ئەم بابەتە، دەقی قسەکانی هەڤاڵ ئەهوەن چیاکۆ، ئەندامی مەجلێسی پژاک، هەروەها پرسیاری بەشداربووان و وەڵامی پرسیارەکانە لە لایەن هەڤاڵ ئەهوەن–ەوە کە لە رۆژی ٢٠٢٢/٩/١ و لە ساڵیادی گیانبەختکردنی کاک فواد مستەفا سوڵتانی، لە ژووری زاگرۆس کۆنفێدراڵ لە کڵابهاوس، پێشکەش کراوە.
قسە و باسەکانی هەڤاڵ ئەهوەن، لە لایەن هەڤاڵ مریەم فەتحی–ەوە دابەزێندراوە و هەڤاڵ جوامێر مارابی پێدا چۆتەوە و ئێستا بەشێوەی نووسراوەیی لە بەردەستی ئێوەی بەڕێزدایە.
سڵاو و رێزم هەیە بۆ هەموو ئەو هەڤاڵ و هاوڕێ و دۆستانە کە گوێ بۆ قسەکانی ئێمە دەگرن. بەر لە هەر شتێک لە کەسایەتی شەهید فواد مستەفا سوڵتانی-دا جاریکی تر پەیمانی خۆم لەگەل هەموو شەهیدانی کوردستان و شەهیدانی ڕیگای ئازادی، دوپات دەکەمەوە. هاوکات جارێکی دیکە یاد و بیرەوەری شەهید فواد مستەفا سوڵتانی بەرز رادەگرم و سیاسەتی داگیرکاری و تێرۆر و تاوانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران مەحکوم دەکەم.
لەراستیدا کاتێک باس لە نرخەکانمان دەکەین، پێویستە باسی کەسانێکش بکەین کە لە مێژووی تێکۆشانماندا پرشنگدارن. راستە ئێمە ئێستا دەمانەوێت باسی تاکە کەسێک بکەین، بەڵام لە بنەڕەتدا باسەکەمان لە سەر کاراکتەر و کەسایەتییەکە کە سنووری تاکەکەسی تێپەڕاندووە و ئاماژەیە بۆ جەوهەرێک، کە لە تاکە کەسێکدا بەرجەستە بۆتەوە و دەتوانێت ببێتە کاراکتەرێکی گشتگیر و ببێتە کۆمەڵگایەک.
باسی جەوهەرێک دەکەین کە ئەم جەوهەرە دەبێت بە تێگەیشتن و بە چەمک، ئەم چەمکە دەبێت بە واقێع و بە هەبوون، دەبێت بە ئەخلاق و سیاسەت، دەبێت بە گەل و بە کۆمەڵگا، دەبێت بە رێکخراو، شۆڕش و شۆڕشگێڕی. لە شۆڕش و شۆڕشگێڕیشدا، دەبێ بە رێبەر و رێنیشاندەر. لە کۆتاییشدا دەبێ بە هەرمان و هەردەم زیندوو.
لێرەدا نامهەوێ بە شێوەیەکی کرۆنۆلۆژیک باسی ژیانی کاک فواد مستەفا سوڵتانی بکەم. لەو بوارەدا زۆر شت نووسراوە و کەسانێک کە راستەوخۆ لەگەڵیدا پەیوەندییان هەبووە و لەگەڵ مێژووی تێکۆشانیشیدا بوونە، شتیان نووسیوە، بەڵام لە هەمانکاتدا ناچارین تا ئاستێکیش کرۆنۆلۆژیک ئاماژە بە هەندێک رۆژ و زەمەن کە کاک فوادی قارەمان تێیدا ژیاوە، بکەین.
من دەمەوێ لێرەدا بە پێی تێگەیشتنی خۆم هەڵسەنگاندنێک لەو بارەوە بکەم. واتە بە پێی تێگەیشتنی خۆم و لەو ئاستە کە لەخۆمدا رادەیبینم و بە پێی ئەو لێگەڕین و لێکۆڵینەوانە کە لەبارەی سەرجەم تێکۆشانی گەلی کورد لە سەد ساڵی ڕابردوودا بە گشتی و بە تایبەت تێکۆشانی کاک فواد و ئەو قۆناغە کە کاک فواد تێیدا رۆڵی سەرەکی هەبووە، کردوومە، شرۆڤە بکەم.
لە راستیدا کاتێک ئێمە باسی جەوهەر دەکەین، دەبێ روونی بکەینەوە ئەم جەوهەرە لە روانگەی ئێمەوە چۆن لە مرۆڤدا دەچێنرێت. لەو بوارەدا بێگومان ئەگەر ئێمە ئایینی سەیری بابەتەکە بکەین، دەڵین: خودایەک هەیە، ئەم خودایە لە ئینسانەکاندا ئەو جەوهەرە دەچێنێت. ئەگەر بەپێی فەلسەفەی مێتافیزیک هەڵسەنگاندن و شیکاری بکەین، ئەوانیش دەلێن: متافیزیکێک یان ئەمرێکی ئێستعلایی (هەبوونێکی غەیرە مادی) هەیە کە جەوهەر لە مرۆڤەکاندا دەچێنێت.
بە بۆچوونی من، باشترین پێناسە بۆ ئەوە کە جەوهەر چۆن لە مرۆڤەکاندا دەچێنرێت، پێناسەکەی کارل مارکس-ە کە دەڵێ: “جەوهەر دەرەنجامی بارودۆخ و ئەو پەیوەندییە کۆمەلایەتییەیە کە مرۆڤەکان تێدا دەژین”. بیگومان مەبەست لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی نە تەنیا ئەو کات و زەمەنەیە کە تاکەکەس لەگەڵ لە دایکبوونی، تێدەکەوێ و ئەزموونی دەکات، بەڵکوو ئەو پەیوەندییانەشە کە بەرلەوەی ئەو لە دایک ببێت، لە هەرێمەکەیدا، لە بنەماڵەکەیدا، لە کۆمەڵگاکەیدا و بەگشتی لە دەوروبەرەکەیدا روویانداوە و دەگوازرێتەوە بۆ ئەویش. ئەو گواستنەوەش بۆ مرۆڤەکان لە رێگای گێڕانەوەی ئەو چیرۆکەوەیە کە لە لایەن دەورو بەرییەکانییەوە و بە تێکەڵبوون لەگەڵ ژیان و جۆرە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتییە کە بناغەیان لە رابردوودا هەیە، مسۆگەر دەبێت.
بەو پێیەش، دەمهەوێ سەرەتا هەندێک باسی شوێنی لە دایکبوونی کاک فواد و هەل و مەرجی ئەو سەردەمە بکەم کە کاک فوادی تێدا ژیاوە. لەو بوارەشدا، پێویست ناکات بگەڕینەوە بۆ مێژوویەکی زۆر کۆن. لە سەد و پەنجا ساڵی ڕابردوودا کاتێک دەوڵەتی ناوەندگەرای ئێرانی دەست دەکات بە هێرش کردنە سەر ناوچەکانی کوردستان (رۆژهەڵاتی کوردستان)، هەر لە سەردەمی دەسەڵاتداری قاجاردا هەندێک هەرێم لە ناچاریدا یان لە رێگای فێل و تەڵەکە یا زۆر و زۆرداری قاجارییەکانەوە، مل کەجی دەوڵەتی ناوەندی دەبن و رێگا لە بەردەم دەستێوەردانی راستەوخۆی دەوڵەتی ناوەندی ئێرانی بۆ سەر هەرێمەکانیان دەکەنەوە، بەڵام ناوچەیەک کە کاک فواد مستەفا سوڵتانی تێیدا لە دایک بووە، ناوچەی هەورامان و مەریوانە کە هەر ئەو کاتە هەم مل بە دەوڵەتی قاجاری نادات و هەم لە بەرامبەر دەست و پەیوەندییەکانیان لە کوردستان کە هێرش دەکاتە سەر هەورامان و مەریوان، بەرخۆدان دەکات.
لە راستیدا سیستەمێک کە لەو هەرێمەدا هەیە، سیستەمی سانایەتییە کە نە سیستەمێکی عەشیرەتییە و نە سیستەمێکی فێئۆداڵییە. سیستەمێکی بەڕێوەبەری کۆنی ئەو ناوچەیە کە لە مێژەوە کۆمەڵگای ئەو دەڤەرە بە پێویستی زانیوە سیستەمێکی بەو شێوەی هەبێت تا لە بەرامبەر هێرشی دەرەوەدا خۆی بپارێزێت.
کاک فواد-یش لە بنەماڵەی یەکێک لەو سانانەی هەورامانە و ئەم بنەماڵەش بەتایبەت لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدەی زایینی-وە لە لایەن قاجاڕییەکان و هەروەها دەست و پەیوەندییەکانیانەوە لە کوردستان، رووبەڕووی هیرش بوونەتەوە. بۆ وێنە کەسێک وەک حەسەن سانی هەورامان لە مەریوان، بە پیلانگێڕی فەرهاد میرزای قاجار و علی ئەکبەری ئەردەڵان (شەرەف المولک) دەکوژرێ. هاوکات محەمەد سەعید سان دەگرن و دەیبەن لە جوانڕۆ دەیکوژن. بێگومان کاتێک کاک فواد منداڵ بووە، چیرۆکی ئەم هێرشە داگیرکارانانەیان بۆ گێڕاوەتەوە.
دواتر دەبینین لە سەردەمی فەرەجوڵا مستەفا سوڵتانی (باپیری کاک فواد) و لە سەردەمی دەسەڵاتداری رەزا خاندا، شەپۆلێکی نوێی داگیرکاریی و هێرش کردن (چڕ و پڕتر لەوانەی پێشوو) لەلایەن دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێرانییەوە بۆ سەر کوردستان دەست پێ دەکات. ساڵی ١٣١٠ی هەتاوی، کاتێک ڕەزا خان هێرش دەکاتە سەر کوردستان، وێڕای کوشت و کوشتارێکی زۆر، ئەو کەسانەش کە رەزا خان هەستی بە مەترسی دەکرد لە لایەن ئەوانەوە کە رەنگە رێبەرایەتی سەرهەڵدان لە دژی ئەو داگیرکارییە بکەن، هەموویان دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ زیندانەکانی دامغان، تاران و شوێنەکانیتری دەرەوەی کوردستان.
یەکێک لەو کەسانە، فەرەجوڵا مستەفا سوڵتانی باپیری کاک فواد بووە. دوای رووخانی دەسەڵاتی رەزا خان، زۆر بابەت لەوبارەوە نووسراون و بەشێک لەو کەسانەش کە لە ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی لە زیندان هاتنە دەرەوە، بیرەوەرییەکانی خۆیان نووسیوە. کۆی ئەو بابەت و بیرەوەرییانە نیشانی دەدەن کە لە لایەن دەوڵەتی رەزا خانەوە بەرەوڕووی چ ئێش و ئازارێک بوونەتەوە. یەکێک لەو نووسینانە، بیرەوەرییەکانی عەنایەت بەگی دەڤەری جوانڕۆیە. تەنانەت زۆرێکیان لە ژێر ئازار و شکەنجەدا ژیانیان لەدەستداوە یەکێک لەو کەسانە فەرەجوڵا مستەفا سوڵتانی باپیری کاک فواد و چەند کەسیتر لە بنەماڵەی ئەوان بوونە. فەرەجوڵا مستەفا سوڵتانی بەر لە دەستبەسەر بوونی لە لایەن رەزاخانەوە، یەکێک لەو کەسانە بووە کە لەگەڵ مەحمودخانی دزڵی و شێخ مەحمود حەفید، وەک دوو کەسایەتی دیاری تێکۆشانی نەتەوەیی کورد، پەیوەندی هەبووە. واتە بە چەشنێک تێکەڵی تێکۆشانی نەتەوەیی بووە.
مەبەستم ئەوەیە بڵێم هەر لە سەرەتای تێکۆشانی کورد لەو ناوچەدا، ئەم بنەماڵە پەیوەندییان لەگەڵیدا هەبووە و هەر ئەو کاتیش تێچوویان بۆی داوە. بێگومان دواتر بابی کاک فواد، ئەمانە بۆ کاک فواد و منداڵەکانی دیکە و بنەماڵەکەیان دەگێڕێتەوە و ئەمە جەوهەرێکی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی و هاوکات تووڕەیەک بەرانبەر بە داگیرکاری و زوڵم و ستەم لە کاک فواد دا دروست دەکات.
بە پێی ئەو لێکۆڵینەوە کە من کردوومە، محەمەد رەشید مستەفا سوڵتانی، باوکی کاک فواد، لە رێگەی مامۆستا قانێع-ەوە، پەیوەندی هەبووە لەگەڵ کۆماری کوردستان و بەردەوام رۆژنامەی کوردستان گەیشتۆتە دەستی و خوێندوویەتەوە.
ئەگەر سەیری ساڵی لە دایک بوونی کاک فواد بکەین کە دەکاتە ساڵی ١٩٤٨ی زایینی (١٣٢٧ی هەتاوی)، دوای سێ سال لە ڕوخانی کۆماری کوردستان، کاک فواد لە دایک بووە. دوای ئەوە کاک فواد بەرە بەرە گەورە دەبێت و دەشزانین کە منداڵ لە تەمەنی پەنج-شەش ساڵی و سەروتریش، گوێ بۆ دەور و بەرەکەی دەگرێت و شت فێر دەبێت. لە سەردەمی منداڵی کاک فواد-دا هێشتا چەند ساڵێک بەسەر روخانی کۆماری کوردستاندا تێپەڕیوە و باسی روخانی کۆمار لە ناو خەڵکدا، باسێکی گەرم و گوڕ بووە. تۆ بڵێی باوکی کاک فواد ئەم هەموو زوڵم و ستەمەی بۆ کاک فواد نەگێڕابێتەوە؟!
هەر لە قۆناخی کۆماری کوردستاندا، هێرشێکی بەر بڵاوی دەوڵەتی ئێران بۆ سەرهەورامان لە ئارادا بووە و شەڕگەلێکیش لە نێوان هێزی دەوڵەت و خەڵکی ئەو هەرێمە هاتۆتە ئاراوە. یەکێک لەو شەڕانە لە شوێنێک بە ناوی قژاکان روو دەدات کە ئەو شوێنە دەکەوێتە هەرێمی هەورامانی ژاوەرۆ و شەڕەکەش بە شەڕی قژاکان بەناوبانگە. بە پێ بەڵگەکان، لە ئاکامی بەرخۆدانی هەورامییەکان لەو شەڕەدا، حەوت سەدو بیست کەس لە هێزەکانی دەوڵەت کوژراون. نزیک بە دە تا پانزدە کەس لە هێزە هەورامییەکانیش شەهید بوونە.
مەبەستم ئەوەیە بڵێم کە لەوە دەچێت باوکی کاک فواد ئەم رووداوانەی بۆ ئەو گێڕابێتەوە و ئەمەش هەم تۆوی وڵاتپاریزی و کورد بوون، هەم رۆحی بەرەنگار بوونەوە لە بەرانبەری زوڵم و ستەم و لە هەمان کاتیشدا توڕەیی لە بەرانبەر داگیرکەری لە ناخی ئەودا چاندبێت. هاوکات، بە پێی ئەو شتانە کە من بیستوومە، دایکی کاک فواد کەسێک بووە کە تامەزرۆیی و هۆگرییەکی زۆری بۆ هونراوە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەکانی مامۆستا قانێع هەبووە و بۆ منداڵەکانی خوێندۆتەوە. دایە بەهیە، دایکی کاک فواد، ژنێکی ولاتپارێز و شۆڕشگێڕ و دڵسۆز بووە و کاریگەری لەسەر کەسایەتی کاک فواد هەبووە. هەمووی ئەم بابەتانەش، کەسایەتییەکی لە کاک فواد دروست کردووە کە دوای قۆناخی منداڵی و لە سەردەمی مێرمنداڵی و جەوانیدا خۆی دەنوێنێت.
دواتر کە کاک فواد دەچێتە زانکۆ، لەگەڵ چەمک و بیر و رامانی نویی شۆڕشگێڕیدا ئاشنا دەبێت. ئەمەش شتێکی سروشتییە کە ئەم زانیارییە نوێیانەی کاک فواد لەگەڵ ئەو جەوهەرە کە تێدا چێندراوە، یەکانگیر ببن. ئەو سەردەمە، ئەو شۆرشانە کە لە دونیادا روویاندا، شۆڕشی رزگاری نەتەوەیی، سۆسیالیستی و کۆمۆنیستین و کاریگەری لە سەر جەوانانی هەموو شوێنەکانی دونیادا هەبوو. بەتایبەت لەسەر خوێندکاران. کاک فوادی جەوان و خوێندکاریش لەو کاریگەرییە بێبەری نابێت و دەکەوێتە رێڕەوی تێکۆشانی رزگاری نەتەوەیی، سۆسیالیستی و کۆمۆنیستی.
هاوکات جووڵانەوەی ٤٦ و ٤٧ی رۆژهەڵاتی کوردستان بە رێبەرایەتی شەهید سولەیمان موعینی و ئیسماعیلی شەریفزادە، کاریگەرییان لە سەر کاک فواد هەبووە و بە وردی دۆخەکە دەشۆپێنێت. جگە لە کاریگەری، لەگەڵ دۆخی ناوخۆی کوردستان و هەرێمەکە و هەروەها لەگەڵ ئەو شۆڕشانە کە لە ئاستی جیهاندا روودەدەن، ئاشنا دەبێت و دەکەوێتە ژێر کاریگەرییانەوە. بە تایبەت شۆڕشی جەوانانی فەرانسە کە لە ساڵی ١٩٦٨ زایینیدا روودەدا و کاریگەری لە سەر هەموو جیهان دەبێت. هاوکات تێکۆشانی گەلی ڤێیەتنام کە بۆ ئازادی و رزگاری نەتەوەیی خۆیان بەڕێوەی دەبەن و …
بێگومان ئەمجارە کاک فواد دەبێتە سۆسیالیستێک و شۆڕشگێڕێک کە لە بەرانبەر دەسەڵاتی سەرمایەداری و هاوکات داگیرکاری دەوڵەتی ئێران لە کوردستاندا، رادەوەستێت. بە بێ هەر چەشنە گومانێک کاک فواد هەم سۆسیالیست و هەم کوردێکی کوردستانیی راستەقینە بووە. کاک فواد کە رێگای تێکوشان لە بەرانبەر ستەمی چینایەتی و ستەمی نەتەوایەتی هەڵدەبژێرێت، بە پێویستی دەزانێ کە هەم خۆی و هەم دەوروبەرەکەی بەڕیکخستن بکات.
لەو کاتەدا جەوانانی دیکەش هەن کە دەیانەوێ تێکۆشان بکەن و ئەم جەوانانە بە پێشەنگایەتی کاک فواد یەک دەبینەوە و پیکەوە تیکۆشان دەست پێ دەکەن. تێکۆشانەکەیان رۆژ بە رۆژ شێوازێکی جدیتر بەخۆیەوە دەگرێ و دەوڵەتی پەهلەویش بە هەموو شێوازێک بە دوای ئەو جەوانانەوەیە و دەیەوێت پێش لە تێکۆشانیان بگرێت. ئەم جەوانانە چەمکگەلێکی نوێی شۆڕشگێڕی و سۆسیالیستی دێننە ناو گوتاری سیاسی ئەو کات و ئەمەش واتە دژایەتی لەگەڵ سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی پەهلەوی. بە تایبەتیش ئەگەر ئەم شۆڕشگێڕانە کوردیش بن، ئەوە دۆخەکە هەستیارتر دەکات و دەوڵەتی پەهلەوی توندتر سەرکوتیان دەکات.
