شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» بەرەنگاری هەموو چەشنە چەوسانەوە و دزێوییەک دەبێتەوە
ئەهوەن چیاکۆ
پێش هەرشتێک پێویستە ڕوونی بکەینەوە کە«ژن، ژیان، ئازادی» تەنیا دروشمێک نییە و گوتار و پارادایمێکە (دونیابینییەکە) پشتئەستوور بە هزر، فەلسەفە، زانست، ئەخلاق و سیاسەتێک کە خاوەنی تەڤگەر و ئامانجی ستراتیژیک و تاکتیکیی خۆیەتی. هەروەها خاوەنی خولیا و پلانی بونیادنانی کۆمەڵگایەکی نوێ و ژیانێکی نوێ و ئازادە بە پێشەنگایەتیی چەوساوەترین ڕەگەز، نەتەوە و چین،کە هەمووی ئەمانە لە سێ چەمکی«ژن، ژیان، ئازادی»دا کۆکراونەتەوە!
هاوکات پێویستە ئەوەش ڕوون بکەینەوە کە گوتاری ژن، ژیان، ئازادی بەرەنگاری هەموو جۆرەکانی چەوسانەوە، دزێوی و پاشڤەڕۆیەتی بووەتەوە کە زادەیڕابردوویەکی هەزاران ساڵەن و ئەوڕۆ لە سیستەمێکی ئۆتۆکراتیک (حکوومەتی تاکیی وەک سیستەمی ویلایەتی فەقیهـ و دیکتاتوریی خامنەیی)، تیۆکراتیک (دین سالار)، پیاوسالار، باوکسالار، داگیرکەر، چەوسێنەر، فاشیست و داپڵۆسێنەردا ڕەنگی داوەتەوە کە لە سێ چەمکی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کۆبوونەتەوە.
لەلایەکیترەوە، کۆماری ئیسلامی سیستەمێکی دەسەڵاتداری و سیاسییە کە ئەوڕۆ لە ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانیدا بووەتە سەرچاوەی قەیرانگەلێکی گەورە و بەردەوام. ئەگەر کۆماری ئیسلامی بۆماوەی ٤٣ ساڵدرێژەی بە تەمەنی خۆی داوە،هۆکارەکەی بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوەکەلە ئاستی گوتاردا دژبەری راستەقینەی بۆ پەیدا نەبووبوو و ئەو گوتارە دژبەرانەش کە هەبوون، نەیانتوانیبوو لە هەموو بوارەکاندا دەست ببەن بۆ ڕیشە و بناغەی کۆماری ئیسلامی و بیکەنە ئامانج. بەڵام نزیکەی سێ مانگە، لە دوای کوشتنی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقزەوە واتە«ژینا ئەمینی»، ئیدی دژبەری ڕاستەقینەی کۆماریئیسلامی لەژێر دروشم و هزری «ژن، ژیان، ئازادی»دا هاتووەتە گۆڕەپانەکە و بووە بە گوتارێکی بەناوەڕۆک و گشتگیر کە بنج و بناغەی دژبەرەکەی خۆی، واتە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی، کردووەتە ئامانج.
لەڕاستیدا نە دزێوی و سەرکوتکاریی کۆماریئیسلامی بە کوشتنی ژینا ئەمینییەوە دەستی پێکردووە و نە تێکۆشانی ژن، ژیان، ئازادییش لەو ساتەوەختەوە سەری هەڵداوە. هەموومان لە ئاستی سەرکوتکاریی کۆماری ئیسلامی بەر لە کوشتنی ژینا ئەمینی و پەرەسەندنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا ئاگادارین. هاوکات دەزانین ساڵانێکی دوور و درێژە تێکۆشان بۆ مافی ژن و ژیان و ئازادی بە تایبەت لە کوردستاندا، لە ئارادابووە.هاوکات ئەوەش دەزانین کە کۆماریئیسلامیی ئێران ماوەیەکی دوور و درێژەتووشی قەیرانی ناوخۆیی ناوسیستەمی خۆی و ناوخۆیی ناو ئێران و هاوکات قەیرانی هەرێمی و جیهانی بووە.
