هۆکارەکانی سەقامگیری سیاسی و پشودرێژی ستراتژیکی ـ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ـ پژاک، لە چواردە خاڵدا

هۆکارەکانی سەقامگیری سیاسی و پشودرێژی ستراتژیکی ـ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ـ پژاک، لە چواردە خاڵدا:

ئەهوەن چیاکۆ

هۆکاری یەکەم؛ باوەڕ و ئامانجی ڕزگاریخوازانەی ئێمە لە چوارچێوەی ڕزگاری نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی، ئەمە تەنها دروشم نییە و راستینەی تێکۆشانی ئێمەیە. واتە: باوەڕی و ئامانجی ئێمە گەیشتن بە دەسەڵاتی فەردی، گرووپی و حزبی نییە و بەو پێیەش ئەندامانی پژاک ئامانجیان دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی تاکەکەسی و بنەمالەیی خۆیان و دابینکردنی بەرژەوەندی تەسک نییە. ئامانج و وڵات، نەتەوە و کۆمەڵگەیەک بەناوی کورد و کوردستان هەیە کە لەژێر داگیرکاری، سەرکوت و چەوسانەوە دایە، گەییشتن بە رزگاری و ئازادی و یەکسانی ئەم کۆمەڵگەیە هەدەفمانە.

كێشەی ژینگە و زێهنیەتی پیاوسالاری و کێشەی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی لەم کۆمەڵگەیەدا هەیە کە پژاک تێکۆشان لە ڕاستای چارەسەری ئەم کێشانە بەڕێوە دەبات. کاتێک ئامانجەکان وەک ئەو ئامانجانەی پژاک خاوێن و پاراو بێت، پێویستە ئامرازەکان و رێگەی گەیشتن بەم ئامانجانەش خاوێن بن. هەر بۆیە پژاک ناکەوێتە ژێر هێژمۆنی ئەو دیسکۆرس و پلانانەی کە هێڵی ناوەندگەرای ئێرانی بە گوتاری یەکپارچەیی و ئێرانشاری کاری بۆ دەکات. 

هۆکاری دوهەم؛ پشت ئەستورین بە هێزی جەوهەری کۆمەڵگەی خۆمان وەک سەرچاوەی مادی و مەعنەوی تێکۆشان‌مان. واتە: بەجێگای گەڕان بەدوای سەرچاوە گەلێكی تر لەدەرەوە، ئێمە سەرچاوەی مادی ومەعنەویمان کۆمەڵگەی خۆمانە و غەیری ئەوە هەرشتێکیتر رۆڵی لاوەکی دەبێت لە بەرانبەر ئەو سەرچاوە روون و خاوێنەدا. راستە هەموو لایەنەکان وادەڵێن، بەڵام ئەگەر بۆ زۆر لایەن ئەمە دروشمێک زیاتر نییە، کردەوەی ئێمە دەیسەلمێنی کە ئەم بابەتە بۆ ئێمە دروشم نییە و پێوەر و کردارە. 

لە راستیدا ئەمە جەوهەری تێکۆشانی ئێمەیە. کاتێک مرۆڤ کۆمەڵگەی خۆی کردە سەرچاوەی هێزی مادی و مەعنەوی ئەوە دەبێتە بنەمایەک کە لەسەر راستینەی شۆڕش ڕاتدەگرێ و دەتهێڵێتەوە. هاوکات ناهێڵێت کە توشی دودڵی و راڕایی ببیت و هەوڵبدەیت بچی لەشوێن و سەرچاوەی ناڕوندا بەدوای هێز و چارەسەری بگەڕیت. بەواتایەکی تر بەدوای هەندێ لایەندا ناچیت تا ببیت بە پاشکۆیان و بیانکەیە پێشەنگی خۆت، لە کاتێکدا ئەوان خۆیان بۆ کـــورد و کـــوردستان سەرچاوەی کێشەن، بەڵکو خۆت پێشەنگی تێکۆشانی ئازادی بە دەستەوە دەگری.