ئێمە دەزانین کە دەوڵەتی پەهلەوی چۆن بە توندی دەچێتە سەر تەڤگەری ساڵەکانی ٤٦/ ٤٧ هەتاوی رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرکوتی دەکات. دەوڵەتی پەهلەوی دوای سەرکوتکردنی تەڤگەری ٤٦/٤٧، دەیهەوێ بە هەموو شێوەیەک رێگری لە دروست بوونی هێزێکی نوێی دیکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکات. بێگومان لەو بوارەدا کاک فواد و هەڤاڵانیشی بێ پلان و بەرنامە نین و بۆ پاراستنی خۆیان، پلان و بەرنامەیان هەبووە، بەڵام لە گەڵ هەموو ئەو رێکارانەش، لە کۆتاییدا و لە دەرەنجامی سیاسەتەکانی ساواک، کاک فواد و هەندێ لە هاوڕێیانی دەستبەسەر دەکرێن و دەکەونە زیندان.
کاک فواد لە زیندانیشدا بەرخودانێکی بێ وێنە دەکات و کاریگەری دەبێت لە سەر بەندییەکانی دیکەش. ئەمانە شتگەلێکن کە هەموومان لە سەر کاک فواد بیستومانە و هەر ئەمانەشن کە کاک فوادی لە دڵی هەمووماندا هێشتۆتەوە و وەک ڕیبەرێک و شۆرشگێڕێک یادی لێ دەکەینەوە. واتە کاک فواد لە ناو زینداندا بەرخودان دەکات. لەو پێناوەشدا لەگەڵ هاوڕێیانی مانگرتنێکی ٢٤ ڕۆژە بەڕێوە دەبن. هاوکات لەگەڵ مانگرتن لە زیندان، کاک فواد چاوێکیشی لە دۆخی دەرەوەی زیندان دەبێت و هەوڵی ئامادەکاری بۆ بەردەوامی تێکۆشان لە دەرەوەش دەدات!
بۆ وێنە کاک فواد، کاک خانەی موعینی، برای شەهید سولەیمان موعینی، کە هەم جەوهەریک لە کۆماری کوردستانی تێدایە، هەم جەوهەرێک لە شۆڕشی ٤٦ و ٤٧، هەم جەوهەرێک لە تێکۆشانی نوێ و چەمکگەلی سۆسیالیستی وەرگرتوە، دەنێری بۆ باشوری کوردستان. واتە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ دۆستان و بنەماڵەکەی، داوایان لێدەکات کە کەسێک بۆ ئەزموون وەرگرتن بچێت بۆ ناو هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە باشووری کوردستان. ئەمەش بۆ خۆی کوردستانی بوونی روانگەکانی کاک فواد نیشان دەدات. واتە ناینێرێ بۆ شوینێکی تر و روو دەکاتە بەشێکیتری کوردستان.
دەیهەوێ لە باشووری کوردستان هەم ئەزمون و تەجروبەیەک وەربگرێ و هەم لە هەمان کاتیشدا ئەو تێکۆشانە بە هی خۆی دەبینێ و لە چاویلکە و روانگەی پارچەگرایەوە سەیری کوردستان ناکات. بە داخەوە دوای ماوەیەک کاک خانەی موعینی لە باشووری کوردستان و لە ناو هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لە ئاکامی هێرشی دەوڵەتی عێراق بۆ سەریان، شەهید دەبێت.
دوای گیانبەختکردنی کاک خانەی موعینی، دیسان بە پێشنیاری کاک فواد، دوکتور جەعفەری شەفێعی و کاک ساعید وەتەندوست (مامۆستا ئیبراهیم) دەنێردرێن بۆ ناو ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. واتە کاک فواد لە ناو زیندانەوە دەرەوەی زیندانیش بەڕێکخستن دەکات. هەم لە زینداندا ڕێکخستنی ئاوا کردووە و رۆحی بەرخودانی پەرە پێداوە، هەم لە رێگەی ئەو ئیمکانە کەمەی پەیوەندی گرتن کە لەگەڵ دەرەوە هەیبووە، هەوڵی داوە ئاگای لە دۆخی دەروەش بێت و هاوڕیانی لە دەرەوە بە ڕێکخستن بکات.
کاتێک کە کاک فواد لە زیندان ئازاد دەبێ، خولقکاریی و جەسارەت لە خۆی نیشان دەدات و لە قسە و باسەکانی لە مەهاباددا (لە شریتێکدا تۆمار کراوە)، دەڵێ ” لە ناو زیندان، دەمگوت کاتێک ئازاد ببم، منیش دەچم لە یەکەیەکی بەرهەمهێنان و لە کارگەیەکدا کار دەکەم، هەر بەوجۆرە کە پێش زیندان بڕیارمان دابوو، بەڵام کە لە زیندان هاتمە دەرەوە و بارودۆخەکەم بینی، هەستم کرد کە هەل و مەرجەکە گۆڕاوە و مرۆڤ دەبێ شیواز وتاکتیکی نوێ بگرێتە بەر”. ئەمە پێی دەگوترێ خولقکاری، دوگم و چقبەستوو نەبوون و پێی دەڵێن: لێهاتوویی، نەرم و نیانی و جەسارەت لە بڕیاردان لە شێوازی تێکۆشان و خەبات دا.
کاک فواد کە لە زیندان دێتە دەرەوە، دەبینێ ئەو چاوەڕوانییەی کە هەیبووە، لە دەرەوە هاوڕێکانی جێبەجێیان نەکردووە و بە پێی چاوەڕوانی ئەو نەجووڵاونەتەوە! واتە ئەو کارەی کە هاوڕێکانی دەبوو بیانکردبایە، نەیانکردووە و هەر بۆیە شەو و ڕۆژ دەخاتە سەر یەک بۆ ئەوە ڕێکخستن ئاوا بکات و تێدەگات بارودۆخێک کە لە پێشیدایە، زەحمەت و ئەستەمە.
کاک فواد کۆبونەوەیەک ڕێک دەخات کە دواتر وەک یەکەمین کۆنگرەی کۆمەلە ناسێندرا. من دەقی ئەو کۆنگرە (کە بەشێوەی پەرتووک بڵاو بۆتەوە)، خوێندۆتەوە، بە راستی گەلێک گرنگە و لەوێدا کاک فواد بە تەواوی ڕۆڵی میحوەری (سەرەکی، کۆکەرەوە و رێبەری)، هەیە. لە هەمانکاتیشدا پێداگری دەکات لە سەر شۆڕش و شۆڕشگێڕ بوون. دوودڵی و دڵەڕاوکێ لە بڕیارداندا کە لە ناو هاوڕێیانی دیکەیدا هەیە، کاک فواد پێشی پێدەگرێ و دەڵێ: “ئێمە دەبێ خۆمان ئامادە بکەین بۆ قۆناغ و بارودۆخێکی ئەستەم. ئەوش بە شل و شێواوی و بێ پلان نابێت”.
لە کاتی کۆنگرەکە کە لە نەغەدە بەڕێوەی دەچێت، توتونکارانی بانە ناڕەزایەتیان دەربڕیوە و ڕێپێوانیان هەیە. کاک فواد دەڵێ: ئێستا کاتی قسە کردن و دانیشتن نییە، کاتی ئەوەیە ئێمە لە ناو خەڵکدا بین. کۆبونەوەکە ڕادەگرن و خۆیان دەگەیەننە بانە. ئەمە شتیکی زۆر گرنگە و ئاسایی نییە. لە لایەک ڕیسکی تێدا هەیە و لە لایەکی دیکەوە خۆنەویستی و هەروەها گەل و جەوهەری گەل وەک سەرچاوەی شۆڕش بە بنەما گرتنی تێدایە. تەنیا قسە پێوەر نییە و کاک فواد ریسکی (کارێک کە مەترسی تێدایە) قبوڵ کردووە و هەنگاوی کرداری هەڵێناوەتەوە. ئەو هەنگاوە گەورە کە دەیانەوێ هەڵیبگرن، رنگە لە پرۆسەکەدا، خۆی یا هەندێک ئینسانی بەکاریگەری ڕێکخراوەکەی تێدا شەهید ببن و ئەم ڕێکخستنە لە ساواییدا لە ناو بچێت، بەڵام بە دەسپێشخەری کاک فواد ئەم ڕیسکە دەکەن، تەنیا لە بەر ئەوەی لە نیو گەلدا بن و گەل بە تەنیا نەهێڵن! دواتر نیوەی دووهەمی کۆبونەوەکە دەبەنە شاری سنە.
کاک فواد دوای ئازاد بوونی لە زیندان، یازدە مانگ ژیاوە. هەرچەند من باوەڕم بەوە نییە و هیوادارم هەڵە تێگەیشتن دروست نەبێ، بەڵام ئەگەر قەرار بێت ژمارەیەکی نەحس (شووم) هەبێت بۆ گەلانی دیکە، بۆ کورد، سێزدە نییە و یازدەیە. لەبەرئەوە ئێمە لە یازدە مانگدا بیرەوەریەکی باشمان لە مێژوودا نییە. شۆڕشی گێئومات کە دەڵێن لە بەرانبەری داریوش-دا بووە، یازدە مانگ درێژەی کیشاوە، کۆماری کوردستان، یازدە مانگ درێژەی کێشا و کاک فوادیش (کە بۆ خۆی بنەمای شۆڕشیک بوو، و بە شەهید بوونی، دۆخەکە زۆر گۆڕا و ئەگەر ژیابایە، رەنگە ئێستا دۆخەکە جۆرێکی دیکە بایە)، تەنیا یازدە مانگ دوای ئازاد بوونی لە زیندان، ژیا.
لەو یازدە مانگەدا، کاک فواد، بووبە سەرچاوەی وزەیەکی بێ کۆتایی، ئیلهامبەخش (هەوێن) و پێشەنگی شۆڕش. کاک فواد لە هەموو شوێنێک هەیە، لە مەهابادە، لە مەریوانە، لە پاوە، لە سنە، لە سەقز و لە هەموو شوێنێک هەیە و لە هەموو شوێنێکیشدا ڕۆڵی پێشەنگایەتی و سەرەکی هەیە. لە گردبونەوەی قۆڕی قەڵا قسە دەکات، لە مەهاباد، لە سنە، لە خودی مەریواندا و… کاک فواد بوونێکی بەرچاو و چالاکی هەیە و ئیدی کەس ناتوانێ ڕۆڵی میحوەری و پێشەنگایەتی کاک فواد ئینکار بکات.
کاک فواد بە راستی باش تێگەیشتبوو کە ئەم ڕژیمە هۆڤە و بێ رێکخستن و بەرخودان، ژیان ممکن نییە. لە بەر ئەوە کاتێک هێرش دەکرێتە سەر مەریوان، بڕیاری ئەوە دەدەن کۆچ بکەن و لە شار بچنە دەرەوە. هەموومان بیستومانە کە ئەم خەڵکە چۆن بە ڕێکخستن دەکات و خەڵکی شارەکانی تر چۆن بۆ پشتیوانی کۆچی مەریوان بە رێکخستن دەکرێن. ئەمە بەو واتایە نییە کە ئیدی ڕۆڵی کەسانی دیکە نەبینین و تەنیا ڕۆڵی کاک فواد دەبینین! بێگومان رۆڵی کەسانیتریش هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا، کاک فواد پێشەنگ و رێبەرە و ڕۆڵی ئەوانی تریش پەیوەستە بەو ڕۆلەی کە کاک فواد دەیگێڕێ.
ئەمە راستی ڕیبەرایەتییە لە جەنگەی رێبەرایەتی کردنی شۆڕش دا. زۆر کەسی تر رەنج و زەحمەت دەکێشن و هەمووشی جێگای ڕێز و دیاریکەرە، بەڵام لە کۆتاییدا کاتیک لە رێبەرایەتی شۆڕشدا خاڵێکی ناوەندی لە گۆڕەپانەکەدا دروست دەبێت و کۆمەڵگا رۆڵی ڕێبەرایەتی پێ دەبەخشێ، بمانهەوێ و نەمانهەوێ، دەبێتە رێنیشاندەر و رێنوێنکەری کەس و شوێنەکانی دیکەش. لەو کاتەدا، کاک فواد ئەم ڕۆڵەی هەبووە.
لە ئوردووگای کانی میران و لە کاتی کۆچی مێژوویی مەریواندا، لە قسە و باسێکدا کە بۆ خەڵکەکەی دەکات، کاک فواد، هەم خاڵە بەهێزەکان و هەم دەستکەوتەکانی ئەو کۆچە دەستنیشان دەکات. کاک فواد بە دەستەبەرکردنی خاڵە ئەرێنییەکانی ئەو کۆچە لە روانگای خۆیەوە ئاماژە بە ئەوەش دەکات کە بەهەرحال زیان گەلێکیشی هەبووە. بۆ نموونە، چۆڵکردنی مەریوان بووەتە هۆی ئەوە کە ئەرتەش توانیویە بێ بەربەست بێتە ناوشار. رەنگە ئەگەر ئەو کات منیش لە جێگای ئەو بایەم یان کەسێکی تر بوایە، ئەوە باشترین بڕیار بووبێت کە خەڵکی مەریوان بەرەو ئوردووگای کانی میران کۆچ بدرێت تا پێش لە کوشت و کوشتاری زۆر بگیردرێت، بەڵام کە دواتر تەماشا دەکەی، ئەم بڕیار و کردەوە، کەم و کورتیشی هەیە و ئەو کەم و کورتیانەش لە لایەن خودی کاک فواد-یشەوە ئینکار نەکراون.
هەر لە بەر ئەوەیە کە کاک فواد دوای ئەوە چیتر باسی چونە دەرەوە لە شار و هەندێ شێوازی چالاکی مەدەنی لە بەرانبەر داگیرکاری کۆماری ئیسلامیدا ناکات. باسی خۆ ئامادە کردن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی سەربازی و پاراستنی چەکداری دەکات. ئەڵبەت ئەوە بەهیچ شێوەیەک بەو واتایە نییە کە کاک فواد پێشتر باوەڕی بە هێزی چەکداری نەبووبێت و پێویستی خۆ ئامادەکردنی لەو بوارەدا نەبینیبێت. بێگومان کاک فواد بەر لەوەیش پێویستی خۆ ئامادەکردنی لە بواری سەربازییەوە بینیوە و هەر لەبەر ئەوەیش هێزی یەکیەتی جوتیاران لە مەریوان دروست دەکات و هەندێ دەورەی پەروەردەی پێشمەرگایەتی بەڕێکخستن دەکات. هاوکات مەبەست ئەوە نییە کە ئیدی کاک فواد بەتەواوی شێوازی چالاکی مەدەنی رەدکردبێتەوە و باوەڕی پێنەمابێت. مەبەست ئەوەیە کە زیاتر راستی ئەو دوژمنەی بۆ روون دەبێتەوە و تێدەگات کە بە بێ هێزی چەکداری توکمە ناکرێت رووبەڕووی دوژمنێکی هۆڤ وەک ئەو رژێمە ببیتەوە و ئەم داگیرکەرە رژێمێک نییە کە بۆ هیچ بەهایەکی ئینسانی و مەدەنی نرخ دابنێت. تەنانەت دوای دانیشتن لەگەڵ چەمران، دەڵێت “ئێمە لەگەڵ فاشیزمدا بەرەوڕووین”. واتە فاشیزم بۆ دیالۆگ و دان و ستان نابێت! تەنیا بە چالاکی مەدەنییش پێشی پێ ناگیردرێت. بێگومان ئەمە تەنیا قسەیەک نییە، بەڵکوو تێگەیشتنێکی راست و دروستە لە کاراکتری دەوڵەتی ئێرانی.
ئەمە دەستنیشان کردنی رێبازێکە کە دوای شەهید بوون کاک فواد، درێژەی دەبێت و خەباتیشی بە پێی ئەم تەسبیتە (دەست نیشان کردن) دەچێتە پێش. واتە ئەگەر ئێمە پێشتر ناسینێکی تەواومان نەبووە لە کاراکتەری ئەم دوژمنە، ئیدی ئێستا کاراکترەکەی بۆ ئێمە روون و بەرچاوە و ئەم رژێمە، فاشیستە. لە دوای دانیشتنی مەریوان، کاک فواد بەم تەسبیتە دەیەوێ بڵێ کە ئەم دوژمنە بۆ دیالۆگ و نەرمی نواندن نابێت. ئەم دوژمنە دوژمنێکی فاشیستە و تەنیا شتێک کە دەتوانێ گەلەکەمان بپاریزێ، خۆ بەڕێکخستن کردنێکی تۆکمە و ئاواکردنی هێز تایبەتە، واتە هێزی سەربازی.
ئێمە دەزانین کە لێدوانێکیش بە ناوی “خلق کورد در بوتە آزمایش” دەنووسرێ و تا ئەو جێگە ئاگاداربم، ئەو لێدوانە، خودی کاک فواد نووسیویەتی. لە مەریوان، کاک فواد، بۆ پشتیوانی لە جوتیاران و زەحمەتکێشانی سۆما و برادۆست، چالاکی ئۆرگانیزە دەکات. ئەمە بۆ خۆی نەتەوەیی بوونی ئەو نیشان دەدات. لە لایەکی دیکەوە، بە داهێنانی کاک فواد و بێگومان کەسانی دیکەش کە لەگەڵ کاک فواد کاریان کردووە، گرووپێک رێک دەخرێن و ئامادە دەکرێن کە بچن بە هانای خەڵکی تورکەمەن سەحراوە، ئەمە نیشاندەری کاراکتەری ئینسانی و ئاسۆی فراوانی شۆڕشی ئەو کاتەی کوردستانە بە پێشەنگایەتی کاک فواد کە ئاسۆی بیرکرنەوەی سنوورەکانی نەتەوەیی تێدەپەڕێنێت، واتە ئینترناسیۆنالیست بوون.
واتە کاک فواد هەم کاراکتەرێکی میللی کورد بووە هەم سۆسیالیستێکی ئینترناسیۆنالیست بووە و ئەم دوو چەمکەش ناکۆکییان لەگەڵ یەکتردا نییە و بگرە تەواوکەری یەکترن. لە کانیمیرانیشدا، کاک فواد کاتێک ڕاپۆرت دەداتەوە بە خەڵکەکە، دەڵێ: لەگەڵ خەڵکی شارەکانی تری کوردستان، خەڵکی شارەکانی دەرەوەی کوردستانیش بۆ پشتیوانیمان هاتوون و نوێنەرانیان لێرەدا بوونیان هەیە. بێگومان ژمارەکەیان ناگاتە ژمارەی ئەو خەڵکە کە لە شارەکانی سنە و سەقزەوە هاتوون، بەڵام باسی نوێنەرانێک دەکەن کە لە لایەن گەلانی تری ئێرانەوە هاتوونەتە مەریوان بۆ ئەوە پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی کوردستان نیشان بدەن.
کاتێک کاک فواد باسی زەحمەتکێشان و ڕەنجدەران دەکات، تەنیا باسی زەحمەتکێشانی کوردستان ناکات و باسی شوێنەکانی تریش دەکات، بە تایبەت زەحمەتکیشانی بەلووچستان کە بارودۆخەکەیان دژوارتر لە بارودۆخی کوردستان بووە. واتە کاک فواد نە ناسیۆنالیستێکی بەرچاو تەنگ بووە، نە کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئینترناسیۆنالیزمی ساختە (چەواشەکار)، بە تایبەت سۆسیال-شۆڤنیزمی ئێرانی کە هەموو کات هەوڵی داوە دایسەپێنێ.
لە دانیشتنی مەهاباد-دا، کاک فواد، ئەمە ڕوون دەکاتەوە و دەڵێ: ئێمە دەبێ لە سەر مافی کورد پێداگری بکەین، بەڵام لەو لاشەوە باسی پێویستی یەکگرتن و پێکەوە کارکردن لە لەگەڵ گەلانی تری ئێران دەکات. بە بۆچونی من ئەوە شتێکی گرنگە و پێویستیی ئەمڕۆی ئێمەشە کە تۆ لە لایەکەوە بە توکمەیی لە سەر مافی گەلەکەی خۆت پێداگری بکەیت و لە هەمان کاتدا ئاسۆیەکی ئینسانی و واوەتر لە نەتەوەت (فراملی) هەبێت.