دیسان ئەوە دەزانین کە ڕژێم لەناوخۆیدا روژبەڕۆژ زیاتر دادەڕزێت و هاوکات دەزانین کە لە ئاست خەڵکیشدا تووشی قەیرانێکی قووڵی ڕەوایەتی (مشروعیت)ی ئایدۆلۆژیک و یاسایی بووە. ئەم حکوومەتەلە لایەکەوە لەهەرێمی رۆژهەڵاتی ناویندا هێزی ئاژاوە و کاری تێکدەرانەیە و لە لایەکیتریشەوە ئەو دەرفەت و دەرەتانەی جارانیشی بۆ کاری تێکدەرانە لە هەرێمەکە لە دەست داوە و وەک پێشتر ناتوانێ لە دوورەوە بۆ مانەوەی خۆی ئاژاوە بنێتەوە. هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوودا، بەشێکی گەورە لە توانای سیاسی، سەربازی و ماڵیی خۆی لەم ساڵانەی دواییدالەدەست داوە. لە ئاستی جیهانییشدا دەزانین کە تەنانەت پێش دەستپێکردنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییشڕۆژبەڕۆژ تەنگاوتر دەبوو و بەردەوام بازنەکەی لێ تەنگتر دەبوویەوە.
هاوکات دەزانین کە تێکۆشانی ژن ژیان ئازادییش خاوەنڕابردوویەکی دوور و درێژە. لەڕاستیدا ئەم گوتارە ڕیشەی لە قووڵایی مێژووی کولتووری و کۆمەڵایەتیی گەلەکەماندا هەیە. ئەگەر باسی تێکۆشانی دوو سەدەی ڕابردوومان بکەین، تێدەگەین کە لەتێکۆشانی ڕزگاریخوازانەی ئێمەدا بەردەوام هەوڵدراوە رێگەیەک بەسەر بەشداریکردنی ژن لە خەباتدا بکرێتەوە. هەرچەند بەردەوام گەلێ لەمپەریشلە بەردەم ئەم ئامانجەدا هەبووە، بەڵام ئەم ویستە لە تێکۆشانی ٥٠ ساڵەی«تەڤگەری ئاپۆیی»دا تا هات پەرەی سەند و ئیدی فەلسەفەو دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بوو بە گوتارێکی جیهانی. لە ڕاستیدادوای تێکۆشانی بێوێنەمان لەباکوور و شۆڕشی ڕۆژئاوا، ئەوە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و ژینای رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بوو کە جارێکیتر بەرهەمی تێکۆشانی دوور و درێژمان لە دووتوێی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لە ئاستی هەرێمی و جیهانیداڕەنگی دایەوە.
ئەوەیکە گرنگە ئەوەیە کە دوای شەهیدبوونی ژینا ئەمینیی کچە کوردی سەقزی لە تاران، جارێکیتر تووڕەیی پەنگخواردووی گەلەکەمان و هاوکات بەرهەم و ئەزموونی تێکۆشانی مێژووییمان وەک برووسکەیەک هەموو کوردستان، ئێران، رۆژهەڵاتی ناوین و جیهانی تەنی. کەس ناتوانێت حاشا لەوە بکات کە ئەم شۆڕشە بە پێشەنگایەتیی ژن و کورد،وەک دوو لایەنی ستەملێکراو،دەچێتە پێش. ئەم شۆڕشە نیشانی دا کە ژن و کورد سەرەڕای هەموو ئەو ستەمەی لەسەریان پەیڕەو کراوە، نەتەنیا کۆڵیان نەداوە، بگرە بەهێزترین وزەی شۆڕش و گۆڕانیشیان لە خۆیاندا کۆکردووەتەوە و بە پێشەنگایەتیی خۆیان دەتوانن ئەم شۆڕشە سەربخەن.
