بۆ چی رێفراندۆم، رێفراندۆم بۆ چی و هەزارو یەک پرسیاری تر !

ئەمین سۆرانی

بۆ چی رێفراندۆم، رێفراندۆم بۆ چی و هەزارو یەک پرسیاری تر !

وا دیارە مەسعود بارزانی پاشگەز نابێتەوە و رێفراندۆم دەکات. ئەو رێفراندۆمە بۆ چییە لە سەرەتاوە نادیاربوو. ئێستاش تا رادەیەک نادیارە. لەو بارەوە داخۆیانی جیاواز و دژبەر هەبوو. راگەیەندرا کە رێفراندۆم بۆ سەربەخۆییە. هاوکات لە لایەن کەسانی نزیک لە بارزانی گوترا کە رێفراندۆم بۆ گوشارە لە سەر دەستەڵاتی ناوەند، بۆ سات و سەودایە. هەروەها گوترا بۆ نیشاندانی هێزە. نیشاندانی هێز بە کێ؟ نادیارە.

با وای دابنێن کە رێفراندۆم بۆ سەربەخۆییە یا بۆ هەوڵدان بۆ سەربەخۆییە و ئەو هەڵوێستە لاوەکی یانە بۆ فریودانی دوژمنە. باشە. بەڵام سەربەخۆیی بۆکوێ؟ نادیارە. سنوری ئەو شوێنە کە بریارە سەربەخۆ بێت کوێیە؟ سەربەخۆیی بۆ کوردستان؟ کام کوردستان؟ کوردستانی گەورە؟ باشوری کوردستان؟ ناوچەی ژێر دەستەڵاتی پارتی؟ ناوچەی ژێر دەستەڵاتی پارتی و یەکیەتی؟ ئایا سەربەخۆیی بەس بۆ ناوچەی ژێردەستەڵاتی بارزانیە؟ ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستەڵاتی ناوەنددان چیان بەسەر دێت؟ پارچەکانیتری کوردستان چی بکەن؟ نادیارە. شێوەی بەرێوەبەرایتی چۆن دەبێت؟ سەرۆکایەتی؟ پارڵمانی؟ تێکەڵاو؟ ئەگەر سەرۆکایەتی دەبێت، کێ دەبێتە سەرۆک؟ بۆخۆی؟ قوسەی؟ عودەی؟ خەیروڵڵا تڵفاح؟ نادیارە. پارڵمانی دەبێت؟ ئەگەر وایە بۆ ئێستا پارڵمان دادەخات؟ ئەوە هەمووی تا ئێستا نادیارە. هەمووی ئەوانە و گەلێک پرسیاری تر کە پێوەندی راستەوخۆی لە گەل چارەنووس و داهاتووی هەموو گەلی کوردستانەوە هەیە تا ئێستا سەر بە مۆر و شاراوەیە. ڕەمەکی بۆ پێشەوە.

بەرسفی گەل و رای گشتی و هێزە سیاسیەکان لە کوردستان، وڵاتانی دەرەوە و بەتایبەت دەولەتانی داگیرکەری کوردستان لە بەرانبەر راگەیاندنی پێکهێنانی رێفراندۆم لە لایەن بارزانیوە بەو شێوە نەبوو کە بارزانی خۆی و، سەردەستان و بندەستانی چاوەروانیان دەکرد. وادیارە لەو بارەوە هەماهەنگی نەبووە. سەردەستان و بندەستانی بارزانی و خۆدی بارزانی چاوەروان بوون لە خەلکی کوردستان، هەر نەبێت گەلی کورد لە ىاشورگیان لە سەر دەست برژێنە سەر شەقام بۆ پشتیوانی و پێشوازی لە رێفراندۆم بە بێ دوردونگی و بە بێ هیچ پرسیارێک. کە چی وا نەبوو. بۆیە مەسعود بارزانی لە سەرەتادا دەستی کرد بە هەرەشە. گوتی ئەگەر رێفراندۆم رێگەی لێ بگیرێت یا دوا بکەوێت شەری خوێناوی هەموو ناوچە دادگرێت. بەڵام نەیگوت و نایڵێ ئەو شەرە کێ دەیکات و لایەنەکانی کێن. باشە کێیە کە دەیهەوێ رێفراندۆم پەک بخات یا دوای بخات و کێيە کە شەڕ دەکات ئەگەر دوا بکەوێت؟ ئایا گەلی کورد و یا کوردی باشور شەڕی خویناوی دەست پێدەکات؟ لە دژی كێ و کام لایەن؟ ئایا تورکیە، ئێران، داعەش یا عیراق شەڕ دەکەن ئەگەر رێفراندۆم پێشی بگیرێت؟ وڵاتانی عەرەبی، ئەوروپایی، ئەمریکا یا روسیە؟ یا خودی بارزانییە کە شەڕ دەکات؟ باشە ئەگەر بارزانی خۆی ئەو شەڕە دەکات، لە دژی کێ دەیکات؟ لە دژی تورکیە، ئێران، داعەش، عیراق وڵاتانی عەرەبی، ئەوروپایی، ئەمریکا یا روسیە؟ لەو بارەوە بارزانی بێدەنگە. بۆیە پێدەچیت مەبەستی بارزانی شەڕ دەگەل گەلی کورد خۆی، تەفگەری ئازادی و هەمەوو ئەوانە بێت کە دژی سیاسەتی ئەون. باشە خۆ بارزانی ئێستاش ئەو شەڕە دەکات هەرچەند بێ ئەنجام بە هۆی ئەوەیکە هێزی تێڕناکات. بآشە بارزانی بۆ سەرخستنی شەڕ دەگەڵ گەل و تەفگەری ئازادی و دژبەران پشت بە چ هێزێکی ناوەوە و دەرەوە دەبەستێت؟