دیسان لە بارەی کاک فواد دەتوانم بڵیم: ئەو مۆرکی خۆی دا لە پێواژۆیەک لە تێکۆشانی گەلی کورد. ئەگەر لە سەرەتای سەدەی بیستدا، لە باکوری ڕۆژهەلاتی کوردستاندا تێکۆشانی نەتەوەیی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵدا و گەشەی کرد، بەڵام ناوەرۆکەکەی زیاتر عەشیرەیی و تا ئاستێکیش مەزهەبی بوو و تا سەردەمی شەڕی جیهانی دووهەمیش ناوەندەکەی زۆرتر باکوری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، واتە ئورومیە بووە؛ ئەگەر لە شەڕی جیهانی دووهەم بە دواوە تێکۆشانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەندێتی موکریان و مەهاباد و بە ریبەرایەتی قازی محەمەد، سیمایەکی خەڵکی و تا ئاستێکیش ڕۆشنبیری و دێمۆکراتیکی لە خۆی نیشاندا، لە ١٩٧٩ زاییندا بە ڕابەرایەتی کاک فواد، سیما و ناوەڕۆکێکی سۆسیالیستی، ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەی بە خۆیەوە دەگرێ.
کاک فواد، تەنیا گرنگی بە پرسی نەتەوایەتی و چینایەتی نەداوە، بەڵکوو لە پاڵ ئەو دوو پرسە گرنگەدا، گرنگی بە پرسی ژنان-یش داوە. تەنانەت لە هەشتی مارسی ١٩٧٩ زاییندا و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، کاک فواد ڕاگەیەندراوێک دەنووسێ و دەیداتە دەستی ئەو ژنانە کە تازە لە دەوری ڕێکخستنەکەیاندا کۆ بوونەتەوە و ئەو راگەیاندراوە دخوێندرێتەوە. کاک فواد لە دژی پیاوسالاری تێکۆشانی کردووە و هاوشانی شەڕ لە گەڵ داگیرکەر و لە گەڵ سیستمی دەرەبەگایەتی و چینایەتی و سەرمایەداری، لەگەڵ پیاوسالاریش تیکۆشانی کردووە. خۆزگە ئێستا ئەو لێدوانەی هەشتی مارس لە بەردەست ئێمەدا هەبایە. بێگومان لێدوانێکی زۆر بەنرخ بووە، بەڵام بەداخەوە وەکوو زۆر شتی تری کاک فواد، یان ئەرشیڤ نەکراوە یان شاردراونەتەوە و بە هەر هۆکارێک ئاشکرا ناکرێ.
کاک فواد لەگەڵ ئەوەی کە لەو کاتەدا تەمەنێکی زۆری نەبووە و تەنیا سی ساڵی هەبووە، بەڵام لەو کەش و هەوا نەریتیەدا، خاوەن کەسایەتی، کاراکتەر و سایکۆلۆژیەکی بەهێز بووە و ئەوەش بۆ خۆی هۆکارێکە کە توانی نە تەنیا لە ناو هەڤالانی خۆیدا، بەڵکوو لە ناو ڕای گشتی کۆمەلگای کوردیشدا ڕۆڵی رێبەرایەتی بگێڕێت. بێگومان ئەوە کارێکی ئاسان نەبووە و دەبێ توانایەکی بە هێزی لە خۆی نیشان دابێت تا بووبێتە جێگای هیوا و متمانەی کۆمەڵگایەک.
کاک فواد لە دانیشتنەکانی مەهاباد و سنە لەگەڵ نوێنەرانی دەوڵەتدا، ڕۆڵی هەبووە. لە مەهاباد راستەوخۆ بەشداری کردووە، بەڵام لە سنە راستەوخۆ بەشدار نییە. کاک سدێقی کەمانگەر بەشدار بووە و کاک فواد و کاک سدێق-یش پێکەوە هەماهەنگ بوونە. کاک سدێق کەمانگەر لەو دانیشتنانەدا بە هەماهەنگی لەگەڵ کاک فواد هەم هێزی لە کاک فواد وەرگرتووە هەم کاک فوادیش هێزی داوەتە کاک سدێق. مەبەستم ئەوەیە مرۆڤێک بەو تەمەنەوە لەو کۆمەڵگا نەریتی و پیرسالارەدا، لەو کۆمەڵگا پیاوسالار و مەزهەبسالارەدا دەبێ کاراکتەرێکی بەهێزی هەبووبێ و هاوکات خاوەن روانگەیەکی دەرووناسانەی بەهیز بووبێت تا بتوانێ لەوێدا رۆڵی رێبەرایەتی و پێشەنگایەتی بگێڕێت و لە راستیدا بەباشی گێڕاویەتی.
کاک فواد لەگەڵ ئەوە کە لە سەر هەڵوێست وبنەماکانی سۆسیالیزم و شۆڕشگیڕی پێداگر بووە، لە هەمان کاتدا مرۆڤێکی دوگم نەبووە و خۆی گونجاندووە لەگەڵ دۆخەکە و بە تۆلەرانس بووە. بۆ نموونە، تا کاک فواد ماوە، لەگەڵ کەسانێکی وەک مامۆستا شێخ عێزەدینی حوسەینی خۆی و رێکخراوەکەی دەگونجێنێ، نەتەنیا دەگونجێنێ، بەڵکوو دەبێتە رێخۆشکەر بۆ ئەوە مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی وەک کەسایەتییەکی ئایینی ئازادیخواز لە گەڵ هێزێکی چەپ و سۆسیالیستدا خۆی بگونجینێ!
راستە مامۆستا شێخ عێزەدین بۆ خۆی مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ، دڵسۆز و ئازادیخواز بووە، بەڵام دڵنیابین ئەگەر ئەو کۆمەڵەی کە دواتر و دو-سێ سال دوای شەهید بوونی کاک فواد (بە تێۆریگەلێکی سکتاریستی و سۆسیال-شوڤنیستی ئێرانی تێوە گلا) بایە، ئەم پەیوەندییە لە نێوان کەسایەتییەک وەک مامۆستا شێخ عێزەدین و هێزێکی چەپ و سۆسیالیستی وەک کۆمەڵە دروست نەدەبوو.
هاوکات لەگەڵ ئەوە کە کاک فواد لە لایەک مل نادات بە بیر و باوەری نەریتی و لایەنی دواکەوتووی کۆمەڵگا و بۆ بەرەو پێشچوون تیکۆشان دەکات، هاوکاتیش لە راستی کۆمەڵگای کوردستان تێدەگات و هەڵسووکەوتی سکتاریستی، وەک لنین لە کتێبی ـ چی بکەین دا ـ دەڵێت: چەپڕەوی منداڵانە، پەیڕەو ناکات (بەشێوازی چەپڕەوی منداڵە هەڵسوکەوت کردن). کاک فواد لە قسە و باسەکانی لە مەهاباد، کە شریتەکەی لە بەردەست دایە، دەڵێت: ئێمە دەبێ ئەو تۆمەتانە کە دەخرێنە پاڵ هێزە چەپ و سۆسیالیستەکان کە گوایا دژی دینن، بە هەڵسووکەوتی دروست بڕەویێنینەوە. تەنانەت دەڵێ: ئێمە هەندێ مامۆستای وڵاتپارێزمان لەگەڵ خۆماندا ڕێکخستووە و ئێستا لە مەریوان و هەورامان لەگەڵ ئێمەدا کار دەکەن و بەشداری کۆبوونەوەکانمان دەبن. بێگومان ئەم خاڵە زۆر گرنگە و شێوازێکە لە نزیک بونەوەی راست و دێموکراتیک لە کۆمەڵگا.
نمونەیەکیتر لە خۆگونجاندنی کاک فواد ئەوەیە کە هاوکات لەگەڵ ئەوە کە رخنەی ڕادیکاڵی لە حزبی دێمۆکرات هەیە، بەڵام لە گۆڕەپانی پراکتیک-پۆلتیکدا، هەوڵ دەدات بارگرژییەکان کەمتر بکاتەوە، بۆ ئەوە زەمینەی پێکەوە کار کردن لە بواری نەتەوەییدا دەستەبەر ببێت. تا کاک فواد شەهید نەبووە، تەنانەت لەگەڵ لایەنێک وەک سپای ڕزگاریدا (ئەو شتانە کە دوای شەهید بوونی روو دەدەن)، روونادات.
کاک فواد بەراستی رێکخەرێکی چالاک و ژیر بووە. لە مەریوان، لە هەر دوو بواردا، هەم لە بواری دروست کردنی رێکخراوگەلێکی کۆمەڵایەتی، مەدەنی و دێمۆکراتیک وەک جەمعیەتەکان، یەکێتی مامۆستایان، یەکێتی ژنان و …هتد، هەم لە ئاوا کردنی رێکخراوەگەلێک سیاسی و شۆڕشگێڕی وەک جەمعیەت و یەکێتی جوتیاران وەک ڕێکخستنێکی سەربازی و پێشمەرگانە، رۆڵی سەرەکی هەبووە. ئەمە بەو واتایەیە کە مرۆڤ دەتوانێت ئەم دوشێوە خەباتە هاوتەریب لەگەڵ یەکتر، بەرەو پێش ببات و پێویست ناکات تاک ڕەهەندی سەیری خەبات بکرێت. ئەمانە هەموو تایبەتمەندیگەلێکن کە مرۆڤ دەتوانێت لە شێوازی تێکۆشانی کاک فواد وەریانبگرێ و لێیان فێر ببێ.
دیسان لە دانیشتنەکەی مەهاباد-دا، کاک فواد ئاماژە بە هەندێک شت دەکات کە بە بۆچوونی من زۆر زۆر گرنگن. لەو لێدوان و قسە و باسانە کە لە کاک فواد بە جێ ماون بە روونی نیشانی دەدەن کە بە هیچ جۆرێک پاکانە بۆ سۆسیال-شۆڤێنیزمی ئێرانی ناکات. تەنانەت هەوڵ دەدات کە پەردە لە سەر سیمای راستەقینەیان لا بدات، بۆ ئەوە سیمای راستەقینەیان دەربکەوێت. بۆ وێنە کاتێک باسی کۆنفرانسی وەحدەت دەکات کە چەپەکان لە تاران بەڕێوەیان بردووە، دەڵێت: ئەمانە لە سەرەوە و تەنیا لە ناو خۆیاندا یەکێتییەکیان پێکهێناو، بەڵام ئەوە یەکێتییەکی کرداری نییەو و تەنیا یەکێتییەکی تیۆریک و زارەکییە. بە چەشنێکیش کاریکاتۆریزەی زۆرێک لە تیۆرییەکان و دروشمەکانی چەپی شۆڤێنیزمی ئێرانی دەکا و ناشۆڕشگێڕی ئەوان دێنێتە سەر زمان.
ئەم قسانەی کاک فواد بێگومان نیشانەی هوشیاری و باوەڕبەخۆ بوونێکە لە بەرانبەر ئەوانەی کە دەیانەوێ خۆیان بە سەرچاوەی تیۆری بناسێنن و لە بێ متمانە بوونی کورد بەگشتی و بەتایبەت چەپی کورد، کەڵک وەربگرن و بەلاڕێیدا بەرن. لە راستیشدا تا کاک فواد مابوو، سوسیال-شۆڤێنیزمی ئێرانی نەیتوانی ئەم سوئیستفادە بکەن، بەڵام بەداخەوە دواتر توانیان و هەموومان دەزانین چییان بەسەر بزووتنەوەی کوردستان بەگشتی و کۆمەڵە بەتایبەت هێنا!
کاک فواد باسی ئەوە دەکات کە ئەگەر ئێمە یەکگرتوویەکمان هەبێ، ناچین لەگەڵ هیزێک کە تەنیا کاری قسە کردنە و خۆی پێ تیوریسیەنە (لە راستیشدا) وانییە، یەکێتی پێک بهێنین. لە راستیدا یەکگرتوویی بەم شێوە پێکنایەت. ئەم یەکگرتووییە، دەبێ لە بناغەوە دروستی بکەین و بەتەنیا بە قسە هەڵنەخڵەتێین. تەنانەت ئاماژە دەکات بە هیزێک وەک سازمانی پەیکار و دەڵێ: بۆ وێنە پەیکار ئەگەر لە بناغەدا هیزی هەبێ، ئێمە دەتوانین لە ژێرەوە ئەم یەکگرتنە دروست بکەین، لە ژیرەوە بێت بۆ ژور، بەڵام ئەگەر تەنیا هێندیک زانیاری سەرەتاییان لە بارەی کۆمەلگای کوردستانەوە هەبێت و هێندێک دروشم بدەن، ئێمە بەشداری ئەو جۆرە یەکگرتنانە ناکەین. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەو کاتە پەیکار هەم تا ئاستێک هێزی هەبووە هەم تا ئاستێکییش لە بەرابەر پرسی کورد-دا نەرمی نواندووە. کەچی دوای شەهید بوونی کاک فواد، هێزێکی نەناسراوی وەک سەهەندییەکان بە رێبەرایەتی مەنسوور حیکمەت کە هیچ تەجروبەیەکی کردارییان نەبووە و ڕەنجیکی ئەوتۆی نەداوە، دێن رەنج و زەحمەت و تێکۆشانی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دەخەنە ژێر رکێف و دەسەڵاتی خۆیانەوە! یان بۆ نموونە، کاک فواد لە مەهاباد رەخنە لە کۆمەڵەییەکان دەگرێت و دەڵێ: بۆ نەچوونەتە ناو چالاکییەک کە حزبی دێمۆکرات رێکی خستووە؟! دەڵێ: ئەوە سێکتاریزمە، ئەوە چقبەستوویە و ئێوە دەبێ لە کوێ خەڵک کۆ بۆتەوە، بچن لە ناو خەڵکەکە و بەشداریی چالاکییەکەیان بکەن. یەکەم، بۆ ئەوە کاریگەری لە سەر ئەو خەڵکە دروست بکەن و دووهەم، بۆ ئەوەی لەگەڵ خەڵک پەیوەندی دابمەزرێنن. لە درێژەدا دەڵێت: پێویستە بە دروشمگەلێکی شۆڕشگیڕی هەڵویستی خۆتان بۆ خەڵک دیاری بکەن و بە دیاریکردنی پرەنسیپەکانی خۆتان کە هاوتەریبە لەگەڵ ویست و داخوازی خەڵک، دەتوانن ئەوان بۆ لای خۆتان ڕابکێشن بۆ ئەوە نەبنە نێچیری هێزە ئۆپۆرتونیست و بە قەوڵی گوتەنی سازشکارەکان.
تەنانەت دەڵێ: ئێوە دەتانتوانی دروشمێکی ئاوا هەڵبژێرن و بڵین “بازرگان، بازرگان سەربەخۆیی بۆ کوردان”. بەڕای من ئەمە زۆر گرنگە و ئاماژەیە بۆ خاوەنداری رادیکاڵی کاک فواد لە پرسی نەتەوەیی گەلی کورد. ئەمە لەو شریتەدا هەیەو و بەو مانایە دێ کە کاک فواد سەربەخۆیی کورد و کوردستان بە بنەما دەگرێت. تەنانەت کاتێک پرسیاری ئەوەی لێ دەکەن کە تۆ لەگەڵ حزبی کۆمۆنیستی کوردستانی یان ئیران؟ دەڵێ من موخالفەتێکم لەگەڵ دروست کردنی حزبی کۆمۆنیستی ئیران نییە ئەگەر پێویستی بکات، بەڵام من وەک خۆم پێداگری لە سەر مافی گەلی کورد دەکەم و کۆمۆنیستەکانی کورد دەتوانن و پێویستە حزبی کۆمۆنیستی کوردستان دروست بکەن.
کاتێک کاک فواد باسی پێویستی پێکهێنانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران دەکات، لێی دەپرسن باشە ئەمە چینی کرێکار پارچە ناکات ئەگەر حیزبی کۆمۆنیستی کوردستان دروست بێت. کاک فواد وڵامێکی راشکاوانە و زۆر سیاسی و خولقکارانە دەداتەوە و دەڵێ: لە میژووی تەڤگەرە کۆمۆنیستییەکاندا گەلێک بزاڤ هەبوونە کە سەرەتا کۆمۆنیستەکانی چەند نەتەوەی جیاواز پێکەوە بوونە و دواتر لە یەک جودا بونەتەوە، دەی ئەگەر وایە، بۆ ئەمە لە کوردستاندا نابێت بکرێت؟ لە درێژەی باسەکەیدا ئەوەش دەڵێ: مافی چارەی خۆنووسین، تا سنووری جیابوونەوە مافی گەلی کوردە و بیرۆکەی مارکسیست ـ لننیستیش بەربەست نین لە بەرانبەر ئەمەدا. کاک فواد هاوکات دەڵێت: ئێستا ئەگەر هەندێک کەس ( بەڕای من مەبەست سۆسیال-شۆڤێنیستە ئێرانییەکان و ئاسمیلەبووانی خۆ بە کۆمۆنیست زانی نێو کوردە) چەواشەی بکەن، پێویستە ئێمە گوێ شل نەکەین بۆ ئەو شتانە و کاری خۆمان بکەین.
ئێستا من ناتوانم دەقی قسە و باسەکانی کاک فواد وەک خۆی بڵێمەوە، بەڵام شتیکی وا دەڵێت و ئەمە هەڵوێستێکە کە ئەگەر ئەم هەڵوێستە بەردەوام بایە، لەوەدەچێ بار و دۆخی ڕۆژهەلاتی کوردستان بەگشتی و کۆمەڵە بەتایبەت، جۆرێکی دیکە بایە. لە ڕاستیدا کاک فواد سۆسیالیست و شۆڕشگێڕێکی بروکراتیک نەبووە، بەڵکوو شۆرشگێڕێکی گەلەری بووە و خۆی لە راستینەی کۆمەڵگا و ویست و داخوازییەکانیان دانەبڕاندووە و بەردەوام هەوڵی داوە بە زمانی گەل و کۆمەڵگا قسە بکات.
لە کۆڕی مەهاباد-دا، پرسیاری لێ دەکەن کە ئێوە ئەساسنامەتان هەیە؟ لە وەڵامدا دەڵێ: ئێمە لە نێو گەلداین و لە ناو گەلدا دەتوانین هەموو شتێک دەستەبەر بکەین و بەو شێوە هێزی جەوهەری خەڵک بەبنەما دەگرێ. تەنانەت شتێکی زۆر سرنجڕاکێش دەڵێ، دەڵێ: ئێمە نۆکەریی کەس ناکەین، هەندێک کەس دەیانەوێ گەلی کورد بکەنە نۆکەری خۆیان. بەڕای من لەوێشدا زۆری مەبەستی هەر ئەو سۆسیال-شۆڤینیستە ئێرانیانەیە کە لە بەرگی چەپدا خۆیان لەسەرووی گەلی کوردەوە دەبینن. بێ گومان ئەو لە بەرامبەر هێزە ڕاستگەرا و سەرمایەدارەکانی ئێرانی راشکاوە و هیچ دوو دڵی و راڕاییەک لەودا بەدی ناکرێت و بە جێگەی رەخنە، بە دوژمن ناوزەدیان دەکات.
کاک فواد دەڵێت: ئەوانە لە بەرامبەر ئێمەدا راوەستاون. دەیانەوێت ئێمە گوێڕایەڵی ئەوان بین. هەر بۆیە کاتێک روو بەو هێزانە قسە دەکات، بە روونی دەڵێت: “ئێمە نۆکەریی کەس ناکەین و ئەگەر قەرار بێت نۆکەری کەسێکیش بکەین، نۆکەریی خەڵکی خۆمان دەکەین”. ئەمە دەقی وشە بە وشەی ئەو رستانەیە کە کاک فواد دەیانهێنێتە سەر زمان.
