هاوژین عەزیز: ژنان پێشەنگی بونیادنانەوەی کۆبانێن

سلێمانی – هاوژین عەزیز ئەندامی کۆمیتەی بونیادنانەوەی کۆبانێ لە چاوپێکەوتنێکیدا لە گەڵ ئاژانسەکەمان باس لە چۆنێتی بونیاندنانەوەی کۆبانێ دەکات لەماوەی ساڵێک و هەشت مانگدا.

هاوژین سەرەتا باسی لە سەرەتای بونیادنانەوەی کۆبانێ کرد و وتی: “٢٦-١ ٢٠١٥ کۆبانێ ڕزگار بوو، ٢٩ی هەمان مانگ کۆمیتەی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی کۆبانێمان پێکهێنا، لە سەدا ٨٠ شار وێڕان ببوو، منیش لەسەرەتاوە لە گەڵ ئەو ڕێکخراوە دا کار دەکەم ، دوو جار لە کۆبانێ مامەوە، دواین جار ماوەی ٩ مانگ لە کۆبانێ بووم، سەرەتای کە چووم بۆ کۆبانێ زۆربەی خەڵکەکەی لە دەرەوە بوو. زۆربەی شارەکە بە هۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانان وێران ببوو، تەنانەت ئەندازیاران ڕایان وە بوو گەر شارێکی تر لە نوێوە دروست بکەن ئاسانتر دەبێت.”

ناوبراو سەرنجی ڕاکێشایە سەر گەڕانەوەی هاوڵاتیان دوای ئازادبوونی کۆبانێ و وتیشتی: “ژمارەی دانیشتوانی کۆبانێ بەر لە شەڕ ٤٢٠ هەزار بوو، لە کاتی شەڕدا هەموویان دووچاری کۆچبەری بوونەوە، لە کاتی ئازادکردن کۆبانێ و چونم بۆ ئەوێ لە ماوەیەکی کورتدا نزیکەی ٣٠-٤٠ هەزار کەس گەڕایەوە، بەڵام جاری دووەم کە هاتمەوە واتا دوای ٩ مانگ ئێستا ژمارەی دانیشتوانەکەی لە سەرووی کاتێک ٣٢٠ هەزار کەسە، ئەوەش خۆ لە خۆیدا جێگەی خۆشحاڵیمانە.”

هاوژین باسی لە دۆخی ژنان کرد و بەو شێوەیە بەردەوامی بە وتەکانیدا: “پێش ئەوەی شۆڕش لە کۆبانێ دەست پێبکات ژنان نەیانتوانیوە تا ئاستەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان بخوێنن، بۆیە تەنها چوار ژن توانیبویان زانکۆ بخوێنن، بەڵام ئێستا ژنان لەناو رێکخراوەکاندا رۆڵێکی زۆر چالاکیان هەیە، لە هەمان کاتدا ژنان شانبەشانی پیاوان تێدەکۆشن و تەنانەت دەتوانین بڵێین ژنان پێشەنگی بونیادنانەوەی کۆبانێن. من خۆم مامۆستای زانکۆم لە ئوسترالیا، رۆژێک چووم بەشداریم کرد لە پەروەردەیەکی ژنان کە کۆنگرەی ستار ڕێکیخستبوو، بەڕاسی سەرم سوڕما ئەو ژنانەی بەشداری پەروەردەکە ببون باسیان لە بابەتی هێندە گرنگ دەکرد، لە کاتێکدا ئەوان زۆرێکیان خوێندندەواریان نەبوو، بەڵام بە شێووەیەکی ئایدۆلۆژیی و شیکاری بابەتەکانیان تاوتوێ دەکرد.

