وێژه (ئەدەبیات)ی کوردی، نه‌عره‌ته‌ی به‌رخۆدانه
ئەهوەن چیاکۆ
ئه‌و هه‌رێمه‌ی که ده‌که‌وێته ناوبه‌ینی دوو رووباری دجله‌و فورات (میزوپتامیا) به‌هۆی سه‌رسه‌وزی‌و هه‌بوونی هه‌موو هێماکانی ژیان یه‌که‌مین شۆڕشی جوتکاری‌و چاندی تێدا هه‌ڵقوڵاوه. له‌م هه‌رێمه‌ی که ئه‌مڕۆ کوردستانی پێ ده‌گوترێ، زمان په‌ڕوپۆی به خۆوه گرت.
به‌پێی هه‌مووی ئه‌و لێتوێژینه‌وه ئاسه‌وارناسانه‌و ژینگه‌ناسانه‌ی که کراون ئه‌و هه‌رێمه‌ی که ده‌که‌وێته ناوبه‌ینی دوو رووباری دجله‌و فورات و به میزوپتامیا ناوی لێ ده‌کرێت‌و به‌هۆی سه‌رسه‌وزی‌و هه‌بوونی هه‌موو هێماکانی ژیان ناوی هیلالی زێڕینی لێنراوه، یه‌که‌مین شۆڕشی جوتکاری‌و چاندی له‌وێدا هه‌ڵقوڵاوه. ئه‌و شۆڕشه بووبه‌هۆی چڕبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵبوونی مرۆڤ‌و شۆڕشه دوابه‌دوایه‌که‌کانی مرۆڤایه‌تی، به‌دوای خۆی هانی. شۆڕشی زمان یه‌کێک له گرینگ‌ترین شۆڕشه‌کانی کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تییه که دوابه‌دوای ئه‌م دۆخه هاته ئاراوه. واته هه‌رچه‌ند که مرۆڤ به مه‌به‌ستی پاراستنی خۆی له هێرشه‌کان و سه‌رما و گه‌رماو برسیه‌تی‌و…هتد، که‌ره‌سه‌ی پێویستی بۆ مانه‌وه ده‌خو‌ڵقاندو ناوی لێده‌نان. هه‌ر به‌و چه‌شنه‌ش له‌م هه‌رێمه‌ی که ئه‌مڕۆ کوردستانی پێ ده‌گوترێ، زمان په‌ڕوپۆی به خۆوه گرت.
په‌ڕوپۆ گرتنی زمان تا ئاستێک رازاوه‌و پێگه‌ی گرت، که ئیدی وێڕای ناوکردن له‌و ئامراز‌و که‌ره‌سانه‌ی که مرۆڤ بۆ ژیان به‌رهه‌می هێنابوون، توانی خولیا‌و هزرو بۆچوونی خۆی بهوونێته‌وه‌و بیکات به ئامرازی درکاندنی بیرکردنه‌وه. توانی وێژه‌ی واتادان به ژیان، به‌مه‌رۆڤبوون، به‌کۆمه‌ڵبوون، به‌سر‌وشت‌و…هتد، به‌رینتر بکات. مه‌به‌ستیش ئه‌وه بوو که وزه‌ی به‌رخۆدان له به‌رانبه‌ر دێوه‌زمه‌ی لادان له سرووشتی هه‌ردوو کۆمه‌ڵگای یه‌که‌م، واته سروشتی که‌یهانی و سروشتی دووه‌م، واته سروشتی مرۆڤ بوون‌و کۆمه‌ڵبوون، به‌ره‌و لووتکه ببات. ده‌قه میتۆلۆژیه‌کانی سوومه‌ری راشکاوانه وێژه‌ی گێڕانه‌وه‌ی به‌رخۆدانی ئیناناو ئافرودێت‌و ئاشتارو…هتد، وه‌ک خۆڕاگرانی نرخ‌و به‌های کۆمه‌ڵگای سروشتی به پێشنگایه‌تی دایکن، که دواتر که‌وته به‌ر ته‌وژمی بیرۆکه‌ی چینایه‌تی‌و پاوانخوازی ئه‌نکیه‌کان و مه‌ردۆکه‌کان که داڵده‌ی کۆمه‌ڵگای سروشتی به‌ره‌و کۆمه‌ڵگای چینایه‌تی‌یان ده‌دات. ئه‌و وێژه میتۆلۆژیه‌ی که له‌وکاته‌وه تابگاته ئیستا، مێژوویه‌کی زیاتر له پێنج هه‌زارساڵی هه‌یه، گێڕانه‌وه‌یه‌که له به‌ربه‌ره‌کانێ دوو توێژی چه‌وسێنه‌رو چه‌وساوه. له‌م بواره‌وه هه‌زاران چیرۆک، راز‌و رسته‌و هونراوه‌ی خوڕاگرانه سه‌باره‌ت به سه‌رده‌مه جیاجیاکان له رێڕه‌وه‌ی مێژوودا تێپه‌ڕیون‌و گه‌یه‌شتوونه‌ته ئه‌مڕۆ. تا چه‌وسانه‌وه‌ش به‌رده‌وام بێت، ئه‌و ره‌وته به گوێره‌ی پێویستی سه‌رده‌م خۆی نوێ ده‌کاته‌وه.
دوابه‌دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌ت‌ــ شاره‌کانی سوومه‌رو پێشکه‌وتنی ره‌هه‌نده دزێوه‌کانی کۆمه‌ڵگای چینایه‌تی، که له‌سه‌ر بنه‌مای پاوانخوازی، ده‌سه‌ڵاتداری، داگیرکاری، قه‌ڵاچۆکردن‌و هه‌رچه‌شنه چه‌مکی دزێو ریشه‌ی داکوتا بوو و هه‌ر رۆژ هێرشه‌کانی له‌سه‌ر نرخه‌کانی کۆمه‌ڵگای سروشتی چڕ ده‌کرده‌وه، گروپێکی به‌رخۆدانوان بۆ پاراستنی نرخه‌کانی کۆمه‌ڵگای سروشتی له ته‌وژمی بێ‌به‌زه‌یانه‌ی بونیادنه‌رانی شاره‌ستانیه‌تی مادی‌و ناوه‌ندی، پشتی خۆیان دا زه‌نجیره چیاکانی زاگرۆس که هه‌موو که‌ره‌سه‌کانی خۆپاراستنی تێدا بوو. ئه‌م گرووپانه که ناوی هووریان له‌سه‌ره، وه‌کوو پرۆتۆ کورد یان یه‌که‌مین بونیادنه‌رانی داب و نه‌ریتی کوردایه‌تی پێناسه ده‌کرێن. به شێوازی ژیانی خۆیان که وه‌رگیراو له چاندی کۆمه‌ڵگای سروشتی بوو و کۆمه‌ڵگای سروشتیش بۆ خۆی پێکهاته‌ی خۆڕاگری له به‌رانبه‌ر چاندی قۆرخکردنه، به مه‌به‌ستی پاراستنی نرخه مادی و مه‌عنه‌ویه‌کانی خۆیان له به‌رانبه‌ر پاوانخوازی کاهێنه خوێنمژه‌کانی سوومه‌ر شانیان بۆ به‌رخۆدان شل کرد.
داب‌و نه‌ریت‌و زمان‌و شێوازی ژیانی هووریه‌کان هه‌نووکه‌ش له وڵاتی کوردستان به‌تایبه‌ت له هه‌رێمه شاخاویه‌کان پارێزراوه. ئه‌وه‌ش خۆله‌خۆی‌و ساکار نه‌پارێزراوه‌و له ئاکامی به‌رخۆدانه دوابه‌دوای‌یه‌که‌کانی کاسیه‌کان، لۆلۆوه‌کان، گوتیه‌کان، نایرییه‌کان، سووبارۆکان، کاردۆشیه‌کان، ئورارتوره‌کان، ماده‌کان، مانایه‌کان‌و هه‌ره‌دوایی و ئه‌مڕۆژشی له‌سه‌ربێ له لایه‌ن کوردانه‌وه، وه‌ک نه‌وه‌ی هوریه‌کان پارێزراوه.
