ڕەنجە چنراوەکان !

ڕەنجە چنراوەکان !

ڕەشاد – مستەفا سوڵتانی
2019 شەشی دیسامبری

نوام چامسکی دەڵێت : جیهان لە بواری تێپەڕ بوون و ئاڵ و گۆڕدایە !

هەمیشە لە لایەن ئیسلامی سیاسی و دەماگرژەکانەوە داسەپاندنی ڕەنج و مەینەت بۆ سەرشارۆمەندانی ” ئیزەدی” ئامادە و چنراون .
ڕۆمانێکی مێژوویی – سیاسی و لە سەر دڵان بەناوی “دڵە ڕاوکێ” چاپ و بڵاو بوەتەوە . ئەم ڕۆمانە بەزۆری باس لە دەڕەندەیی و نادڵۆڤانی سیستمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەت ژیانی پڕ لە ڕەنج و ئازاری “ئیزەدیەکان” دەکات . سیستەم گەلێک کە بە گشتی دژی ئازادی و پڕۆسەی دیموکراسی لە هەموو جیهانن . پەردە لادان لە سەرسیستمە دەڕەندەکان چ لە ئامریکا و چ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین پەیامی سەرەکی ڕۆمانەکەیە. قارەمانی داستانەکە” حسین ” کوڕێکی هیمەت بەرزی خەڵکی شاری ماردینە، کەچارەنوسی هەمان مێژوویی تاڵی دانیشتوانی ناوچەکەیە و، لە لاپەڕەکاندا ئاماژەی پێ کراوە. حسین بۆ یارمەتی دانی لیقەوماوانی” ئیزەدی” سەر لە کەمپی پەنابەران دەر دێنێت . کاراکتری دووهەمی داستانەکە کچێکی نازداری ئیزەدی بە ناوی ” مەلک ناز”ە کە پاش دستگیر کردن و فرۆشتنی لە ” بازاڕی کە نیزە و کۆیلەکانی شاری موسل ” دەبێتە هاوسەری ئیجباری مێشک بەردێنێکی داعشی. سوکایەتی و تەجاوزەی فەراوانی پێ دەکرێت . مەلەکناز بەسکی پڕەوە و لە پێڤاژەی کڕین و فرۆشتندا لە لایەن کوردێکی بە ویجدان لە گەڵ دوو مرۆڤی ترکە خۆشکی گەورە و چکۆلەن یارمەتی دەدرین و وەک ئاسک و مامز بە سەر چیاکان و شاخاندا دەفڕن و خۆیان ڕزگار دەکەن. لەو ڕێپێوانە سەخت و پڕ مەترسیەدا ،کچە چکۆلەکە کە فرە ئازار دیتوو و دڵ شکێندرواوە خۆی لە شاخان فڕەدەدا وهەپرون هەپرون دەبێت و ژیانی کۆتایی دێت وئەسپەردەی خاکی دەکەن . مەلەک ناز منداڵی دەبێت و ئەوەندە برسیەتی گەمارۆیان دەدا کە مەلەکناز ، زیلان و نێرگز ناچار دەبن ، بە شیری مەمکەی مەلەکناز خۆیان لە مەرگ دەرباز کەن. شەڕڤانانی ڕۆژئاوا پێشوازی گەرمیان لێ دەکەن و فرە یارمەتیان دەدرین. حسین لە شەقامە تەسکەکانی ماردین و لە نێو فەرهەنگ و کولتوری سریانی ، زەڕدەشتی ، ئاگر پەرەست، جوولەکە،ئاسووری، موسڵمان ، کریستیان ،کلدانی و مەجووستی گەورە بووە کە لە گوزەری پڕ پێچ و خەمی مێژوودا پێکەوە ژیاون . لە پێنج کیلومیتری ماردین کەنیسەی” دیرالزعفران ” و لە نێو شاری ماردین پەرەستگای ” هەتاو” هەڵکەوتوون ، کە ئاوینەی دوو دینی جیاواز و کولتوری ڕەنگینن . حسین تا دڵت بخوازێت هەست ناسک ، دلۆڤان و بە بەزەیی و ئاکاری ئومانیستی و نەترسانەی هەیە. ئەگەرچی دەزگیرانی هەیە ، بەڵام بە خاتری ڕەوانگەی سیاسی ، دەس لەو پەیوەندیە هەڵدەگرێ و لە پێناو ڕزگاری مەلەک ناز و کۆرپەکەی ،لە ڕووباری شێت و پڕ تەوژمی بەهاری دەدا . کە پاشان ڕووباری سیاسی گیانی لێ دەستێنێت. مێشک بەردینەکانی داعش لە تاریکی شەودا هەڵمەتی لێدەدەن و برینداری دەکەن. لە نەخۆشخانەی ماردین فریای دەکەون لە مەرگ ڕزگاری دەبێت . پاشان پەیوەندیەکانی لە گەڵ مەلەکناز و منداڵەکەی پتەو تردەکاتەوە . دایکی وخزمان و کولتوری باو موخالیف و حسین لە ناچاری مەلەکناز بۆ ماڵی دۆستێکی لە ئەستەموڵ بەڕێ دەکات. براکانی حسین لە ئامریکا پەنابەرن و یارمەتی دەدرێ و بەرەو ئامریکا سەفەر و، لە دوکانی ئەوان ئیش دەس پێدەکات . دوای ماوەیەک راسیستەکانی ئامریکا بە چەقۆ هەڵمەتی لێدەدەن و ئەوەندە برینەکانی قورس بووە کە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەس دەدات و دەبێتە قوربانی سیستمە دەڕەندەکانی جیهان. تەرمەکەی بەرەو ماردین دەگەڕێتەوە و خۆشکی بەناوی ” ئایسەڵ ” پەلکە چنراوەکانی دەبڕی و دەیخانە ناو گۆڕەکەی حسین. مەلەکنازیش لە ئەستەموڵ لەماڵێکی دەوڵەمەند دەبێتە قەرەواش و کارەکەر. دوایی ماوەیەک لە گەڵ شەپۆلی پەنابەرانی ئیزەدی بەرەو سنووری یونان ڕێدەکەوێت و چارەنووسێکی نادیار پەیدا دەکات. لە ڕاستیدا زل هێزەکان بە فریودانی بیر و ڕای جیهانی، ڕۆژهەڵاتی ناوێنیان خوێناوی تر کردووە. کارتیلەکان هێلانەی مێلیون ها مرۆڤیان بە سەریاندا ڕووخاندووە و دیاردەی تیروریان لە میزوپۆتامیا وەک کولتورێکی بێ نرخ جێ خستوە. ئایا زل هێزەکان کە ئامێری زۆر نوێ وپێشکەوتویان وەک ئاپۆلۆ و ساتەلیت لە دەوری کورەی زەوی هەیە، ئاگادار نەبوون “ئیزەدیەکان” کە یەکێک لە کۆن ترین و دێرۆک ترین شارۆمەندانی ناوچەکەن ، پەلامار دراون و قەڵاچؤ دەکرێن ! ئایا نەیاندەزانی ئازار و هاواری ئیزەدیەکان لە سەرەوەی هەموو ئازارەکان و هاوارەکانە؟ ئایا نەیاندەزانی ڕەنجە نەپێوراوەکانی ئیزەدیەکان لە چیای شەنگال مەرزن ترە ؟ دیفاع و پشتیوانی زل هێزەکان لە دیاردەی مرۆڤایەتی لە بنەڕتدا زۆر بێ بنەما و بێ نرخە. ئیزەدیەکان چەندین جار لە لایەن سپای ئیسلامەوە قەڵاچۆ و ژنوساید کراون. ئارشیوی درۆیان بۆ دروست کردوون کە گوایە مەلەک تاووس دەپەرەستن. لەحاڵێکدا تیئوەس (تاووس) وشەیەکی یونانیە و بە مانای یەزدان هاتوە. کە وایە مەلەک تاووس یانی خوای مەزن و خوای گەورە. ڕۆمان و داستانی ” دڵە ڕاوکێ” بێ شەبەک ( ئی ،اس ، بی ، ان ) و زەمەنی چاپ و ناوی چاپخانە بڵاو بوەتەوە سەرجەم ١٨٧ لاپەڕەیە ، هەم نووسەر : زولفو لیوانە لی و هەم وەرگێڕ : شۆڕش گوڵکار سەرکەوتوون و، بەتایبەت وەرگێر، کوردی ستانداردی بە کار هێناوە. جگە لە بە کار هێنانی هەندی وشەی نا هەموار کوردیەکەی ڕەوان و بلاوێن پاراوە. ڕۆمانێکی ڕئالیستی و تژی لە فاکت گەلێکی مێژوویی وڕاستیەکانە. بۆ ئەوانەی کە لە بەندیخانەی هزریدا، خۆیان بەند نەکردووە فرەبە نرخ و شیاوی خوێندنەوەیە.

Related posts