کەجەکە: قسەکانی بارزانی بەکەڵکی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد نایەن

کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، ڕەخنەی توند لە نێچرڤان بارزانی دەگرێت و دەڵێت، کە ئەو قسانەی لەبارەی شەنگال و ڕۆژئاواوە کردبووی “ناعادیلانە و بێ ویژدانانەیە و بەکەڵکی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد نایەت”، هەروەها کەجەکە باس لەوەش دەکات، کە بۆ چارەسەری کێشەکانی شەنگال و ڕۆژئاوا لە دیدارەکانیان لەگەڵ پارتی بەردەوام دەبن.

ئەمڕۆ، کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کۆماجڤاکێن کوردستان (کەجەکە) سەبارەت بە قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەبارەی ڕۆژئاوا و شەنگال-ەوە کردبووی، ڕایگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

” قسەکانی نێچیرڤان بارزانی دوورن لە ڕاستی”

لە ڕاگەیەندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە:” قسەکانی نێچیرڤان بارزانی ناعادیلانە و بێ ویژدانانەن و دوورن لە ڕاستی، قسەکانی بارزانی لەبارەی شەنگال و ڕۆژئاواوە قبوڵ ناکرێن، لە قۆناغێکدا پێویستیمان بە پێکهێنانی یەکێتی نەتەوەیی هەیە، قسەی لەو شێوەیەی بەکەڵکی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد نایەت”.

” گەریلا شەنگالی لە پارتی نەسەندۆتەوە”

کەجەکە لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی داوە:” گەریلاکان لە شەنگال دژی داعش بەرخۆدانیان کرد و خەڵکی ئێزدیان لە لەناوچون ڕزگارکرد، گەریلاکان شەنگالیان لە پارتی نەسەندووەتەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە ڕێگایان نەدا بکەوێتە دەستی داعشەوە، پاشان ڕێگایان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە بچنە ناو شەنگالەوە، گەریلاکان لە شەنگال یارمەتی ئێزدیەکانیان دا بۆ ئەوەی خۆبەڕێوەبەری و ناوەندەکانی بەرگری لە خۆیان دامەزرێنن، ئەوەی دەوترێت لە شەنگال هێزی خۆبەڕێوەبەری و بەرگی هەبوونیان نیەو و هەموو شت دەبەستنەوە بە پەکەکەوە، دوورە لە ڕاستی”.

“پارتی شەنگالی گەمارۆداوە و ئابڵوقەی بەسەردا سەپاندووە”

کۆمیتەی پەیوەندیەکانی دەروەی کەجەکە ڕاشیگەیاند: پارتی شەنگالی گەمارۆداوە و ئابڵوقەی بەسەردا سەپاندووە، ڕێگا نادات هیچ یارمەتیەک بە خەڵکی شەنگال بگات، ڕێگا نادات ئەو شاندانەی دەیانەوێت سەردانی شەنگال بکەن بچنە ناو شەنگالەوە، سنوری سێمێلکایان گرتووە و ڕێگانادەن یارمەتییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستانیشەوە بگات بە دەستی خەڵکی شەنگال، ئەوەی پێویستە ئەنجام بدرێت، لابردنی گەمارۆ و ئابڵوقەی پارتیە بۆسەر شەنگال و خەڵکی ئێزدی، یەبەشە و ڕێکخراوکانی دیکەی شەنگال ئاستەنگ لەبەردەم گەیاندنی یارمەتیەکان بە خەڵکی ئێزدی دروست ناکەن، ئەوەی بارزانی باسی کردووە، دوورە لە ڕاستی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم پێویستە بە جێگای ئەو قسانە داوای لە هەمووان بکردایە یارمەتی بنێرن بۆ خەڵکی شەنگال، لەبارەی خەڵکی شەنگالەوە پێویستە نێچیرڤان بارزانی ئەرکەکانی بەجێبێنێت، لەگەڵ ڕێکخراوەکانی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و یەبەشە، پێشمەرگەکانی پارتی و بەرپرسانی پارتیش لە شەنگالدا هەن.

“پارتی هەوڵدەدات خەڵکی شەنگال لە ڕێگای دەوڵەتی تورکەوە بترسێنێت”

لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە پارتی بەم کارانەی خەریکە ڕێگا بۆڕوودانی ئاڵۆزی لەناو شەنگال خۆشدەکات، لەلایەکی دیکەوە پارتی هەوڵدەدات خەڵکی شەنگال لە ڕێگای دەوڵەتی تورکەوە بترسێنێت، لەبەر ئەوەشە دەیەوێت فشار بخاتە سەر یەبەشە و پاشان ڕادەستی تورکیایان بکات، کۆمەڵگای ئێزدی نایەوێت بگەڕێتەوە قۆناغی پێش ٣ی ئابی ٢٠١٤، فەرمان بەهۆی نەبوونی ڕێکخراوی خۆبەڕێوەبەری و بەرگری لە خۆیان بەسەریان هات، پارتی دەیەوێت خەڵکی ئێزدی بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو سەردەمە.