هۆکاری سێهەم؛ هێزی پارادایم و گوتار و دیسکۆرسی بەهێزی ئێمە فەلسەفەیەکە کە رێبەر ئاپۆ بنەما دانەریەتی و ئەمڕۆ لەناو دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دا خۆی ریزبەبند و بەرجەستە دەکات. بێگوومان پارادیم و گوتاری ئێمە بە شێوەیەکی ستراتژیک سیاسەتی دونیا شرۆڤە دەکات و گەلێک بیرۆکە، چەمک و دەستەواژە هەن کە ئیفادەی ئەم پاردایم و گوزارە دەکەن کە هەریەکەیان کڵێڵێکە بۆ چارەسەری. بە کورتی دەتوانین بڵێین: هەموی ئەمانەش لە فەلسەفە و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دا کۆدەبنەوە و دەبنە ئەو هێزە کە لە ماوەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا بە چاوی خۆمان بینیمان.

هۆکاری چوارەم؛ میرات و پاشخانی تێکۆشانی لە مێژینەی گەلەکەمان. بێگومان نەتەنیا پاشخان و میراتی تێكۆشانی پەژاک و تەڤگەری ئازادی لە هەموو کوردستان، بەڵکوو میراتی تێکۆشانی گەلی کورد بە گشتی. بەتایبەت فیداکاری شەهیدە سەربەرزەکانمان کە پاڵنەری تێکۆشانی بەردەوامی ئێمەن. لەڕاستیدا دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هەر خۆبەخۆ نەبۆتە دروشمی گشتگیر لە رۆژهەڵات و ئێران، بەڵکو لە سەر بناخەیەکی هزریەوە ئەم دروشمە ئاوا گشتگیر بویەوە. ئێمە دەزانین گەلێک لایەن لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدوای مانگێكیش هێشتا ئەم دروشمەیان نەدەدا و سەرچاوەی ئەم دروشمەیان شلوێ دەکرد و خۆیان دەپاراست لە گوتنەوەی و تەنانەت کۆمەڵیک کەوتنە ئینکاری سەرچاوەکەشی. بێگومان ئەوانەی یەکەم جار ئەم دروشمەیان لە رۆژهەڵات و دوای قەتڵی ژینا ئەمینی بەرز کردەوە، حاشاهەڵنەگرە کە کەسانێک هەن کە بەجۆرێك لەجۆرەکان لەم تەڤگەرە کاریگەریان وەرگرتووە و بگرە لەم تەڤگەرەدا قۆناخێکی‌شیان تێپەڕاندبێت و تێکۆشان دەکەن.

هۆکاری پێنجەم؛ بەردەوامی کرداری ڕۆژانە و بەردەواممان. ئێمە لەگەڵ هەموو کەمووکوڕییەکانمان حەرەکەتێكی پاسیڤ نین. حەرەکەتێكی ئاکتیڤین. بەهەزاران مرۆڤ لەشوێنی جودا جودادا خەریکن تێكۆشان دەکەن و گەلێكیشیان نابینرێن. وەک دەڵێن: سەربازی بێ‌ناو و نیشانن. بۆ وێنە ئێمە هەڤاڵ مووسا قەناسمان هەبوو کە دە، پانزدە ساڵ تێكۆشانی کردبوو؛ بەڵام لە شوێنێکدا خەبەری لەسەر بڵاو نەببۆوە و خەڵك نەیاندەناسی، بەڵام دواتر لە پڕێکا هەموومان ئاگاداری ئاستی قارەمانێکی بێوێنە بووینەوە. بە هەزاران مرۆڤی ئاوا لە ناو ریزەکانی تێکۆشانماندا هەن. سەیری ئەوە نەکرێت تەنیا دە، پانزدە هەڤاڵ بەهۆی پێویستی دێنە سەر شاشەی تەلەڤزیۆن. بەهەزاران هەڤاڵی بەنرخ و هەڤاڵی هێژا لەشوێنی جودا جودا خەریکی تێكۆشانن و کەد و ئەمەک دەدەن. ئێمە لەناو شار و گوندی ڕۆژهەڵاتی کوردستانین. هێزی پاراستنمان لەشاخەکانی نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستانە. لەهەمان کاتیشدا لە چیاکان و شوێنە ئازادکراوەکاندا خۆمان بەجێ کردووە. ئێمە گیرۆدەی هەندێ ڕەوش و بارودۆخ نەبووینە کە هەرکەس پێی خۆشبێ بیەوێ موعامەڵەمان لەسەر بکات و بمانکات بە کەرەسەی سات و سەودای خۆی. ئەمەش بەرهەمی ڕەنج و تێکۆشانمانە، بێگومان بێ ڕەنج و فیداکاری رۆژانە ئەم رەوشە مومکێن نییە بخولقێت.