ئه‌و به‌رخۆدانه‌ی که له درێژه‌ی ئه‌م پێنج هه‌زار ساڵه‌دا له به‌رانبه‌ر هێرشی کاهنه‌کان و پاشاکانی سوومر، وه‌ک شاکانی بابول‌و ئاشوور، هه‌روه‌ها هه‌خامنشیه‌کان، ئه‌شکانیه‌کان، ساسانیه‌کان، بیزانسه‌کان، هلینیه‌کان، عه‌ره‌به‌کان، تورکه خه‌ز‌ه‌ریه‌کان، موغولیه‌کان، تاتاره‌کان، عوسمانیه‌کان، سه‌فه‌ویه‌کان، ئه‌فشاریه‌کان، قاجاره‌کان و هه‌ره‌دوایی چوار ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه‌ی تورک و عه‌ره‌ب و فارس په‌یره‌و کراوه، وێژه‌یه‌کی به‌هێزی به‌رخۆدانی له کوردستاندا به‌دوای خۆی هێناوه. هه‌رچه‌ند به‌رخۆدان پێشکه‌وتووه به‌و ئاسته‌یش وێژه‌ی به‌رخۆدانی کورد پاراوتر بووه و وزه‌ی به‌رخۆدانی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێرشه‌کانی دواتر به‌رز کردووه‌ته‌وه. وێژه‌ی کوردی له سه‌ره‌تاوه تا ئه‌مڕۆ له چوارچێوه‌ی ده‌قه زاره‌کی‌و نووسراوه‌کانی ئاینی میترائیسم، مه‌زدائیسم، یاری و ئیزه‌دی، دواتریش له به‌رگی شاهنامه‌ی کوردی و هونراوه‌ی هونیاره‌کانی سه‌ده‌ی په‌نجه‌می زایه‌نی به‌دواوه تا بگاته ئه‌مڕۆ خۆی نواندووه. به‌شێکی زۆری زاره‌کی و به‌شێوه‌ی راز‌و چیرۆک‌و په‌ندی پێشینیان‌و…هتد، گه‌یه‌شتووه‌ته ئێمه. به‌شێکی زۆریشی خۆی خزاندووه‌ته ناو مێلودی هه‌وره‌و سیاچه‌مانه‌و به‌ندو حه‌یران‌و لاوک‌و…هتد. به‌شێکیشی به شێوازی نووسراوه له ناو په‌رتۆکه ئایینیه‌کاندا وه‌ک ئاوێستا، دیوانه گه‌وره یا سه‌رئه‌نجامی یارسانه‌کان، کتێبه ره‌شی ئیزه‌دیه‌کان و دیوانی ئه‌و هونیارانه‌ی که دیوانه‌کانیان له گه‌زه‌ندی تاڵان پارێزراون، ماوه‌ته‌وه.
دیوان‌و هونراوه‌ی ئه‌و هونیاره کوردانه‌ی که دیوانه‌کانیان له‌به‌رده‌ستمان دایه، به‌رله‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کانیان هێزی وێژه‌یی‌و پاراوی و شیرینی که‌لامیان نیشان بده‌ن، خولیا‌و به‌سه‌رهاته تاڵ‌و شیرینه‌کانی گه‌له‌که‌یان و چیرۆکی خۆڕاگری کۆمه‌ڵگای سه‌رده‌می خۆیان ده‌گێڕێنه‌وه. له بابه‌تی وێژه‌ی گه‌له‌که‌مان که له سه‌ر بنه‌مای به‌رخۆدانی پێش که‌وتووه، ده‌توانین بڵێین: به‌شێکی له رێڕه‌وه‌ی مێژوو و له سه‌رسه‌ختی فه‌ڵکدا فه‌وتاوه. ئیدی بۆ ئه‌م به‌شه ئاهووناڵه‌و به‌سه‌رداماڵین‌و…هتد، که‌ڵکی نیه. له‌ڕاستیدا ئه‌و فه‌وتانه له‌گه‌ڵ قه‌ڵاچۆو کۆسکه‌وتوویی گه‌له‌که‌مان هاوته‌ریب بووه. به‌شێکی‌تری له‌به‌ر کڵۆڵی گه‌له‌که‌مان لێمان دزراوه‌و داگیرکه‌ری بێ‌به‌زه‌ئی دوای تاڵانی وڵاتمان لێمانی ڕفاندووه و کردوویه‌تی به ماڵی خۆی. پێویسته هه‌وڵی ئه‌ستاندنه‌وه‌ی بده‌ین. به‌شێ‌تری له ژێر وێرانه‌ی وڵات‌و سینه‌ی پڕله ئۆخی پیره‌کانمان له شوێنه شاراوه‌کانی وڵاته‌که‌مان شاردراوه‌ته‌وه. پێویسته هه‌وڵی راشکاوی بده‌ین. ئه‌و به‌شه‌یش که له‌به‌رده‌ستدایه پێمان ده‌ڵێ: ئه‌م گه‌له چیی به‌سه‌رهاتووه و وێژه‌ی له‌سه‌ر چ بناخه‌یه‌که‌و تا چه‌نده له قووڵایی به‌رخۆداندایه. یا تا چه‌نده وێژه‌ی ئه‌م گه‌له پاڵپشتی به‌رخۆدانی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و نیشتمانی ئه‌م گه‌له چه‌وساوه بووه. ئه‌رکی ئه‌م وتاره راوه‌سته‌یه‌ک، له‌سه‌ر ئه‌م مژاره‌یه.
