شەنگال لە پەراوێزی مێژووە بۆ ناوەندی چارەسەری

ئەمین سۆرانی

شەنگال لە پەراوێزی مێژووە بۆ ناوەندی چارەسەری

ناشێت لە بیر بکرێت، ناشێت لە بیر کرابێت. هەروا زوو؟ تەنیا چەند ساڵێک لە وە پێش بوو. ساڵی ٢٠١٤، کاتێک بریار درا گەلێکی نیوە گیان بەناوی ئیزەدی پاکتاو بکرێت و وڵاتێکی دۆرپێچکراو بە ناوی شەنگال خاکی بە تورەکە بکێشرێت. ماوەیەک پێش هێرشی “دەوڵەتی خەلافەتی ئیسڵامی داعەش” بۆ سەر گەلی ئیزەدی پلانێک لە وڵاتی ئۆردۆن دارێژرا و لە ئەنجامی سات و سەودایێکدا بریار درا کە لە ناوچەی نیشتەجێی پێرەوانی ئیسڵامی سوننی، لە سەر پانتایەکی گەورە لە ناوان دو دەستەڵاتی سوریا و عێراقدا، دەستەڵاتی “رەسەنی” خەلافەتی ئیسڵامی سوننی دابمەزریت. لەو پلانەدا رۆر کەس و لایەن، لە هیزەکانی جیهانی هێژمۆنگراوە بگرە تا هێزی پشت پەردە، داگیرکەرانی ناوچەو هی تر بەشدار بوون.” سەرسورەکانی سەری رەش” لەو پلانەدا شۆینی بەرچاویان هەبوو.
بەڵام بیکهێنانی دەولەتی خەلافەتی رەسەنی سوننی لەو ناوچەیەدا وا سوک و سادە و بێ كێشەش نەبوو. ناوچەیەکی کۆن و میژوویی بە دین و کولتوری جیاواز لە ئیسڵام، زامدار بەڵام خۆڕاگر لەناو جەرگەی خەلافەتی ئیسلامی؟ شتی وا نابێت. لە لایەکی تر شەنگال خودێن و خاوەنی خۆی هەبوو. تا سەدام مابوو گەلی ئیزەدی شەنگال و دەوروبەر بە شەراکەت لە گەل پارتی دێمۆکراتی کوردستانی عێراق لە رێگای چەند گەل فرۆشی ئیزەدی بەرێوە دەچوو. شەنگال کرابوو بە زیندانێکی گەورەی سیاسی، ئابوری، کۆمەلایەتی و کۆلتوری سەرئاواڵە. دوای لەناوچوونی سەدام پارتی دێمۆکراتی کوردستانی عێراق و بنەماڵەی بارزانی بوونە تاکە خاوەنی شەنگال و گەلی ئیزەدی. سرینەوەی شەنگال و گەلی ئیزەدی بە بی رەزامەندی خودێن نەدەکرا یان بێ کێشە نەبوو. خودێن دەبوایە رازی کرابا. دەنا ئەو ٣٠٠٠٠ فداییە گیان لەسەر دەستانەی بنەماڵە بە سرۆکایەتی فازیل میرانی رێگر دەبوون یا کابرای رۆژهەڵاتی خۆمان ١٠٠٠٠ پیشمەرگەی وەجوڵە دەخست. بۆیە رێگا چارەیەک دۆزرایەوە. شەنگال لە بەرانبەر رۆژاوا!. بریاردرا کە لە بەرانبەر رادەستکردنی شەنگال کۆبانی بکەوێت و هەروەها جزیر رادەستی تورکیاو بارزانی بکرێت.. دوای داگیرکردنی شەنگال لە لایەن بارزانی راگەیەندرا کە ئیتر سایکس-پیکۆ نەما و سەربەخۆیی کوردستان مسۆگەرە. بەڵام کێشە دەرکەت. وادیارە داعەش بیستبووی کە زۆر کەس گێرەیان لە هەولێرێ دەگەرێت. بۆیە ئەویش سەری گێرەی بۆ لای هەولێر خوار کردەوە. رۆژهەڵاتییەکانی خۆمان زۆر زوو بە مەسەلەکەیان زانی. گوتیان ئەوە کاری ئیرانە دەنا بریار نەبوو داعەش بێتە لای هەولێر. وادیارە ئەوانیش ئاگایان لە سات و سەوداکە هەبوو. دوای ئەوە بوو کە بارزانی ناچار بوو بە پێی خۆی بچێت بۆلای گریلا ولە سەر ئەردی تەڕ چۆک دابدات. درێژەی داستانەکە دەزانن. کۆبانی نەکەت، کۆبانی سەرکەوت، رۆژاوا خورتتر بوو و شەنگال رزگار کرا.
ئێستا شەنگال بێ خودێنە. خۆی خودێن و خاوەنی خۆیەتی. بریاری داوە خۆی خۆی بەرێوە ببات. گەلێک کە زیاتر لە هەزار ساڵ خسترابوو پەراوێزی مێژووە و لێکدا لێکدا لە هەر کات و زەمانێکدا بە پاساوی جۆدا لە لایەن پیاوکوژانی رەنگاورەنگ کوژراوە، تاڵان کراوە، فرۆشراوە و هەتک کراوە، ئێستا هاتووتە ناوەندی چارەسەری نە تەنیا لە کوردستان، بەڵکو لە هەموو رۆژهەڵاتی نەوەراست.
ئێستا شەنگال بووەتە ویژدانی مرۆوایەتی، پێوانەی مرۆوایەتی لە هەلس و کەوت لە گەڵ گەلێکی بریندار و خوێناوی، بەڵام لە خەوڕابوو. هیچ سیستەمێک، هیچ دەستەڵاتیک لەو ناوەندەدا نە رەوایی هەیە نە داهاتوو، ئەگەر رێز لە ئیرادە و بڕیاری گەلی ئیزەدی نگرێت.

رزگاری شەنگال لە پاڵ بەرخۆدانی کۆبانی ئەو گۆڕانە قوڵەیە، ئەو روداوە دەگمەنەیە کە ئالان بادیو بە شی کردنەوەی ناوبانگی دەرکردووە. دەبێت زیاتر لە سەری بنوسرێت.

Related posts