بێگومان ئێستا کۆماری ئیسلامی هەموو هێزی خۆی کۆکردووەتەوە بۆ سەرکوتکردنی کوردستان وەک ناوەندی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی. ئەمەش گوشارێکی زۆری لەسەر کوردستان دروستکردووە. ئەم گوشارەش بەشێکی بەهۆی رۆڵی پێشەنگایەتییەوەیە کە کوردستان دەیگێڕێ و بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ ترسی مێژوویی رژێم لە راستینەی کوردستان. ڕژێم بەپێی هەمان تێگەیشتنی دێرینەی دەوڵەتی ئێرانی پێی وایەئەگەر کوردستان سەرکوت بکرێت سەرکوتکردنی شوێنەکانی تری ئێران ئاسانە. هاوکات پێی وایە کە ئەگەر کوردستان لەسەر پێیان بمێنێتەوە، بەرەبەرە دەبێت بە وێنەیەک بۆ شوێنەکانیتری ئێران.لەڕاستیدا دەوڵەتی داگیرکەری ئێران لە مێژووی خۆیدا بەردەوام بەم شێوەیە نزیکی کوردستان بووەتەوە. ئەگەر زۆریشنەگەڕێینەوە بۆ ڕابردوویەکی کۆنتر، هەم ڕەزاشا و هەم موحەممەدڕەزاشاو هەروەها خومەینییش، دوای سەرکوتکردنی کوردستان توانییان دەسەڵاتی خۆیان بەسەر تەواوی ئێراندابچەسپێنن.
ئێستە ئێمە دەبێ چی بکەین؟ بەڕای من ئێمە پێویستە هەندێ هەنگاوی بنەمایی و هاوکات هەندێ هەنگاوی کرداری لە زووترین کاتدا بهاوێین. ئەمەش بۆ ئەوەی کە پێش بە سەرکوتکردن، بەڵاڕێداچوون و دەستبەسەرداگرتنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە لایەن کۆماریئیسلامیی ئێران و هەرجۆرە هێزێکیدزێو و قورخکاریترەوەبگرین.
ـ هەنگاوە بنەماییەکان:
مادام ناوەندی ئەم شۆڕشە بووەتە کوردستان ئیدی وەک کورد ڕووبەڕووی زەروورەتێک دەبینەوە. زەروورەتێک ناچارمان دەکات خۆمان تەیار بکەین تا بتوانین رۆڵی پێشەنگایەتی بگێڕین. ئەو زەروورەتەش کۆمەڵێک شتمان لە سەر فەرز دەکات کە پێویستە بە خێرایی ڕاوەستەی لەسەر بکەین. یەکێک لەو پێویستییانە پێکهێنانی یەکیەتی و ئاواکردنی ڕێکاری کارایە بۆ بەرەوپێشبردنی شۆڕش و سەرخستنی و دواجار پاراستنی دەستکەوتەکانی.
بێگومان مەبەست لە یەکگرتن تەنیا کوالیسیۆنی حیزبەکان نییە. ئەوەی کە دوو بەشی حزبێک یەک بگرنەوە یان دوو حیزب و چەند حیزب کوالیسیۆنێک پێکبێنن خراپ نییە و زۆریش باشە. بەڵام ئەگەر کوالیسیۆنی هەموو حیزبەکانیش دروست ببێت، هەرچەند هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام دیسان بەس نییە. یەکگرتن پێویستە لەئاستی کۆمەڵایەتی و نەتەوەییدا بەرین بکرێت. بێگومان کوالیسیۆنی حیزبەکان کە دەتوانین ناوی یەکگرتنی سیاسیشی لێبنێین، دەتوانێت هاوکارییەکی گەورەی ئەم یەکگرتنە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییە بکات. لەم یەکگرتنە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەدا، وێڕای حیزبەکان، دەبێت سازییە مەدەنییەکان، چین و توێژە کولتوری و کۆمەڵایەتتەکان و هاوکات کەسایەتییە دڵسۆزەکانیش جێگەو پێگەی گرنگیان هەبێت. بەتایبەت ژنان و لاوان کە دوو هێزی کارا و دینامیکی کۆمەڵگا و شۆڕشی ژن ژیان ئازادین، پێویستە جێگە و پێگەیەکی پتەویان لە یەکیەتیی کۆمەڵایەتی و نەتەوەییدا هەبێت.