پێکهاته‌ی رێکخستنی، ئایینی میترائیسم بۆخۆی مکانیزمی پاراستنی گه‌لانی زاگرۆس له‌به‌رانبه‌ر ئیمپراتووره خوێنمژه‌کانی ئاکدو بابول بووه. ئه‌رکی، وێژه‌ی ئه‌م ئایینه ئه‌وه بووه تا هێزی به‌رپرسیاره‌تی بۆ په‌یره‌وانی بخولقێنێ، به‌رخۆدانی بکه‌ن و له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌وه چۆک دانه‌ده‌ن. له‌ڕاستی ئه‌و په‌یام‌و ئامۆژگاریانه‌ی ده‌قه‌کانی میترائیسم بوون، که بوون به هێزی داڵده‌ی گوتیه‌کان و کاسیه‌کان تا توانیان گه‌وره‌ترین ئیمپروته‌ره‌کانی ئاکدی‌و بابولی، بڕوخێنن‌و بیانخه‌نه زبڵدانی مێژوو. میترا بۆ خۆی له‌ناو گونداندا ده‌گه‌ڕا و بۆ منداڵان سروودی ده‌خوێنده‌وه‌و شتی به‌سه‌ریان بڵاو ده‌کرده‌وه. ده‌یویست له‌و منداڵانه جه‌وانێکی به‌رخۆدانوان بۆ داهاتوو بخولقێنێ. ئه‌م نه‌ریته‌ی میترا ئه‌مڕۆ له رۆژئاوادا بابانوئێل و له ناو گه‌لانی ئاریاییدا بابانه‌ورۆز ده‌یگێڕێ. هه‌رچه‌ند به هۆی ترسی ده‌سه‌ڵاتدارانی داگیرکه‌ر له فه‌لسه‌فه‌ی نه‌ورۆز، نه‌ریتی بابانه‌ورۆز تا ئاستێک که‌م‌ڕه‌نگ بووه‌ته‌وه‌و وه‌ک جاران رۆڵ ناگێڕێ. گه‌یه‌شتنی ئه‌م نه‌ریته بۆ رۆژئاوا، به‌و کاریگه‌ریه‌وه گرێدراوه که ئایه‌نی میترائیسم له‌سه‌ر مه‌سیحیه‌ت، دایناوه. ده‌قه ئایینیه‌کانی میترائیسم که به‌شێک له وێژه‌ی گه‌له‌که‌مانن و هه‌نووکه‌ش کاریگه‌ریان له‌سه‌ر گۆرانی‌و وێژه‌مان، هه‌یه‌و ته‌نانه‌ت ئیستاکه‌یش په‌یره‌وانی میترائیسم له شاری سه‌حه‌نه‌ی کرماشان هه‌بوونیان هه‌یه، له سه‌رده‌می لۆلوه‌کان، گوتیه‌کان، کاسیه‌کان، میتانیه‌کان، سوبارۆکان‌و نایریه‌کان، وێژه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌لانی زاگرۆس‌و هه‌روه‌ها گه‌لی کورد بوون. ئه‌م ده‌قانه زۆرتر به هۆره خوێندراونه‌ته‌و و هه‌نووکه‌ش هۆره له‌ناو کوردان‌دا ماوه. هه‌ندێ جار چه‌رمه‌سه‌ریه‌کان خوێندراونه‌ته‌وه و هه‌ندێ جاریش سروودی خۆڕاگری‌و شه‌ڕ له‌به‌رانبه‌ر هێرشکه‌رانیان چڕیوه. هۆره ئیستاکه زۆرتر له باشووری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌گوترێته‌وه. پێشتر زۆرتر وێژه‌ی به‌رخۆدانی پێ خوێندراوه‌ته‌وه و به‌شێوازی مه‌رسیه بۆ قاره‌مانانی ناو کۆمه‌ڵگاو شه‌هیدانی هێڵی به‌رخۆدانی گه‌لی کورد گوتراوه. بۆ وێنه مووره یه‌کێک له مقامه‌کانی هه‌ووره‌یه که له ناویدا ده‌قی به‌رخۆدان و بوێری و رۆحیه‌ی تێکۆشانی، پێ‌وتراوه. چه‌مه‌ریش به‌شێک له هه‌وره‌یه که یه‌کم جار بۆ شیوه‌ن و زاریکردن له‌سه‌ر قاره‌مانێک به ناوی سیاوش گوتراوه. ده‌بێت ئه‌م سیاوش‌ناوه، سیاوشی کوڕی که‌یکاوس که له شه‌ڕی توراندا ده‌کوژرێت، یا سیاوه‌شی مه‌زده‌کی بێ که دوای سه‌رکوتی مه‌زده‌کیه‌کان به‌ده‌ستی ئه‌نه‌وشیروان ده‌کوژرێت. چه‌مه‌ری ئه‌مڕۆژه له لایه‌ن کوردانی باشووری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ شیوه‌نی ئیمام حوسه‌ین له تاسۆعاو عاشوورادا ده‌خوێندرێته‌وه. هه‌روه‌ها بۆ له‌ده‌ستانی که‌سه‌کانی خۆیانیش ده‌یچڕن. ئه‌م به‌یتانه وێنه‌ی ئه‌و به‌یتانه‌ن که هه‌وره چڕه‌کانی ئه‌مڕۆ ده‌یانچڕن.
هه‌ی ئاو، هه‌ی ئاگر، هه‌ی ئاگر هه‌ی ئاو هه‌ی ئاو وه ده‌سه‌یل، ئـاگر هاوه‌ناو
…………….
ئه‌ر کوشیام له جه‌نگ فه‌دای یــارانم فـــه‌دای سه‌ربه‌رزی نه‌ڕه شێرانم
…………..
کزه‌ی وه‌فره‌لوول ریه‌کان کردیه به‌ن بێ‌خـه‌م چووزانێ من خه‌م گیانم، سه‌ن
……………….
سه‌یرکـــــه سه‌رکووان چ ته‌مێ دارۆ ئـــه‌و ته‌مه خه‌مه وه من مه‌وارۆ
……………..
ئه‌ر کوشیام له جه‌نگ هووچ په‌روام نیه غه‌یر له دارابه‌گ که‌س لــــــه جام نیه
…………………
ده‌ردێ مــن ده‌ردێ ده‌رداره‌یل گشته یـــه‌سه که ناڵه‌م له‌ی دونیای زشته
…………………
قه‌سه‌م وه خه‌مێ گشت ساحێب خه‌مان ده‌ردێ خــــــــه‌ڵقه‌که‌م قامه‌تم چه‌مان
وێژه‌ی زه‌رده‌شتی که یه‌کێکیتر له ده‌قه‌کانی وێژه‌ی بنه‌ڕه‌تی گه‌له‌که‌مانه، به‌ته‌واوه‌تی ناوه‌ڕۆکێکی به‌رخۆدانوانانه‌ی هه‌یه. بانگه‌یه‌شتی زه‌رده‌شت به جوتکاری و زه‌راعه‌ت له پێده‌شته‌کانی زاگرۆس‌دا و هه‌روها بانگه‌یه‌شتی گه‌لان بۆ رچاوکردنی پێوه‌ره ئه‌خلاقیه‌کان و پته‌وکردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی و رێکخستنی ــ ئابووری سه‌ربه‌خۆ، به مه‌به‌ستی رێخستنی به هێزی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هێرشگه‌لێک، وه‌ک هێرشی ئاشووریه‌کان بوو. هه‌را کردنی زه‌رده‌شت له لووتکه به‌رزه‌کانی زاگرۆسه‌وه، رووبه پاشاکانی ئاشوور، که هه‌را داکات: ئێوه کێن له سه‌ر وڵاتی من هێرش ده‌که‌ن؟ بۆ خۆی ناوه‌ڕۆکێکی به‌ته‌واوی خۆڕاگرانه‌ی هه‌یه‌و عوسیانێکی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵگای زاگرۆسه، که له پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م هه‌رێمه ره‌گی داکوتاوه. ئه‌م وێژه‌یه بوو که داڵده‌ی ماده‌کانی بۆ به‌رانبه‌ربوونه‌وه‌ی ئاشووریه‌کانی دا‌و خوێنمێژترین ئه‌مپراتووری ئه‌وکاته‌یان روخاند. ئه‌م وێژه‌یه بوو که له‌و کات و زه‌مه‌نه‌دا، ئیمکانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه له گه‌ڵ سوپای هه‌لنی، بۆ کاردوشیه‌کان و مادی بچووک و کوردستانیان به‌گشتی، ره‌خساند. هه‌روها ئه‌و وێژه خۆڕاگرانه بوو که حه‌ماسه‌ی نه‌ورۆزی لێکه‌وته‌وه و کاوه‌ی په‌روه‌رده کرد تا زه‌حاکی خوێنخوار له کۆڵ ئه‌م گه‌له بکاته‌وه. وه‌کووتر ئه‌و وێژه‌یه بوو که مانی و مه‌زده‌کی له‌به‌رنبه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌ی ساسانیه‌کان خسته سه‌رپێ و بابه‌کی کرده تووشی خه‌ڵیفه‌کانی شاری “هه‌زارو یه‌کشه‌وی” عه‌باسی، تا بۆ شه‌وێکیش به راحه‌تی له‌گه‌ڵ ماستاوه‌کانی ئه‌بوونه‌واس و چریکه‌ی قه‌ره‌نفه‌ل چاو به‌یکدانن. بێ دڵه‌ڕاوکێ نه‌خه‌ون و به‌رده‌وام له ترسی شمشێری بابه‌کدا بن. ئه‌و شمشێره‌ی که بروومه‌ندی دایکی دایبوو به‌ده‌ستی و گووتووبووی: کوڕم، له ناو بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عباسیدا بێ چاو، ژیان ده‌بێت. به‌ڵام بێ شمشێر نابێت.
گاته‌کانی ئه‌وه‌ستا وه‌ک به‌شی ئورژیناڵی وێژه‌ی زه‌رده‌شت، به‌شێکی‌تر له وێژه‌ی به‌رخۆدانی گه‌لی کوردن که له سه‌ره‌تاوه به میلودی سیاچه‌مانه گوتراون. گزنفون مێژووناسی یونانی ده‌ڵێت: کاتێک سپای ئه‌سکه‌نده‌ر هێرشی کرده سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له پێده‌شته‌کانی زاگرۆس به گۆرانی‌و ئستران هێرشیان کرده سه‌ر سپای ئه‌سکه‌نده‌رو زه‌ربه‌یه‌کی زۆریان وه‌به‌ر سوپای ئه‌سکه‌نده‌ر خست‌و به‌ته‌واوه‌تی شپڕزیان کرد.
