەک میلەتێکی بچووك ئەبینێ و هەوڵ ئەدات بە بەکارهێنانی ئەم پەیڤە لەناو ئەدەبیاتی سیاسی خۆیدا هەستی خۆ بچووک بینین لەناو تاکی کورددا پێش بخات. ئەو پارچە پارچە بوونە کە دوژمن هەوڵی داوە بە دابەش دابەش کردنی کوردستان پێشی بخات کاریگەری لەسەر تاکی کوردیش کردبوو و لە پارتییە کلاسیکەکان دا کاتێك کە باس لە تێکۆشینی نەتەوەیی دەکرا بە تەنها لە پارچەیەک سنووردار ئەمایەوە.

بە دەرکەوتنی تەڤگەری ئاپۆچی کە بنگەی سەرەکی تێکۆشانی نەک تەنها بۆ پارچەیەک، یان تەنانەت بۆ کوردستان، بەڵکوو بۆ هەموو ناوچە و بۆ هەموو مرۆڤایەتییە ئیدی ئەو پارچە بوونە زێهنییە کە دوژمن لە زێهنی ئێمەی کورددا ئاوای کردبوو تێک شکا وهەر کادرێکی ئەم ڕێکخستنە بە زانا بوون و وشیاری خۆی بووە چقڵی چاوی داگیرکەران.

کاتێک دەسەڵات داران ئەبینن کە ئیدۆلۆژی دڵخوازیان کە ئەیانەوێ تەزریقی کۆمەڵگای بکەن،کاریگەری نیە، بۆ بێدەنگ کردنی دژبەرانیان و بۆ ئەوەی کە کەسانی دیکە وشیار نەکەنەوە، بەندیخانە دروست دەکەن و دژبەرانیان لە سێدارە دەدەن.

بەڕاستی فەلسەفەی دروست کردنی زیندان چیە؟

بە خستنە ناو زیندانی ئازادی خوازان چی دەبێ؟

ئایا سێدارە ئەتوانێ دەنگی ناڕەزایەتی بێدەنگ بکات؟

زیندان یان بەندیخانە لە ڕوانگەی زۆردارانەوە شوێنێکە بۆ شکاندنی ئیرادەی تاک. مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و ژیانی لە دەرەوەی کۆمەڵگا هیچ واتایێکی نامێنێ، جا لەبەرئەوەش زیندان جێگایەکە بۆپچڕاندنی تاك لە کۆمەڵگا و بەو شێوەیە تێکشکانی ئیرادەی. دەسەڵاتداران وا بیردەکەنەوە بە لەسێدارەدانی کەسانی ئازادی خواز ئەتوانن ڕێگە لە بڵاو بوونەوەی بیر و بۆچونەکانیان بگرن و بە لەناو بردنی جەستەی، فکر و ڕامانی ئەوان لە ناو ببەن و بەو شێوە ڕۆحی ئازادی خوازی لە ناو کۆمەڵگادا لە ناوببەن.

کۆماری ئیسلامی ئێران کە کەوتۆتە دوایین پەلەقاژەکانی پێش مردنی، بە لەسێدارە دانی تێکۆشەرانی کورد لە ٩ گوڵانی ٢٠١٠ ویستی هێز و ئیرادەیەك کە لەناو گەلی کورددا پێش کەوتبوو بڕوخێنێ و تۆڵەی خۆی لە گەلی کورد بکاتەوە کە لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنیەوە لە بەرامبەر زۆرداری و سەرکوتکاریەکانی بێدەنگ نەبوون و لە هێڵی پێشەوەی تێکۆشاندا جێیان گرت.

ئەوەی کە وای کرد ناوی شەهیدانی٩ گوڵان چوارچێوەی دیوارەکانی ئێڤین بشکێنێ و تا ئەمەریکای لاتین و چین و ئەفریقا بچێت، تێکۆشانی بێ پسانەوە، بڕواداربوون بە ڕێباز، عەشق بە ژیان و کوشتنی مردن لە خۆیاندا و هەروەها شەڕوانی راستینەی ئازادی بوونیان بوو، کە وایکرد ئەشکەنجەگەرانی کۆماری سێدارە بحەپەسێن.

کاتێک ناوی فەرهاد ئەبرێت چیرۆکی عەشق سەرلەنوێ ئەنوسرێتەوە، چاوانی عەلی ئارامی چیای تێدایە، نامەکانی فەرزاد ئەلف وبێی ئازادی ئەسترن و بەژنی شیرین ئاوێتەی داربەڕووێکی قەندیل بەڕووی ئازادیدا باوەشی کردەوە.

هەروەك لە سەرەتاشدا ئاماژەم پێکرد بیانووی کۆماری ئیسلامی بۆ لە ناوبردنی ئازادیخوازان، تۆمەتی موحاریبە، یان دژبەری لەگەڵ خودایە!. لە ڕاستیدا بە گوێرەی یاسای ئێران وەلی فەقیە نوێنەری خودا لەسەرزەویە و خەڵکی ئاسایی ناتوانن بڕیاری دروست لە سەر ژیانیان بدەن. هەر بۆیە ئەبێ بەبێ پرسیار هەر ئەمرێك پێك بهێنن و ئەگەر دژ بەوە دەرکەون واتا دژ بە فەرمانی خودا دەرکەوتوون کە ئەوە گەورەترین بێ ڕێزی هەمبەر ئیرادەی تاکەکانی کۆمەڵگایە.

بەرزکردنی دەنگی ئازادیخوازی گەورەترین تاوانی شەهیدانی ٩ گوڵان بوو. زیندان نەك تەنها ئیرادەی ئەو ئازادیخوازانەی تێك نەشکاند بەڵکوو بووە وێستگەیێکی نوێ بۆتێکۆشانی ئازادیخوازی و گەیاندنی دەنگی ماف خوازی گەلی کورد بە دنیاو، هەروەها پوچەڵکردنەوەی ئەو تێئۆریەی دەسەڵات داران کە (زیندان شوێنی تێکشکانی ئیرادەیە).

بەرخۆدانی زیندانی ئێڤین لاپەڕەیەکی نوێی لە تێکۆشانی ژن دا هەڵدایەوە، شەهید شیرین عەلەم هوولی بووە هێمای خۆڕاگری ژن و زیندانی کردە شوێنی بەرزکردنی تێکۆشان و، ئەشکەنجە گەرانی کۆماری ئیسلامی توشی سەرسوڕمان کرد.

ئێڤین بووە ناوەندی ئەو بۆمەلەرزەی وا پایەکانی دەسەڵاتی وەلی فەقیهی هەژاند ئەو پایانەی کە بە خوێنی مرۆڤەکان ئاوا بوە و بە بڵاوکردنەوەی خورافە و ترس درێژە بە ژیان ئەدات.

ئێڤین ئیدی پیر بووە و لە دوایین هەناسەکانی ئاویلکەدایە. قارەمانانی ٩ گوڵان نامرن، ئەوان قەقنوسێکن کە بە مەرگیان سەرلەنوێ ژیانیان خوڵقاند، بوونە پێنوسێکی نوێ و ڕۆمانی ئەڤینێکی بێ کۆتاییان نووسی. ئازادی لە تاریكترین ساتەکان دا چرۆ دەکات و بە هیچ تەلبەند و سنورێک دیل ناکرێت.

مۆمی یادیان هەر گەشاوە و ڕێگایان هەر بەردەوام دەبێت…
https://www.kjar.online/surani

Related posts