ئەم یەکیەتییە پێویستە تەنیا وەک بوارێکیزێهنی (سۆبژێکتیڤ) لە بەرچاو نەگیرێت و پێویستە بە فورم و سازی بکرێت و ڕواڵەتی مادی و عەینی (ئۆبژێکتیڤ)یشوەربگرێت. واتە ناوەڕۆک و فورم، زێهن (سۆبژە) و عەین (ئۆبژە)، رۆح و مادە یەکانگیر بکرێن و هاوکات میکانیزمی بڕیارگرتن و پێکهێنانی بڕیارەکانیش ئاوا بکرێت. بۆ ئەوەش دەتوانرێت لە «کۆنفرانسێکینەتەوەیی-دیموکراتیک»دا بەرگیکرداری و مادی وەبەر ناوەڕۆک و ڕۆحی یەکیەتییەکەماندا بکرێت و بیگۆڕین بۆ فۆرمی رێکخراوەیی. هەر لەو کۆنفرانسەداڕێکارە پێویستەکان، بەتایبەت میکانیزمەکانی بڕیارگرتن و پێکهێنانی بڕیارەکان، ئاوا بکرێن. دەشێت ئەم هەوڵە لە سەرەتاوە ناوی «کۆنفرانسی شۆڕشی رۆژهەڵاتی کوردستان»ی لێبنرێت. نوێنەری حیزبەکان، سازییە مەدەنییەکان، چین و توێژە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان، کەسایەتییە سەربەخۆکان دەتوانن ئەندامانی ئەم کۆنفرانسە پێکبێنن. بێگومان ژنان و لاوان پێویستە ڕەنگ و ڕۆڵی بەرچاویان لەو کۆنفرانسەدا هەبێت.
لەو کۆنفرانسەدا دەتوانرێت مەجلێسێک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانبە مەبەستی دیاریکردنی سەرچاوەی بڕیارگرتنی تاکتیکی هەڵبژێردرێت.ئەمەیش وا دەکات کەبڕیارە ستراتیژیکەکانی کۆنفرانس هەم بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەم خاوەن شەرعییەت بن. هاوکات دەتوانێ لەناو مەجلیسدا بەڕێوەبەرییەکی جێبەجێکار هەڵبژێردرێت کە وەک مەرجەع و زمانحاڵی ئەو مەجلیسە بێت. هاوکات دەتوانرێت لە کەسانی بەئەزموون و پسپۆڕ گرووپیڕاوێژکاری لە گۆڕەپانە جیاوازەکاندا دیاری بکرێن و هاوکاری مەجلیس و دەستەی بەڕێوەبەری جێبەجێکار بن.
بێگومان ئەگەر مکانیزمگەلێکی بەو شێوە ئاوا ببن، ئەوە دەتوانرێت لە هەموو توانا و کارامەییەکانی تاکەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی کەڵک وەربگیردرێت. تەنانەت دەتوانێ ببێتە نموونەیەک بۆ گەلانیتری ئێران تا بەو شێوەیە یەکیەتیی خۆیان دروست بکەن و بەم چەشنە زەمینەیەکی لەبار بۆ یەکیەتی و پێکەوەژیانی گەلان دروست دەبێت. بەتایبەت لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا کە گەلانیتریش چاویان لە کوردە و ئامادەن شێوەی خەبات و جووڵانەوەی کورد وەک سەرچەشنێک وەربگرن و جێبەجێی بکەن.
یەکێکیتر لە پێویستییەکانی ئەم یەکگرتنە ئاواکردنی هێزێکی توکمە و یەکگرتووی بەرگریکردنە بۆ پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەگەری هەرچەشنە هێرشێکدا.ئاواکردنی هێزێک کە دەبێت تەنیا لە مەجلیسی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستوور وەربگرێت و چیدی هێزی پەرشوبڵاوی حیزبی نەمێنێت. هەروەک چۆن کونفرانس مەجلیسێک بۆ بڕیاروەرگرتن و دەستەیەکی جێبەجێکار بۆ بەرەوپێشبردنی کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی هەڵدەبژێرێت، بە هەمان شێوە دەبێ میکانیزمی بواری سەربازییش دیاری بکات و تەنانەت جدیتر لە هەموو بوارەکان لەسەری بوەستێت. بێگومان ئەگەر ئەم سێ بوارە، واتە میکانیزمی بڕیاروەرگرتن، دەستەی بەڕێوەبەری جێبەجێکار و هێزی پاراستنی نەتەوەیی،ڕێکاری بۆ بدۆزرێتەوە و دیاریبکرێت، ئەوکات بۆ بوارەکانیتری وەک ڕاگەیاندن و سیستەمی ئیداریوهەموو بوارەکانیتریش بە شێوەیەکی ئاسانتر رێکار دەدۆزرێتەوە.