ئەگەر بە وردی سەیری رووداوەکانی ئەو کاتە بکەین، لە ٢٨ی گەلاوێژ و دوای فەرمانی هێرشی خومەینی بۆ سەر کوردستان، کاک فواد بە شێوەیەکی تۆکمەتر و شێلگیرانەتر، باسی پێویستیی بەرخۆدانی چەکداری و ڕێکخستنی جەماوەری دەکات. بۆ وێنە لە دانیشتنەکەی مەهاباد-دا لێی دەپرسن بۆچی ئیوە لە هەندێک شوێندا راشکاوانە بە ناوی کۆمەڵەوە کار ناکەن؟ کاک فواد لە وەڵامدا دەڵێت: بە ڕاستی ئێمە دەمانەوێ تەڤگەری خەڵک پێش بکەوێ و نامانەوێ تەنیا لە روانگەیەکی حزبییەوە هەڵسووکەوت بکەین. ڕاستە وەک کۆمەڵەش دەمانەوێ وردە وردە و بە شێوەیەکی نیوە راشکاو و لە هەندێ شوێنیش بە ناسنامەی کۆمەڵەوە کار بکەین، بەڵام ئێمە تەڤگەری خەڵکین و پاراستن و تۆکمەیی ئەو جەمعیەتانە کە ئێستا هەن، بۆمان گرنگە.
بەڕای من یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بردنەوەی شەڕی سێ مانگەی گەلی کورد لە بەرامبەر رژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئێرانی و شکستی دەوڵەت لەو شەڕەدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەم بابەتە. واتە تەنیا بە چاوێلکەی حزبییەوە تماشای کۆمەڵگا نەکرا و رێکخستنی جەماوەری و خۆبەڕێوەبەریی گەل لە ئاراد بوو. بە تایبەت لەو ناوچانەی کە کۆمەڵە بە رێبەرایەتی کاک فواد باڵادەست بوو.
واتە جەمعیەتەکان لە سەردەمی کاک فواد-دا دروست کران و لەو جەمعیەتانەدا بەرفراوانتر لە حزبی سەیرکردن، جەماوەریی و خەڵکی تەماشای بابەتەکان دەکرا و لە هەمان کاتیشدا ئەو تۆلەرانسەی کە کاک فواد هەیبوو، ڕەنگدانەوە هەبوو لە سیاسەتی کۆمەڵە و ئامادە بوو بۆ سازان لەگەڵ بیر و را و کۆڕ و کۆمەڵە کوردییە جیاوازەکان. ئەمەش کاریگەری زۆری هەبوو لە سەر بەهێزبوونی بەرخۆدانی سێ مانگەی گەلی کورد لە بەرامبەر هێرشی دوای ٢٨ ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی بۆ سەر کوردستان. بەڕاستی ئەمە شێواز و رێبازێکە کە ئێمە دەبێ ئێستاش رەچاوی بکەین و بە بنەمای بگرین. واتە گونجاوە لە تەک بارودۆخی ئەمڕۆی ئێمەشدا و دەتوانین بە بنەمای بگرین. بەو مانایە کە با حزبیش هەبێ، بەڵام هەموو شت لە ڕوانگەی حیزبییەوە تەماشا نەکەین و لە روانگەی نەتەوەیی و کۆمەلایەتییەوە سەیر بکەین و حزبیش تەنیا وەک بەشێک لە کەرەستە و پێویستییەکان ببینین و تووشی شوڤێنیزمی حیزبی نەیین و بەوجۆرە هەوڵ بدەین لە ئاستی بەرینی جەماوەری و کۆمەڵایەتی بووندا خۆمان بەێکخستن بکەین.
دەمەوێ لە بەردەوامی باسەکەدا ئاماژەیەک بکەم بە هەڵوێستەکانی کاک فواد کە کێی بە دوژمن زانیوە و وەکوو لەمپەر چاوی لێکردوون و ناچار بووە لە بەرانبەریاندا راوەستێ و تێکۆشان بکات. کاک فواد بەر لەهەرشتێک لە بەرانبەر داگیرکاریدا خاوەن هەڵوێستێکی روون بووە. لەوانەیە زۆر دەستەواژەی داگیرکەری بە کار نەهێنابێتە سەرزمان، بەڵام هەر ئەوەی کە دەڵێت ئێوە دەتانتوانی لە مەهاباد-دا دروشمی بازرگان بازرگان سەربەخۆیی بۆ کوردان، بدەن، ئەمە دەرەنجامی فکرێک و تێگەیشتنێکە. واتە تەنیا پەیڤێک یان دروشمێک نییە.
هاوکات لە بەرانبەر سیستەمێکی چەوسێنەر، چ سەرمایەداری بیت یان دەرەبەگایەتی، خاوەن هەڵوێستێکی روون و زەڵاڵە. واتە هەم داگیرکەر و هەم چەوسێنەر وەک دوژمن دەستنیشان دەکات و لە بەرانبەریاندا رادەوەستێ. هەرچەند لە هەڵسووکەوت لەگەڵ کۆمەڵگای کوردستان راست بین و رێئالیستە و بە تۆلەرانسەوە هەڵسووکەوت دەکات، بەڵام لە بەرانبەر هێڵی خەیانەتدا خاوەن هەڵوێستێکی روون و زەڵاڵە. بۆ وێنە لە دانیشتنەکەی مەهاباد–دا چەندین جار باسی قیادە موەقەت و جاشەکانی رژێم دەکات و لەو بوارەدا دوودڵی تێدا نییە و قیادە موەقەت و جاشەکانی رژیم وەک خەتی خەیانەت و دوژمن سەیر دەکات و لەو بوارەدا راشکاو و بێ راڕاییە. ئەوە بابەتێکە کە ئێمەیش دەبێ لێوەی فێر بین و لە بەرانبەر هێڵی خەیانەتدا، خاوەن هەڵوێستی روون و زەڵاڵ بین و بە هیچ شێوەیەک تووشی راڕایی نەبین.
هاوکات، کاک فواد لە بەرانبەر ئیسلامی سیاسیدا خاوەن هەڵوێست بووە. بۆ وێنە ئەو کاتە لە بەرانبەر مەکتەبی قورئان و ئەو کەسانە کە بەڕێوەی دەبەن (وەک ئەحمەدی موفتیزادە و دەست و پێوەندەکانی)، خاوەن هەڵوێستە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە هەلسووکەوتێکی سیاسی و ژیرانە رەچاو دەکات و هەوڵ دەدات ناکۆکییەکان پەرە نەستێنێت و زەرەری زیاتری لێبکەوێتەوە بۆ بزووتنەوەکە و دۆخی کوردستان. بۆ نموونە لەگەڵ باوەڕییەکانی کۆمەڵگا کێشەیەکی نییە و ناکەوێتە هەڵسووکەوتی ئۆریانتالیستی و ژستی رۆشنبیر بەخۆیەوە ناگرێت بۆ ئەوە لەو رێگەیەوە سووکایەتی بە کۆمەڵگای نەریتی بکات، بەڵکوو دەیەوێت قەبووڵی بکات، هەوڵ دەدات پەیوەندی لەگەڵ بگرێت و بچێتە ناوی و لە ناوەوە بەرەو ئاراستەیەکی پێشکەوتنخوازانە بیگۆڕێت. بێگومان ئەمەش شێوازێکی راست و دروستی تێکۆشانە.
پێویستە بزانین کە هەم لە ناو کۆمەڵگا و هەم لە ناو ڕیزەکانی ئەو رێکخستنە کە خودی کاک فوادی تێدایە و رێبەرایتی دەکات، لەمپەرگەلێک لە سەر رێگای کاک فواد–دا هەبووە و ئەو رووبەڕوویان دەبێتەوە. یەکێک لەو لەمپەرانە، ڕۆشنبیری ساختە و درۆینە و پاسیڤە (هیچ نەکەر و قسە فرەکەر). هەم ڕۆشنبیری لە چەشنی وردە بۆرژوای شاری کە ئەهلی کردار نییە و زیاتر ئەهلی قسەیە کە بە نۆبەی خۆی بەربەستێکە لە بەرانبەر پراکتیکی کاک فواد، هەم رۆشنبیری ئاریستۆکرات و فێئۆداڵ کە لە رێگای فێل و تەڵەکەوە بەدوای لابردنی کاراکتەری شۆڕشگێڕی کاک فواد و دەسەڵات بەدەستگرتنەوەیە لەناو کۆمەڵەدا.
ناسیاسی بوونی جەماوەری گوندنشین و جووتیاران، یەکێکی دیکە لە ئاستەنگەکانە. ئەوان زەحمەتکێش و فیداکارن، بەڵام خوێندنەوەی قووڵیان بۆ دۆخەکە نییە. لەو شریتەی مەهاباد–دا کاک فواد باسی ئەو چینە دەکات و دەڵێت: زەحمەتکێشن و بۆ چالاکی و پاراستن، لە ڕۆشنبیرەکان وریاترن، بەڵام بە داخەوە لە بواری سیاسیدا زۆر خۆیان بارنەهێناوە. هاوکات شەڕەلاتانیزمی (شەڕئاشۆیی ، هەلەشە بوون، ناڕاستگۆ و…) وردە بورژوایی شاری، ئاستەنگی و لەمپەرێکیتری سەر رێی بەرەو پێش چوونی کار و خەباتە و کاک فواد رووبەڕووی دەبێتەوە.
هەروەها چەپڕەویی منداڵانە وەک ئەوەی لنین باسی دەکات و دەرهاوێشتەکەی سکتاریزم و دوگماتیزمە لە بەرگی کۆمۆنیست دا و دەبێتە ئاستەنگ لە بەردەم خەبات و تێکۆشاندا. سۆسیال–شوڤێنیزمی ئیرانی کە بە شێوازێک دەیەوێ کۆمەلگای کورد ئاراستە بکات و لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەست وپەیوەندی خۆی هەبووە و شێوازی کاک فواد پەسند ناکەن و بەجۆرێک لەمپەر و ئاستەنگی دروست دەکەن و کاک فواد ناچارە ئەم ئاستەنگیانە بشكێنێ و لییان تێپەڕ ببێت.
کوردایەتی گەشە نەکردوو و نەتەوەپەرەستی سەرەتایی کوردیش، ئاستەنگییەکیترە لە بەرانبەر شێوازی کاری کاک فواد–دا. واتە تێڕوانینێک کە بە چاویلکەی تەنگی نەتەوەپەرەستی سەرەتاییەوە سەیری دۆخەکە دەکات و ناتوانێت خۆی لە تەک پێشکەوتنخوازیی شێوەی کار و خەباتی کاک فواد-دا بگونجێنێت. هاوکات سیاسەتی ماکیاویلیستی کە ئەو کاتە زیاتر لە باشووری کوردستانەوە دەستوەردان دەکات لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، شێوەی شۆڕشگێڕانەی کاک فواد پەسند ناکات و ئەویش ئاستەنگییەکیترە کە لەبەرانبەر کاک فواد قوت دەبێتەوە، بەڵام لە گەڵ هەمووی ئەوانەشدا کاک فواد تا لە ژیاندایە، ماندوونەناسانە درێژە بە خەباتی خۆی دەدات و لە بەرانبەر دوژمن و بەربەستەکانی دیکەدا ڕاوەستاوە و کۆڵ نادات و تێکۆشان دەکات.
مژارێکیتر کە پێویستە قسەی لەسەر بکەین، شێوەی گیانبەختکردنی کاک فواد مستەفا سولتانی–یە کە بە راستی شێوازی شەهید بوونەکەی زۆر جیگەی مشت و مڕە. نامهەوێ لێرەدا بە وردی تاوتوێی ئەم بابەت بکەم. لەبەر ئەوە زۆر شتی لە سەر نوسراوە و شێوەی گیانبەختکردنی کاک فواد لە گەلێک وتار و چەند کتێبدا باس کراوە. من بۆ خۆم لە کتێبی ـ در جستجوی ساحل آرام ـ دا بە وردی باسم کردووە. لەو پەیوەنییەدا من بۆ خۆم بەردەوام هەندێک پرسیاری بێ وەڵامم هەیە.
یەکێک لەو پرسیارانە ئەوەیە کاتێک کاک فواد لە بانەوە دەگەڕێتەوە بۆ مەریوان، پۆلێک دوازدە کەسی یەکێتی نیشتمانی لەگەڵە، بەڵام کاتێک کە لە مەریوانەوە دەگەڕێتەوە بۆ بانە، ئەو دەستە پێشمەرگە لەگەڵی ناگەڕێتەوە و تەنیا فەرماندەی مەفرەزەکە، واتە ئیبراهیم جەلال لەگەڵیدا دەگەڕێتەوە. یەکێک لەو پرسیارانە ئەوەیە بۆچی ئەو مەفرەزە لەگەڵی ناگەڕێتەوە، بێجگە لە ئیبراهیم جەلال؟!
ئەڵبەت لێرەدا پێویستە ئاماژە بە یەکێکیتر لە هەڵوێستە شۆڕشگێڕانەکانی کاک فواد بکەین. ئەویش ئەوەیە کە کاک فواد ٦ رۆژ بەر لە گیانبەختکردنی بە هۆی لەسێدارەدانی کۆمەڵێک هاوڵاتی مەریوان لە لایەن سادق خاڵخاڵی-یەوە کە دوانیان برای خوێنی ئەون، لە بانەوە دەگەڕێتەوە مەریوان، بەڵام سەرباری ئەم کارەساتە، ئەرکە شۆڕشگێڕانەکانی راناوەستێنی و هەم ئەو ماوە کە لەوێ بووە رۆژانە سەرقاڵی کار و خەبات بووە هەم سەرباری لە دەستانی دووبرای، خێرا مەریوان بەجێ دەهێڵێت و دەچێتەوە بۆ بانە بۆ جێبەجێ کردنی ئەرک و پلانەکانی کە بەداخەوە ناگاتەوە بانە و لە ناو ڕێدا شەهید دەبێت.
کاک فواد و هاوڕێیانی کە بریتین لە ئیبراهیم جلال، ئەندامی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، تەهموورس ئەکبەری ئەندامی سازمانی چریکە فیدائییەکانی گەل و شێخ عوسمان خالیدی و ناسێح خالیدی کە باوک و کوڕێکی خەڵکی مەریوانن. دوای ئەوە کە لە مەریوانەوە دەگەڕێنەوە بۆ بانە لە ناو ڕێ و لە نزیکی گوندی بسام و کانعمت کە گوندێکی نزیکی مەریوانە، دەکەونە بۆسەی هێزەکانی رژیم و شەڕ دەست پێ دەکات. بە پێی ئەو شتانە کە من خویندوومەتەوە، دوای ئەوە تەقە دەست پێ دەکات، ئیبراهیم جەلال ون دەبێ و لە گۆڕەپانی شەڕەکە نامێنێت. پرسیار ئەوەیە بۆچی ئیبراهیم جەلال لە ناکاو ون دەبێت و لە شوێنی شەڕەکە و بە بێ هیچ دەستکردنەوەیەک هەڵدێت؟! لە کاتیکدا ئەزموونی سەربازی ئەو هەم لە کاک فواد و هەم لە تەهموورس کە لەگەڵ کاک فواد شەهید دەبێ و هەم لە شێخ عوسمانی خالدی و ناسێح خالدی کە لە گەڵ کاک فوادن، زیاترە!
سەیر ئەوەیە کاتێک ئیبراهیم جەلال دواتر رووداوەکە دەگێڕێتەوە، باسی هەلیکۆپتەر دەکات کە گوایا بە هەلیکۆپتەر هێرش کراوەتە سەریان، بەڵام شێخ عوسمانی خالدی و ناسێح خالدی دەڵێن: ئێمە هەلیکۆپتەرمان نەبینیوە. کامیان راست دەڵێت، بەتەواوی روون نییە، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە، ئەوەیە کە یەکێکیان راست ناڵێت. ئاخر چۆن دەبێ لە یەک شوێندا و لە یەک کاتدا یەکێک هەلیکۆپتەرێک بەو گەورەییە و دەنگ و رەنگەوە کە تەقە دەکات، ببینێت و هەندێکیتریش کە لە همان کات و شوێندان، نەیبینن!؟ وادیارە بە هۆی پێگەی سیاسی و سەربازی ئیبراهیم جەلال، ئەوەی کە زیاتر جێگەی گومان بێت و راست ناڵێت، ئیبراهیم جەلالە نە شێخ عوسمان و ناسێح خالدی کە دوو هاوڵاتی ئاسایترن لە ئیبراهیم جەلال.
گەلۆ ئەگەر ئیبراهیم جەلال راست ناکات، هۆکارەکەی چییە؟ گەلۆ دەخوازێ بەو شێوە پاساو بۆ هەڵهاتنەکەی خۆی بهێنێتەوە کە نەیتوانیوە رووبەڕووی هەلیکۆپتەر ببێتەوە یا مژار شتێکی دیکەیە و دەیەوێت گومانەکان لە سەر دەستە ناوخۆییەکان لە ئەگەری هەبوونیان لە رووداوەکە، بڕەوێنێتەو؟ لەبەر ئەوە ئەو کاتە هیچ هێزێکی کوردی خاوەن هەلیکۆپتەر نەبووە و کاتێک ناوی هەلیکۆپتەر هاتە ئاراوە، ئیتر هیچ گومانێک لە دەستی ناوخۆیی ناکرێت!
لەو چوارچێوەدا ئەمانە پرسیارگەلێکن کە بۆ زۆر کەسی تریش پرسیارن. بێگومان ئەم بابەتە هەم هەستیارە و پێویستە بە هوشیاریەوە هەڵسووکەوتی لەگەڵ بکرێت، بۆیە من لێرە لەمە زیاتر ناچمە ناو وردەکارییەوە و هەم بە بۆچوونی من، دەبێ کەیسی گیانبەختکردنی کاک فواد دانەخرێت و لێکۆڵینەوەی زیاتری لە سەر بکرێ تا راستییەکان زیاتر روون ببنەوە.
بێ گومان کاک فواد لەم تێکۆشانەدا تەنیا نەبووە و ئەو کەسانە کە لەگەڵ کاک فواد-دا بوونە و بەجۆرێک هاوڕێ کاک فواد بوونە، بەشی زۆریان تا دوایی لە تێکۆشاندا ماونەتەوە و گیانی خۆیانیان بەخت کردووە. بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە کەسانێک وەک کاک خانە موعینی، حەمە حوسەین کەریمی، عەتا رۆستەمی، جەعفەر شەفێعی، سدێق کەمانگەر، حسەین پیرخەیران، ئەیوب نەبەوی و…هتد، بکەین. کاتێک بیرەوەریەکانیش دەخوێنینەوە، دەبینین ئەمانە کەسانێکن کە زیاتر لە هەر کەس هەم کاک فواد باوەڕی پێیان هەبووە هەم ئەوانیش لە پاڵ کاک فواد-دا بە شێوەیەکی راست و دروست راوەستاون.
لە کۆتایی باسەکەمدا دەمەوێت دووپاتی بکەمەوە کە کاک فواد گرنگییەکی زۆر دەدات بە جەمعیەتەکان کە لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و دوای رووخانی دەوڵەتی پەهلەوی دامەزراون. ئەم جەمعیەتانەش وێنەیەک لە خۆبەڕێوەبەری ـ دێمۆکراتیکی گەلی کوردە و پێویستە بەردەوام گرنگی پێ بدەین و کۆمەڵگا تەنیا لە سونگەی حزبییەوە نەبینین. بەداخەوە دوای گیانبەختکردنی کاک فواد چیتر گرنگییەکی ئەوتۆی پێ نادرێت و جەمعیەتەکان بێکاریگەر دەکرێن و کۆمیتەی حزبی وەک هێژمۆنی سەرەکی بەرجەستە دەکرێت و هاوکات ناکۆكی ناوخۆیی حزب و هەروەها نێوان حزبەکان پەرە دەستێنێت و دەرفەتەکان لەبار دەچن و تێکۆشانی گەلی کورد لەو قۆناخەدا ناگاتە ئەنجام و ئاراستەی رەوتی رووداوەکان گۆڕانیان بەسەر دێت.
