پارته‌ رۆژهه‌ڵاتیه‌كان پێویسته‌ له‌هه‌ڵوێستی سیاسی و ئه‌خلاقی گه‌ل وانه‌ وه‌ربگرن

amed shaho

پارته‌ رۆژهه‌ڵاتیه‌كان پێویسته‌ له‌هه‌ڵوێستی سیاسی و ئه‌خلاقی گه‌ل وانه‌ وه‌ربگرن

ئامه‌د شاهۆ

ماڵوێرانی، ئاواره‌یی، كوێره‌وه‌ری، جیاوازی مه‌زهه‌بی و ئه‌تنیكی، گه‌مارۆ و پاكتاوكاری، كۆمه‌ڵه‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كن، چ به‌ سرووشتی یان خود ده‌ستكرد بێت له‌هه‌ر كات و ساتێكی مێژوودا به‌رۆكی گه‌لی خۆڕاگر و نه‌به‌زی كوردی گرتووه‌. هێشتا برینێك له‌برینه‌كانی سه‌ر جه‌سته‌ی زامداری نیشتمانمان ساڕێژ نه‌بووه‌ كه‌ برینێكی تری بوومه‌له‌رزه‌ی پارێزگای كرماشان و تراژیدیای دوای رووداوه‌كه‌ی له‌سه‌ر زیاد بوو. پێش هه‌ر شتێك سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌می خۆم و گه‌ریلاكانی رۆژهه‌ڵات بۆ سه‌رجه‌م گه‌لی كورد به‌ تایبه‌ت گه‌له‌كه‌مان له‌ ناوچه‌كانی سه‌رپێڵ زه‌هاو، قه‌سری شیرین، ئه‌زگه‌ڵه‌، داڵاهۆ، سه‌لاسی باوه‌جانی، شائاباد و ده‌ربه‌ندیخان له‌باشوور كه‌ رووبه‌ڕووی بوومه‌له‌رزه‌ بوونه‌ته‌وه‌، راده‌گه‌یه‌نم و بۆ سه‌رجه‌م كه‌س و كاری قوربانیانی ئه‌و رووداوه‌ش هیوای سه‌بووری و گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانێكی ته‌ندروست، بێگه‌رد و ئاسووده‌یان بۆ ئاواته‌خوازم.

