بە یەک دەنگ بەرەو تێکشکاندنی پیلانگێڕی سەر گەلی کورد

بە یەک دەنگ بەرەو تێکشکاندنی پیلانگێڕی سەر گەلی کورد

قۆناغێکی تازە و بەربڵاوی هێرش بۆ سەر گەڵی کورد لە کەسایەتی پارتی کرێکارانی کوردستان پ.ک.ک دا دەستی‌ پێکردووە.

بە گشتی هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، شەنگال، مەخموور و گەلێک ناوچە و هەرێمی دیکەی گرتووەتەوە. ئەو هێرشانە کە ماوەیەکی زۆرە و بە شێوازێکی بەربڵاو هەم لە بواری راگەیاندنی و دیپڵۆماتیک کاری بۆ دەکرێ و هەم بەستێنی جۆراوجۆری بۆ دابین دەکرێ لە چوارچێوەی کۆنسێپت و پیلانێکی ناونەتەوییدا بەڕێوەدەچێ. گەڵێک هێز و لایەنی تێدا بەشدارە و بە رێککەوتنێکی بەربڵاو ئەنجام دەدرێت. سەردانە یەک له ‌‌کەدوای یەکەکانی وڵاتانی هەرێمی لە بواری دیپڵۆماتیک و بەڵێن تازەکردنەوەیان سەلمێنەری ئەو بابەتەیە. جێگای ئاماژەیە کە ئەو جارەیان بێ پێچ‌وپەنا و بە شێوازێکی زۆر بێ‌پەردە و لە چوارچێوەی مامەڵەکانی سیستەمی نئۆلیبڕاڵیسم دا خوێنی گەلی کورد نرخی بۆ دیار دەکرێ.

دە ساڵ بەسەر گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێدەپەڕێت و لەو ماوەیەدا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بە سەرۆکایەتی بەرەی فاشیست و نەتەوە‌پەرستی ئاکەپە و مەهەپە، هەموو هەوڵدانی خۆی بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتووریەتی عوسمانی بەکارهێناوە. لەو چوارچێوەیەدا بۆ وەدەست‌هێنانی زه‌مین و بەستێنی نوێ بۆ مانەوە و رەوایی‌دان بە سەرەڕۆییەکانی لە هەموو دەرفەتێک کەڵگ وەردەگرێ. جێگای ئاماژەیە کە بەڕێوەبەری پلان و پرۆژەکانی پەرگالی جیهانی لە هەرێمەکەدا تورکیایە و لەسەر ئەو بنەمایە کۆمەڵێ پلان و خەونی قیزەونی تایبەت بە خۆی تێکەڵ بە پلانە نەگریسەکانی سیستەمی جیهانی کردووە و دەیهەوێ لە ژێر پەڕاوێزی ئەو دیزاینە نوێیەدا نەخشە شوومەکانی بەڕێوەبەرێت. ئەو ئەرکەی کە داعش نەیتوانی بۆ گۆڕانکاری لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامی بدات، ئێستا پاڵپشتە سەرەکیەکەی واتە تورکیا دەیهەوێ پێکی بهێنێ. هەڵبەت ئەو مژارە بە رێکەوتن لە تەک هێزە هەژمۆنەکانی جیهانی ئەنجام‌دەدرێت. بەتاڵ‌مانەوە و بێ‌ئاکامی پرۆژەکانی جیهانی بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هەرێمەکە و ناکۆکی هێزەکانی جیهانی و پشک‌خوازی بەردەوامیان؛ ئەو دەرفەتەی بە فاشیسمی تورکیا داوە کە بە دڕندانە‌ترین شێوە هێرش بکاتە سەر گەلی کورد و هەموو گەلانی هەرێمەکە.

ماوەیەکی درێژە کە ناکام مانەوەی سیاسەتەکانی رۆژئاوا و ئامریکا و هەروەها سەرنەکەوتنی پلانەکانیان لە چوارچێوەی شەڕێ تایبەتدا دەخرێتە ئەستۆی پ.ک.ک و بزووتنەوەی ئاپۆیی وەک تەگەرەی سەرەکی ئەو تێکشکانە نیشان دەدڕێت. هەڵبەت ناتەبایی پرۆژەکانی جیهانی لەتەک راستەقینەی هەرێمەکە حاشاهەڵنەگرە. بەو جۆرە تاوانبار نیشاندان و هێرش کردنە سەر پ.ک.ک ئامانجی تایبەت بە خۆی هەیە. لە راستیدا پارتی کرێکارانی کوردستان نوێنەرایەتی خەتی بەرخۆدانی مێژوویی و دامەزراندنی دیمۆکراسی و پەرگالی خۆڕێوەبەری دیمۆکراتیک لە قاڵبی کۆنفێدڕاڵیسمی دیمۆکراتیک لە هەرێمەکەدا دەکات. ئەو سیستمەی کە پێکەوە‌ژیانی گەلان مسۆگەر دەکات و دەتوانی ئاشتی و تەبایی و ئارامییەکی ماییندە لە هەرێمەکەدا وەدی‌بهێبێ. بێ‌گومان هەبوونی پەرگالێکی بەو جۆرە بڕینەوەی دەستی هەرجۆرە داگیرکاری و دەست‌درێژییەکە. لە هەمان کاتدا تەشەنەی ئەو رەوت و مۆدێلە لە جیهاندا بووەتە ئاسۆیەکی ڕوون بۆ گەلانی چەوساوە و لێقەوماوی جیهان. بە تایبەت مێتۆد و شێوازی نوێی ژیان و تێکۆشانی بزووتنەوەی ئاپۆیی ئەوڕۆکە لە دونیادا بە هەند وەردەگیرێ. ترس لە جیهانی بوونی هێڵی سێیەم بووە بە خاڵی سەرەکی رێککەوتن بۆ لەناوبردنی بزووتنەوەی ئاپۆیی.

