ئارمانجی تێکۆشانی ئێمە سەربەخۆیی کوردستانە!

ئەهوەن چیاکۆ

ئارمانجی تێکۆشانی ئێمە سەربەخۆیی کوردستانە!

رێفراندوم و گومان

ئێمەش دەڵین: ئەوەی کە دژی سەربەخۆیی کوردستان بێت، ئەگەر کورد بێت، کوردی خەڵەتاوە و ئەگەریش غەیرە کورد بێت فاشیست و شوونیستە. فەقەت لێرە ٣ راستی ھەیە:

یەکەم: لە سیستەمی گولوبالیسمی دەوڵەت – نەتەوەدا شتێک بەناوی سەربەخۆیی نییە، لەبواری ئابووری ھەموو دەوڵەت نەتەوەکان جڵەویان لەدەستی کامپانییا زەبەلاحەکانی سەرمایەی جیھانیی بە ناوەندیەتی نییۆرکە و لەبواری سیاسیشەوە ھەموویان جڵەویان لە مشتی ئیمپراتووری واشونگتونە و ھەردووشیان جڵەوەکەیان لەدەستی ناوەندی بیلدربەیگ (ناوەندی کونتروڵی سولتە و سەرمایە) دایە.
بەڵکوو تەنیا بەرھەمی ئەوە بێت لە بازنەی ئەو ئیمپراتوریەدا خاوەن قەوارەیەک بیت و ئاو بە ئاشیاندا بکەیت.
سەربەخۆیی واتە: لە ئابووری، دیپلۆماسی، کولتوری، بەڕێوەبەری، پاراستنی، بەرھەم ھێنان و… بەخۆتەوە گرێدراو بیت و جڵەوت لەدەستی کەسیدیکەدا نەبێت، ئەوەش تەنیا بە دروستکردنی زھنیەت، کەسایەتی، کۆمەڵگا و سیستەمی ئالترناتیو مومکێنە. ئێمە ئەم رێگە ھەڵدەبژێرین دژوارە بەڵام گەرەنتییە.
گوتنێکی گوڵدامایر (ژنە جووی سەرۆکوەزیران و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئیسرائیل) ھەیە و دەڵێت: ئێمە ئیسرائیل مان دامەزراند سنوورەکانمان دیاریکرد و دانپێدانراین، بەڵام دڵنیام ھیچیەک لەوانە بەواتای سەربەخۆیی نین ئەگەر نەتوانی لە وەڵاتی خۆتدا پێویستیەکانی خۆت بەرھەم بێنیت.

دووم: بەدرێژایی ئەم ٧٠ ساڵەی دوایی واتە: لە سەروبەر و دوای شەڕی جیھانی دووم باشووری کوردستان بە رۆڵگێڕانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی رۆڵی تەڵە، بۆ پێوەبوونی شۆڕشی پارچەکانیتری پێدراوە. لەم ٢٥ ساڵەی دواییش واتە لەسەرەتای دھەی نەوەدەوە لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە رۆڵێکیتریشی پێدراوە، ئەویش ئەوەیە بە دەست و پەیوەندەکانی خۆیان لە باشووری کوردستان مودێلی بەڕێوەبەریەکی گەندەڵ و پڕ کێشە دروست بکەن، بۆئەوەی ھەم بە دونیای دەرەوە بڵێن: کورد پتانسیەڵی خۆبەڕێوەبردنی نییە، ھەم داخوازی خۆبەڕێوەبەری لەناو جەماوەری رۆژھەڵات و باکووری کوردستان لاواز بکەن.
ترس لەوەیە لەمەو بەدوا رۆڵی نوێی پێبدرێ، ئەویش ئەوەیە کە بەدروستکردنی قەوارەیەکی بچووک لە کوردستان، باکوور و رۆژھەڵاتی کوردستان بکەوێتە بەر زەبرو ئینکاری چڕترەوە.

سێوم: ئەو رفراندومەی کە بەڕێوە دەچێت، گومانی ئەوەی لەسەرە کە ئەمە ئەجیندای دەوڵەتی تورکییا بێت بە ٣ مەبەست:

١) بۆ ئەوەی لە سووریا و عێراق ھەڵوێستی ئێران نزیکی ھەڵوێستی خۆی بکاتەوە، ئیمتیاز لە دەوڵەتی عێراق بگرێت کە گوێی بۆ نەدەگرت و زیاتر گوێڕایەڵی ئێران ببوو وتەنانەت پێشی لە بەشداری لە ئۆپراسیونی موسڵ گرت.
ھاوکات ھاوپەیمانی سێ قۆڵی ئێران، تورکییا و عێراق دژی تەڤگەری ئازادی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠١١ وە تا ئاستێک درزی لێکەوتبوو جارێکیتر کۆی بکاتەوە.
٢) پێشخستنی رۆژەڤی دەرەوەی رۆژەفی ئامریکا بە هۆی تووڕەیی لەوەیکە ئامریکا وەک جاران گرنگی ناداتە تورکییا، ھەرچۆن ھەموو ھەوڵەکانی تورکییای بۆ بەشداری شەڕی رەقای بێ ئاکام کرد.
٣) پێشخستنی رۆژەڤی پارچەیی بۆ ئاستەنگ کردنی ھەوڵدانی سازدانی کونگرەی نەتەوەیی کە ھەمووی کورد دەکاتە ئامانجی کار و خەباتی خۆی.
ئەوەی کە ئەم گومانانە زیاتر دەکات کونسێپتی دیپلوماسی بەینی ئێران، تورکییە و عێراق بوو، وەک سەردانی محمدی باقری بۆ تورکییا، سەردانی چاوش ئوغلو بۆ عێراق و پێکھێنانی دانیشتنی ٣ گۆشەی ئێران، تورکییا و عێراق و زبر کردنەوەی زمانی تورکییا بەرەورووی باشووری کوردستان بۆ راوەستاندنی ریفراندۆم دوای ئەم دیدارانە کە بەر لەم دیدارانە زمانێکی نەرمی ھەبوو.

ئەگەر وابێت واتە تورکییا گەیشت بە ئارمانجەکانی و ئەوکات زەختی خستە سەر بارزانی بۆ راوەستاندنی رێفراندۆم، بەڵام بارزانی ئەگەر چووبایە ژێر بار و رایوەستاندبایە، نەتەنییا لەلایەن جەماوەری بەرھەڵستییەوە ریسوا دەکرا، بگرە لەلایەن بەشێکی زۆری جەماوەری خۆشیەوە بایخی نەدەما. کەواتە: با ریفراندوم بکرێت، فەقەت باسی سەربەخۆیی و دابڕان لە عێراق و ئاڵای عێراق کاڵبکرێتەوە، ھاوکات ئێران و تورکییاش دڵنیا بن کە شتێکی لەو چەشنە لە ئارادا نییە، نەچیروان بارزانی ئەم رۆڵەی لە کۆبوونەوەی چاپەمەنی بەباشی پێک ھێنا. بەم شێوەش ھەم دڵنیایی بە ئێران و تورکییا و عێراق دەدرێت، ھەم توڕەیی جەماوەر لە ئەگەری پاشەکشە لە رۆژەڤ کردنی سەربەخۆیی دادەمرکێت.
لەڕاستیدا ئێران و تورکییا لە بوارێکدا لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆم قازانجیان کرد، ئەویش بوو بەھانەیەکی گونجاو بۆ ملیتاریزە کردنی زیاتری باکوور و رۆژھەڵاتی کوردستان. بەتایبەت ئێران کە شیمانەی مەترسی دەستێوەردانی دەرەکی بۆ ناو ئێران ھەیە، لە ھەوڵی ئەوە دایە کە رۆژھەڵاتی کوردستان بکات بە قەڵغانێک لەبەرانبەر ئەگەری ھەر ھێرشێک. بۆ ئەوەش بەدوای ھە دەرفەتێک دەگەڕێت کە مشرووعیەت بدات بە ملیتاریزە کردن و ھێنانی چەک و چۆڵ بۆ رۆژھەڵاتی کوردستان.
دوای چالاکی چەند کەس کوردی داعشی لە تاران کە ئێران بۆ ملیتاریزەکردنی رۆژھەڵاتی کوردستان قۆستییەوە، ئەمەیش دەرفەتێکی نوێ بوو.
دەتوانێ تووڕەیی ئێران لە رێفراندۆم بەر لە رێکەوتنی لەگەڵ تورکییا ھۆکەی ئەوە بووبێت کە:ئەمە رۆژەڤ و پلانی تورکییایە، نەک لەبەر جدیەتی بارزانی و رێفراندوم، بەردەوامی تووڕەیەکەشی دوای رێکەوتن لەگەڵ تورکییا کە تا ئیستاش بەردەوامە و بەردەوامیشی دەبێت دەتوانێت بەھانە و ئامرازێک بێت بۆ ملیتارێزە کردنی رۆژھەڵاتی کوردستان بەو مەبەستەی کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد.

لەڕاستیدا ئەمڕۆ لە ھەر کاتێک زیاتر دەرفەتی چارەسەری پرسی کوردو ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان ھەیە، بەڵام پێویستە رێگەی راست ھەڵبژێردرێت، ھەرچۆن زەردەشت دەڵێت: یەک رێگە ھەیە ئەویش رێگەی راستە، یگانە رێگاو رێگای راستی ئێمە پێشخستنی رۆحی یەکەتی نەتەوەیی و جەستەکەی واتە کونگرەی نەتەوەییە.
بێگومان دەکرێت لەھەر بەشێکی کوردستان بەپێ دەرفەت و پێویستی فورماتی جودا پێش بکەوێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە بۆ ھەر ھەنگاوێک سەرەتا ھماھەنگی لە نێوخۆی ئەوبەشەی کوردستان و دواتر لەگەڵ بەشەکانیتری کوردستان لە ژێر چەتری کونگرەی نەتەوەییدا بکرێت. خۆ ئەگەر وابێت ئەوە ھەم ئەو بەشەی کوردستان، ھەم بەشەکانیتری کوردستان فایدەی تێدا دەبینن. بەڵام پێچەوانەکەی ھەڵگری مەترسی و تەھلووکەی گەورەیە ھەم بۆ ئەو بەشەی کوردستان، ھەم بەشەکانیتری کوردستان.