رووداوی بوومه‌له‌رزه‌ی شه‌وی 12-ی نۆڤه‌مبه‌ر له‌پارێزگای كرماشان ناخ و هه‌ستی هه‌ر مرۆڤێكی هه‌ژاند، زیانه‌كانی ئه‌و رووداوه‌ بووه‌ هۆكار كه‌ هه‌ر تاكێكی كورد و ده‌ره‌وه‌ی كورد به‌ ڕێ و ڕێبازی جیاواز به‌ هانای هاونیشتمانیان و لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه‌ بڕوات. كرده‌وه‌یه‌ك كه‌ زیاتر له‌زیانه‌كانی بوومه‌له‌زره‌كه‌ دڵگرانی و دڵه‌ڕاوكێی زیاتری خسته‌ ناو دڵی مرۆڤ دۆستان و هاوڵاتیان، ئه‌وه‌ بوو كه‌ دوای رووداوه‌كه‌ كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌ رێگای ده‌نگی و ره‌نگی كۆماری ئیسلامی رای گشتی و خه‌ڵكی لێقه‌وماوی ناوچه‌كه‌یان دڵنیا كرده‌وه‌ كه‌ بوومه‌له‌رزه‌كه‌ زیانی گیانی ئه‌وتۆی به‌دواوه‌ نییه‌و خه‌ساره‌كانی ئه‌و رووداوه‌ش ئه‌وه‌نده‌ زۆر نییه‌ كه‌ رژێم له‌توانای قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌یدا نه‌بێت و به‌ وته‌ بریقه‌داره‌كانیان په‌رده‌ی ره‌شیان به‌ سه‌ر تابلۆی غه‌مناك و دڵته‌زێنی گه‌لی لێقه‌ومای ناوچه‌كه‌ دا. هه‌ر له‌سه‌ره‌تای رووداوه‌كه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌بێ‌ لەبەر چاو گرتنی هه‌ستی مرۆیی و له‌به‌ر باڵاده‌ستی عه‌قڵیه‌تی مه‌زهه‌بی و قه‌ومی رایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی پێویستی به‌ یارمه‌تی هیچ هێز و ده‌وڵه‌تێكی ده‌ره‌كی بۆ لێقه‌ومانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ نییه‌. به‌ڵام وێنه‌و دیمه‌نه‌كانی رووداوه‌كه‌ و سه‌ردانه‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی به‌رپرسانی ئێران تا هه‌ری دوایی خودی حه‌سه‌ن رۆحانی و عه‌لی خامنه‌یی بۆ كرماشان، سه‌رجه‌م لێدوان و بانگه‌شه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران یان له‌سه‌ر گه‌وره‌یی و خه‌ساره‌ گیانی و ماددیه‌كانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ به‌ درۆ خسته‌وه‌. خه‌مساردی و مامه‌ڵه‌ی نابه‌رپرسانه‌و دژه‌ مرۆیی كاربه‌ده‌ستانی رژێم ترس و دڵه‌ڕاوكێی‌ خسته‌ ناو دڵی هه‌ر كه‌سێكی ئازادیخواز، نیشتمانپه‌روه‌ر و خاوه‌ن ویژدان، كه‌ رژێم به‌و هه‌ڵوێستانه‌ی سه‌لماندی كه‌ به‌ رێگای سوپای پاسدارانه‌وه‌ ده‌یه‌وێت پیلانی قڕكردنی جه‌سته‌یی و كلتووری نیوه‌ چڵی خۆی، له‌سه‌ر گه‌لی لێقه‌وماوی (یارسان، جاف، گۆران و كه‌لهۆر) به‌ ئه‌نجام بگه‌یه‌نێت. به‌ شاردنه‌وه‌و چه‌واشه‌كاری له‌ژماره‌ی قوربانیان و خه‌ساره‌كانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌، چه‌واشه‌كاری و راگه‌یاندنی درۆ له‌مه‌ڕ دابین كردنی پێداویستیه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و چاك كردنه‌وه‌ی رێگاوبان، كاره‌با و ئاو بۆ لێقه‌ومانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌، رێگری له‌گه‌یاندنی هاوكاریی مرۆیی هاونیشتمانیان بۆ قوربانیانی رووداوه‌كه‌و قه‌ده‌غه‌ كردنی هاتووچۆ بۆ ناوچه‌كه‌ و رێگا نه‌دان به‌ هاوڵاتیان بۆ به‌ هانا چوونی لێقه‌وماوانه‌وە، سه‌ردانی به‌رپرسانی باڵای رژێم و به‌ڵێنی بێ‌كردار، سوكایه‌تی، په‌لامار و لێدانی لێقه‌وماوان، په‌راوێزخستنی كه‌سایه‌ته‌ دڵسۆز و مرۆڤ دۆسته‌كان و رێكخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كان له‌پاككردنه‌وه‌ی ئاوار و به‌هاناچوونی لێقه‌وماوان، ئاوەدانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كان به‌ رێگای سوپای پاسدارانه‌وه‌، نیازه خراپەکانیان لە به‌رامبه‌ر گه‌لی یارسان و پیلانه‌كانیان ئاشكرا كرد.