دەبێت لەم کونفرانسەدا پێوەرەکانی ستراتیژی نەتەوەیی دیاری بکرێن و هەرکەسیش پێوەی پابەند بێت. هاوکات هێڵە سوورەکاندیاری بکرێن و هەرلایەنێک پێشێلی کردن ڕووبەڕووی بڕیار ببێتەوە، بەتایبەت خیانەتی نەتەوەیی و دەسپێشخەرییشەڕی ناوخۆیی وەک دوو هێڵی سەرەکی لە هێڵە سوورەکاندا دیاریبکرێنو هەر تاک و لایەنێک ئەنجامی دان ڕووبەڕووی سزا ببێتەوە.دەتوانرێت لەم کۆنفرانسەدا بڕیاری بەستنی کونگرەی رۆژهەڵاتی کوردستان وەربگیردرێت و ئیدی لە قۆناخی دواتردا کۆنگرە بەرپرسیاری ستراتیژی نەتەوەیی بێت.
ئەڵبەت ئەو رێکار و سازییانەی کە لە کۆنفرانسدا بڕیاریان لەسەر گیراوە و بونیاد نراون، بۆ کۆنگرەیش خاوەن شەرعییەت و فەرمییەت دەبن و وەک ئۆرگانی کۆنگرە دەمێننەوە. ئیدی پێویستە کۆنگرە باڵاترین ئۆرگانی رۆژهەڵاتی کوردستان بێت و ستراتیژی نەتەوەیی بەپێی بەرژەوەندیی گشتی لەوێدا دیاری بکرێن و هاوکات مژارگەڵیکی وەک بڕیاری شەڕ و ئاشتی، شێوەی دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین و… لە کۆنگرەدا بڕیاریان لەسەر بدرێت. ئەڵبەت ئەمەیش بە گەڕانەوە بۆ ڕای گشتیی کۆمەڵگا لە ڕێگای راپرسی و شێوازەکانیتری بەشدارکردنی خەلکەوە لە پرۆسەی بڕیارسازیدا.
ـ هەنگاوە کردارییەکان بۆ دۆخی ئێستا:
بەر لە هەر شتێک پێویستە بە هێچ شێوازێک نەهێڵین شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هەرەس بێنێت یان بە لاڕێدا ببرێت. دامرکاندنی ئەم ئاخێزە گەلێ مەترسیدارە و لە ئەگەری دامرکاندنەوەیدا، رژێم بە هەموو شێوازێک تۆڵەی خۆی دەستێنێتەوە و بۆ تۆڵەسەندنەوە لە کۆمەڵگا لە ئاست هەموو هێزە دەوڵەتییە جیهانییەکان و هەرێمییەکاندا تەنازول دەکات تاکوو ئەوان لە هەرجۆرە تاوان و تۆڵەسەندنەوەیەکیحکوومەتی ئێران لە هێزە شۆڕشگێڕەکان بێدەنگی بنوێنن.مەخابن دونیای بەرژەوەندیپەرەستی مودێرنیتەیسەرمایەدارییش خاوەنی ئەو کاراکتەرەیە کە لە پێناو بەرژەوەندیی سەرمایەداریدا شۆڕشێک و کۆمەڵگایەک بکاتە قوربانی. هاوکات خاڵی هاوبەشی هێزەکانی سەرمایەی جیهانی و هێزە هەرێمییە پاشڤەڕۆکانی رۆژهەڵاتی ناوین لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا،بریتییە لە بەلاڕێدابردن و لەخشتەبردنی ناوەڕۆکی شۆڕشگێڕانەی ئەم شؤڕشە کە توانای جیهانگیربوونی هەیە و تا ئێستاش لە پانتایی جیهاندا کاریگەرییبەرچاوی داناوە.