کاتێک ئەو هەرەشانەی بارزانی بە هەند نەگیرا دەست کرا بە پاڕانەوە و پاساو هێنانەوە. مافی خۆمانە، مەزلومین، تکایە! لە هەمان کاتدا هێرشێكی هەمەلایەنە و ئێگجار بێرەوشتانە بۆ سەر دژبەرانی بارزانی دەست پێکرا تا ئەورادیە کە راگەیەندرا هەموو ئەو کەسانەی دژی رێفراندۆمن و باوەریان بە بارزانی نییە،لە رێگای فەتوای دینی و فەتوای نیشتمانی هەم لە وڵات و هەم لە بەهەشت بی بەری دەکرێن. سەیر نییە کەسێک کە سەردەستی بەر سەر خەڵکی خۆیدا دەکات بندەستی خەڵکیتر بێت؟

بەڵام بۆچی رێفراندۆم؟ عادەتا کێشەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، یا هەرکێشەیەک یا لە رێگای هێزەوە یەکالا دەکرێتەوە یا لە رێگای یاسایی یا تێکەڵیک لە هەر دوو. هی بارزانی کامەیانە؟ ئەگەر لە رێگای هێزەوەیە رێفراندۆم بۆ؟ بۆ راەستەوخۆ سەربەخۆیی راناگەیێنێت؟ دەیهەوێ بزانێت هێزی چەندە؟ نازانێت؟ دەیهەوێ هێزی خۆی بە خەڵکی نیشان بدات؟ نازانن؟ ئەگەر لە رێگای یاسایی و ئاشتیانەیە، ئایا یاسای هەرێم یا یاسای عێراق رێگای پێدات کە بەسەری خۆ و بە بێ پارڵمان بریاری رێفراندۆم بدات؟ ئەسڵا خۆی بە پێی یاسا سەرۆکی یاساییە؟

با زۆر لە سەر ئەوە نەرۆین کە مەبەستی سەرەکی بارزانی و راوێژکاران و هاندەرانی لە رێفراندۆم لەو کاتەدا چییە. زۆربەی ئەو کەسانەی تۆزکاڵێک لە سیاسەت دەگەن و بازرگانی بە سیاسەت و تێکۆشانی خەڵک بۆ ئازادی ناکەن، لە سەر ئەو رایەن کە ئەو کارە دەرئەنجامی سیاسەتێکی شکستخواردووی بیست و پێنج ساڵەیە، رێکارێکە بۆ دەرباز بوون لە قەیران، خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیاری کارەساتیک کە گەلی باشور تێیکەوتووە. فێڵێکە بۆ درێژکەردنەوەی دەستەڵاتیکی نایاسایی. زۆر کەسیش دەڵێن ئەوە هەمووی فڕوفیشاڵ و فشەیە. با راستییەک لە بیر نەکەین. بارزانی دەخوازیت دەوڵەتی هەبێت. کێ نایهەوێت دەولەت و دەستەڵاتی هەبێت؟ بارزانی دەخوازێت دەوڵەت یا دەوڵەتۆکەیەکی هەبێت، لەوانەیە وەکو ئەردۆغان سەودای مەزنتریشی هەبێت، رەنگە ئارزو بکات دەست بەسەر ئاڵاسکاش دابگرێت کە گۆیا زێری زۆرە. کێشەی بارزانی لەوەدایە کە باوەری بە خۆی و بە هێزی خۆی نییە. باوەری بە نانخۆرە زورناژەنەکانیشی نییە. باوەری بە خەڵکیش نییە. دەشزانێت کە خەڵکیش باوەری پێ نییە. نەتەنیا خەڵک، دەزانێت کە دۆستەکانیشی باوەریان پێی نەماوە. بەڵام ئەو حیساباتی خۆی هەیە. حیسابی بارزانی ئەوەیە کە رەوتی روداوەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بە شێوەیەک دەچێتە پێش کە هێزەکانی دەستەڵاتداری پێوەندیدار ناچار دەبن کە دەوڵەت بۆ بارزانی دروست بکەن و بۆیشی بپارێزن و هەروەها چاوپۆشی لە سەرەرۆیی دەستەڵاتەکەیشی بکەن.