کاتێک ئەوانە دەبینین دەزانین شۆڕش لە چ ئاستێکدایە، دەتوانین بڵێین شۆرشی ژنان لە ڕۆژئاوا هەیە. من چووم بۆ هاوکاری بەڵام لەوێ گۆڕانکاری زۆرم بەخۆمەوە بینی، هەستم کرد من چەندە کاریگەر بووم لەو بەرخۆدانیە، بینیم ژنانی کورد خاوەن چ ئیرادەیەکن، ئەوان خاوەن هێزێکی مەعنەوی، ڕامیاری و ئایدۆلۆژی پتەون، لە گەورە تا بچوکترینیان دەزانێت کۆبانێ بۆ ڕووبەڕووی ئەو هێرشە بووەوە.ماوەیەک چووم بۆ جزیرە چەندین یەکینەی ژنانم بینی کە بە عەرەبی قسەیان دەکرد، کاتێک پرسیارم کرد، بۆم دەرکەوت کە ئەوانە عەرەبن، بەرپرسیارەکەیان پێی ڕاگەیاندم کە ئێستا زیاتر ژنانی عەرەب بەشداری دەکەن لەناو ڕیزی شەرڤانان،ئەوەش نیشانەیەکە بۆ شۆڕشی پێکەوە ژیانی گەلان لەناوچەکە، هەموو ژنانی پێکهاتەکانیتر بوونی خۆیان لە راستی شۆڕشی ڕۆژئاوا دەبیننەوە.”

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی کۆبانێ جەختیشی کردەوە: “ئێستا زۆربەی خوێندنگەکانی کۆبانێ ئاوەدان کراونەتەوە، پێشتر ٥٤ هەزار خوێندکار هەبوو، ئێستاش توانیومانە ٣٤ هەزار خوێندکار بنێرینەوە بۆ خوێندنگاکان، هاوکات خوێندنگایەکمان بۆ منداڵانی بێکەس کردۆتەوە، چونکە بە هۆی شەڕ ٦٠٠ منداڵی بێکەس هەن لە کۆبانێ.”

سەبارەت بە کارەباش ناوبراو وتی: ” لە کۆبانێ هیچ کارەبا نەبوو، بەنداوی تشرین سەرەتا لە دەستی جەبهەل نوسرا و پاشانیش لە دەستی داعش دابوو، بەڵام لە ٢٦-١٢-٢٠١٥دا، شەرڤانان توانیان بەنداوی تشرین ڕزگار بکەن، دوای مانگ و نیوێک لە ئازادکردنی بەنداوەکە هەموو کۆبانێ ڕووناک کرایەوە، لە کاتێکدا هیچ کارەبا نەبوو، لەو شارە.”

هاوژین عەزیز ئەندامی کۆمیتەی بونیادنانەوەی کۆبانێ لە کۆتایشدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر ڕۆڵ و ئیرادەی گەل لە بونیادنانەوەی شارەکەیان و بەو شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: “ئەوەی زیاتر لە هەر شتێک سەرنجی راکێشام فیداکاری، مۆڕڵ و گەشبینی خەڵکەکەی بوو، ئەوان دەیانزانی کە ئەو خوێنەی ڕژاوە بە فیڕۆ نەچووە و هیوای زۆریان بەو سیستەمە خۆبەڕێوەبەریە هەبوو کە لە ڕۆژئاوا بەڕێوە دەچێت، سەرەڕایی ئەوەی شەڕێکی زۆر دژوار لە کۆبانێ ڕوویدابوو، بەڵام گەلەکەی زیاتر لە هەر کەس گەشبین بوون بە ئاییندەی خۆیان.یەکێکیتر لەو تایبەتمەندیانەی منیان زۆر کاریگەر کردوە، ئەوەیە کە هاوڵاتیانی کۆبانێ نانێک خۆیان دەخۆن و یەکێک دەبەخشن بە کۆچبەران، لە کاتێکدا لە ژێر گەمارۆی ئابوری دایە، لە ئەوروپا کێشەی کۆچبەران یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانە، قسە لەسەر ئەوە دەکرێت چۆن خواردن و جێ و ڕێیان بۆ دابین بکرێت، بەڵام لە رۆژئاوا ئەوە ئەقڵیەتەش کۆتایی هاتوە، بە تایبەت لە عەفرین کە لە هەرچوار لاوە، لە ژێر گەمارۆدایە، زۆرترین هاوکاری کۆچبەران دەکرێت، ئەوەش بۆ سیستەمەکەی دەگەڕێتەوە کە سیستەمێکی مرۆڤایەتی ژنانە.”
(ش ب)

سەرچاوە JINHA

Related posts