سیاچه‌مانه میلودیه‌کی به‌هێزی کوردییه، که به‌شێکی زۆری وێژه‌ی به‌رخۆدانی گه‌لی کوردی پێ گوتراوه. هه‌روه‌ها به‌زمی ده‌ره‌یی و چه‌پڵه له بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م میلودیه‌ن. له به‌هێزترین مه‌له‌وانانی رابردووی ئه‌م گۆڕه‌پانه یه‌کێکیان نه‌کیسایه که له‌سه‌رده‌می ساسانیه‌کان سیاچه‌مانه‌ی گوتووه و هه‌روه‌ها یۆسۆئاسکا که‌سێکی‌تره که له‌به‌رانبه‌ر هێرشه‌کانی هه‌ردوو داگیرکاری عوسمانی و سه‌فه‌وی هه‌رای وێژه‌ی به‌رخۆدانی به قوڕکی سیاچه‌مانه‌وه کردووه. مامۆستا عوسمان کێمنه‌ییش یه‌کێک له سیاچه‌مانه بێژانی سه‌رده‌مه که هێزی به‌رخۆدانی به‌شیک له وێژه‌ی گه‌له‌که‌مانی له به‌رانبه‌ر هێرشی تواندنه‌وه و سڕینه‌وه مسۆگه‌ر کردووه. ئه‌م به‌یتانه نموونه‌یه‌ک له‌و به‌یتانه‌ن که له‌سیاچه‌مانه‌دا ده‌گوترێن.
بـــه ته‌قه‌ی بڕنه‌و که‌وتا یاڵه‌و یاڵ به گه‌رمه‌ی ته‌قه تۆم که‌وتی خه‌یاڵ
…………………
وه‌ڵات‌و وێما کۆیه‌ش دیـــاره‌ن عننه‌و ئا کۆیه خـــــه‌م جه‌لام باره‌ن
……………….
هه‌رکه‌س خه‌مباره‌ن خه‌م بارۆ لاو من خه‌م چه‌نی خه‌می زوو مه‌بۆ ساکن
به‌شیکتر له وێژه‌ی به‌رخۆدانی کوردی، موقاومه‌تنامه‌ی کوردیه که وه‌ک شانامه‌ی کوردی ناوی لێده‌کرێ. ئه‌م ده‌قانه که وێژه‌یه‌کی به‌هێزی حماسین. بۆماوه‌یکی درێژ له‌کانگای بیری میژوویی گه‌له‌که‌مان ماوه‌ته‌وه و دواتر هه‌ندێکی له‌سه‌ر لاپه‌ره تۆمار کرا و به‌شێکی زۆریشی هێشتا نه‌نووسراوه‌و له سینگی پیره‌پیاوان و پیره‌ژنانی باشووری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، له گه‌ڵ زۆخ و ئاخدا په‌نگی خواردووه‌ته‌و و چاوه‌روانی قه‌ڵه‌م به‌ده‌سێکی دڵسۆزی وه‌ڵاته که به‌رله‌وه‌ی بچیته ژێر گڵ، له فه‌وتان رزگاری بکات و بی‌یێنێ ناو بازنه‌ی گۆڕپانی مانه‌وه. ئه‌م وێژه‌یه زۆرتر وه‌سفی قاره‌مانانی کۆمه‌ڵگا ده‌کات و سه‌رگوزه‌شته‌ی ئه‌و خۆڕاگریانه‌ی که له‌به‌رانبه‌ر هێرشی تورانیه‌کان په‌یره‌وکراون، ده‌گێڕێته‌وه. هه‌ندێک جار باس له‌سه‌ر هه‌ندێک به‌ڵگه ده‌کرێت که گوایا شاهنامه‌ی کوردی سه‌رچاوه‌ی شاهنامه‌ی فێردوسیه‌و له‌لایه‌ن هاوژینه‌که‌ی، که کورد بووه بۆ فێردوسی گوتراوه‌و ئه‌ویش کردوویه‌تی به هه‌ڵبه‌ست. شایانی ئاماژه‌یه که هه‌مووی ئه‌و شوێن‌و ناوانه‌ی که له شاهنامه‌دا ناوبراون، هه‌نووکه‌ش له هه‌رێمی گۆران له باشووری رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌بوونیان هه‌یه.
وه‌کووتر، دوابه‌دوای هێرشی عه‌ره‌ب له‌سه‌ر کوردستان به‌رخۆدانێکی چڕ له کوردستاند په‌یره‌و کرا. ئه‌م به‌رخۆدانه هه‌م به ئیلهام گرتن له وێژه‌ی به‌رخۆدانی، به‌ر له سه‌رده‌می خۆی هاته ئاراوه، هه‌م بۆ خۆی وێژه‌یه‌کی به‌هێزی به‌رخۆدانی خولقاند، تا ببێت به پاڵپشتی به‌رخۆدانی جیله‌کانی دواتری کۆمه‌ڵگای کوردی و به وه‌فاداری‌و ئه‌مه‌کناسی له به‌رخۆدانی باو و کاڵیان تا گه‌یه‌شتن به ژیانێکی سه‌ربه‌ست، مه‌ته‌ریزی به‌رخۆدان به‌ر نه‌ده‌ن. له‌درێژه‌ی ئه‌م وتاره‌دا به‌شێکی ده‌وروژێنین و هه‌ڵیده‌سه‌نگێنین.
بێگومان له سه‌ره‌تای هێرشی عه‌ربه‌وه، گه‌له‌که‌مان له‌و ده‌ردو ره‌نجانه‌ی که تووشی هاتووه، گه‌لێک شتی هوونیوه‌ته‌وه. چوون له شوێنێک به‌رخۆدان هه‌بێت، ئه‌وکاته‌یه که چیرۆک و هه‌ڵبه‌ست، بۆ وه‌سفی ئه‌و ماڵوێرانیه‌ی که به‌سه‌ردا دێت و بۆ لاواندنه‌وه‌ی ئه‌و قاره‌مانانه‌ی که له پرۆسه‌ی به‌رخۆداندا شه‌هید ده‌که‌ون، ده‌که‌ونه ریزی ده‌ربڕین. ئه‌م پارچه هه‌ڵبه‌سته هونانه‌وه‌ی دۆخی به‌رخۆدانی گه‌لی کورد له‌و کاته‌یه. له‌م هه‌ڵبه‌سته‌دا که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ساڵی 137ی کۆچی، له‌ڵایه‌که‌وه باسی روخاندن‌و کوشتن‌و دیل‌که‌وتن، ده‌کات، که له‌لایه‌ن هێرشکه‌ره‌وه په‌یره‌و ده‌کرێت، له‌لایه‌کی تریشه‌وه باسی به‌رخۆدان و به‌خوێن تلان و ته‌سلیم نه‌بوون و خۆحه‌شاردان له ناو شاخه‌کان بۆ چۆکنه‌دان، له لایه‌ن گه‌له‌که‌مانه‌وه، ده‌درکێنێ.
هورمزگان رمان ئاتران کــــوژان وێشان شارده‌وه گۆره گۆره‌کـان
زۆر کـاری ئه‌ره‌ب کردنه خاپوور گـــــه‌ناو پاڵه‌یی هه‌تا شاره‌زوور
شـــــن و کنیکا وه دیل بشینا مـــــه‌رد ئازا تلی وه‌ڕووی هونیا
ره‌وشت زه‌رده‌شت مانۆوه بێکه‌س به‌زیکا نیکا هۆرمۆز وه‌هیچ که‌س
ده‌قه ئایینیه‌کانی ئیزه‌ده‌کیه‌کان که له ناو کتێبێک به‌ناوی “کتێبی ره‌ش” کۆکراونه‌ته‌وه، توانیویانه بۆ ماوه‌ی ساڵانێکی زۆر، ئه‌و گه‌له بۆ پاراستنی داب‌و نه‌ریتی خۆیان و تووشنه‌بوون به سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی لایه‌نی سه‌رده‌ست له‌سه‌ر پیان بهێڵێت. ئایینی ئیزه‌دی ریشه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ میترائیسم و مه‌زدائیسم.