هۆکاری ششەم؛ دەرکی دروست لە رەوشی سیاسی دونیا. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان باش دەناسین. دەزانین ئەو رووداوانەی کە روو دەدەن لە کوێوە سەرچاوە دەگرن. لە بەر ئەوەش لە ناو رووداوەکاندا ناخنکێین و ناکەوینە ناو ترس، دڵەڕاوکێ و دۆخی لەرزۆک.

هۆکاری حەفتەم؛ لەپاڵ ناسینی خۆماندا دووژمن باش دەناسین. واتە: کۆماری ئیسلامی باش دەناسین. هاوکات هەموو هێزە ناوەندگەرا ئێرانییەکان بەگشتی باش دەناسین. لەو بوارەدا لێكۆڵینەوەمان کردووە. ئەتوانم بڵێم کە لە ساڵەکانی ٢٠٠٨، ٢٠٠٩ و ٢٠١٠ دا بە دەیان هەڤاڵ لە چەند کۆموسیونی جیاوازدا بۆ ماوەی دوو، سێ ساڵ لەسەر مێژووی دەسەڵاتی ئێران واتە سیستەمی خوسرەوانی ئێرانی کە کۆماری ئیسلامی بەشێوازێک بەردەوامی ئەو سیستمەیە لێكۆڵینەوەمان كردوە. هاوکات بە قووڵی فورم و ناوەڕۆک و کلتووری دەوڵەت ـ نەتەوە دەناسین.

ئێمە دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێرانی تەنیا بە کۆماری‌ئیسلامییەوە پێناسە ناکەین. لە راستیدا دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێرانی بەشێکی لە فورمی کۆماری ‌ئیسلامیدا، ئێستا لەسەر دەسەڵاتە و بەشێکیتری لەسەر ناوی ئوپوزسیونی ناوەندگرا لە هەوڵی ئەوەدایە ببێتە ئاڵترناتیڤی کۆماری ئیسلامی و خۆی ببێت بە دەسەڵات و هەمان کولتووری کۆماری ئیسلامی دووپات بکاتەوە و بە سەرکوتکردنی کوردستان و گەلانی تری ئێران پایەکانی دەستەڵاتی خۆیان سەقامگیر بکەن.

هۆکاری هەشتەم؛ نابینە پاشكۆی لیبراڵ شۆڤنیزم و سوسیال شۆڤنیزمی ئێرانی. لەبەر ئەوەی خۆمان خاوەن دوکترین و پاڕادایم و پلان و پڕۆگرامی تۆکمەی تێکۆشانین، هیچکات نابینە پاشکۆی فاشیسم و هیچ لایەنێکی ناوەندگرای ئێرانی. پلان و پرۆگرامی خۆمان ئەگەر کەم و کەسریشی هەبێت بە پشت بەستن بە هێزی خۆباوەڕیمان بەردەوام هەوڵدەدەین پێشی بخەین و توکمەی بکەین. بەڵام ئێمە نەتەنیا ناکەوینە ناو بازنەی ناوەند ـ پەراوێزی ناوندگرایی ئێرانی؛ واتە: ئەوان ناوند ببینین و خۆمان پەراوێز، بگرە بۆ چارەسەرکردنی کێشە سەراسەرییەکانی ئێرانیش خاوەن پلان و پرۆژەین. لە راستیدا پارادایمی ئێمە لە گەڵ هێزی چارەسەری بۆ کوردستان خاوەن ناوەڕۆکێکی گەردوونیشە (جهان شمول).

هۆکاری نوهەم؛ پەیوەست بوونمان بە تەڤگەرێكی گەورەی کوردستانی و جیهانیەوەیە. واتە: ئێمە بەشێک لە تەڤگەرێکی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی کوردستانین کە هەم هێزی پێ دەبەخشین و هەم هێزی لێ وەردەگرین. هاوکات لە سەر رووداوەکان زانیاری پێ دەدەین و زانیاری لێ وەردەگرین. هەروەها پەیوەستین بە تەڤگەرێکی شۆڕشگێڕی جیهانییەوە. بەڕاستی ئیدی وەک بەرێ نییە کە تەنیا شاخەکان دۆستمان بن. لە ئاکامی پارادیمی دیموکراتیکی رێبەر ئاپۆ ئەمڕۆ ئێمە لە ئاستی جیهاندا خاوەن ملیونان دۆستین. بێگومان لەوانیشەوە هێز وەردەگرین و ئێستا و دواڕۆژ دەبن بە ‌هێزی پاڵپشتی شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستانیش.  