كاربه‌ده‌ستانی رژێم ویستیان ئه‌و رووداوه‌ وه‌ك ده‌رفه‌تێك بۆ گواستنه‌وه‌و قڕكردنی گه‌لی یارسان به‌ كار به‌رن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری گه‌لی ناوچه‌كه‌ یارسان و سووننه‌ مه‌زهه‌بن، به‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر داهاتووی خۆی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات. شاردنه‌وه‌ی خه‌ساره‌كانی رووداوه‌كه‌ له‌سه‌لاسی باوه‌جانی و ئه‌زگه‌له‌ كه‌ ناوەندی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ بووه‌، ئاشكرای ده‌كات كه‌ سوپای پاسداران پیلانی چۆڵ كردنی گه‌لی ناوچه‌كه‌ی له‌به‌رنامه‌دایه‌ و له‌هه‌وڵی دروست كردنی ناوچه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌هه‌رێمه‌كه‌یه‌. یا خود سوپای پاسداران ده‌یه‌وێت وه‌ك ده‌رفه‌تێك کەڵک لەو ڕووداوە وەربگرێت بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی ناوچه‌كه‌ و گه‌لی هه‌رێمه‌كه‌ خه‌ڵكی لێقه‌وماو به‌ ناچاری په‌لكێشی ده‌زگا سیخۆڕیه‌كانی ده‌وڵه‌ت بكه‌ن. رژێم له‌و په‌ڕی بێ شه‌رمی دا له‌و دۆخه‌ دژواره‌دا به‌جێگای ئه‌وه‌ی به‌ هانای خه‌ڵكه‌وه‌ بڕۆن و پێداویستی لێقه‌ومانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ دابین بكه‌ن، بۆ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی خانوو و دروست كردنی په‌ناگای نوێ‌ به‌ڵێنی به‌خشینی وامی به‌ سوود به‌ لێقه‌ومان ده‌ده‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش وه‌ك ده‌ره‌فتێكی بازرگانی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت ده‌قۆزنه‌وه‌. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ سوپای پاسداران له‌و دۆخه‌ سارد و سه‌رماو ناله‌باره‌ی گه‌لدا، به‌شێكی زۆری ئه‌و هاوكاریانه‌ی كه‌ دام و ده‌زگاكانی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌ت كۆیان كردۆته‌وه‌ و یاخود ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوو، به‌ جێگای ئه‌وه‌ی ره‌وانه‌ی ناوچه‌ بوومه‌له‌رزه‌ لێدراوه‌كانی بكه‌ن، زۆربه‌ی هاوكاریه‌كانیان هه‌نارده‌ی شاری ئه‌بوكه‌مالی سوریا و ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان بۆ ئه‌ندامانی سه‌ر به‌ سوپای پاسداران كرد. ئه‌و كرده‌وانه‌ی رژێم له‌و دۆخه‌دا زیاتر هاوڵاتیانی هۆشیار، خه‌مخۆر و نیشتمان په‌روه‌رتر كرد و كلیلی یه‌كڕیزی گه‌ل سه‌رجه‌م ده‌رگا داخراوه‌كانی ژیانی له‌ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و ئاسۆی ئازادی ئاوه‌ڵا كرد. ئه‌و هه‌ڵوێستە مرۆییەی گەل سه‌لماندی كه‌ بۆ خۆی ئاماده‌یه‌ به‌ هێز و ئیمكانی خۆی سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه‌ی وێران بوون، ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه‌و ئه‌وه‌ش به‌ ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی و مرۆیی خۆی ده‌زانێت‌ كه‌ له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی هاوڵاتیان چ بكه‌وێته‌ سه‌رشانیان درێغی لێ ناكه‌ن. بۆیه‌ پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌م دۆخه‌دا دژواره‌دا رێكخراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كان، كۆمپانیاكان، بازرگانه‌كان، كه‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆ، سیاسه‌تمه‌داران و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگا به‌ تایبه‌ت گه‌نجان و ژنان له‌ئاوادانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ بوومه‌له‌رزه‌لێدراوه‌كان خاوه‌ن رۆڵ بن.

ته‌وه‌ره‌یه‌ك دوای ئه‌و رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌ گرنگ و جێگای شانازی و به‌ نرخه‌؛ هاوئاهه‌نگی، یه‌كگوتاری، یه‌كڕیزی گه‌لی كورد و سه‌رجه‌م گه‌لانی ئێران و سه‌رجه‌م به‌شه‌كانی تری كوردستان بوو كه‌ به‌شێك له‌ئازار و په‌ژاره‌ی گه‌له‌كه‌مانی کەم کردەوەو سه‌رجه‌م پیلانی كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی سه‌راوژێر كرد. خاوه‌ندارێتی به‌ شكۆی گه‌لی كورد له‌رۆژهه‌ڵات، باكوور، رۆژئاوا، باشوور، ئه‌وروپا و گه‌لانی ئێران له‌لێقه‌وامانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی كرماشان، كاربه‌ده‌ستانی پایه‌ به‌رزی ئێرانی هێنایه‌ سه‌ر خه‌ت و ناچار كران كه‌ سه‌ردانی ناوچه‌ بوومه‌له‌رزه‌ لێدراوه‌كان بكه‌ن و راسته‌وخۆ له‌سیاسه‌تی سزادان، تواندنه‌وه‌ و كۆمه‌ڵكوژكردنی گه‌لی یارسان پاشگه‌ز ببنه‌وه‌. گه‌لی دڵسۆز و نیشتمان په‌روه‌ری ئێران دوای ئه‌و رووداوه‌ په‌یامی ئه‌وه‌یان به‌ ده‌وڵه‌ت دا، كه‌ رژێمی كۆماری ئیسلامی متمانه‌ی له‌لای گه‌لانی ئێران و به‌ تایبه‌ت گه‌لی كورد له‌ده‌ست داوه‌، ئه‌و ده‌وڵه‌تە متمانه‌ی ئه‌وه‌ی پێ نه‌درا كه‌ بڕه‌ پاره‌ و كۆمه‌ڵێك شت و مه‌كی راده‌ست بكرێت، واتا ئیدی گه‌ل نایه‌وێت چاره‌نووس و ئیراده‌ی ئازادی خۆی راده‌ستی ده‌وڵه‌ت و رژێمه‌ فاشیستیه‌كه‌ی ئێران بكات. ترافیكی مرۆیی و ئه‌خلاقی به‌رزی گه‌ل بۆ به‌هانا چوونی گه‌لی لێقه‌وماوی ناوچه‌ بوومه‌له‌رزه‌ لێدراوه‌كان سه‌لماندی كه‌ گه‌ل له‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان پێویستیان به‌ ده‌وڵه‌ت نییه‌، به‌ڵكو پشت به‌ ئیراده‌ و توانای گه‌وهه‌ری خۆیان ده‌به‌ستن، پێداگریان له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ ژیان كردنی گه‌لان به‌ بێ‌ جیاوازی كرد. واتا راسته‌وخۆ داوای خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیمۆكراتیكی خۆیان ده‌كه‌ن. بۆیه‌ فیداكاری و ئه‌خلاقی به‌رزی مرۆیی و دیموكراتیكی گه‌لی كورد و گه‌لانی ئێران له‌پێناو خاوه‌ندارێتی له‌هاونیشتمانیان، جێگه‌ی رێز و ده‌ستخۆشییه‌.