لەڕاستیدا ئەو لایەنانەی کە وەک ئێمە بیرناکەنەوە و پێیان وایە سەربەخۆیی لە رێبازی خۆیاندایە دیسان بۆ جێگەگرتن لە ئیمپراتوری واشنگتون موحتاجی یەکیەتی نەتەوەیی گەلی کوردن. مادام ئیستا دوو ھێڵ و بۆچوونی جیاواز ھەن، لەڕاستیدا ئەوەش دەکرێت کە ھەردوو گوفتمانی سەربەخۆیی، چ دەوڵەت – نەتەوە چ نەتەوەی – دیموکراتیک لەسەر خاڵە ھاوبەشەکان لەژێر کونگرەی نەتەوەییدا یەک بگرن، ١، کۆنگرە بکەن ناوەندی بڕیاری ستراتژیکی نەتەوەیی. ٢، دەستەیەکێ بەڕێوەبەری و کرداری ھەڵبژێرن بۆ کرداری کردن و سەرپەرەشتی بڕیارەکانی کونگرە و ٣، ھێزێکی پاراستنی نیشتمانی و نەتەوەیی رێک بخەن. ئەوە بۆ ھەریەک لە بەشەکانی کوردستان و بۆ گشتی کوردستانیش دەتوانێت بێتە ئاراوە. ھاوکات سومبولەکانی ھەردوو ھێڵ وەک سومبولی نەتەوەیی سەیر بکرێن و سومبولی ھاوبەشیش لەو کونگرانەدا دیاری بکرێن.
حکومەتی باشووری کوردستانیش ئەگەر لە پرسی سەربەخۆیی و ریفراندوم سەمیمی بێت، بۆ کۆتایی پێھێنان بە ھەموو گومان و شرۆڤەکان باشترین کار ئەوەیە کە باوش بۆ کۆنگرەی نەتەویی بکاتەوە و لەگەڵ کەجەکە کە تەمسیلی ھێڵی نەتەوەی – دیموکراتیک لە ھەر چوار بەشی کوردستانە، بێتە سەر رێ بۆ بەستنی کونگرەی نەتەوەیی و یەک خستنی ھێزی کوردی. ئەوکاتە بێ گوێدانە ھەڕەشەو گوڕەشەی ھیچکام لە داگیرکەران ئاکامی ریفراندۆم بخرێتە بواری پراکتیکەوە و ھەموو ھێزی گەلی کورد تەوار (گەریلا، شەڕڤان، پێشمەرگە، ھێزی بەرگری و پاراستنی جەوھەری گەل و… ) بکرێت بۆ پووچەڵکردنەوەی ھەر ھێرشێک. خۆ ئەگەر واش نەکات ھەموو گومان و شرۆڤەکان دەگوازرێنەوە بۆ راستی و یەقین.
بۆئەوەش پێویستە بەڕێوەبەری باشووری کوردستان لە سیاسەتی پارچەگرایی و ھەرێمگرایی بەتەواوەتی دەست ھەڵبگرێت و سیاسەتی نەتەوەیی بەبنەما بگرێت. بەتەواوی لەوەدا خۆی یەکلا بکاتەوە کە ئەوە گەلی کورد و بزوتنەوەی بەشەکانیتری کوردستانە دۆستی گەل و بزوتنەوەی باشووری کوردستانن، نەک داگیرکەرانی باکوور و رۆژھەڵاتی کوردستان. ئەگەر وابکرێت ئەوە کورد دۆخی کروزانەوە و پاڕانەوەی کۆتایی پێھێناوە و ھێزی بەرپەرچدانەوەی ھەر ھێرش و دەستێوەردانێکی ھەیە.

بەڵکوو ھەموومان رخنەمان لەیەکتر ھەبێت و تەنانەت ھەندێ کەس و لایەنی کوردی بەڵا و ئافاتی سەر کورد بزانین و ساتێکیش لە رسواکردن و رووماڵکردنیان رانەوەستین، ئەوە کردارێکی نەگۆڕ، پێویست و شۆڕشگێڕی نێوخۆییە، بەڵام کاتێک ھێرش لەسەر گەل و نیشتمانمان لە باشوور یان ھەر بەشێکیتری کوردستان بێت، ھێزی بەرخودان و شۆڕشگێڕیمان یەک دەخەین و جیا لە پاراستنی گەل و وەڵات بیر لە شتێکیتر ناکەینەوە.

بژی یەکیەتی نەتەوەیی گەلی کورد
بژی یەکیەتی سیاسی گەلی کورد
بژی یەکیەتی ھێزی پاراستنی کوردستان

Related posts