تکسته‌کانی یارسانیش که له کتێبی سه‌رئه‌نجامدا کۆ ده‌بنه‌وه له‌و زه‌مه‌نه، هه‌ستی وڵاتپارێزی گه‌لی کوردیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داگیرکاری ئه‌مه‌ویه‌کان، عباسیه‌کان، موغوله‌کان، تاتاره‌کان‌و…هتد، بزواندووه. ناوی قه‌ڵخانی که به په‌یره‌وانی ئایه‌نی یاریه‌وه چه‌سپێندراوه، بۆخۆی گێڕانه‌وه‌ی به‌رخۆدان و به‌قه‌ڵخانبوونه له پێنا نرخه‌کانی گه‌ڵێک، که له هه‌رلایه‌که‌وه که‌وتووه‌ته به‌ر ته‌وژمی بێبه‌زئیانه‌ی داگیرکاری. ئه‌م تکستانه به‌شێکی گه‌وره‌ی وێژه‌ی به‌رخۆدانی گه‌له‌که‌مانن. ناوه‌ڕۆکیان بانگه‌یه‌شتی گه‌ل بۆ کۆمه‌ڵبوونه، که رازی مانه‌وه‌و ئامرازی سه‌ره‌کی به‌رخۆدانی هه‌ر گه‌لێکه. له‌م گۆڕه‌پانه‌دا گه‌لێک زاتی مه‌زن داخوازی‌و خولیای گه‌لیان هووناوه‌ته‌وه. له‌وانه ده‌توونین به ئه‌م زاتانه ئاماژه بکه‌ین.
بالوولی ماهی (باڵووڵی دانا)، باوا لوڕه‌ی لوڕستانی، باوا ره‌جه‌بی لوڕستانی، باواو حاته‌می لوڕستانی، باوا نجومی لوڕستانی، باوا سه‌رهه‌نگی ده‌ودانی، باوا قه‌یسه‌ری هه‌ورامی، باوا سرنجی که‌لاتێ، باوا گه‌رچکی هه‌ورامی، دایه ته‌وێزی هه‌ورامی، موباره‌ک شا ــ شاخۆشینی لوڕستانی، جه‌لاله خانمی لوڕستانی، بابا تایری هه‌مه‌دانی، فاتمه لوڕه‌ی گۆران، لزا خانمی جاف، کاکه ره‌دائی لوڕوستانی، سولتان چه‌له‌بی، باوا بزورگی لوڕوستانی، باوا هندووی هه‌ورامی، باوا ناوسی جاف، دایه خه‌زانی سه‌رگه‌تی، قازی نه‌بی سه‌رگه‌تی، سان سه‌هاکی به‌رزه‌نجی، خاتوو دایراکی ره‌زبار، شائیبراهیمی ئێوه‌ت، باوا یادگار، عابدینی جاف، نه‌رگس خانمی شاره‌زووری، شاوه‌یسقوولی، خاتوون ره‌زبانووی ده‌رزیانی، کاکه عه‌ره‌بی هه‌ورامی، کاکه ره‌حمانی ده‌رزیانی، کاکه پیره‌ی ده‌رزیانی، عالی قه‌له‌نده‌ر، خه‌ڵیفه ئه‌میر، خه‌ڵیفه جه‌بار، خه‌ڵیفه موحه‌مه‌د، خه‌ڵیفه شه‌هابه‌دین، خه‌ڵیفه عه‌زیزی سلێمانی، خه‌ڵیفه باپیر‌و خه‌ڵیفه شاشا.
ئه‌م زاتانه که هونراووه‌کانیان له کتێبی سه‌رئه‌نجام و کتێب‌و نامیلکه‌کانیتری ئاینی یاری هاتوون، له پێشه‌نگه‌کانی ئه‌م ئایینه خۆماڵیه‌ن که بۆ ماوای ساڵانی درێژ به زمانی کوردی وێژه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی گه‌له‌که‌مانیان هووناوه‌ته‌وه و نه‌یانهێشتووه به‌ده‌ستی داگیرکه‌ران بسڕێته‌وه. گه‌لێک له‌و که‌سانه‌ی که په‌یره‌وی ئایینی یارسانیان کردووه، به تایبه‌تی له ئاستی پێشه‌نگایه‌تی دا هونراوه‌ی ئایینی ــ کۆمه‌ڵایه‌تییان هوناوه‌ته‌وه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی تووشی هه‌ڕه‌شه و راودوونان و بگره، شه‌هیدبوونیش بوونه‌ته‌وه، به‌ڵام دیسان ده‌ستیان له‌م کاره هه‌ڵنه‌گرتووه. وێڕای ئه‌و ناوانه‌ی پێشتر ئاماژه‌مان پێ‌کردن، گه‌لێک زاتی‌تر له‌م گۆڕيپانه‌دا هه‌ڵبه‌ستیان هوونێوه‌ته‌وه به‌ڵام له‌به‌ر چڕ بوونی زه‌بری داگیرکاری نه‌یانتووانییوه ناوی خۆیان ئاشکرا بکه‌ن و به نازناو به‌رهه‌مه‌کانیان بڵاو کردۆته‌وه. بۆ وێنه ده‌توانین به ئه‌مانه ئاماژه بکه‌ین.
ده‌مام، شه‌مام، ئه‌ژده‌ر، ئه‌نوه‌ر، قامووس، گه‌وهه‌ر، نگین، مسکین، مۆمن، سه‌فیر، که‌بیر، ناری، سه‌یاد، قانوون، لامی، پێشه‌نگ، ئه‌وڕه‌نگ، خه‌زاوی، خوونچی، عه‌زرائیل، ئیدراک، وردی، نیشان، سه‌قا، جه‌رگا، مه‌رزی، بیا، ته‌وار، سروور، سه‌ڕاف، زه‌ڕتاو، شه‌میل، قه‌ندیل، شمشاڵ، سه‌یقال، مه‌ستی، غازی، حه‌ریر و تۆفێق.