هۆکاری دەهەم؛ مێژووی خۆمان باش دەناسین و نابین بە حەسەن خەیری و عەلی ئەکبەری داوەر(عەلی ئەکبەری ئەردەڵان و…) هاوکات پێش دەگرین لەپیلانی حەسەن خەیری و عەلی ئەکبەر داوەرەکان. وەک دەزانرێت حەسەن خەیری کەسێك بوو کە بە نەزانانە بوو بە ئامرازێک بۆ دامەزراندنی دەوڵەت ـ نەتەوەی تورک. عەلی ئەکبەری داوەریش کەسێك بوو کە یاسای دادوەری دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێرانی نووسی. لە کاتێکدا هەردووکیان کورد بوون، بەڵام گەورەترین خزمەتیان بە داگیرکەرانی کوردستان کرد. چارەنوسی هەردووکیشیان سەیرە؛ حەسەن خەیری دواتر خۆیان دەیکوژن و عەلی ئەکبەری داوەریش دواتر لە ترسی رەزاخان خۆی دەکوژێ. بێگومان ناوەندگەراکانی ئێران ئێستایش لە ناوکورد دا بەدوای دروستکردنی ئەو کاراکتەرانەن. بەداخەوە هەنووکەیش کەسانێک لە ناو کوردا هەن کە بیانەوێت ئەو رۆڵە بگێڕن. بەڵام ئێمە ئەو مێژووە بە وردی دەناسین و ناهێڵین دوپات ببێتەوە. واتە: ئێمە وشیاری و باوەڕبەخۆبوونمان لە بەرانبەر ناوەندگەرایانی دەوڵەت ـ نەتەوەی ئێرانییەوە سفت و قاییمە.

هۆکاری یازدەهوم؛ حاشا لە کاریگەرییەکانی ئاسمیلاسیۆن لەسەر خۆمان ناکەین و قەبووڵ دەکەین کە ئێمە داگیرکراوین و داگیرکاری کاریگەری لەسەر داناوین و پێویستە بۆ سڕێنەوەی ئەو کاریگەرییانە لە گەڵ خۆمان و دەوروبەمان لە تێکۆشاندا بین. قەبووڵ دەکەین کە داگیرکەر هەوڵیداوە تووشی لەخۆنامۆیی بوونمان بکات و بمانکات بە کۆپیەکی خۆی. ئەوەیش نەتەنیا لەلایەن دەوڵەتەوە، بەڵکوو لەلایەن ئۆمەتگرایی ئیسلامی سیاسی و چەپ و راستی ناوەندگرای ئێرانیشەوە بە هەمان شێوە هەوڵدراوە کە تووشی لە خۆنامۆیی بوونمان بکەن و بمانکەنە پاشکۆ و کۆیلەی خۆیان. ئێمە ئیتر وشیار بووینەتەوە و دەمانەوێت وەک خۆمان بژین. دڵنیابن تا نەبینەوە بە خۆمان و خۆیی بوون مسۆگەر نەکەین، نابین بە پێشەنگ و شۆڕشگێڕ.

مێژوویش سەلماندوویەتی لە هیچ شوێنێکدا مرۆڤی ئاسمیلەکراو نەیتوانیوە ببێتە پێشەنگی شۆڕش. هەر لە چوارچێوەی هێڵی چەپدا سەیر بکەین زۆر راستیمان بۆ دەردەکەوێت. مارکس و انگلس کە پێشەنگانی شۆڕشی سوسیالیستی و کومونیستی بوون مەلەوانانی دەریای ئەدەبیاتی ئاڵمانی بوون و مێژوو و راستینەی کۆمەڵگاکەی خۆیانیان بە باشی دەناسی. لنین، مائۆ، هوشیمین، کاسترۆ و… هەموویان هەروابوون. کە واتە، بۆ پێشەنگبوون تێکۆشان لەگەڵ ئاسمیلاسیۆن پێویستیەکی حاشاهەڵنەگرە.