ده‌بێت هه‌ر پارت و لایه‌نێكی سیاسی له‌رۆژهه‌ڵاتی كوردستان وانه‌ له‌هه‌ڵوێستی سیاسی و ئه‌خلاقی ئه‌و گه‌له‌ بگرن، كه‌ له‌رۆژه‌ ته‌نگه‌كاندا هه‌ره‌س ئاسا به‌شێك له‌برین و ئازاری گه‌له‌كه‌مانیان ساڕێژ كرد. ده‌بێت هه‌ر هێزێك سه‌ر له‌نوێ‌ پێناسه‌ی نوێ‌ له‌سه‌ر هاوئاهه‌نگی، یه‌كگوتاری، یه‌كڕیزی و پێكه‌وه‌ ژیانی گه‌لان بكات. خوێندنه‌وه‌ی نوێ‌ له‌سه‌ر واقعیه‌تی گه‌لانی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و داخوازی و پێداویستیه‌كانیان بكه‌ن. به‌ پێی ئه‌و خوێندنه‌وه‌ پێویسته‌ هه‌ر هێزێك به‌ ئه‌ركی شۆڕشگێڕی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی هه‌ستێت. به‌و شێوه‌یەی كه‌ گه‌لانی ئێران و گه‌لی كورد رووداوی بوومه‌له‌رزه‌ی كرماشانیان كرده‌ هه‌وێنی یه‌كڕیزی و یه‌كێتی گه‌لانی ئێران، پێویسته‌ به‌ هه‌مان شه‌پۆلی خرۆشاوی مرۆیی، ئه‌و قۆناغه‌ بكه‌نه‌ هه‌نگاونان به‌ره‌و یه‌ك هه‌ڵوێستی، یه‌كڕیزی و یه‌كێتی نێوماڵی كوردی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌م دۆخه‌ ناسكه‌دا لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ته‌نیا به‌ یه‌كێتی و یه‌كڕیزیان ده‌توانن ستایشی هه‌ڵوێستی سیاسی و ئه‌خلاقی گه‌ل بكه‌ن و رێز له‌به‌رخۆدانی شكۆداریان بگرن و پاڵپشت و درێژه‌پێده‌ری رێبازی نوێ‌ تێكۆشانی دیمۆكراتیكیان بن. هاوکات پێویستە ئەو ڕۆحە نوێیەی یەکانگیری، یەکێتی و هاوخەمیەی تاک و گەلانی ئێران پەرەی پێ بدرێت و فراوان بکرێت و چیدی گەلی کوردو گەلانی ئێران هەنگاو بۆ دواوە هەڵنەگرن و ئەمەش بکەنە وانەیەکی فێرکاری بۆ حیزب و لایەنە سیاسیەکان و سەرمەشقی ڕێبازی ژیانێکی کۆمیناڵ و سروشتی.

http://pjak.eu/ku

Related posts