هوونانه‌وه‌ی چیرۆکه حماسیه‌کانی کوردستان به شێوازی به‌یتخوانی و تێکه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ ملوودی حه‌یران و لاوکدا، یه‌کێکیتر له باوه‌کانی نه‌رییتی وێژه‌وانی گه‌له‌که‌مان بووه. گه‌لێک داستانی به‌رخۆدانی گه‌له‌که‌مان به‌م شێوازه هونراونه‌ته‌وه و سینه به‌سینه به جیلی دوای جیلی‌تر گه‌یشتووه. به‌م شێوازه ده‌ربڕینه قاره‌مانه‌کان و پێشه‌نگانی پارزگاری له به‌رانبه‌ر هێرشی داگیرکاران، لاوێندراونه‌ته‌وه و ئه‌و قاره‌مانانه به‌م شێوازه به نه‌وه‌کانی دواتر ناسراون، تا ببن به وێنه‌و سه‌رمه‌شقی لاوانی سه‌رده‌م‌و داهاتوو و هه‌تاهه‌تایه ئه‌و سه‌مبولانه له‌بیر نه‌چنه‌وه. بۆ وێنه ده‌توانین به به‌یتی قه‌ڵای دمدم ئاماژه بکه‌ین. ئه‌و کاره‌ساته‌ی که هاتووه‌ته ئاراوه و ئه‌و قاره‌مانیه‌ته‌ی که له‌لایه‌ن دانیشتوانی قه‌ڵاکه له‌به‌رانبه‌ر هێرشی سه‌فه‌ویه‌ی داگیرکه‌ر په‌یره‌و کراوه. مه‌گه‌ر که‌سێکی خاوه‌ن وێژدان ده‌توانێت له‌و به‌یته‌دا چیرۆکی کچه کوردی قومری ناو که به بسکه‌وه خۆی هه‌ڵده‌واسێ‌و خۆی شه‌هید ده‌کات تا له به‌ر ده‌ستدرێژی داگیرکه‌ر بپارێزرێ، ببیسێت و ویژدانی نیشتمانپه‌روه‌ری نه‌بزوێ‌و په‌یمانی به‌رخۆدان تا رزگاری وڵات نه‌دات. به ئیلهامگرتن له رۆحی به‌رخۆدانی قه‌ڵای دمدم‌و قاره‌مانیه‌تی قومریه، که ساڵی 1919 له شۆڕشی نووری ده‌رسیمیدا ئه‌و چیرۆکه دووپات ده‌بێته‌وه و سه‌دان کچی جه‌وان له‌سه‌ر شاخه‌وه خۆیان داوێژن تا نه‌که‌ونه به‌ر ده‌ستدرێژی داگیرکه‌ر. خۆ ئه‌گه‌ر به‌رخۆدانه‌کان له‌یه‌کتر ئیلهام وه‌رنه‌گرن و رۆحی به‌رخۆدانی له راستی ئه‌م گه‌له‌دا ده‌ماری دانه‌کوتابێ، نووری ده‌رسیمی له کاتی شۆڕشی خۆیدا ناڵێ: مه لبه‌رخوه دا، ئه‌م لبه‌ر خوه ددن، ئه‌مێ لبه‌ر خوه بدن. شایانی ئاماژه‌یه که به‌یتی به‌رخۆدانی نووری ده‌رسیمی به زاراوه‌ی کورمانجی ژوورین، یه‌کێک له به‌یته حماسیه‌کانی وێژه‌ی به‌رخۆدانی گه‌له‌که‌مانه.
به‌یتکانی چیرۆکی عه‌بدول و ده‌روێش عه‌بدوو که له هه‌ر وشه‌و رسته‌یه‌کیدا وزه‌یه‌کی له‌بن نه‌هاتووی به‌رخۆدان ئاخێندراوه. گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکی قاره‌مانیه‌تی لاوێکی کورد، به ناوی ده‌روێش عه‌بدووه که له‌به‌رانبه‌ر داگیرکاری شه‌ڕ ده‌کات و ئه‌م قاره‌مانیه‌تیه‌ش ده‌بێت به هۆی خوشه‌وێست بوونی ئه‌م لاوه خۆڕاگره، له‌لای کچه کوردێکه‌وه به‌ناوی عه‌دول. واته خۆشه‌ویستیه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رخۆدان و وه‌ڵاتپارێزی. ئه‌م چه‌ند به‌یته وێنه‌یه‌ک له‌و خۆشه‌ویستیه‌ن که عه‌دول له وه‌سفی ده‌روێش عه‌بدوودا گوتوویه‌تی.
من ئاڤێته عه‌ردێ، ته‌شیا مووشێ‌و نیکی زێڕینه من خوه بـه‌ردا ده‌شتا مـووس‌و له‌یلانێ
مــــه‌یدان‌و ترادێ سوارا، ل دوزا شه‌شێ مــــن بالا خوه دایـــــێ ده‌لالی ببرینه
من بالا خوه دایێ ده‌لالی ب حه‌فت جیا ببرینه شه‌ش برینێ ده‌لێل ژ دووه و پێردا که‌واندینه
من ده‌ستێ خوه هاڤێته بــــــــــرینا حه‌فتێ من زانیبوو ســواری ل ده‌لێل خستی
ژ جگه‌رێ خوه‌دا ل هه‌مبه‌ر سواری مه‌ی کوردا ب کینه …..
له ده‌ریای بێ په‌ی وێژه‌ی کوردی‌دا، له‌ناو هه‌زاره‌ی دووه‌می زایه‌نی به‌تایبه‌ت له نیوه‌ی دووه‌می ئه‌م هه‌زاره‌دا به سه‌دان هونیاری کورد هه‌ڵبه‌ستیان هوونیوه‌ته‌وه. که له ناوه‌ڕۆکی به‌رهه‌مه‌کانیان تیشک ده‌خه‌نه سه‌ر برینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی، سه‌رده‌می خۆیان. سروشتی وڵات ده‌لاوێنه‌وه‌و له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و هێزه‌ی که وڵاتیانی داگیر کردووه و ده‌یه‌وێ نرخه‌کانیان پێشێل بکات و زمان‌و کلتوورو که‌سایه‌تییان بتوێنێته‌وه، له جه‌رگه‌ی وێژه‌دا شه‌ڕ ده‌که‌ن و به‌رخۆدانی ده‌که‌ن. گه‌لێک له‌وانه به هه‌ڵبه‌ست، مێژووی گه‌له‌که‌مانیان تۆمار کردووه و به‌رهه‌می ره‌نجی ئه‌وانه، ئیستاکه ئێمه ده‌زانین که له‌م وڵاته چی گوزه‌راوه. ده‌زانین که، وڵاتمان چۆن بووه‌ته مه‌یدانی به‌ربه‌ره‌کانێ و جه‌وله‌ی ئه‌سپه‌کانی عوسمانی‌و سه‌فه‌وی و ئه‌فشاری و قه‌جه‌ری. ئه‌حمه‌دی خانی یه‌کێک له‌و زاتانه‌یه که راستاخۆ ده‌ست ده‌نێته سه‌ر برینی کوردان و هه‌مووی ئه‌م چه‌رمه‌سه‌ریه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ نه‌بوونی ڕێبه‌رایه‌تیه‌کی به هێزو نه‌بوونی یه‌کیه‌تیه‌کی پێویست، له‌ناو کورداندا‌و له ئاکامدا ده‌ڵێ:
گه‌ردێ هـــــــه‌بوا مه ئیتفاقه‌ک ڤێکرا بـــــــــــکرا مه ئینقیاده‌ک
ته‌کمیل د‌کر مه دین‌و ده‌ولــه‌ت ته‌حسیل د‌کر مه عیلم‌و حیکمه‌ت
میرزا عه‌بدولقادری پاوه‌یی یه‌کێکیتر له‌و زاتانه‌یه و له هه‌ڵبه‌ستێکی درێژدا، به تێروته‌سولی رووداوی یه‌کێک له هێرشه‌کانی عوسمانی که له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی 19 دا قۆماوه و بووه‌ته هۆی تاڵانێکی گه‌وره، ده‌گێڕێنێته‌وه. که ئه‌م چه‌ن به‌یته به‌شێک له‌و گێڕانه‌وه‌یه. له‌ڕاستی ئه‌م به‌یتانه بێ‌به‌زئیی داگیرکه‌رو په‌رێشانی هه‌رێمه‌که‌و چه‌وساوه‌یی گه‌ل‌و جه‌رگ سووتاوی هونیار، وه‌ک سه‌یرکه‌ری ئه‌م دیمه‌نه به‌رجه‌سته ده‌کات.