بەداخەو دوای گیانبەختکردنی کاک فواد رێگە بۆ گەلێک لادان لە راستینەی کۆمەڵگای کوردستان، لەلایەن کۆمەڵەوە دەکرێتەوە کە دواتر زیانەکەی هەم بەر رۆژهەڵاتی کوردستان بەگشتی و هەم بەر کۆمەڵە بەتایبەت کەوت. بۆ وێنە لە شوێنێکدا خوێندومەتەوە کە گوایا پێشتر کۆمەڵە پێشمەرگەی لە هەوراماندا هەبووە، بەڵام دوای ئەوەی کە حزبی کۆمۆنیستی ئێران دادەمەزرێت، ئیتر زیاتر لە روانگای ناکۆکی و تێکۆشانی چینایەتی-کرێکارییەوە سەیری مژارەکان دەکرێت. ئەوەش بە شێوەیەکی چقبەستوو و ناواقێعبینانە (چەوت و ناڕاست) سەبارەت بە راستینەی کوردستان. هەر بۆیە پێشمەرگەکانی خۆیان لە هەورامان دەکێشێننەوە و دەڵێن: هەورامان پرۆلتەری تێدا نییە و پێویست ناکات لەوێ بمێنینەوە. هەر بەو بۆنەوە دوو تا سێ ساڵ، ئەوێ بەجێ دەهێڵن تا دواتر و لە رکەبەرایەتی لەگەڵ حزبی دێمۆکراتدا و لە ساڵی ١٣٦٣ هەتاویدا، هێز دەنێرنەوە هەرێمی نۆدشە و نەوسوود لە هەورامان. دەشزانین لە ئاکامی ئەو رکەبەرایەتییە کوێرەی نێوان حزب دێمۆکرات و کۆمەڵەدا، تووشی چە کارەساتێک هاتین. واتە کارەساتی شەڕێ ناوخۆیی کە زیاتر لە هەرکەس داگیرکەر کەڵکی لێوەدەگرێت و مەینەتی گەورەی رووبەڕووی گەلەکەمان کردەوە.
بەڕاستی قسە کردن لە سەر کاک فواد، هەم زەحمەتە و هەم زۆر شتیش هەیە لە قەڵەم دەکەون، بۆیە من تا ئێرە لە سەر کاک فواد ئەوەندە دەڵێم. ئەڵبەتە پێویستە لە کۆتاییدا بڵیم لەگەڵ گیانبەختکردنی کاک فواد، ڕیگای کاک فواد زیندووە. لەبەر ئەوە ئێمە ڕێگا و تێکۆشانی کاک فواد درێژە پێدەدەین. بێگومان کاک فواد لەو قۆناخەدا کە ژیاوە، لەگەڵ هەموو نەرم و نیانی و کراوە بوونیدا، لە ژێر کاریگەری دۆخێکدا بووە کە ئەو کاتە لە ئارادا بووە. بیرۆکەگەلێک کە ئەو کاتە وەک تیۆری شۆڕشگێڕیی باو بوونە، کاک فواد پێیانەوە پابەند بووە. بێگومان ئەوانەش نرخی خۆیانیان هەیە، بەڵام کاک فواد ئەو کاتەش بە شێوەیەکی چقبەستوو سەیری ئەو تیۆریانەی نەکردووە. بۆ وێنە کاتێک لە زیندان دەبێت، خۆی ئامادە دەکات کە هاتە دەرەوە همان شێوە لە تێکۆشان درێژە پێ بدات کە پێشتر لەسەری ساق بوونەتەوە، بەڵام کاتێک لە زیندان دێتە دەرەوە و بارودۆخی نوێ دەبینێ، ئیتر بە پێی ئەو هەل و مەرجە دەجوڵێتەوە کە نوێیە و هاتووەتە ئاراوە. بێگومان ئێمەش دەتوانین بە پێی بارودۆخی کات و شوێن، زۆر شت بگۆڕین، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە بنەماکانی تێکۆشانی کاک فواد کە تێکۆشانێکی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی، سۆسیالیستی و شۆڕشگێڕانەیە، بپارێزین و بە پێی ئەوەش خولقکار بین و درێژە بە کار و خەبات بدەین.
پرسیار و وەڵام:
پرسیار: کاک فواد-ی پێش زیندان و پاش زیندان، ئەوەی کە کاک فوادی کرد بەو کاک فوادە، گەلۆهەلومەرجی گەلەکەی لە لێگەڕینی ئازادیدا بوو یان شێوازی ژیانی بنەماڵەیی و دۆخی گەلەکەی و جوغرافیای شوێنی ژیانی کاک فوادە کە وای لێدەکات ژیانێکی وا هەڵبژێرێت؟
وەڵام: بێگومان لە کوردستاندا زوڵم و ستەمێک لە ئارادایە کە لە سەر کۆمەڵگای کوردی و لە لایەن داگیرکەرەوە بەڕێوە دەچێت و کاک فواد لە بەرانبەر ئەو دۆخەدا هەڵوێست نیشان دەدات، بەڵام کاک فواد ئەو تێگەشتن، شێواز و چەمکانە کە پێشتر لە تێکۆشانی کوردستاندا لە ئارادا بوونە لە بەرانبەر ئەو زوڵم و ستەمە کە هەبووە، بەس نابینێت واتە بە تێرکەری دۆخەکە نازانێت. لەو چوارچێوەشدا هەوڵ دەدات بە تێگەیشتن، شێواز و چەمگەلێکی نوێی تێکۆشان کە لە دنیادا بۆ رووبەڕوبوونەوەی زوڵم و ستەم (ئەگەر بە شێوەیەکی رێژەییش بووبێت، وڵامدەرەوە بوونە)، بۆ دژایەتی چەوسانەوە و داگیرکاری لە کوردستان کەڵک بگرێت.
واتە کاک فواد وەک ڕۆشنبیرێکی شۆڕشگێڕ لەم تێگەیشتن، شێواز و چەمکە نوێیانە کەڵک وەردەگرێت و ڕووبەڕووی ئەو زوڵم و ستەمە دەبێتەوە، بەڵام لە ئەساسدا میراتی تێکۆشان لە کوردستان و جەوهەرەکە، لە کاک فواد هەیە. لە هەمان کاتیشدا کاک فواد بە پێی کات وشوێنی تایبەتی کوردستان و بە تێگەیشتنی خۆی لەو راستیانە، ئەو تێگەیشتن، شێواز و چەمکگەلەی بە بنەما گرتووە.
ئەمە راستی گەلی ئێمەیە کە خاوەن میرات و مێژوویەک لە ئەوزموونی تێکۆشانە و کاک فواد لە بەردەوامی ئەو میرات و ئەزموونە و بە نوێ کردنەوەی لەگەڵ زەمەنی تێکۆشانی ئەوکاتەی خۆی، جوڵاوەتەوە. بۆ وێنە لە ساڵەکانی نێوان دەیەی ٤٠ تا ٥٠ی هەتاویدا، جۆرێک لە بەڕیوەبەرایەتی شۆڕشگێڕ و ڕۆشنبیر لە هەر چوار بەشی کوردستاندا سەرهەڵئەدات بۆ ئەوە کۆتایی بێت بەو بەڕێوەبەرایەتییە نەریتی و عەشیرەتییە کە نەیتوانیووە نەتیجەی پێویست لە تێکۆشان دەستەبەر بکات و زۆر سیاسیانە و بە دیسیپلین سەیری تێکۆشانی نەکردووە و زیاتر کاردانەوە و پەرچەکردار تێدا زاڵ بووە.
ئەم بەڕێوەبەرایەتییە نوێیە، لە باشوری کوردستاندا کەسانێک وەک ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلال تاڵەبانی کە لە مەلا مستەفا بارزانی جیا دەبنەوە، نوێنەرایەتی دەکەن. ڕاستییەک هەیە کە مام جەلال تاڵەبانی لە دەیەی ٦٠ و ٧٠ی زایینیدا لە گەل مام جەلال دەیەی ٨٠ و ٩٠ی زایینی و ساڵەکانی دواتر زۆر جیاوازە و ئەو کاتە هەڵوێستێکی رۆشنبیرانەو شۆڕشگێڕانەی لەبەرانبەر دۆخەکە و رووداوەکاندا هەیە و لەگەڵ هەندێک شێواز و چەمکی نوێی مارکسیستی، لننیستی و مائۆئیستی ئاشنا دەبێت و دەیەوێت لەبەرانبەر شێوازی رێبەرایەتی عەشیرەتی مەلا مستەفا بارزانی-دا رابوەستێ.
لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش کاک سولەیمان موعینی، کاک سمایلی شەریفزادە و ئەوانن کە خەتێکی وڵاتپارێزی و سۆسیالیستی تێهەڵکێش دەکەن و دەیانەوێت تێکۆشانێکی راست و دروست رێبەرایەتی بکەن. لە باکووری کوردستانیش کەسانێک وەک سەعید ئێلچی و سەعید توپلاغ قرمزی (ناسراو بە دوکتور شوان) هەن کە دەیانەوێت بنەمای تێکۆشانێکی راست و دروست دابمەزرێنن. هاوکات لە ڕۆژئاوای کوردستانیش، کەسانێک وەک نورەدین زازا و عوسمان سەبری هەن کە ئەوانیش بە کاراکتەرێکی رۆشنبیری و دڵسۆزانە لە هەوڵی کار و خەبات و تێکۆشاندان، بەڵام ئەمانە لە لایەن داگیرکەران و هاوکات بە یارمەتی هێڵی خەیانەتی ناوخۆییەوە کە بنەماڵەی مەلا مستەفا بارزانی نوێنەرایەتی دەکەن، تەسفیە (پاکتاو)، بێ کاریگەر و بەلاڕێیدا دەبرێن.
لە راستیدا ئەگەر ئەم کەسانە ئەو کاتە تەسفیە نەکرابایەن، دەکرا ئەمڕۆ دۆخی کورد زۆر زۆر جیاوازتر بایە. ئێمە هەموومان چیرۆکی کاک سولەیمانی موعینی و هاوڕیانی دەزانین. بیستوومانە کە چۆن کاک سولەیمان دەستبەسەر دەکرێ و دوای شەهید کردنی لەلایەن مەلا مستەفا بارزانییەوە تەرمەکەی رادەستی دەوڵەتی ئەوکاتەی ئێران دەکرێتەوە. هاوکات جیا لە کاک سولەیمان چۆن گەلێک لە هاوڕیانیتری لەلایەن بارزانییەوە تەفر و توونا دەکرێن.
چیرۆکی دوکتور شوان-یشمان هەیە کە چۆن لە لایەن بارزانییەوە دەستبەسەر دەکرێ و رادەستی دەوڵەتی تورکیە دەکرێتەوە و دواتر لە سێدارە دەدرێت. عوسمان سەبری و نورەدین زازایش لە لایەنی بارزانیەوە بێ کاریگەر دەکرێن و هێڵێکی پاشکۆ و گویڕایەڵی خۆی لە رۆژئاوای کوردستان بەرجەستە دەکاتەوە. بەراستی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەش بەڕێوەبەریاتییەکی چقبەستوو و سکتاریست نەبوو و هەوڵ دەدات هاوسان لە گەڵ دۆخی کۆمەڵگای جووتیاری ئەو کاتەی کوردستان، پلان و بەرنامەی تێکۆشان دابڕێژێت.
بە هۆی ئەو رووداوە دڵتەزێنانە زەبرێکی گەورە بەر تێکۆشانی کوردی کەوت. ئەگەر ئەم زەبرانە نەبایە، کۆتاییەکانی دەیەی ٦٠ و لە هەمان کاتدا لە دریژەی دەیەی ٧٠ی زاینیدا دەیتوانی بزووتنەوەیەکی بەهێزی کوردی بە کاراکتەرێکی سۆسیالیستی، شۆڕشگێڕی و ڕۆشنبیرییەوە شکڵ بگرێ و هەم تێکۆشانی رزگاری نەتەوەیی بە ئاراستەیەکی دروستدا ببات و بیگەیەنێت بە ئاکام و کۆمەڵگای کوردستان لە هەموو بوارەکاند بەرەو پێش ببات. سەرباری ئەو خەسارانە، نابێ بێ هیوا بین و دەبێ بزانین بارودۆخی نوێ لە کۆمەڵگا بەڕیوەبەری نوێ لە ناوخۆیدا دەخولقێنێ و کۆمەڵگای کوردستانیش دوور لەم راستییە نییە.
هەربۆیە دوای پاکتاوکردنی بەڕێوەبەرایەتی کورد لە کۆتاییەکانی دەیەی ٦٠ و سەرەتای دەیەی ٧٠ی زایینی، هەروەها لە درێژەی دەیەی ٧٠ی زایینی، بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێ و جەوان لە کوردستان، هێدی هێدی دێنە ناو گۆڕەپانی تێکۆشانەوە. ئەم بەڕێوەبەرایەتییە نوێشە، بێگومان زیاتر کاریگەری بیر و هزری چەپی لەسەرە و زیاتر لەگەڵ شۆڕشە گەورەکانی دنیا تێکەڵاوی هەیە. ئەو سەردەمە، سەردەمێکە کە شۆڕشگێڕان و شۆڕشەکان لە ئاستی دنیادا و لە رێگەی راگەیاندن بەگشتی و رادیۆ و تەلەفیزیۆن بەتایبەت (وەک دوو کەرەستەی بەهێزی راگەیاندنی ئەو سەردەمە)، زیاتر لە یەکتر فێر دەبن و یەکتر دەناسن و کاریگەرییان لە سەر یەکتر دەبێت. بۆ نموونە، لەم قۆناخەدا و لە باشووری کوردستان، کەسانێک وەک خاڵە شەهاب و کاک ئارام دێنە مەیدانەوە کە دەتوانم بڵێم لە چاو بەڕێوەبەرایەتی دەیەی ٦٠ و دەیەکانی پێش خۆیان، ئەوانیش چەمکگەلێکی نوێتر دێننە ئاراوە و دەیخەنە سەر خەرمانی تێکۆشانی ئەو سەردەمە. لە هەمان کاتدا کە لە باشوری کوردستان خاڵە شەهاب و کاک ئارام و عەلی ئەسکەری و دکتۆر خالد و ئەوانی دیکە، دێنە مەیدانی تیکۆشانەوە، لە ڕۆژهەلاتی کوردستانیش، کاک فواد و هاوڕێیانی دێنە مەیدانەوە، لە باکووری کوردستانیشدا ڕێبەر ئاپۆ و گروپی یەکەمی پەکەکە دەست بە تێکۆشان دەکەن. بەداخەوە هەم لە باشوری کوردستان و هەم ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە دەستی داگیرکەر لە لایەک و هەروەها بە شیوازی گوماناوی و بە دەستی خەیانەتی ناوخۆی کوردستان لە لایەکی دیکەوە، ئەم ڕیبەرانە پاکتاو (تەسفیە) دەکرێن کە یەکێک لەو رێبەرانەش کاک فواد مستەفا سولتانی-یە.
لە باکووری کوردستان ئەم بەڕیوەبەرایەتییە تا ئاستێک دەپارێزرێ و ئەم خەباتە بەردەوام دەبێت. بۆ نموونە، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێ: ئەگەر کاک ئارام شەهید نەبایە، شۆڕشی باشوری کوردستان بەرەو ئەو ئاراستە نەدەچوو! ئەو مەبەستی تەنیا شەخسی کاک ئارام نییە، مەبەستی بەڕێوەبەرایەتی ئەو شۆرشەیە، لە ڕۆژهەڵاتیش مرۆڤ دەتوانێ هەر ئەوەش لە بارەی کاک فواد-ەوە بڵێ کە ئەگەر بەوشێوە زوو شەهید نەبوایە، دۆخی شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان دەیتوانی جیاوازتر بایە لە ئێستا. چونکە کەسانی بە وجه بەردەوام کاریگەرییان لە سەر رەوتی رووداوەکان هەیە. بە تایبەت ئەم مژارە لە رۆژهەڵاتی ناویندا زیاتر خۆی نیشانداوە. بێگومان ئەگەر کەسانی وەک کاک فواد و کاک ئارام لەو قۆناغەدا شەهید نەبوونایە، دەیانتوانی کاریگەری زیاتر و ئەرێنیتر لەسەر دۆخی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان دابنێن. با هیچ کەس خوێندنەوەی دوور لە راستی نەکات و حاشا لە کاریگەری کەسانی دڵسۆز و بە توانا لەسەر دۆخی شۆڕش و ژیانی کۆمەڵایەتی نەکات. بێگومان تاکە کەسەکان دەتوانن هەم رۆڵی ئەرێنی و هەم روڵی نەرێنیش بگێڕن.
لە راستیدا کاک فواد-یش هەرچەند تاکە کەسێک بووە، بەڵام وەک کاراکتەر و رێباز و شێواز لەو قۆناخەدا، سەرترۆپکی بەڕیوەبەرایەتی شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان بووە. هەر بەو پێیەش، بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین ئەگەر تووشی گیانبەختکردنی ناوادە نەبایە، ئەمڕۆ دۆخی کۆمەڵە جیاواز دەبوو.
بەهەر حاڵ دەمەوێ ئەوە بڵێم کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەگشتی لە ناو خۆیدا بەهۆی پێویستییەکان و کۆمەڵگای کورد بەتایبەت هاوکات لەگەڵ پێویستییە ئاساییەکان، لە ئاکامی ئەو ستەمە کە لە سەری هەیە، لە ناوخۆیدا، بەڕیوەبەرایەتی نوێ دەخۆلقێنێ و ئەمەش بەشێک لە سروشتی کۆمەڵگایە. بەڵێ ئەمە ڕاستی کۆمەڵگایە و بە پێی ئەم سروشتەش، گەلێک جار لە قۆناخگەلێکی تایبەتدا، هەندێک کەسی فیداکارتر و بەگەوهەر دێنە سەرەوە و پێشەنگایەتی رەوتی رووداوەکان دەکەن. واتە کاک فواد بەر لە هەرشتێک، بەرهەمی تیکۆشان، بەرخۆدانە و کۆڵنەدەری کۆمەڵگای کوردە. هاوکات ئەزموونی ژیانی هەرێمی، بنەماڵەیی، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی کاریگەری لەسەر تاکە کەسەکانیش هەیە تا پییانبگەیەنی و بیانکاتە جێ متمانەی دەور و بەر.
چەند پرسیار– ئەگەر دەکرێ ئاماژە بەو کاریگەریانە بکەن کە لە کاتی کاک فواد-دا بەشەکانی کوردستان لە سەر یەکتردا هەیانبووە. بۆچی تەنیا بنەماڵەی شەهید فواد لە ناو هەموو رێبەرانی کۆمەڵەدا تا ئێستا ئەوەندە شەهیدیان داوە؟ بۆ بە گوێرەی پێویست پارێزگاری لەوان نەکرا؟ لە کاتێکدا کە بەرپرسەکانیتر دەیان پارێزوانیان بۆ خۆیان داناوە؟ ئەوە بەرپرسیاریەتی گەلی کورد بە گشتی بوو نەک تەنیا هی کۆمەڵە بۆ ئەوەی قارەمانەکانی بەمشێوە ئاسان شەهید نەکرێن. پێم وایە کورد دەبێ لێکۆڵینەوە لە سەر ئەم بابەتە بکات. پرسیار ئەوەیە کە بۆچی ئەو حزبە کە شەهید فواد دایمەزراند و زەحمەتی تێدا کێشا، درایە دەست گروپێک کە نەیانتوانی بیپارێزن و گەشەی پێ بدەن؟ تا کاتێک شەهید فواد لە ژیاندا بوو، ژنان رۆڵێکی دیار و بەرچاویان هەبوو، بەڵام کاتێک کاک فواد شەهید بوو، ئەو یەکێتییە کە ئەو ژنانە پێکیان هێنابوو و کۆمەڵایەتی و گەلەری بوو، بۆ کرانە حزبی و ژنان و مێژووی ژنانیان خستە پەراوێزەوە و دەیانهەوێت بیسڕنەوە؟
وەڵام– بەڕاستی ئێمە دەبێ وشیار بین باسەکە وەک خۆی بچێتە پێش. زاگرۆس کۆنفێدراڵ کە ئەم مژارەی دیاری کردووە و منیش وەک میوان و باسکار، نە خەیاڵی ئەوەمان هەیە کاک فواد لە ناسنامەی سیاسی خۆی داببڕین و نە ناسنامەیەکی سیاسی نوێی بۆ دروست بکەین و دەستی بەسەردا بگرین. لە ڕاستیدا ئینکاری ناسنامەی سیاسی هەر شەهیدێک، شەهید کردنەوەی دوبارەی ئەو شەهیدەیە! کاک فواد ئەو کاتە خۆی وەک کۆمۆنیست و وەک کەسێکی مارکسیست ناساندووە. ئەمە واقێعیەتێکە و هاوکات بابەتەکەش وانییە کە کۆمۆنیست لە دیدی ئیمەوە چەمکێکی دزێو بێت تا خۆمانی لێ بدزینەوە و لێرە حاشا لە کۆمۆنیست بوونی کاک فواد بکەین.