نە تەنیا هێزەکانی هەرێمی وەک ئێران و تورکیا بۆ ئەو مەبەستە پەیمانەکانیان نوێ دەکەنەوە و هەوڵدانیانە بۆ پەلکێش‌کردنی وڵاتانی هەرێمی بۆ ناو ئەو کۆنسێپتە؛ بەڵکوو هێندێ لایەنی بەکرێگیراوی کوردستانیشی تێدا بەشدارە کە زۆر ساویلکانە خزمەت بە سیاسەتی دوو ستانداردی داگیرکەران واتە کوردی خراپ و کوردی باش دەکەن و خەریکی هەڵخەڵەتاندنی کۆمەڵگای کوردستانن لەو چوارچێوەیەدا. بەڵام لەناوچوون یا لاوازی پ.ک.ک تەنیا بەستێن سازە بۆ پاکتاوکاری و توانەوەی گەلی کورد لە ئەنجامدا. بەدەر لەوە بێ‌گومان خۆفریودانە. لەوانەیە لە قۆناغی یەکەمدا هێرشەکە رووی لە پارتی کرێکارانی کوردستان بێت بەڵام ئەوە بۆ ‌هێزەکانی دیکەی کوردستانیش وەک ئارامی پێش تۆفان دەبێت. هەر ئێستاش گەورەترین مەترسی لەسەر گەلی ئێزدی و کەمپی پەنابەران مەخموورە. گەلی ئێزدی دەبێ کە رووبەڕووی پاکتاوکارییەکی دیکە یاخود فەرمانی نوێ ببێتەوە.

کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاگاداری لە پیلان و کۆنسێپتی جیهانی لە دژی گەلی کورد، هەموو بکەران و بەڕێوەبەرانی ئەو پیلانە ئیدانە دەکا و وێڕای مەحکووم کردنی ئەو هێرشانە بۆ تێکشکاندنی، بەرپرسیارانە و بە شێوازی کرداری تێکۆشان دەکات. پاراستنی دەسکەوتەکانی نەتەوەیی بە ئەرکی خۆی و هەموو تاکێکی کۆمەڵگای کورد دەزانێ. باش دەزانین کە لە هەل‌ومەرجی ئێستادا دەبێ دەستی شاخ و شار لەگەڵ یەکدابێ. هەڵبەت کە گەریلا خاوەن ئەزموون و لێهاتووییە و نیشانی داوە کە قەڵایەکی لەگیران‌نەهاتوویە. بە دەیان و سەدان جار تامی شکستی بە دوژمنان چێشتووە و سەربڵند و سەرفرازانە لە مەیدانی خەباتی کوردستاندا ئامادەیە. ئەرکی پاراستنی لە هەموو پارچەکان پێک‌هێناوە و دەی‌هێنێت.

پێمانوایە کە ئەگەرچی کۆسپ‌نانەوەی داگیرکەران و نەیارانی ناوخۆیی و بەرژەوەندی بەرتەسکی حیزبی دەرفەتی سازدانی یەکێتی نەتەوەیی هەتا ئێستا نەداوە؛ بەڵام گەلەکەمان لەبواری رۆحی و هزری نەتەوەیی هەموو سنوورەکانی بڕێوە و خاوەن ئەزموون و کردار و رەفتاری یەکگرتوویە. دەزانین لەو کارەساتەی کە روودەدا ئاگادارە و پەیڕەوی لە عەقلانیەتی گشتی و ویژدانی کۆمەڵایەتی بە بنەما دەگرێ و بەرهەڵستی دەبێتەوە. بۆیەش لەو چوارچێوەیەدا لە هەموو چێن‌وتوێژەکانی کۆمەڵگا وەک کرێكاران، ژنان، مامۆستایان، خوێندکاران و چالاکانی مافی مرۆڤ و … داواده‌كه‌ین کە بە ئەوپەڕی بەرپرسیارێتی نەتەوەییەوە هەڵسوکەوت بکەن. هەر کەسێ لە هەر تەمەنێکدا دەبێ چالاکانە بەشداری لە بەرنگاری ئەو پیلانگێڕییەدا بکا. بە تایبەت کۆدار داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکا کە خاوەن هەڵویست بن لە هەمبەر داگیرکاری و بەکارهێنانی ئایین بۆ مەبەستی سیاسی بۆ پاکتاوکاری گەلی کورد. پێوێستە شەقام بە جۆش و خرۆشان بێت و پڕاوپڕ بێ لە رۆحی نەتەوەیی. لە کۆتاییدا وێڕای شەرمەزارکردنی دووبارەی ئەو کۆنسێپتە لە هەموو گەنجان و لاوان داخواز دەکەین کە بە بەشداریان لە سەنگەرەکانی بەربەرەکانێی لە تەک داگیرکەران ئەرکی خۆیان پێک بهێنن. هەر هەڵوێستێک گەرمابەخشی سەنگەری گەریلایە و تێکشکێنەری پلانی پاکتاوکاری لەسەر گەلی کورد.

کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان ( کۆدار)

٣٠جۆزەردانی ١٣٩٩ هەتاوی

Related posts