هاوسەرۆکی کۆدار: سەرهەڵدانی گەلانی ئێران دەرئەنجامی سیاسەتی ٣٨ ساڵەی رژێمە
کوردستان
هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆدار، زیلان تانیا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هاوار نیوز، هۆکاری سەرهەڵدانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێرانی نرخاندووە و رایگەیاندووە، ئەو سەرهەڵدانە دەرئەنجامی ٣٨ ساڵ سیاسەتی قڕکردنی سیاسیی رژێمی ئێرانە لەناوخۆ و دەستوەردانی لە ناوچەکەدا.
هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆدار، زیلان تانیا، لە دەستپێکی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی هاوار، سڵاوی بۆ سەرهەڵدانی گەلانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناردووە و ئاماژەی بەوەدا، بێگومان گەلان بۆ دەستخستنی مافە ڕەواکانیان سەریانهەڵدا و لە راستیدا بەردەوامی سەرهەڵدانی گەلانی ناوچەکەیە.
تانیا وتوشیەتی، رژێمی ئێران 38 ساڵ سیاسەتی خۆی لەسەر بنەمای، فاشیزم، دیکتاتۆری و پشتگوێ خستنی گەلان بنیاد ناوە، سیاسەتەکانی رژێم، کۆمەڵگای گەیاندوەتە ئاستێک کە دەرفەتی ئەندێشەو بیرکردنەوەی لێ زەوت کردون، گەلان دەرفەتی زۆریان بە رژێم دا، بەڵام دەسەڵات یەک هەنگاویش بەرەو پێش نەچوو، لە هەڵبژاردنەکاندا گۆڕانکاری پێک نەهێنا و داخوازی گەلانی پشتگوێ خست، بۆیەش سەرهەڵدانی گەلان، سەرهەڵدانی تێکشکانی دەسەڵاتداری و فاشیزمە.
هاوسەرۆکی کۆدار ئاماژەی بەوەشداوە، لە ٩ ساڵی رابردوودا هەم بینەری سەرهەڵدانی گەلان بوین و هەمیش تەڤگەرە دیموکراتیکەکان وەک کۆدار و پەژاک، پڕۆژەی چارەسەری دیموکراتیکیان پێشکەش کردووە، بەڵام رژێمی ئێران هەڵوێستی ئەرێنی لەبەرامبەر ئەو هەنگاوانە نەبوو.
کاتێک لە ساڵی ٢٠١٠ گۆڕانکاری لە رۆژهەڵاتی ناوین هاتە ئاراوە، رژێمی ئێران ویستی هیلالی شیعی لە ناوچەکە پێکبێنێت و بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی، بۆ ئەو مەبەستە سیاسەت و کلتووری خۆی پێشخست، بەجۆرێک ناوخۆی ئێرانی بەرداو هەستا بە دەستوەردان لە ناوچەکە ، بۆیەش گەلان لە سەرهەڵدانەکاندا دروشمی وڵاتانی دەرەوە بەردە و ئاورێک لە ناوخۆ بدەوە بەرز دەکەنەوە.
هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆدار، زیلان تانیا، لە بەشی کۆتایی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ئاژانسی هاوار نیوز ئاماژەی بەوەداوە، ئەوەی لە شارە گەورەکان وەک مەشهەد، قۆم، ئەسفەهان و تاران کە بە ناوەندە ئیدلۆژیک و ستراتژیکەکانی ئێران دادەنرێت، گەلان سەریان هەڵدا، دەریدەخات سەرجەم سیاسەتەکانی رژێمی ئێران شکستی هێناوە، هەروەها سوتاندنی وێنەکانی خومەینی و خامنەیی لە چالاکیەکاندا ئاماژەیە بۆ ئەوەی گەلان چیتر متمانەیان نەماوە و گۆڕانکاری بنەڕەتیان ئەوێت.
هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆدار، زیلان تانیا، لە کۆتایدا وتووشیەتی، بێگومان ئێمە وەک کودار پشتیوانی لە داخوازی گەلانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەین، وەک هێزێکی ئیدلۆژی، سیاسی و کۆمەڵایەتی، بۆ ئەوەی گەل بگات بە مافەکانی خۆی، ئامادەین ئەوەی پێویست بێت و داوامان لێ بکەن ئەنجامی بدەین و پڕۆژەی چارەسەری دیموکراتیک لە ئێران پێش بخەین.یەک لە ئامانجە سەرەکیەکانی ئێمە ئەوەیە ئێرانێکی دیموکراتیک و رۆژهەڵاتی کوردستانێکی دیموکراتیک و ئازاد بنیاد بنرێت، بۆیەش ئێمە لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکەین و هەنگاو بە هەنگاو هەڵوێستی خۆمان رادەگەینین.
لە سایتی ئارین تێ وێ وەرگیراوە