هه‌ولێرو مووسڵ گرد به‌رباد که‌رده‌ن ئایر جه ده‌روون که‌رکووک ئاورده‌ن
ره‌واندز هه‌تا خانه‌قی‌و زه‌هــــــــاو مه‌نده‌لی‌و به‌سره یه‌کسه‌ر داچه‌پــــــاو
پـــارچه‌ی قه‌ره‌داغ تاوه شاره‌زوور چه‌نی سلێمانی گرد که‌رده‌ن خــاپوور
وێرانکه‌ر لــــــهۆن مڵک هه‌ورامان نه‌ته‌رس جـــه زۆر سه‌ڵته‌نه‌ی سانان
سه‌نگه‌ر وست نه‌پای سه‌خناخانی سه‌خت وێـرانکه‌رد مه‌حاڵ هه‌ورامانێ ته‌خت
مـــــه‌زرعه‌ی مه‌حاڵ کاشتر جه بێخ که‌ند ته‌پڵی هه‌ی تاڵان جه ژاوه‌رۆ ژه‌نــد
له‌رزا جه سامش قولـــــه‌ی سه‌ربه‌رزان رێزا جه زۆرش گه‌ڵای سه‌رته‌رزان
ســــــه‌قز شێونا مه‌ریوان ناڵا زوڵمش جه سه‌قف گه‌ردوون وه‌نـاڵا
مه‌حشه‌ر نمانا وه خاک بــانه ساوجه‌بڵاخش کــــه‌رده‌ن وێرانه
شـــارت دا وه ته‌خت مڵک سنه شار بنار لـــــه‌یلاخ مه‌نزڵ دا قه‌رار
ئه‌لکه‌و بێڵه‌وار قوشه‌ن کــــه‌ردش په‌ی که‌نووله وێران که‌رد تا وه ده‌شتێ ره‌ی
کوردستانش که‌رد وه خاک نــــه‌یکۆ خسووسه‌ن بلوک خاکێ جـــــوانڕۆ
مایده‌شت چوون چۆی ته‌خته‌ی ته‌رمشا غه‌زه‌ب کرت نه‌ده‌ور شارێ کرمانشا
سه‌رپێڵ‌و قه‌مسه‌ر، قه‌سر تا راوه‌نــــــد ماڵاش تا قه‌ڵای شارێ نــــه‌هاوه‌ند
خــــاک لوڕستان وه تۆره‌که به‌ر پشتکۆ ئیلامش ته‌مام وێران کــــه‌ر
خه‌راب که‌رد هه‌رسێن هه‌تا وه‌رمـــاوا یاساوڵش وه شار هه‌مه‌دان یــــــاوا
ئیراده‌ش ته‌سخیر مڵک ئێرانـــه‌ن قه‌سدش ته‌سه‌ڕۆف پێشه شێرانـــه‌ن
سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست دۆخێکی نوێ له هه‌رێمه‌که هاته ئاراوه، رێگه له‌به‌ر تزاری رووس و ئه‌رته‌شی ئینگلیس کرایه‌وه، ئیمپراتووری عوسمانی روخاو ده‌سه‌ڵاتی قاجاریه‌کان هه‌ڵوه‌شایه‌وه. کوردستان له ناوبه‌ینی چوار ده‌وڵه‌ت ــ نه‌ته‌وه‌ی چه‌وسێنه‌ر و بێ به‌زئی دابه‌شکرا. ئیدی شێوازی داگیرکاری چڕتربووه و ره‌هه‌ندی جیاواز‌و به‌رینی چه‌وسانه‌وه هاته ئاراوه. زمان‌و که‌لتوورو شوناس که‌وته به‌ر هێرش‌و هه‌ڕه‌شه. له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشانه که به درێژایی سه‌ده‌ی بیست له ئارادا بووه و ئه‌مڕۆژیشی له‌سه‌ر بێ، هاوته‌ریب به‌رخۆدانی گه‌لی کوردیش به‌رده‌وام بووه‌و رۆژبه‌ڕۆژ چڕتر ده‌بێته‌و. گه‌لی کورد له درێژه‌ی ئه‌م پرۆسه به‌رخۆدانه سه‌رده‌میانه، هه‌موو ئێش‌و ئازار‌و خۆڕاگری خۆی هونیوه‌ته‌وه و بووه‌ته خاوه‌ن وێژه‌یه‌کی سه‌رده‌میانه‌ی به‌رخۆدان. گه‌لێک هونیاری دڵسووتاو، به‌رخۆدان و بوێری و نه‌ترسی و مافخوازی گه‌له‌که‌مانیان هونیوه‌ته‌وه. له سه‌دان هه‌ڵبه‌ستی کلاسیک و نوێ‌دا به داگیرکه‌ر گوتوویانه بمانکوژی بمانبڕی، ئێمه ده‌ست له به‌رخۆدان به‌رناده‌ین تا مافی خۆمان مسۆگه‌ر بکه‌ین. به داگیرکه‌ر گوتوویانه ئێمه کوردین و پشت له راستی خۆمان ناکه‌ین و نابین به تۆ‌و هه‌ر خۆمانین. گوتوویانه له کوشتنت ئه‌شکه‌نجه‌ت، زیندانت، سێداره‌ت. چه‌کت، په‌تت، دار‌ت، تۆپت، تانکت و…هتد، ناترسین و گه‌لێکی ئازادیخوازین و به ئازادی ده‌ژین. هه‌رچۆن مامۆستا قانیع ده‌ڵێ:
ئـــــــاخرین ماڵی ژیانم کونجی به‌ندیخانه‌یه ئـــه‌م که‌له‌بچه مه‌ڵهه‌می زامی دڵی دێوانه‌یه
بووکی ئازادیم ده‌وێ خوێنم خه‌نه‌س بۆ ده‌ست‌و پێ ئه‌ڵقه ئه‌ڵقه په‌یوه‌نم وه‌ک پڵپڵه‌و لــــه‌رزانه‌یه
گه‌رچێ دوژمن وا ده‌زانێ من به دیلی لاڵ ده‌بم بــاش بزانێ کونجی زیندانم قوتابخانه‌یه
گرتن‌و لێدان‌و کوشتن عاملی ئــــــازادییه تۆپ‌و شه‌ستیرو که‌له‌پچه لام وه‌کوو ئه‌فسانه‌یه
بیری ئازادیم لــــــه زیندانا فه‌راوانتر ده‌بێ قوڕ به‌سه‌ر ئـه‌و دوژمنه هیوای به به‌ندیخانه‌یه
گـــه‌ر به ئازادی نه‌ژیم مردن خه‌ڵاته بۆ له‌شم نۆکـــه‌ری‌و سه‌ردانه‌واندن کاری نامه‌ردانه‌یه
چاوه‌ڕوانی شۆڕشێکم عاله‌مێ رزگار بکــات میله‌تم بۆ ئــه‌و مه‌به‌سته کرده‌وه‌ی شێرانه‌یه
چـه‌کی شۆڕشگه‌ری من نووسین و بیر‌و باوه‌ڕه راپه‌ڕینه، هه‌ڵمه‌ته، پڕنه‌عره‌ته‌ی کــــوردانه‌یه
قانعم ئه‌مڕۆ لـــــه زیندانا به ئازادی ده‌ژیم سه‌د هه‌زار له‌عنه‌ت له‌وه‌ی وا نۆکه‌ری بێگانه‌یه
یا چۆن سه‌یدای جگه‌رخوێن ده‌ڵێ:
وه‌ڵاتێ من، تۆی بووکــا جیهانی هــه‌موو باغ‌و به‌هه‌شت‌و مێرگ‌و کانی
شــــه‌پاڵ‌و شۆخ‌و نازو گه‌وری گــه‌لێک، شیرین‌و رندو پڕ جوانی
سه‌رێ تاجا، سه‌لاحه‌دینێ کــوردی ئه‌نییا رۆژێ، د بورجا ئــــاسمانی
دوو برویێن، ته که‌ڤانێ روسته‌مێ زاڵ دوو زلفێن، تـــه تیرێن قه‌هره‌مانی
روویێ ته، ئاگرێ زه‌رده‌شت‌و مه‌زده‌ک ژته ، هستر(فێرمێسک) شه‌رابا کامه‌رانی
