ئەم حەماسەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوڵقاوە نیشاندەری یەکڕیزی جەماوەرە

ئەم حەماسەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوڵقاوە نیشاندەری یەکڕیزی جەماوەرە

ڕوداوی دڵتەزێنی زەویلەرزەی کرمانشان هەتاکو دێت گۆشە نادیارەکانی خۆی دەردەخات و لە زۆر بوارەوە ڕومەتی نگریسی ئەم سیستەمە لە بەرابەر گەلی چەوساوەمان پێشان دەدات. بۆ کەس شاراوە نەبوە کە دەستەڵاتدارانی ئێران بۆ دژایەتی گەلانی ناوچەکە بە تایبەت گەلی کورد هەمو تەرفەندەکانی سیاسی و مەدەنی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بە کار هێناوە کە ئیرادەیان تێک بشکێنێت و تەسلیمیان بکات، و ئێستاس بەردەوام دەبینین بۆ پەرەپێدانی دوکتورینی سیاسەتی دەرەوەی سنورەکانی بە میلیاردها خەرج دەکات و لە چارەنوسی گەلانی چەوساوە ئێران خۆ بە بەرپرس نازانێت، هاوکات هیچ دەرفەت و ئیمکانێک بۆ کوردستان و بەلوچستان و ئەحواز و ناوچەکانی تری کوردنشین تەرخان ناکات.
کوردستان سەرەڕای ئەم هەمو نەهامەت و هێرشانەی کە لە لایەن سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پەیڕەو دەکردرێت بۆ بێ ئیرادەکردنی گەل، بەڵام لەم ڕوداوە دڵ تەزێنەی زەویلەرزەی کرمانشان گەل نیشانیان دا کە زاگڕۆس نشینان بەردەوام بە ئیرادەوە لە سەر پێیە و روحی شۆڕشگێڕی و هاوکاری لەم کولتورەدا لە بن نەهاتوە و لە پڕاکتیک دا ئەم وانەیان بە حکومەت و سیستم گوتەوە کە گەل ئیرادەیە و ئیرادەی گەلیش حەماسە دەخوڵقێنێت و کارەسات دەکەنە دەستکەوت. ئەم حەماسەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خوڵقاوە نیشاندەری یەکڕیزی جەماوەرە و دیتمان بە یەکڕیزی ئیرادە دەخوڵقێت و بە ئیرادەش هەمو کارێک دەکردرێت.
ئەم ڕوداوە ماڵوێرانکەرە نێشانی دا کە حکومەتی داگیرکەری ئێران هیچ بەهایەک بۆ خەڵک دانانێت و ئەوەی بۆی گرنگ نەبێت خەڵکی لێقەوماوە، بەڵام دیتمان بە دەستپێشخەری گەلی تێکۆشەری کورد و پێشەنگی کردنی بۆ کۆکردنەوەی پێداویستیەکان هوروژمێکی بەرفراوانی دەست پێکرد و لە ماوەیەکی کورت دا سەرەڕای هەمو کارشکەنیەکانی سپای پاسداران و دەست و پێوەندیەکانیان ئەم یارمەتیانەیان ئۆرگانیزە کرد و گەیاندە دەست خەڵک و سەرکەوتوانە بەهانای ئەو خەڵکە گەیشتن،. هاوکات ئەوەش نیشان درا کە گەلانی ناوچەکە هەمو یەک ئێش و ئازاریان هەیە و بە پێی دەرفەت لە هەمو ناوچەکانی ئێران یارمەتی کۆکراوەی گەل گەیشتە دەستی توش بوان بە ئەم کارەساتە، هەڵویستی گەلانی تریش لە بەرامبەر لێقەوماوانی زەویلەرزەی سەرپێڵ زەهاو و کرمانشان، هەنگاوێکی مرۆڤانە و جێگای ڕێزە.
ئەم تڕاژدیایە ناخۆشە سەرەڕای هەمو بارە دڵ تەزێنەکانی پەیامی داهاتوی پێ گەیاندین کە
١. هەمو گەلانی چەوساوەی ناوچەکە ئێش و ئازاریان یەکە و دەتوانن لە پەراوێزی دەستەڵاتدا هاوپشت بن
٢. دەستەڵاتی ئۆلیگارشی ئێران دژی هەمو مافێکی ڕەوای ئازادیخوازیە و دژی هەمو گەلانە
٣. یەک گرتن کلیلی سەرکەوتنە، بە ئۆرگانیزە بون و خۆ بەڕێکخستن کردن وزە و هێز دەبەخشێت
ئێمە بە بۆنەی کارەساتی زویلەرزەی ناوچەی کرماشان دیسان دڵگرانی خۆمان ڕادەگەیەنین و بە قەت باڵای چیا سەرکەشەکانی زاگڕۆس شانازی بە هاوکاری و یەکڕیزی گەلەکەمان دەکەین و ئەم هەنگاوە دەروازەی سەرکەوتنی ئازادی بەرەو خۆر دەبات.

هەر بژی تێکۆشانی گەل، هەر بژی یەکڕیزی بۆ سەرکەوتن

هاوسەرۆکایەتی پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان ( پژاک)
19/11/2017

سەرچاوە: http://pjak.eu/ku

Related posts