دنیابینی و فکر و رامانی تەڤگەری ئاپۆیی، بنەمای فەلسەفەی ئێمەیە، بزاڤی ئێمەش سەرەتا مارکسیست ـ لینینیست بووە و لە ژێر کاریگەری چەمکی کۆمۆنیستدا کاریشی کردووە و نە تەنیا ئەوە شەرم نییە، بەڵکوو لەو کاتەدا تیۆرییەکی جیهانی و شۆڕشگێڕ بووە و بە ملیۆنان گرووپ و ئینسانی شۆڕشگێڕ لە بەر رۆشنایی ئەو تیۆرییەدا تێکۆشانیان کردووە. کە واتە کاک فواد کۆمۆنیست بووە و من لە باسەکەشمدا ئاماژەم پێکرد، بەڵام کۆمۆنیستێک بووە کە چارەسەری پرسی نەتەوایەتی گەلی کوردی بە ئەرکی خۆی زانیوە. کۆمۆنیستێک کە توشی خۆ بەکەمزانین نەبووە لە بەرانبەر سۆسیال-شۆڤنیستی ئێرانیدا. هەم باسی لە حزبی کۆمۆنیستی ئێران کردووە کە ئەگەر پێویست بێت دەتوانێت هەبێت و هەم راشکاوانە باسیشی لە پێویستیی حزبی کۆمۆنیستی کوردستان کردووە.
مژارێکی گرنگی دیکە ئەوەیە کە پێویستە ئێمە بزانین هەر کەس بەر لە هەرشتێک منداڵی سەردەمی خۆیەتی و ئەم راستییە کاک فواد-یش دەگرێتەوە. ئەگەر ئێستا کاک فواد لە ژیاندا بایە، هەڵویستی چۆن دەبوو، ئەمە مژارێکی دیکەیە. کاک فواد-یش مرۆڤێکە کە بۆ ئەو گەلە و بۆ ئەو کۆمەڵگا تێکۆشانی کردووە. ئەو کۆمەڵگاش هەم کرێکار و هەم جووتیاری تیدایە، هەم ژنی تێدایە و هەم وڵاتپارێزی تێدایە و کاک فوادیش وێستوویەتی هەمووی ئەم رەهەندانە ببینێت و بە پێی ئەوە تێکۆشان بکات. کەسێک دەتوانێ بە خاتری هەموو رەهەندەکانی تێکۆشانی کاک فواد، ئەوی خۆش بوێ، یان بیر و بیرەوەری کاک فواد لە دڵیدا بمێنێ. کەسێکیش مافی هەیە بە هۆی تەنیا یک رەهەند کە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئەو ستەمە کە خۆی چێشتویەتی یا شارەزایی لەبارەیەوە هەیە، کاک فوادی خۆش بوێ. یان ژنێک دەتوانێ کۆمۆنیست نەبێ، بەڵام لە بەر ئەوە کاک فواد گرنگی بە پرسی ژن داوە و بۆ وێنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان یەکەمین لێدوانی بۆ هەشتی مارس نووسیوە، کاک فوادی خۆش بوێت. دەی خۆ تۆ ناتوانی بڵێی تۆ کۆمۆنیست نیت و چیدی مافی ئەوەت نییە کاک فواد وەک نرخێک ببینی! کەسیکیش کە هێشتا باوەڕی بە کۆمۆنیزم هەیە و دەیەوێ لەو ڕوانگەیەوە کاک فوادی خۆش بوێ، کەسێکی وڵاتپارێزیشە، بەڵام ڕێبازە کلاسیکەکانی تێکۆشانی کورد بۆی وڵامدەر نەبووبێت و شێوازی کورد بوونی کاک فوادی لا پەسەند بێت. با ئەویش ئاوا کاک فوادی خۆش بوێ، یان با کەسێکیش بۆ هەموو ڕەهەندەکان کاک فوادی خۆش بوێ. ئێمە باسی ئەوە دەکەین کاک فواد پرسی کوردی پەراوێز نەخستووە و شەرمێونانە نەیهێناوەتە سەر زمان.
کاک فواد لە قسە و باسەکانی لە مەهاباد-دا، قسە بۆ کۆمەڵێک جووتیاری ئاسایی ناکات، بەڵکوو بۆ کۆمەڵێ کادری خۆیان قسە دەکات و بە سەراحەتەوە بۆچوونی خۆی دێنێتە سەر زمان و دەڵێت ئەمە بۆچوونی منە. دوای ئەوە کە کاک فواد شەهید بوو، تا ماوەیەک و تەنانەت ئێستاش بەشێک لەو نرخانە کە کاک فواد و کاک فوادەکان خولقاندیان، بوونە هەوێنی درێژە پێدان بە خەبات و تێکۆشان و بەشیک لەو نرخانەش کەوتنە پەراوێزی هەندێک بابەتیتر و هەندێ کەس هەوڵیاندا رێبازی کاک فواد بەلاڕێدا ببەن کە بە داخەوە لەوەدا تا ئاستێکیش سەرکەوتوو بوون .
من دەمهەوێ ئاماژە بە هەندێک لەو پەراوێز کەوتنانە بکەم. ئەمە شرۆڤەیەکە و باوەڕم پێی هەیە. بە پێی تێگەیشتنی ئێستام و بە پێی خویندنەوەی من بۆ ئەو مێژووە، بەو نەتیجە گەیشتووم. ئێمە ناتوانین کۆمەڵە بوونی کاک فواد ئینکار بکەین و ناسنامەیەکیتری سیاسی بۆ دروست بکەین، ئەو کۆمەڵەی دروست کرد و لە کاتی رێبەرایەتی کۆمەڵەشدا گیانی بەخت کرد. ئیستا دواتر چی بووە و بە گوتەی گەلێک کەس کۆمەڵەی ئەوڕۆ کۆمەڵەی کاک فواد نییە، مژارێکیترە و ئێمە باسی ئەو کۆمەڵە دەکەین کە کاک فواد دایمەزراندووە و ئەو کۆمەڵە کە کاک فواد باسی کردووە.
کە واتە دەبێ هەڵسەنگاندنێکمان بۆ کۆمەڵە هەبێ و هەڵسەنگاندنی منیش لەو پێناوەدایە. من دەڵێم گەلێکمان هەیە بە ناوی گەلی کورد و هاوکات کۆمەڵگایەکی چەوساوە هەیە، ئەمانە پێکەوە هەر دوانیان زوڵمیان لێ دەچێ، هەم زوڵمی نەتەوایەتی و هەم زوڵمی کۆمەڵایەتی و چینایەتی. هاوکات لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان و هاوتەریب لەگەڵ ئەو، هەندێک جم و جۆڵ و تێکۆشان لە بەشەکانیتری کوردستاندا دەستی پێکرد. بۆ وێنە، لە باکووری کوردستان، پەکەکە دەستی بە تێکۆشان کردووە، لە باشوری کوردستان، کۆمەڵەی ڕەنجدەران و لە ڕۆژهەلاتی کوردستانیشدا کۆمەڵێک جەوان ئاشناییان پەیدا کردووە لەگەڵ هەندێک چەمکی نوێ تێکۆشان و دەیانەوێت تێکۆشانێک دەست پێ بکەن و کاری رێکخستن بکەن. ئەگەر لە ئاستێکی بەرفراوانتر و بە پێوانێکی جیهانیش سەیری بابەتەکە بکەین، لەو کاتەدا و لە ئاستی جیهانیدا کۆمەڵێک ئاڵ و گۆڕ و شۆڕش هاتنە ئاراوە. وەک شۆڕشی ٦٨ی فەرانسە و شۆڕشی رزگاری ڤیتنام و ئەوانی دیکە کە لە چوارچێوەی تێکۆشانی هەم ڕزگاری نەتەوەیی و هەم تێکۆشانی چینایەتیدا خۆیان دەبینییەوە. بێگومان ئەم جەوانانەی رۆژهەڵاتیش وەک جەوانانی بەشەکانیتری کوردستان لەم شۆڕش و چەمکەکان کەڵکیان وەرگرتووە و کاریگەری لە سەریان هەبووە و بە هێنانی ئەو چەمک و تیۆرییە نوێیانە بۆ ناو کۆمەلگای کوردی و بە پراکتیک و تیۆری خۆیان، هەوڵیاندا خەتێکی نوێ تێکۆشان لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پەرە پێ بدەن. بێگومان ئەمە هێڵێکە لە ناو کۆمەڵەدا. واتە هێڵی دامەزرێنەرانی کۆمەلە.
دەتوانین بڵێین ئەمە بناغەی تێکۆشان و تایبەتمەندی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵە بووە. ناڵێم ئەو کەسانە کە بازنەی یەکەمی کۆمەڵەیان پێکهێناوە هەموویان ئاستی ڕۆشنبیری، شۆڕشگێڕ بوون و راستبێژیان لە یەک ئاستدا بووە. لە ڕاستیدا من باسی هێڵێک دەکەم نەک ئاست و کونجکۆڵ کردن لەبارەی نیەتی یەک بە یەکی ئەو کەسانە، بەڵام کەس ناتوانێت حاشا لەوە بکات کە کاک فواد وەک نوێنەری ڕاستەقینەی ئەم هێڵە دێتە ئەژمار. واتە هەم لە بواری فکری، سیاسی و ڕیکخستن و هەم لە بواری ئەو ڕۆڵە پراکتیکیەی کە هەیبووە، لە سەرووی هەمووانەوە دادەنرێت. هەر وەک چۆن لە کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵەدا ئەم مرۆڤە کراوەتە بەڕێوەبەری یەکەم و لە پراکتیکیشدا وەک رێبەرێک رۆڵی گێڕاوە، کەواتە ئەمە هێڵێکە بە پێشەنگایەتی کاک فواد لە ناو کۆمەڵەدا، کە بەداخەوە بە گیانبەختکردنی ئەو تووشی خەسارێکی گەورە بوو!
دەتوانین بڵێین هێڵێکیتری ناو کۆمەڵە لەو کاتەدا، کۆمەڵێک کەسی کۆمەڵگای جووتیاری ناو گوندەکان و کۆمەڵێک لە چینی ژێرین و مامناوەندی شارەکانن کە شارەزاییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ ئەو چەمکانە کە ئەو ڕۆشنبیرانە دەیهێننە سەر زمان، نییە، بەڵام هەم وڵاتپارێزن و هەم چەوسانەوەی چینایەتیشیان هەست پێ کردووە و دەیانەوێت بۆ ئازادی کوردستان تێکۆشان بکەن. ئەوان بۆ کورد بوونەکەیان، خوێندنەوەی حزبی دێمۆکراتی کوردستان و رەوتەکانی پێشتر، بە وەڵامدەر نازانن، بۆیە دێن لە دەوری ئەم ڕۆشنبیرە شۆڕشگێڕانەدا، واتە بازنەی یەکەمی کۆمەڵە بە پێشەنگایەتی کاک فواد، کۆ دەبنەوە و بازنەی دووهەمی کۆمەڵە پێک دەهێنن. لە راستیدا ئەوان لانیکەم ٨٠ لە سەدی پێشمەرگە و کادری ئەو کاتەی کۆمەڵە پێک دێنن و ئەوەی کە سەردەمێک کۆمەڵەی بەرجەستە کرد، بەرهەمی رەنج و تێکۆشانی ئەوانە.
بە رای من، کۆمەڵە هەرچی نرخ، شانازی و بەرهەمی هەیە، هی ئەم دو بازنەیە. واتە ئەو ڕۆشنبیرە تێکۆشەرانە کە کاک فواد لە سەرووی هەموویانەوە جێ دەگرێت و دووهەم، ئەو جوتیار، کرێکار و زەحمەتکێشانە و بەشێک لە ڕۆشنبیرانی چینی مامناوەند کە دواتر بە کۆمەڵەوە پەیوەست دەبن و دەبن بە کادر و پێشمەرگەی کۆمەڵە.
هاوکات هێڵگەلێکی تریش لە ناو کۆمەڵەدا سەر هەڵدەدەن. یەکێک لەو هێڵانە، هێڵی بنەماڵەیی و دەرەبەگایەتییە کە بە ڕاستی ئامانجیان گەیشتن بە دەسەڵاتە و هەر ئەمانە دواتر بوونە هۆکاری سەرەکی لاوازی کۆمەڵە و لە ئاکامدا کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان تووشی خەسار بوو. هەروەها، هێڵێکی شەڕەلاتانی وردە بورژوایی شاری کە بەردەوام لەگەڵ هێڵی دەرەبەگایەتی سازشی کردوو و چاویان لە تایبەتمەندییە دزێوەکانی یەکتر بەستووە و بوونەتە هۆی بەفێڕۆدانی بەرهەمی کار و خەباتی ئەو دوو هێڵە شۆڕشگێڕە کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد، لە ناو کۆمەڵەدا هەبووە.
هێڵێکیتر کە دەبێتە خۆرە و دەکەوێتە گیانی کۆمەڵە، ئینترناسیۆنالیزمی ساختەیە (چەواشەکار) کە دەتوانین وەک دزەکردنی سۆسیال-شۆڤێنیزمی ئێرانی بۆ ناو کۆمەڵەش پێناسەی بکەین. هەر وەک پێشتریش گوتمان، لە راستیدا کۆمەڵە هەرچی نرخ و شانازی هەیە، هی ئەو دو هێڵەی پێشتر بووە و هەرچی بەلاڕێدا چوونیش هەیە، بەرهەمی ئەم هێڵانەیترە کە ئاماژەمان پێکردن. واتە ئەو ئینترناسیۆنالیزمە ساختە کە لە بنەمادا بە تەواوی تێکەڵاوە لەگەڵ سۆسیال-شۆڤێنیزمی ئێرانی و هەروەها ئەو هێڵە فێئۆدالی و بنەماڵەییە کە دەست بە سەر نرخەکان و میراتی کۆمەڵەدا دەگرێت و هاوکات شەڕلاتانیزمی وردە بورژەوایی شاری کە ئاو لە ئاشی هەر چەشنە خراپەیەکدا دەکات.
لەو چوارچێوەدا ئێمە وەک ڕۆڵەی ئەمڕۆی ئەو نەتەوە و کۆمەڵگا، مافی ئەوەمان هەیە بڵێین لەو خەتە ڕۆشنبیریە شۆڕشگێڕیە کە کاک فواد و ئەوان جێیان خستووە و لەو ڕەنج وزەحمەتەی کە جوتیاران، کرێکاران و زەحمەتکێشانی کۆمەلگاکەمان کێشاویانە، خاوەنداری دەکەین و ئێمەش ئەو تێکۆشانە درێژە پێدەدەین. راستە کاک فواد ئەو کاتە خۆی وەک کۆمۆنیست پێناسە کردووە و ئێمەش نە تەنیا ئەوە ئینکار ناکەین و بەشتێکی خراپیشی نازانین، بەڵکوو بەشێک لە هاوپەیمانەکانی ئێستای ئێمە، کۆمۆنیستەکانن. ئێمە تەڤگەرێکی ناسیونالیست و بەرچاوتەنگی راستڕەو نین کە کۆمۆنیست بوون بە عەیبە بزانین و هەوڵ بدەین ئەو عەیبە لە نێو چاوانی کاک فواد-دا بسڕینەوە یان راستییەکان بەلاڕێدا بەرین! ئێمە کاک فواد بەو ناسنامە سیاسی و شۆڕشگێڕانەیە کە ئەو کاتە خۆی پێ ناساندووە، دەبینین و ڕێزی لێ دەگرین. نەک بەو گریمانەی کە ئەگەر ئێستا کاک فواد مابایە، چۆن خۆی پێناسە دەکرد. ئەوە گریمانەگەلێکن کە هەرکەس دەتوانێت بە پێی بەرژەوەندی حزبی و رێکخراوەیی خۆی بیکات!
چەند پرسیار– تێکۆشانی ژن لە کۆمەڵەدا لە چ ئاستێکدا بوو، لە هزر و پلان و پرۆژەی کاک فواد-دا بوونی ئەرتەشی ژن هەبووە، بوونی ڕێکخستنی سەربەخۆی ژنان هەبووە؟ ئەگەر بووە بە چ شێوازێک؟ بۆچی لایەنی چەپ بوون و کۆمۆنیست بوونی کاک فواد زیاتر بەرجەستە دەکرێتەوە؟
وەڵام– سپاس بۆ بۆچون و قسەکانی بەشدار بووانی هێژا. دەسپێک پێویست ناکات مەسەلەکە ئەوەندە ئاڵۆز بکەین. بیرەوەرییەکانی کاک فواد زۆرن و ئەو کەسانەش کە لەگەڵیدا ژیاون، دەتوانن زۆر شت بگێڕنەوە. بە راستی ئامانجی من پێداهەڵگوتن نییە. گرنگ ئەوەیە کە لەو کاتەدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دۆخێک هاتۆتە ئاراوە و کاک فواد وەک ریبەرێک، ژیرانە و راست و دروست لەگەڵ ئەو بار و دۆخەدا هەڵسووکەوتی کردووە. مەبەستم هەموو وردەکارییەکان نییە، مەبەستم لەگەڵ کۆی پرسەکە و بار و دۆخەکەیە. بێگومان کاک فواد لێبڕاوانە باوەڕی بە تێکۆشانی چینایەتی هەبووە و گرنگی پێداوە. ئێستا ئەگەر لەو کۆمەڵگایەدا کرێکار و کارخانەدار بوونی هەبوایە، لەو چوارچیوەدا تاکتیکی خۆی دەستنیشان دەکرد، بەڵام لەو کاتەدا زیاتر ناکۆکی چینایەتی لە نێوان جوتیار و دەرەبەگ دا بووە و کاک فوادیش بە پێی ئەوە، شێواز و تاکتیکی تێکۆشانی خۆی دیاری کردووە.
بابەتەکەش وا نەبووە کە دوای گیانبەختکردنی کاک فواد خێرا ئەو پەیوەندییە ئابورییە و شێوازی بەرهەمهێنان لە کوردستاندا گۆڕابێ و بە پێی ئەوەش بڵێین ئەگەر گۆڕانی هەڵویست لە ناو کۆمەڵە دا هاتە ئاراوە و ناکۆکی سەرەکی، ناکۆکی نێوان چینی کرێکار و سەرمایەدار بوو لە کوردستان و بە پێی ئەوە پلان و بەرنامە داڕێژرا و هۆی گۆڕانی هەڵوێستەکە ئەوە بووە. لە راستیدا هۆکاری ئەوە کە دواتر بەو شێوە خێرا و دوای شەهید بوونی کاک فواد کۆمەڵە گۆڕینی ستراتێژی و تاکتیکی بەسەردا هات، ئەوە نەبوو کە کوردستان بە تەواوەتی بۆتە گۆڕەپانی ناکۆکی سەرمایەدار و کرێکار. ئەوە هەڵە بوو و لە راستیدا هۆکارەکەی لادان لە شێوازی هەڵسووکەوت بوو لەگەڵ ئەو شتانە کە کاک فواد لە پۆلێن کردنی چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا دەستنیشانی کردبوو و باسی رۆڵی هەر کامەشیانی کردبوو. تەنانەت ئێستاش لە کوردستان، کەڵەکەی سەرمایە و هێزی کار نە گەیشتۆتە ئەو ئاستە. بەتایبەت بە هۆی دۆخی داگیرکراوی کوردستان، بەتایبەت رۆژهەڵاتی کوردستان، هەم سەرمایەدار و هەم هێزی کار لە کۆچبەری و لە دەرەوەی وڵاتە.