بارزانی پێی وایە کە تەفگەری ئازادی لە باکور لاواز دەبێت و رۆژئاوایش دەکەوێت و گەرچی داعەش کز بووە بەڵام ئیسلامی سیاسی بە شێوەیەکی تر سەر هەڵدەداتەوە. ڵە ناوخۆیش یەکیەتی دەتوێنێتەوە، گۆران لە ناو دەبات و هیزە ئیسڵامیەکان لە رێگای ئێران و تۆرکییە و وڵاتانی عەرەبی رازی دەکات. ڵە پارچەکانیتری کوردستانیش هێزی نانخۆر و دەستەمۆی خۆی هەیە. هێزی پشت پەردەش کە خەرجی زۆری کردووە بۆ کۆکردنەوەی سود و قازانج بەرگری لێ دەکات. رەنگ بێت کێشەی سەرەکی بارزانی رازی کردنی ئێران و تورکیە بێت. بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی بارزانی لە پێوەندی لە گەل داگیرکەرانی کوردستان و هەروەها بە لە بەرچاوگرتنی باری ئێستای باشور کە لە راستیدا بۆتە کۆڵۆنی تورکیە و ئێران، زۆر دژوار نییە بزانرێت کە بارزانی زۆر تشتی لە هەگبە دایە بۆ رازی کردنی ئێران و تورکییە. لەوەیش ئاشکراتر ئەوەیە کە تورکیە و ئێران بۆ رازی بوون چی لە بارزانی داوا دەکەن.
بە پێی لێکدانەوەی بارزانی لە هەلومەرجێکی ئەوهادا و بۆ پاراستنی هاوسەنگی و هەروەها وەک ئاڵتێرناتیوی ئیسڵامی سیاسی شێوەی داعەش، هەموو لایەنەکان دێنە سەر ئەو رایە کە دەوڵەتێک بۆ بارزانی دروست بکەن و بۆیشی بپارێزن. ئەوە حیساباتی بارزانییە لە پێناو دەوڵەتۆکەکیدا. بەڵام ئایا ئەوە سەردەگرێت؟

ئەو سیاسەتەی بارزانی لەسەری پێداگرە بە سودی گەلی کورد نییە. ئەو سیاسەتە مسۆگر شکستی بەدواوە. تەنیا یەکیەتی نەتەوەیی، پشتبەستن بە هێزی گەل، سیاسەتێکی گەلی و نیشتمانی زامنی سەربەخۆیی و ئازادی گەلی کوردستانە. دیار نییە ئایا بارزانی دەیهەوێت یا دەتوانێت سیاسەتێکی عاقڵانە بگرێتەبەر یا نا. ئەو کارە بەزۆر تشت بەستراوەیە، یەک لەوانە، بەس یەک لەوانە بەوە بەستراوەتەوە ئەردۆغان سیاسەتێکی عاقڵانە بەرانبەر بە کورد بگرێتە پێش. تا ئێستا هیچ نیشانەیەک دیار نادا کە بارزانی رێگایەکی تر بگرێتە بەر. بۆیە پرسیار ئەوەیە کە ئەگەر هاتوو رێفراندۆم دادی نەدا، ئەگەر کارتی یاری بە سەربەخۆییش برەوی نەما، تەنانەت ئەگەر هاتوو دەڵەتۆکەی خۆیشی راگەیاندو، قوسەی و عودەی لە گیانی خەڵک بەردا بەڵام هەر بۆی نەپارێزرا، ئەوکات بەرێزیان خاکی کوێ وەسەر خۆی دەکات؟ زۆر کەس دەڵێن ئاشبەتاڵ دەکات. من پێموایە ئاشبەتاڵ ناکات. هێزی پشت پەردە رێگای ئاشبەتاڵی پێ نادات. ئەمجارە ماڵی خۆی ئاگردەدات.

Related posts