له نیوه‌ی دووه‌می ده‌هه‌ی حه‌فتاد به‌دواوه له باکووری کوردستان له‌سه‌ر هێڵ‌و رامانی ئاپۆئیسم، به ئیلهام وه‌رگرتن له به‌رخۆدانی پێنج هه‌زار ساڵه‌ی گه‌له‌که‌مان، به‌رخۆدانێک که‌وته رایه‌ڵکه‌ی تێکۆشانی گه‌لی کورد. کۆشکی داگیرکه‌ر هه‌رله سه‌ره‌تایه‌وه له‌به‌ر زه‌بری ئه‌م به‌رخۆدانه هه‌ژاو قڵاشی لێ‌که‌وت. ئه‌و به‌رخۆدانه‌ی که له‌سه‌ر ئه‌م هێڵه پێگه‌ی گرت، وێژه‌یه‌کی بۆ سووته‌مه‌نی ئاگری به‌رخۆدان خولقاند، که ئیدی هه‌تاهه‌تایه کوژانه‌وه‌ی نه‌بێت. بووبه سه‌رچاوه‌ی به‌رخۆدانێک، هێزم ده‌وێ له‌به‌ر ته‌وژمی شه‌پۆلی خۆی راگرێ. به دوو وشه ده‌ستی پێ‌کرد «کوردستان داگیرکراوه» به هه‌ستانه‌وه‌یه‌ک ده‌ستی پێ‌کرد، به‌ڵام ئه‌و دوو وشه ملیۆنان وشه‌و رسته‌یان لێکه‌وته‌وه که هه‌ریه‌کیان مانیفستۆی به‌رخۆدانی نه‌بڕاوه‌یه. هه‌رچۆن هه‌ستانه‌وه‌که‌ی بێ ڕاوه‌ستانه. ئه‌م ته‌ڤگه‌ره وێژه‌ی به‌رخۆدان‌و کرده‌وه‌ی به‌رخۆدانی تێکچڕژاوی یه‌ک کرد. واته ئه‌وه‌ی ده‌درکا، پێکیش ده‌هات. هه‌رای «به‌ر خودان ژیانه‌ی» مه‌زڵووم دۆغان و تینی کڵپه‌ی ئاگری جه‌سته‌ی له هه‌مان چرکه‌دا، جارێکی‌تر حماسه‌ی کاوه‌ی له‌م وڵاته کۆسکه‌وتووه، بووژانده‌وه. گوته‌ی موحه‌مه‌د خه‌یری دورموش یه‌کێک له پێشه‌نگه‌کانی ئه‌م هێڵه که دوای ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی تۆقێنه‌رو ده‌یان رۆژ مانگرتن له خواردن ده‌ڵێ: «له‌سه‌ر گۆڕم بنوسن قه‌رزداری کوردستانم.» ئه‌و په‌یامه ده‌دات که له‌م دۆخه‌ی کوردستانداو هه‌موو کاتدا به‌رخۆدان پێویستیه‌و ئه‌رکه. منه‌تیشی ناوێ بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتپاێزو شۆڕشگه‌ره. گوتنی پێشه‌نگی باڵی سه‌ربازی ئه‌م هێڵه، مه‌عسووم قورقماز (عه‌گید) که ده‌ڵێ: «یه‌که‌مین فیشه‌کم به‌ره‌و که‌سایه‌تی کوردێک ته‌قاند، که ئاسته‌نگه له‌به‌ر رێگه‌ی به‌رخۆداندا.» ئه‌و گوتنه عوسیانه لابه‌رانبه‌ر هه‌ر چه‌شنه کۆله‌تیه‌ک که داگیرکه‌ر که‌ڵکی لێ‌وه‌رده‌گرێت. بێگومان سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئه‌م رسته پڕناوه‌ڕۆکانه راڤه‌یه‌که که رێبه‌ر ئاپۆ له سه‌ر راستی تێکۆشان و پێویستی به‌رخۆدان کردوویه‌تی. له‌و رۆژه‌وه تا ئیمڕۆ ئه‌م هێڵه که بناخه‌ی له‌سه‌ر به‌رخۆدانه، وێژه‌ی به‌رخۆدانی پێنج هه‌زارساڵه‌ی گه‌له‌که‌مانی زیندوو کرده‌وه، رۆژانه‌ی کرده‌وه و به‌رینتری کرد‌و خستیه بوواری کرده‌وه. شرۆڤه‌کانی رێبه‌ر ئاپۆ بوونه‌ته سه‌دان کتێب. پارێزنامه‌کانی رێبه‌ر ئاپۆ که له دورگه‌ی ئیمرالی نووسراون وێژه‌ی بونیادنه‌ری ژیانن له پاڵ به‌رخۆدانی به‌رده‌وامدا. وێڕای ئه‌مه به‌سه‌دان‌و هه‌زاران گۆرانی‌و چیرۆکی زاره‌کی‌و نووسراوه‌و رۆمانی به‌رخۆدانی تۆمار کراون. ئه‌م رچکه‌شکاندنه ته‌نیا له پارچه‌یه‌ک له‌کوردستان یاخۆد له به‌رانبه‌ر داگیرکارێک په‌یره‌و نه‌کرا. به‌ڵکوو له هه‌رپارچه‌یه‌کدا به‌ڵاوبووه و به‌رۆکی هه‌ر داگیرکارێکی گرت. چوون به‌ڕاستی هێڵی به‌رخۆدانی گه‌لی کورد، هه‌مووی تینووی ئه‌و وێژه بوو. له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش له که‌سایه‌تی فه‌رزادو شیرین‌و حوسه‌ین‌و…هتد، دا به‌رجه‌سته کرا. ده‌یان نامه‌و نووسراوی مامۆستا فه‌رزاد و نامه‌کانی شه‌هید شیرین عه‌له‌مهوولوو و شه‌هید حوسه‌ین خزری گێڕانه‌وه‌ی راستاوخۆی ئه‌م راستیه‌ن.
مه‌خابن به‌رده‌وام له ته‌ریبی هێڵی به‌رخۆدانی کوردان، هێڵی خه‌یانه‌ت‌و ته‌سلیمیه‌تیش هاتووه. هه‌رچۆن له ناو هووریه‌کاندا له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی پاوانخوازی سوومه‌ری هێڵی به‌رخۆدانی کوردان ده‌ستی پێ‌کرد، هه‌ر له‌وێشه‌وه به یه‌که‌مین خه‌یانه‌تێک که ئانکیدۆ کردی و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی خۆی ته‌سلیمی پاداشای ده‌وڵه‌ت ــ شاری ئوروک بوو و پشتی له گه‌له‌کی کرد، له‌وکاته به‌دواش ئیدی خه‌تی خه‌یانه‌ت له‌ناوکورداندا ریشه‌ی داکوتاو به‌رده‌وام ئه‌و هێڵه زیاتر له داگیرکه‌ر کۆسپی له‌به‌ر رێگه‌ی تێکۆشانی هێڵی به‌رخۆدان ناوه‌ته‌وه. ئه‌و هێڵه‌یش خاوه‌نی وێژه‌ی ته‌سلیمیه‌تن، که زۆرتر له‌ناو مه‌ته‌ڵه‌کاندا ده‌ریانبڕیوه. وه‌ک ئه‌وه‌ی که ده‌ڵێن: ده‌ستێک ناتوانی بیشکێنی ماچی بکه، ده‌وڵه‌ت رووباره‌و دوایی نایه‌و…هتد.
له‌ڕۆژی ئه‌مڕۆیشدا گه‌لێک که‌س هه‌ن که نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و هێڵه ده‌که‌ن‌و له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی خۆیان راستاخۆو ناڕاستاخۆ، له گه‌ڵ دوژمنی گه‌له‌که‌یانن‌و هه‌ندێ جاریش ئه‌وه‌نده بێ‌حه‌یان، له جێگه‌ی خۆیان پتر لاق راده‌کێشن و به‌رخۆدان‌و وێژه‌ی به‌رخۆدانی فه‌رزاده‌کان ده‌خه‌نه ژێر پرسیاره‌وه. له‌ڕاستیدا ئه‌وانه زۆر له داگیرکه‌ر مه‌ترسیدارترن‌و هه‌رچه‌ند بتوانین ئه‌و هێڵه لاواز بکه‌ین ئه‌وه‌نده‌ش بۆ رزگاری نه‌ته‌وه‌یی گاومان هاوێشتوو.
سەرچاوە: فرات نیوز