کاک فواد لە دانیشتنەکەی مەهاباد-دا چەندین جار باسی جووتیار دەکات، جارێکیش باسی کریکار ناکات. ئەوە بەو مانایە نییە کە باوەڕی بە مافی کرێکار نەبووە، بەڵکوو باسی راستی کۆمەڵگای ئێمە دەکات کە زیاتر کۆمەڵگایەکی جووتیاری بووە و هەڵسووکەوتی کاک فوادیش لە گەڵ ئەو بارودۆخە تایبەتەدا، راست و دروست بووە. وەک پێشتریش ئاماژەمان پێدا، چینی کرێکاری کورد ئەو کاتە و ئێستاش چینێکی کۆچبەرە.
واتە لە کوردستاندا هەم بە هۆی بارودۆخی کۆمەڵایەتی، ئابووری و جوغرافیای تایبەتی رۆژهەلاتی کوردستان و هەم بە هۆی بارودۆخی سیاسەتی داگیرکاری لە کوردستان، هەتا ئێستاش ناوەندی کار و بەرهەمهێنانی گەورە و زۆر لە کوردستاندا بوونی نییە. ئەڵبەت ئەوە بەو واتایە نییە کە کورد کرێکاری نییە. لە راستیدا بە جۆرێک لە جۆرەکان، کورد هەموو کرێکار و زەحمەتکێشن. پێموایە مەبەستەکەم روونەو هاوڕێیان لە مەبەستم تێدەگەن.
مژارێکی دیکە ئەویە کە ئەوە کۆمۆنیزم نییە کە ئەو کەسایەتی و جێگە و پێگە کۆمەڵایەتییە دەبەخشێت بە کاک فواد، زۆر کەسی تریش وتوویانە کۆمۆنیستین، لایەنگرەکانیشی وتوویانە کۆمۆنیستی شێلگیرین، لە بەڕێوەبەرانی حزبی تودەوە بگرە تا دەگاتە چریکی فیدایی و لەوێوە هەتا ئەکسەریەتییەکانیش کۆمۆنیست بوونی خۆیان ئینکار نەکردووە. ئەگەر تەنانەت تەنیا بۆ بانگەشە بووبێت، پاشگری کۆمۆنیستیان بەخۆیانەوە لکاندووە. خۆ دەزانین گەلێکیان چۆن رەفتاریان کردووە و لێکەوتەی رەفتارەکانیان چی بوو. ئەی بۆ کەسیان نەیانتوانی لە خۆشەویستی و پێگەی کۆمەڵایەتیدا بگەنە ئاستی کاک فواد؟!
ئەو کاتە وا بووە، هەم لە بواری سیاسی و هەم پرستێژی شۆڕشگێڕانەی تێۆری مارکسیستی- لینینیستی-ەوە، زۆرکەس ویستوویانە خۆیان وا پێناسە بکەن! دەزانین کە زۆربەی ئەو کەسانە کە لە بەرانبەر دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیدا و بەرلەوەش دەوڵەتی شادا تیکۆشانیان کردووە، هەوڵیان داوە کەم تا زۆر لەو بەرەدا (چەپ و کۆمۆنیست) خۆیان پێناسە بکەن. تەنانەت حزبی دێمۆکراتیش ئەو کاتە خۆی بە حزبێکی چەپی و سۆسیالیست پێناسە دەکات.
مەبەستم ئەوەیە تەنیا دەستەواژەی کۆمۆنیست نییە کە کاک فواد پێ دەناسرێتەوە، بەڵکوو بەڕاستی کاک فواد پڕ بووە لە تایبەتمەندی جەوهەری، لێهاتوویی و هەروەها هەڵگری کاراکتەرێکی شۆڕشگێڕانەی هەبووە. کە واتە هەر چۆن هەڵەیە ئینکاری ناسنامەی سیاسی و کۆمۆنیست بوونی کاک فواد بکەین، ئەوەش هەڵەیە ئەگەر پێمان وابێت تەنیا بە وتنی ئەوە کە فواد کۆمۆنیست بووە، توانیومانە پێناسەیەکی راستەقینەی کەسایەتی کاک فوادمان کردووە و بایەخمان پێداوە. لە ڕاستیدا ئەوە هەڵسووکەوتە دروستەکانی کاک فوادن کە دەبێ باس بکرێن. بەتایبەت هەڵسووکەوتی دروستی لەگەڵ بابەتە سەرەکی و گشتییەکانی ئەو کاتەی کۆمەڵگای ئێمە.
رەنگە کاک فواد لە هەڵسووکەوتی رۆژانەدا دەیان هەڵەیشی کردبێ، بەڵام لەگەل کۆی گشتی دۆخەکەدا، هەڵسووکەوتێکی دروست و ستراتژیک دەکات. بۆ وێنە لەگەڵ پلۆرالیزمی سیاسی ئەو کاتەی کۆمەڵگای سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەڵسووکەوتی دروست دەکات. چونکە کاک فواد روانگەیەکی ستراتژیکی هەیە و بەراستی ستراتژیسیەنە. بێگومان ناکۆکی لەگەڵ لایەنەکانیتری رۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە و بێگومان گەلێک لایەنی ئەو دۆخە نەریتی، پیاوسالار، پیرسالارو مەزهەبیەی کۆمەلگای کوردستان، لە بەرانبەر ئاستی رۆشنبیری و شۆڕشگێڕی کاک فواد-دا ئاستەنگی دروست دەکات و ئازاری دەدات، بەڵام کاک فواد لەوە تێگەیشتووە کە بۆ تەیار کردن و دروست کردنی هێزێکی کارامە لە بەرانبەر ئەو دوژمنەدا، دەبێ تاکتیکی دروست هەڵبژێرێت و هەوڵ بدات یەکێتی بەبنەما بگرێت نە پەرم پەرم کردنی هێزی کۆمەڵگا.
کە واتە با هەموو کۆمۆنیستەکانی کورد کە ئێستاش خۆیان بە کۆمۆنیست دەزانن، وەک کاک فواد بن. مەگەر بانگەشەی ئەوە ناکەن و دەڵێن کاک فواد ناسنامەی کۆمۆنیستی هەبووە و خۆشیان پێ کۆمۆنیستە، دەی با ئەوانیش وەک کاک فواد بن. با هەڵسووکەوتێکی دروست لەگەڵ راستینەی کۆمەڵگای کوردستاندا بکەن، خۆیان لە چنگی دێوەزمەی خۆ بەکەمزانین لە بەرانبەر سۆسیال-شۆونیستی ئێرانیدا، رزگار بکەن. گرنگی بە نرخە کوردییەکان بدەن و لە هەمووی گرنگتر، مێژوو، چاند و زمانی کوردی. سەیر بکەن، کاک فواد چەن دەستنووسی لێ بەجێ ماوە، لەو کاتەش هەر بە کوردی نووسیویەتی. کاتێک گوێ دەگری لەو ئەدەبیاتە (لە قسە و باسەکانیدا لە مەهاباد)، کاک فواد قسەی پێ دەکات، کوردییەکی تا ئاستێک پاراوە. لە حاڵێکدا ئەو کاتە ئەدەبیاتی کوردی لە چاو ئێستا، پێش نەکەوتبوو، بەڵام کاک فواد هەوڵ دەدات و دەگەڕێ بۆ وشەی جوانی کوردی تا لە قسەکانیدا بە کاریان بهێنێت. واتە نایهەوێ بۆ ئەوەی خۆی بە رۆشنبیر نیشان بدات، دەستەواژەی غەیرە کوردی بەکار بهێنێ و خۆی بە گەورە نیشان بدات. ئەوەی بۆی گرنگە، ئەوەیە کە کوردانەتر قسە بکات. کاک فواد، گرنگی بە مێژووی کوردستان داوە و هەوڵی داوە لەو بوارەدا ئاستی زانیاری خۆی بباتە سەرەوە. جا چە کێشەیەک هەیە با لە کوردستانیش کۆمۆنیست هەبن، بەڵام گرنگی بدەن بە وێژە، چاند، هونەر و مێژووی کوردستان.
مەبەست لە گرنگیدان بە مێژووی کوردستان، ئەوە نییە کە دەبێ هەموو شتێکی رابردووی کوردستان قبوول بکەین، بەڵکوو پێویستە بە وردیش رەخنەی لێ بگرین و شەن و کەوی بکەین. هاوکات زمانی کوردی نەتەنیا لە بواری وێژەییدا گرنگی پێ بدەین، بەڵکوو هەوڵ بدەین ئەو تیۆریانە وەرگێرینە سەر زمانی کوردی و کاریان لە سەر بکەین. کە واتە با هەڵسووکەوتی راست و دروست رەچاو بکەین. جار نا جار لە هەڵسووکەوتەکان دەڕوانم بە هەردوو باردا هەڵسووکەوتی ناڕاست دەبیندرێ. هەندیک کەس هەن بێڕێزی دەکەن بە کۆمۆنیست و هەندێک کەسیش لای خۆیانەوە پێیان وایە رێگای سەلماندنی کۆمۆنیست بوونیان، ئەوەیە کە هێرش بکەنە سەر نرخە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای کوردستان!! گەلێک جار هەر دوو لاشیان دەڵێن ئێمە کاک فوادمان خۆش دەوێت. بەڕای من، ئەمانە هیچ کامیان لە رێباز و شێوازی خەبات و تێکۆشانی کاک فواد تێنەگەیشتوون، هەر بۆیە ناتوانن درێژەدەری راستەقینەی رێبازی ئەو بن.
ئەو کوردەی کە بە هۆی کورد بوونی کاک فواد-ەوە، ئەوی خۆش دەوێ، دەبێ بێڕیزی بە کۆمۆنیست بوونی کاک فواد نەکات، ئەو کەسەش کە خۆی بە کۆمۆنیست دەزانێ و هەموو باشییەکانی کاک فواد گرێ دەدات بە کۆمۆنیست بوونی ئەوەوە، با شێوازی کاک فواد لەگەڵ کۆمەڵگای ناکۆمۆنیستی ئەو کاتەی کوردستاندا رەچاو بکات. هەر لەو شریتەی مەهاباد-دا، کاک فواد باسی پێشمەرگە و لایەنگرانی حزبی دێمۆکرات دەکات و دەڵێت: ئەوانە ئینسانگەلێکی زەحمەتکێشن و دەبێ ئێمە بە رێزەوە لەگەڵیان هەڵسووکەوت بکەین. واتە ئێمە دەتوانین ئەم هەڵسووکەوتەی کاک فواد بەبنەما بگرین، کە هەم کۆمەڵایەتییە و هەم سیاسی و شۆڕشگێڕانەیە.
کاک فواد هاوکات لەگەڵ ئەوە کە پراکتیسیەن بووە، بە ڕاستی هەم ستراتژیسیەن و هەم تیۆریسیەنیش بووە، بەڵام ئەو پلۆمیکە تیۆریکە خۆ بە رۆشنبیرزانانە کە ئەو کاتە باو بوونە، بە پیویست نەزانیوە. دیسان هەر لەو نەوارەی مەهاباد-دا، شتگەلێک دەڵێت کە زۆر هاوشێوەن لەگەڵ قسەیەکی ڕێبەر ئاپۆ. رێبەر ئاپۆ دەلێت: ـ ئیمە هەرچەن مارکسیست ـ لنینیستیش بووین و بە باشیش دەمانخوێندەوە، بەڵام پێویستمان نەدەبینی بچینە ناو کۆمەلگای کوردی و هەر ئەوە دووپات بکەینەوە بۆیان. هەوڵمان دەدا جۆرێک قسە بکەین کە گەل لێمان تێبگات، بۆ ئەوە پەیوەندی ئێمە و گەل دروست ببێت و لە ئاکامی ئەو پەیوەندییەدا هەوڵ بدەین خەڵک پەروەردە بکەین.
ئەگەر گوێ لە تۆمارە دەنگییەکەی کاک فواد لە مەهاباد بگرێن و تەنیا تۆمارە دەنگیی کاک فواد لە بەردەستدایە، یان لانیکەم من لێی ئاگادارم، قسەی هاوشێوەی ئەو قسەی رێبەر ئاپۆی تێدایە. هاوکات ئەگەر ئەو لێدوانە کە لە کانیمیران داویەتی و بە نووسین لە بەردەستدایە، بخوێنینەوە و بڵێین رەنگە دەستی تێبردرابێت و گۆڕابێتیان، بەڵام ئەو نەوارە ئیدی دەنگی خۆیەتی و بۆ خەڵکی عادیش قسە ناکات کە بڵێین پەنا دەباتە بەر پۆپۆلیزم و دەیەوێ هەستی خەڵک بوروێژێنێت، بەڵکوو بۆ کادرەکان و بەرێوەبەرایەتی کۆمەڵە و ئەگەر بڵێین هەمووشیان کۆمەڵە نەبن، زۆربەیان کەسانێکی ڕۆشنبیرن قسە دەکات.
کاک فواد لە قسە و باسەکەی لە مەهاباد، ئەوپەڕی واقێعبینی و نەزاکەت لە قسە کردندا رەچاو دەکات و ئەوەی کە بەراستی باوەڕی پێی هەیە و بیری لێدەکاتەوە، دەیهێنێتە سەر زمان. واتە فکر و ذکر (بیرکردنەوە و ئاخاوتن) لەوپەڕی شۆڕشگێڕیدا یەکدەگرن و هاوشانی یەکترن. یەک-دوو پەیڤ بەکار دێنێ رەنگە بۆ ئێستا کە بابەتی تیکۆشانی جنسیەتی زۆر بەهێزترە لەو سەردەمە، گونجاو و جێگەی رخنە بن، بەڵام بەگشتی
سەداقەت و نەزاکەتی کاک فواد لە ئاخاڤتنی شۆڕشگێڕانەی ئەو کەم ناکاتەوە. لە راستیدا قسەکانی کاک فواد، تۆکمە بوون و دلسۆزیەکی یەکجار زۆریان تێدا بەرجەستەیە. لەو لاشەوە رادیکاڵیزمێکیشی تێدا هەیە و بە باوەڕی من ئێمە دەتوانین ئەوانە بە بنەما بگرین و لە خەباتی هەنووکەشماندا کەڵکیان لێ وەربگرین.
وەک گوتمان ئەو شێوە کار و تێڕوانینە هەر لەو زەمەنەدا و لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا سەر هەڵدەدەن. واتە هاوشێوەی ئەو نەزاکەت و تێڕوانینە بۆ هەڵسووکەوت لەگەڵ کۆمەڵگای کوردستان توانیویەتی وڵامدەر بێت کە بە داخەوە لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا بە گیانبەختکردنی کاک فواد و کاک ئارام، خەساری گەورەی پێگەیشت، بەڵام لە باکووری کوردستان، ئەو ریبەرایەتییە پارێزرا و توانرا گەشەیان پێ بدرێت.
کەس ناتوانێت حاشا لەم راستییە بکات کە دوای شەهید بوونی کاک فواد، ئەم شێوە هەڵسووکەوتە راست و دروستە، وردە وردە لە ناو کۆمەڵەدا بەرەو لاوازی رۆیشت. ئەو چینە جووتیار، کرێکار و زەحمەتکێشە، هاوکات بەشێک لە وردەبورژەوایی شاری کە بوون بە کادر و پێشمەرگەی کۆمەڵە، دوای لەت بوونەکانی ئەو رێکخراوە لە دەیەی ٩٠ی زایینی بەولاوە، دابەش بوون بەسەر ئەو باڵە جیاوازانە کە خۆیان بە کۆمەڵە دەناسێنن!
بەشێکی زۆری کەوتە لای ئینترناسیۆنالیزمی ساختەی (چەواشەکار) شۆسیال-شۆڤێنیزمی ئیرانی و بەشێکی کەوتە لای فێئۆدالیزمی بنەمالەیی! بەشێکیشی دەیویست هێڵی تێکۆشان و شۆڕشگێڕی بپارێزێ، بەڵام لەبەر ئەوە پێویستییەکانی بۆ فەرهەم نەکرد بوو، بەداخەوە نەیتوانی زۆر کاریگەر بێت. واتە بەشێکی لە تووڕەیی ئەو هێڵە بنەماڵەیی-دەرەبەگایەتیە کە ڕێبەرایەتی بەدەستەوە گرت، زیاتر بەرەو لای هێڵی سۆسیال-شۆڤێنیزمی ئێرانی رۆیشت و تووشی ئاسمیلاسیۆن و لە خۆبێگانەبوونێکی چاندی و نەتەوەیی هات و تەنانەت دژیشی وەستایەوە! بەشیکیش بە هۆی تووڕەیی بەرامبەر سۆسیال-شۆڤێنیزمی ئێرانی، بە بارەکەی دیکەدا کەوت و رۆیشت بەرەو لای ئەو هێڵە کە لە هێڵی کاک فواد لایداوە و لە ژێر ناوی ناسۆنالیزمی کوردی، زیاتر بوو بە کەرەستەی دەستی هێڵی بنەماڵەیی و دەرەبەگایەتی .
ئیمە ئەگەر بمانەوێت ئەم بابەتە بە باشی هەڵبسەنگێنین و دەست بخەینە سەر راستییەکان، مەجبورین هەم ڕاستینەی کۆمەڵگای کوردی هەڵبسەنگێنین و هەم دۆخی ئەو کەسانە کە لەناو کۆمەڵەدا ماوەنەتەوە و بوونیان هەیە. بێگومان گەلێک کەسیش خۆیان پاراست و نەبوون بە کەرەستەی دەستی ئەو دوو هێڵە نگریسانە کە لە سەرەوە ئاماژەم پێکردن. ئەوان یان بە شێوەی تاکەکەسی و گرووپی مانەوە یان لەناو کۆمەڵە-ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کمونیستی ئێراندا، مانەوە، بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ، ئەوانیش بەهۆی هەل و مەرجێک کە تێی کەوتن، نەیانتوانی بەهێزەوە و وەک هێزێکی کۆمەڵایەتی بمێننەوە و جەماوەری ببنەوە. دەزانین کە لەناو کۆمەڵە-رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێرانیشدا، لەت بوون و پەرتەوازیی جۆراوجۆر هاتە ئاراوە کە هەمووان ئاگادارن.
بمەوێ کۆنکرێت شتێک بڵێم، ئەوەیە کە کاک فواد لەگەڵ پرسە گشتییەکاندا هەڵسوکەوتی دروستی کردووە. هاوکات لەگەڵ ئەو بەربەستانەش کە باسم کردن و لە بەردەم رێگەی تێکۆشان ئەودا لەمپەریان دروست دەکرد، هەڵسووکەوتی پۆخت وخولقکارانەی هەبووە. هاوکات لە بەرانبەر دوژمنیشدا خاوەن هەڵوێستی بێ راڕایی و قورس و قایم بووە. واتە هەم لە بەرانبەر داگیرکەریی کۆماری ئیسلامی و هەم لە بەرانبەر ئەو چینەی کە کۆمەلگای دەچەوساندەوە.
بە زمانێکی دیکە، بە پێی بارودۆخی ئەو کاتە هەلویستی روون و ئاشکرای هەبووە و هاوکات بە شێوەی چقبەستوو (دوگم) هەڵسووکەوتی نەکردووە. تەنانەت لە نەوارەکەی مەهاباد-دا دەڵێت هەندێک دەرەبەگیش هەن کە لەگەڵمان لە پەیوەندیدان و تەنانەت لە شەڕی خانەگادا یارمەتیان داوین لە بەرانبەری ئەو دەرەبەگانەدا کە هەم چونەتە پاڵی دەوڵەت و هەم جوتیارانیان دەچەوساندەوە. ئەوەیە کە دەڵێین هەڵسووکەوتێکی دروستی کردووە و شتەکانی لەیەک جیا کردووەتەوە و خاوەن پێوان بووە.