بەڵام هاوکات لەگەڵ کارکردندا بۆ پێشگرتن بە هەرەسهێنانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و هەوڵدان بۆ پەڕەپێدانی ئەم شۆڕشە،دەبێت بە کەمترین تێچوو گەورەترین ئەنجام وەربگرین و بە تاکتیک و رێنوێنیی راست دوژمن تەنگەتاو بکەین و ورەی کۆمەڵگا بۆ بەردەوامکردنی شۆڕش لە ئاستێکی بەرزدا بهێڵینەوە. لە ڕاستیدا تایبەتمەندیی ئەم شۆڕشە ئەوەیە کە هەم رادیکاڵە و هەم ستاتیکە (جوانیناسانەیە). هاوکات هەم لەڕووی پانتایی جوگرافی و هەم لەڕووی بەرینبوونی کۆمەڵایەتییەوە شۆڕشێکی گشتگیرە. ئەوەش دەرفەت بۆداهێنانلە تاکتیکدا دەڕەخسێنێت، بە مەرجێکئێمە وشیار و وریا و وردبین بین.
جارناجار دەتوانین لەسەر لایەنە رادیکاڵەکەی ڕاوەستە بکەین و بە سەرهەڵدان و ناڕەزایەتیی رادیکاڵ، لەگەڵ گرتنەبەری پێوەرەکانی پاراستنی جەوهەریدا،شۆڕشەکە بەگوڕتر بکەین. کاتێک زانیمان بەکارهێنانی ئەم کەرەستە زبرانە دەتوانێت کۆمەڵگا ماندوو بکات و هاوکات مەترسیی سەرکوت و بەکارهێنانی هێزی زەبری دوژمن لە ئاستی گەورەدا هەیە، ئەمجارە لایەنە ستاتیکییەکەی و کەرەستە نەرمەکانی وەک مانگرتن، نافەرمانیی مەدەنی و چالاکیی هونەری و جوانیناسانە بخەینە گەڕ تاکوو هێزی ئایدیۆلۆژیکی پاشڤەڕۆی دوژمن تەشهیر بکرێت و بەم چەشنە لە کەرەستە نەرمەکانی سەرکوتکاریی دوژمنبدەین.
لەڕاستیدا ئامادەبوونی ژنان، لاوان، خوێندکارانی قوتابخانە و زانکۆکان، هونەرمەندان و… تا ئێستاش گەورەترین هێزی بە شۆڕش داوە و لەڕووی کولتووری و زێهنییەتی شۆڕشەوە هێزیان بە گۆڕەپانی پراکسیسی سیاسی و هەردوو لایەنی چالاکی رادیکاڵ و جوانیناسانەیی شۆڕش بەخشیوە. لەڕاستییشدا ئەگەر شۆڕشی زێهنییەتی و کولتووری ئەنجام نەگرێت گەورەترین دەسکەوتە سیاسی و سەربازییەکان ناتوانن بە مسۆگەری بمێننەوە. هەر بۆیە پێویستە ئەم شۆڕشە زێهنییەتی و کولتوورییە بەرینتر، بەردەوامتر، بەهێزتر و شوێندانەرتر بکەین.
هاوکات لەبەر بەرینبوونی گۆڕەپانی جوگرافیایی و کۆمەڵایەتیی ئەم شۆڕشە ئیمکانی ئەوە ڕەخساوە کە هەرێمە جیاوازەکانی ئێران و چین و توێژ و تەڤگەرە کۆمەڵایەتییەکان چالاکی لە دەست یەکتر بستێننەوە و ئەگەر شوێنێک یا تەڤگەرێکی کۆمەڵایەتی لە سەرهەڵدان، چالاکی و مانگرتندا کەوتە بەر مەترسییەوە یان درێژەدانی بەردەوام لە توانای بەدەر بوو، ماوەیەک ئارامتر هەنگاو بنێت و لە شوێنێکیترەوە بەگوڕ بکرێتەوە و بەو شێوەیە دوژمن گێژ و وڕ بکرێت و توانا و تاقەتی لێبسێندرێتەوە و بەم شێوە تا کاتی بڕیاری کۆتایی لەسەر چارەنووسی رژێم بەردەوام تەنووری شۆڕش بە گەرمی بهێڵرێتەوە.
