هەنیسکی بیستون

هەنیسکی بیستون

ئەگەرچی لە وڵاتی من سەدای هاوار و گریان دێ
هەنیسکی دایکی زگ سووتاو، قیژەی ڕۆڵەی بێ تاوان دێ

ئەگەرچی بیستون ئەمجارە شەڵاڵی خوێن و فرمێسکە
هەناسەی دوایی زارۆکان لەژێر خاپوری ماڵان دێ

ئەگەرچی خوسرەو ئەمجارەش، زۆر فەرهادی لە شیرنان کوشت
بەڵام کورد گشتی فەرهادە، بڕوانە بە هەزاران دێ

لە ڕێگای دوور و نیزیک ڕا، سەدانی وەک ئەبوبەکری
شەو و ڕۆژان بە تاک و کۆ، بە سواری ئەسپی کەحلان دێ

کوا مامۆستا عەلی ئەشرەف بنووسێ حاڵی ئەوڕۆمان
عومەرخاوەر بە خۆ و کۆرپەی بەرەو شاری کرماشان دێ

لە کۆبانێ هەتا ئامەد، هەموو شەنگال و شین‌ئاوێ
برینی خۆی لەبیر کردۆ، دە هانای شاری شێران دێ

لە لایەک دڵ بریندارم، لە لایەک پڕ لە شانازیم
بریندارم لەوەی ڕوویدا و دڵم ڕوونە کە هەتوان دێ

میدیا موکریانی

Related posts