هاوکات وەک لە باسەکەشدا ئاماژەی پێدرا، لە بەرامبەر خەتی خەیانەتدا هەڵوێستێکی زەڵاڵی هەبووە. لە قسەکانیدا بە روونی مەترسی قیادە موەقەت دێنێتە سەر زمان. لە راستیدا لەو کاتەدا لە کوردستان، بە تایبەت لە هەرێمی مەریوان و هەوراماندا، هێشتا کۆماری ئیسلامی نەیتوانی بوو بەو شێوە خۆی جێگیر بکات، ئەوە قیادە موەقەتە کە زیاتر ئاستەنگی دروست دەکرد. کاک فواد لەبەرانبەر ئەم هەڵسووکەوتانەی هێڵی خەیانەتدا هەڵوێستی هێژای هەیە و ئێمەیش ئەگەر رێبوار رێی رێبازی کاک فوادین، دەبێ لە بەرانبەر هێڵی خەیانەتدا هەلویستی روون و راشکاوانەمان هەبێ. بە داخەوە هەر لە ڕۆژی شەهید بوونی کاک فوادا، (لە ٣١ی ئاگۆستی ساڵی ١٩٧٩ی زاییی) هەر ئەو هێڵی قیادە موەقەتە، ١٧ ساڵ دواتر، خەیانەتێکی گەورە دەکات. واتە ٣١ی ئاگۆست (ئاب) کە کاک فواد شەهید دەبێ، رێک لەو رۆژەدا، واتە لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦، ئەو هێڵە کە کاک فواد مەترسییەکانی دەستنیشان کردبوو، خەیانەتێکی گەورەتری لە باشووری کوردستان و لە کورد دەکات. ئەویش هێنانەوەی سپای سەدام بوو بۆ ناو هەولێر. بێگومان بەر لەوەش و دوای ئەوەش کارنامەی پرە لە کردەوەی خەیانەتکارانە.
من دەڵێم لەو بابەتە گشتیانەدا کاک فواد بناسین، دەنا کاک فواد لە تەمەنی ٣١ ساڵیدا شەهید بووە و بۆ خۆشی لەو نەوارەدا لە ئەوپەڕی تەوازوع و دڵ فراوانیدا دەڵێ: بێ ئەزموونین، بەڵام ئێمە لە رەوتی پراکتیکدا ئەزموون وەردەگرین. هەروەها دەڵێت: هەندێک بابەت هەن کە هێشتا وەڵامی تەوامان بۆ نەدۆزیوەتەوە. جگە لەوە، دوای ئازادبوونیشی لە زیندان، ١١مانگ زیاتر نەژیا. با ئێمە ئەم دو ڕەقەمە بەرچاو بگرین و هەندیک بە ئینسافەوە بدوێین. ئەوەش لە حاڵێکدایە کاتێک لە زیندان ئازاد دەبێت، دەکەوێتە سەر هەل و مەرجێکی ئاڵۆزدا و دۆخێکی زۆر هەستیار لە ئارادایە. بێگومان ئەگەر کەم و کورتیگەلێکیش هەبوو بێت، نە لە دەرەنجامی نەبوونی توانایی و نا راستی و دروستی کاک فواد بووە، بەڵکو دەرەنجامی تەمەن و دۆخێک بووە کە کاک فواد تێیدا بووە. واتە دەرەنجامی دۆخێکی تازە کە هاتۆتە ئاراوە و پێویستە دەرفەت هەبێت و لە هەڵە و ئەزمووندا، شێوازی نوێ و کارامە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پرسەکان بدۆزرێتەوە.
بێگومان لە خەباتی ژناندا، کاک فواد گرنگی بە خەباتی ژن داوە و هەر ئەوە کە لە هەشتی مارسی ١٣٥٧ی هەتاویدا لێدوان دەنووسێ و هەوڵ دەدات ژنان رێکخراو و چالاک بن و هاوکات لە مەریواندا هەوڵ دەدات رێگە هەموار بکرێت بۆ خەباتی ژنان و ڕێکخراوی ژنان دروست دەبێ، نیشانەی پێشکەوتوویی کاک فواد و ئەو بازنەیە کە لە دەوری ئەودا کۆ بۆتەوە. وەک دەزانین ئەو بناغە کە کاک فواد داینا بوو، بوو بە هۆی ئەوە لە دوای کاک فوادیش کۆمەڵە رەوتێک بێت کە بەستەر فەراهەم بکات بۆ ئەوە ژنان بەشداری شۆڕش و خەباتی پێشمەرگانە بکەن. دواتر چۆن لەگەڵ ژناندا هەڵسووکەوت کرا، ئەوە مژارێکی دیکەیە و جێگای قسە و باسی ئێستای ئێمە نییە. زۆر کەس لە ناو خودی کۆمەلەدان چ ژن و چ پیاو، باشتر لە ئێمە شارەزای دۆخەکەن و دەتوانن لەسەری بدوێن.
سپاس بۆ هەموو ئەو هاوڕێ و هەڤاڵانە کە بە پرسیار و تێبینییەکانیان بوونە هۆی ئەوە کە باسەکە باشتر تاو و توێ بکەین و دەولەمەندیان کرد. لە هەرحاڵدا کاک فواد لە بەرامبەر هەندێک هەل و مەرج و بابەتدا تێکۆشانی کردووە. لە راستیدا گرنگ ئەوەیە کە ئێمە بتوانین ئەو تێکۆشانە درێژە پێ بدەین. بۆ وێنە، لەگەڵ پاسیڤیزم و لەگەڵ هێڵی لافازانیەتی (قسەی بێ کردار) تێکۆشانی کردووە. بۆ نموونە هەر لەو نەوارەی مەهاباد-دا شتێکی سرەنجراکێش دەڵێت. کاتێک گوێم لێ گرت، گوتم ئەگەر کاک فواد ئێستا زیندوو بایە چی دەوت. دەڵێت: خۆ ئێمە چەند کەس ڕۆشنبیر نین لە ئوروپادا دانیشتبین و نوسخە بپێچین (بە خەڵک بڵێین چی بکەن و چی نەکەن). لە راستیدا ئەوە بە شێوەیەک رووبەڕوو بوونەوەیە لە گەڵ پاسیفیزم، ئۆپۆرتۆنیزم و لافازانیەت.
هاوکات کە لەگەڵ راستینەی کۆمەڵگای کوردستان و فرە رەنگییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکەی هەڵسووکەوتێکی باش و گونجاوی کردووە، بەڵام لەولاشەوە لە بەرانبەر لایەنە دواکەوتووەکانی کۆمەڵگای کوردیشدا تیکۆشانی پتەوی کردووە. لە بەرانبەر ئەو لایەنانەی کە زۆر باسی کورد دەکەن، بەڵام بە ڕاستی بە دوای بەرژەوەندییە سنوردارەکانی خۆیانن، تیکۆشانی کردووە و ئەو تێکۆشانانە دەبێ بەردەوام ببن. تلۆرانس و هەڵسووکەوتی لەبار و نەرم و نیان لەگەڵ جیاوازییەکان بە واتای ڕاوەستانی تێکۆشانەکان نییە و بگرە ئەوەش شێوەیەکی تێکۆشانە. کاک فواد بە جۆرێک لە جۆرەکان لەو شێوازە کەڵکی وەرگرتووە، ئێمەیش دەتوانین کەڵکی لێوەربگرین و پەرەی پێ بدەین. دەتوانین بڵێین سێ خاڵی سەرەکی لە شێوازی خەباتی کاک فواد–دا هەن کە جێگەی تێڕامانن و ئێمەش دەتوانین لە کار و خەباتی خۆماندا بەکاریان بهێنین.
خاڵی یەکەم ئەوەیە کە لەسەرەتای خەباتدا، کاک فواد رووبەڕووی هەندێ کەس و گرووپ لە ناو رێکخسنەکەیدا دەبێتەوە کە زۆرتر قسە دەکەن و خاوەن کردار نین. واتە شێوازی رۆشنبیری بێ کردەوە بە بنەما دەگرن. کاک فواد هەوڵ دەدات ئەم شێوازە بشکێنی و لە جێگەی ئەو، پێداگری لە سەر رێبازێکی شۆڕشگێڕانە دەکات . لەو پێناوەدا کاک فواد و هاوڕێیانی لە رێگەی گوتار و کرداری خۆیانەوە هەوڵ دەدەن ئەو دەستە و تاقمە لە هەڵەکانیان تێبگەیەنن یان بە کردەوەی شۆڕشگێڕانە هەل و مەرجی ئۆتۆریتەیەکی دێمۆکراتیک دەخولقێنن و ئەو هێڵە پاسیڤ و خۆ بە رۆشنبیرزانە، ناچار دەبێت بێتەوە ناو بازنەی رێبەری و پێشەنگایەتی کاک فواد قبوڵ بکەن و رخنەدانی خۆیان دەدەن. کاک فوادیش پێیان دەڵێ ئێوە دەبێ بچن لە گوندەکاندا بگەڕێن و ڕخنەدانی خۆتان لە ناو گەلدا بدەن! واتە ئەمە لایەنێکی دیکە کەسایەتی کاک فوادە لە جیدی بوون لە تێکۆشانی ناوخۆیی ئیدئولۆژیک و رێکخستنیدا. کە واتە راستە نەزاکەت و نەرم و نیانی زۆری لە هەڵسووکەوتدا نواندووە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا لە بەرامبەر هەندێ چەمک کە مەترسی ئەوە هەیە ببنە لەمپەر لە بەردەم درێژەی خەباتێکی شێلگیردا، تێکۆشانێکی بێ وچان دەکات.
لە هەر حاڵدا، دەکرێ، زۆر شتی ئەو کاتەی کۆمەڵگای کوردستان، جیاواز بووبێ لەگەڵ ئێستا، دەکرێت کاک فواد زۆر شێوازیشی بەکارهێنابێ کە لەگەڵ راستی کۆمەلگای ئێستا نەخوێنێتەوە، بەڵام هەندێک پێوان وەکوو بنەما هەن کە کاک فواد و تیکۆشانی کاک فواد پێیانەوە پابەند بووە و ئەوانە بنەما و ئامانجی تیکۆشانی کاک فواد بوونە. بێگومان بەشێکی زۆر لەو پێوەر و ئامانجانە بنەمای تیکۆشانی ئەمڕۆی ئێمەشن و لە بناغەدا گرێدان، وەفاداری بە کاک فواد و رێبازی کاک فواد پابەند بوون و گرێدانە بەو بنەما سەرەکییانەوە. جیا لەو خاڵەی کە باسمان کرد دوو خاڵی تر وەک بنەمای شێوەی نزیکایەتی و هەڵوێستی کاک فواد هەن کە گرنگن.
وەک خاڵی دووهەم دەتوانین بێڵین بیگومان کاک فواد وێڕای تێکۆشانی ناوخۆیی بۆ تۆکمە کردنی خەبات لە بەرانبەر زوڵم و چەوسانەوە، تێکۆشەرێکی دوور لە هەرچەشنە دوودڵییەک بووە لە بەرانبەر داگیرکاری و چەوساندنەوە و لەو بوارەدا هەڵوێستیکی روون و راشکاوانەی هەبووە و کار و خەباتی کردووە بۆ ئەوە ئەو داگیرکاریی و چەوساندنەوە لە سەر گەلی کورد کۆتایی پێ بێت. خاڵی سێهەم، هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی کاک فواد بووە لە بەرانبەر هێڵی خەیانەت کە پێویستە ئێمە ئەگەر دەمانەوێت یاد و بیرەوەری کاک فواد زیندوو رابگرین، بە وردی ئەو خاڵانە لە کار و خەباتی خۆماندا رەچاو بکەین.
لە هەمان کاتدا لە دەرەنجامی ئەو هەڵوێستانەدا، کاک فواد بۆ گەیشتن بە ئامانجگەلێک تێکۆشانی کردووە، ئێمە وای دەبینین کە گەیشتن بەو ئامانجانە، ئامانجی تێکۆشانی ئێمە بێت. یەکەم، چارەسەر کردنی کێشەی کورد لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی زەحمەتکێش نەک لە بەرژەوەندی ئێلیتێک، ئۆلیگارشییەک یان چینێکی تایبەتی سەردەستی کۆمەڵگا بێت. بێگومان ئێمە وەک پژاک هەتا دوایی بەوە پابەندین و بۆ ئەوە تیکۆشان دەکەین. دووهەم، تێکۆشان لە پێناو کۆمەلگایەکی بێ چەوسانەوە کە لە ئامانجەکانی کاک فواد بووە و ئێمە لێبڕاوانە تێکۆشانی بۆ دەکەین. هاوکات کۆمەڵگایەک کە یەکسانی ژن و ئازادی ژن دابین بکات کە ئەویش ئامانجی کاک فواد بووە و هەروەها بۆ ئێمەش ئەرک و ئامانجێکی بنگەهی و کردارییە.
ئەمانە سێ بناغەی سەرەکین کە ئیمە پێیانەوە پابەندین و هەر لایەنێکی کوردی چ ئەوانە کە بانگەشە دەکەن درێژەدەری رێگای کاک فوادن، چە ئەوانە کە بە هەر هۆکارێک جۆرێکی دیکە پێناسەی دەکەن، بەڵام بەو بنەمایانەوە وەفادارن لە ڕۆژهەلاتی کوردستان، هاوپەیمانی ئێمەن.
لە هەمانکاتیشدا دەمەوێ ئەوە بڵێم ئەگەر لە سەرەتای سەدەی بیستدا تیکۆشانی نەتەوەیی کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەندێتی ئورومیە و سەڵماس گەشەی کرد و پەرەی سەند و لە کاتی کۆماری کوردستاندا بە ناوەندێتی مەهاباد و موکریان ئەم تیکۆشانە نەتەوەییە لە چاو تیکۆشانی پێش خۆی دێمۆکراتیک تر و جەماوەری تر بوو. لە هەمانکاتیشدا ئەگەر لە سەردەمی کاک فواد-دا بە ناوەندێتی سنە و مەریوان و ئەو هەرێمانە، تیکۆشانی گەلی کورد رەهەندێکی سۆسیالیستی شۆڕشگێڕی بە خۆیەوە گرت، ئێمە وەک پەژاک ئیدەعای دەکەین کە بە پابەند بوونی تەواومان بە ئەو پیوانانە و ئەو قۆناغانە کە گەلی کورد تیکۆشانی کردووە، هێز و چەمکی نوێمان بە تیکۆشانی کورد زیاد کردووە کە بەردەوامی تێکۆشانی مێژوویی کوردە و بەر لە هەرشتێک بەردەوامی تێکۆشانی قۆناغی کار و خەباتی کاک فوادە.
چەمگەلێک کە بە پێشەنگایەتی پژاک بوون بە بەشێک لە ناسنامەی تێکۆشانی ملی ـ دێمۆکراتیک و ئازادیخوازانەی گەلی کورد، بریتن لە ژینگە پارێزیی، ئێکۆلۆژی کۆمەڵایەتی، ژنۆلۆژی و شیوازێکی زەڵاڵتر و تۆکمەتری تیکۆشان بۆ کۆمەڵگایەکی ئازاد و دێمۆکراتیک بە بێ هەر چەشنە هەڵاواردنێک. جگە لەوانە، گەلێک هەرێمی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆکارگەلی جۆراوجۆر لە دەرەوەی تێکۆشانی ملی ـ دێمۆکراتیکی کورد-دا مابوونەوە، بە هۆی خەبات و تێکۆشانی پژاک، بوون بە بەشێک لەو تێکۆشانە و ئەوڕۆ بە چڕی لە گۆڕەپانی تێکۆشاندان. بێگومان ئێمە لێرەدا زیاتر تیشکمان خستۆتە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان و باسی ئەوێ دەکەین. ئێمە ئەم تێکۆشانە درێژە پێ دەدەین و بە چەشنێک درێژەدەری ئەو هێڵ و ڕیبازەین کە کاک فوادیش پێوەی پابەند بووە.
بابەتێکی تر کە گرنگە و بە پێویستی دەزانم ئاماژەی پێ بکەم، ئەوەیە کە کاک فواد لەگەڵ ئەوە کە بەوپەڕی پێداگرییەوە پابەند بووە بە چارەسەرکردنی پرسی کورد، بەڵام وەک کەسێکی ناسیۆنالیست کە بەرژەوەندی چینەکان لە یەکتر جیا نەکاتەوە، نەجووڵاوەتەوە و کەسێک بووە کە بەڕاستی لەگەڵ ئەوە کە پێداگریەکی تۆکمەی لە سەر چارەسەری پرسی کورد کردووە، لە هەمان کاتیشدا خاوەن پێوان و پێوەری شۆڕشگێڕی خۆی بووە. بێگومان ئێمە زۆرێک لەو پێوان و پێوەرانە بە بنەما دەگرین.
کاک فواد تەنیا لە چوارچێوەی کوردستان و ڕۆژهەلاتی کوردستاندا سەیری دنیای نەکردووە (ئەگەرچی قورس و قایم لەو سەنگەرەدا راوەستاوە)، بەڵام ئاسۆیەکی ئینسانی و سۆسیالیستیشی هەبووە و بەرەو شوینەکانی تری جیهان و بە تایبەت گەلانی ژێر ستەمی دەوڵەتی ئێرانی روانیویەتی و ئازادی سەرجەم مرۆڤایەتی خواستووە. ئێمە بەو تێڕوانینەشەوە پابەندین و لێبڕاوانە کاری بۆ دەکەین. لەو چوارچێوەدا دەتوانم بڵێم، ئێمە بە درێژەدەری ئەو رێبازە و ئەو رێگەین، بێگومان بە کاراکتەری دونیای ئەمڕۆوە، بەڵام بە بنەما گرتنی میراتی مێژوویی گەلی کورد. بە ئەزموون وەرگرتن لەو مێژوو و ئەزموونە کە گەلی کورد لە تیکۆشانی خۆیدا پێدا تێپەڕیوە. دەتوانم بە کورتی بڵیم جار نا جار هەموو ئێشەکانی کۆمەلگایەک و هەموو ئەو زوڵمە کە لە کۆمەڵگایەک دەکرێت، لە سیمای کەسێکدا خۆی بەرجەستە دەکات و هەر ئەو کەسەش دەبێتە میکانیزمی تەیار کردنی هێزیکی تۆکمە و بەرفراوانی ئەو کۆمەڵگا لە بەرانبەر ئەو زوڵمەدا. دەتوانم بڵیم کە کاک فواد لە قۆناخێک لەو چەشنەدا ژیاوە و ئەو ڕۆڵەی گێڕاوە.
واتە هەم هەموو ئەو زوڵم و ستەمە کە لە کۆمەڵگای کوردی و مرۆڤایەتی چووە لە خۆیدا هەستی پێ کردووە و هەم بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو ستەمە، ئاسۆی بیرکردنەوەی خۆی تەنگ نەکردووە. بەو واتا لەگەڵ ئەوە کە خاوەن پێوان و پێوەری شۆڕشگێڕی خۆی بووە، بەڵام هەوڵی داوە هەر کەس بەشداری ئەو تیکۆشانە بکات و ئەم بابەتە لە قسە و باسەکەی لە مەهاباد بە روونی دیارە.
بۆ وێنە لە شوێنیکدا کە مرۆڤێکی باوەڕمەندی ئایینی ویستوویەتی هێزی خۆی تێکەڵی ئەو شۆڕشە بکات، پێشی پێ نەگرتووە. لە شوینێکدا جووتیارێک یا تەنانەت کەسێکی سەر بە بنەماڵەی دەرەبەگ ویستبێتی هێزی خۆی تێکەڵی ئەو تێکۆشانە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییە بکات، پێشی پێ نەگرتووە. ئەمانە بابەتگەلێکن کە بە راستی ئێمە لە تیکۆشانی خۆماندا رەچاوی دەکەین و لە کۆتاییدا دەتوانم بڵیم ئێمە وەک پژاک هەتا دوایی پابەند دەبین بەو ئامانجانەوە کە شەهیدانێک وەک کاک فواد بۆی تێکۆشاون و گیانی خۆیانیان لەو پێناوەدا بەخت کردوە. لە کۆتاییدا سپاسی دووبارە بۆ هەموو بەشداربووانی ناو ژوورەکە.
کۆتایی