“گەریلا ڕێگای نەدا داعش شەنگال داگیربکات”

کەجەکە ڕاشیگەیاندووە:” کەس ناتوانێت لەبارەی شەنگالەوە پەکەکە تاوانبار بکات، گەریلا ڕێگای نەدا داعش شەنگال داگیربکات، کۆمەڵگای ئێزدی لە کاتێکدا لە سەختترین دۆخدابوون ١٥ هەزار کەس، کە شەڕڤانانی یەبەشە و گەریلاش لەناویاندابوون و بە یارمەتی شۆڕشی رۆژئاوا لە چیای شەنگال مانەوە و ئیرادەی مێژوویی خۆیان پیشاندا، ئابڵوقە و گەمارۆی سەر شەنگال و هەڕەشەی ئەوەی کە تورکیا هێرش دەکات نە لە بواری سیاسی و نە لە بواری ئەخلاقییەوە لە پارتی قبوڵ ناکرێت”.

“ئەرکی بارزانییە کێشەکانی شەنگال لەڕێگای خۆبەڕێوبەری شەنگالەوە چارەسەربکات”

کەجەکە بەم شێوەیە درێژەی بە ڕاگەیەندراوەکەی داوە:” ئەرکی نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، کێشەکانی ناو شەنگال نەک لەڕێگای هەڕەشە و چەواشەکاری بەڵکو لە ڕێگای ڕێکخراوەکانی خۆبەرێوەبەری خەڵکی شەنگالەوە چارەسەربکات، ئەرکی سەر شانی پارتی و پەکەکە و هەموو هێزە سیاسیەکانی کورد ئەوەیە، کە خۆبەڕێوەبەری و بەرگری لەخۆ لە شەنگال بەهێزبکەن بە هەوڵدانی پارتی، پەکەکە و یەکێتی ئەنجومەنەکانی خۆبەڕێوەبەری و بەرگری لە خۆ لە شەنگال دامەزرێن”.

“پاراستنی شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەرکی هەموو پارچەکانی کوردستانە”

کەجەکە، باسی لەو بەشەی قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستانیشەوە کردووە و ڕایگەیاندووە:” شۆڕشی ڕۆژئاوا لەلایەن گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە ئەنجامدراوە، شۆڕش لەسەر بنەمای بیر و هزری ڕێبەر ئاپۆوە پێکهاتووە، ئەگەر شۆڕشی ڕۆژئاوا وکو شۆڕشێکی بەتەواوی پەکەکەیی ناوزەدبکرێت، ناحەقیەکی گەورە کراوە لە ئاست گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕاستە هەندێک لە ڕێکخستنەکانی ناو ڕۆژئاوا لەلایەن پەکەکەوە بەڕێوەچووە، بەڵام ئەمە ڕاستیەکان ناگۆڕێت، لەناو تەڤگەری ئازادی کورددا ناوی هەزاران گەنجی ڕۆژئاوایی هەیە، هاوکات گەنجانی ڕۆژهەڵاتی و باشوریش هەن، بێگومان پاراستنی شۆڕشی ڕۆژئاوا وەکو پارچەیەکی بچوکی کوردستان نەک تەنیا ئەرکی ئێەمە بەڵکو ئەرکی هەموو هێزە سیاسیەکانی چوار پارچەی کوردستانە”.

“ئەوەی بارزانی وتی ڕۆژانە لە زاری دەسەڵاتدانی ئاکەپەوە دەوترێن”

کەجەکە ڕاشیگەیاندووە، کە دەوڵەتی تورک دژی شۆڕشی ڕۆژئاوا پڕوپاگەندە دەکات، ئەو شتانەی بارزانی سەبارەت بە شۆڕشی ڕۆژئاوا وتی، ڕۆژانە لە زاری ڕێبەرانی دەسەڵاتداری ئاکەپەوە دەوترێن، شۆڕشی ڕۆژئاوا بۆ شۆڕشی ئازادی و دیموکراسی گەلانی جیهان وەکو نمونەیەک لەبەرچاودەگیرێت و قسەکانی بارزانی و دەوڵەتی ئاکەپە تەنیا هەندێک پڕوپاگەندەن دژی ئەو شۆڕشە، پەکەکە ڕێکخراوەیەکی ڕەوایە کە بۆ ئازادی گەلی کورد تێدەکۆشێت.

“بەردەوام دەبین لە دیدارەکانمان لەگەڵ پارتی”

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوی کەجەکەدا هاتووە: ئێمە هەمیشە یارمەتی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەدەین، هەروەها بەردەوامیش ڕامانگەیاندووە، کە لایەنگری هەموو ئەو هێزانەین کە یارمەتی شۆڕشی ڕۆژئاوادەدەن، ئێستاکەش پێویستە هەموو کێشەکانی ڕۆژئاوا لەڕێگای دیموکراسیەوە چارەسەربکرێن، لە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ پارتیشدا، بەردەوام پێمان ڕاگەیاندوون، کە پێویستە لەنێوان ڕێکخراوەکانی ڕۆژئاوادا یەکێتییەک پێکبێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕۆژئاوا و لە شەنگال ئێمە بەردەوام دەبین لە دیدار و دانیشتنەکانمان لەگەڵ پارتی، بەڵام کاتێک قسەی لەو شێوەیە دەوترێن و تەڤگەری ئێمە تاوانبار نیشاندەدەن، ئەو پەیوەندیە نەبوو کە ئێمە چاوەڕێمان دەکرد.

کەجەکە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ڕایگەیاندووە:” هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاگەیەندراوە ئەمەیە، کە قسەکانی نیچیرڤان بارزانی لەبەرامبەر نوێنەرانی وڵاتانی بیانی بەشداری پانێلەکە هاتوونەتە زمان”.

ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ش.ف

Related posts