 هۆکاری دوازدەهەم؛ لەسەر بنەما و ڕاستینەی کۆمەڵگەی خۆمان دەگەڕێین بۆ چارەسەری و سەرکەوتن. واتە: نە لە ئاسماندا دەگەڕین، نە لە تۆی پەرتۆکەکاندا و نە لە نێو راستینەی کۆمەڵگەی خەڵکانی‌تردا بەڵکو لە سەر راستینەی کۆمەڵگەی خۆمان بەدوای چارەسەریداین. هاوکات منداڵی سەردەمی خۆمانین و لەگەڵ ئەوەی گرنگی بە مێژوو دەدەین بەڵام لەناو مێژوودا خۆمان قەتیس ناکەین تا لە ئەمڕۆ و راستینەی رۆژی ئەمڕۆمان داببڕین. بێگومان لە مێژوو دا و لە ئەمڕۆی کوردستاندا قووڵ دەبینەوە. ئێمە رۆڵەی کوردستانین و بە پێی پەندی پێشینیانیش گیا لەسەر بنجی خۆی شین دەبێتەوە. هاوکات ئێمە راستینەی خۆمانمان لە کوردستان وون کردووە و پێویستە لەوێش بیدۆزینەوە. واتە: ئەگەر شتێک لە شوێنێک بزر بوو سەرەتا پێویستە هەر لەو شوێنەدا بەدوایدا بگەڕێیت.  

هۆکاری سێزدەهەم؛ رۆڵی پێشەنگایەتی خۆمان دەناسین و پەیوەستین بەو ڕاستینەیەوە کە دەگوترێ پێشەنگ و قارەمان ئەوانەن کە دەزانن داخوازییەکانی سەردەمی خۆیان چین. داخوازییەکانی ئێمەش داخوازییە سەردەمیانە و رەواکانی کۆمەڵگەی خۆمانن و هەر لە بەر ئەوەشە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی کە بنەمای تێکۆشانی ئێمەیە وا پەرەی سەند. لەبەر ئەوەی داخوازییەکانی سەردەمی کوردستان، رۆژهەڵاتی ناوین و بگرە جیهانیشی لە نێو خۆیدا کۆ کردووەتەوە و دەری دەبڕێت. بێگومان راستینەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ئەمەیە و ئەفسووناوییەکەی بۆ ئەم حەقێقەتە دەگەڕێتەوە. ئەدی بۆچی دروشمێکی‌تر ئاوا خێرا بڵاو نەبووەوە؟ خۆ دروشمی‌تریش دران و زۆریشیان دروشمی باش بوون، بەڵام هیچ‌کامیان وەک  دروشمی ژن، ژیان، ئازادی پەرەی نەسەند و لەلایەن هەموانەوە پەسەند نەکرا. 

هۆکاری چواردەهەم؛ ئێمە بێگانە لەگەڵ ڕۆحی زەمانە نین. ئێمە لەگەڵ ڕۆحی زەمانە یەکانگیرین. بەداخەوە گەلێك جار نوخبەی کورد بەدوای ڕۆحی زەمانەوە بووە. هەر بۆیە لەسەرەتای سەدەی بیستەم کاتێك سیستەمی ئیمپراتۆری و خەلافەت هەڵدەوەشێتەوە و سیستەمی دەوڵەت ـ نەتەوە دێتە کایەوە، زۆرێك لە نوخبەی کورد باسی خەلافەت و مەلیک و پاشایەتی و شتی وا دەکەن. لە راستیدا هەنووکەش کێشەیەکی بەو شێوە لەناو بەشێکی زۆری نۆخبەی کورد دا لە ئارادایە. واتە: سیستەمی دەوڵەت ـ نەتەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یا کۆتایی پێ دێت یا بەو شێوە کلاسیکە نامێنێتەوە، کەچی بەشێکی زۆری نوخبەی کورد هێشتا بە ئاواتی گەیشتن بەم فۆڕمە کۆنە دستەڵاتداریە نادروستەیە. ئەویش شێوە کلاسیکەکەی. لەو بوارەدا رێبەر ئاپۆ قسەیەکی هەیە و دەڵێت: هەر چۆن پەڕاندنی سەری لووئی‌شانزدەهەم لە پاریس دەسپێکردنی دەوڵەت ـ نەتەوە بوو، پەڕاندنی سەری سەدامیش لە بەغداد کۆتایی دەوڵەت ـ نەتەوە بوو. (ئاماژە بە ئەوەیە کە کاتێک سەدام لە سێدارە دەدرێت سەری لە لاشەی هەڵدەکەندرێ و جیا دەبێتەوە)

.

Related posts