بێگومان بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم شۆڕشە، بەتایبەت لە گۆڕەپانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا، هەماهەنگیی حیزبە سیاسیەکان،رێکخراوە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان و هەروەها کەسایەتییە دیار و کاریگەرەکان پێویستیەکی حاشاهەڵنەگرە. دەبێت سەرەتا کار بکرێت بۆ ئەوەی ئەم هەماهەنگییە بگاتە ئاستی هەڵوێستی هاوبەش و لێدوانی هاوبەش، بەتایبەت لە بواری ڕێنوێنیدان بە خەڵک و هێزە مەیدانییەکاندا بۆ ئەوەی هێز پەرتەوازە نەبێت و هەموو هێزی کۆمەڵگا پێکەوە دژی کۆماریئیسلامی بکەوێتە گەڕ. هەروەها لەبەرانبەر دەرەوەدا، جا چ لەبەرانبەر ئۆپۆزسیۆنی کۆماریئیسلامیدا لەناوەوە و دەرەوەی ئێران و چ لەبەرانبەری هێزە هەرێمی و جەهانییەکاندا کە بە شێوەیەک لە شێوەکان گاریگەرییان لەسەر بارودۆخەکە هەیە، پێویستە سیاسەتی کوردی بە زمانێکی یەکگرتوو و هاوبەش بیانکاتە بەردەنگی خۆی و قسەیان لەگەڵ بکات.
ئەنجامدانی چالاکیی هاوبەش و گشتگیر لە ڕێگای کاری هاوبەش و ئاواکردنی کۆلێکتیڤ و کومیتەگەلێکی هاوبەشەوە لە پێناویبەهێزترکردنی چالاکییەکاندا لە وڵاتانی دەرەوە دەبێتە هۆی ئەوەی هەم کۆماری ئیسلامی هێزێکی توکمەو یەکگرتوو لەبەرانبەر خۆیدا ببینێت و هەم سەرنجی ڕایگشتی و دەوڵەتانی دەرەوە بۆ سەرکوتکاریی کۆماری ئیسلامیرادەکێشرێت، بەم شێوەیە رەوایەتی و کارابوونی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی زیاتر خۆی دەچەسپێنێت. بێگومان جیا لە ئاکسیۆن و چالاکیی مەیدانی،هاوکات چالاکیی لۆبی و دیپلوماتیکیشلە ڕێگای رێکخستنی سیمینار، پەنێل و کۆنفرانسەوەکارێکی پێویست و زەروورییە. هاوکات رێکخستنی کەمپەینی بەهێزی هاوکاریی مادی و فریاکەوتن بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بە وەبەرکەوتوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی یەکێکیترە لەو پێویستییە واجبانە کە پێویستە کاری جیدیی بۆ بکەین.
نابێت ڕۆڵی پێشەنگایەتیی کوردستان بخرێتە پەراوێزەوە، بەڵکوو دەبێ بەردەوام ئەم رۆڵە بەرجەستە بکرێتەوە. بەڵام هاوکات نابێ بهێڵین گوشارەکەش تەنیا لەسەر کوردستان کۆ ببێتەوە و کورد بکرێتە قوربانیی بێئاکامیی دۆخەکە. بۆ ئەوەش دەبێ شۆڕشەکە بەرتەسک نەکەینەوە و پارادیگماتیک سەیری بکەین و هەوڵبدەین هەموو چین، توێژ و هەرێمەکانی ئێران کە لە دەرەوەی کوردستانن، بکەینەبەردەنگی خۆمان. دەبێت ئەو تێگەیشتنە و ئەودۆخە دەروونییە لە ناو خۆماندا بشکێنین و بڕەوێنینەوەکە تەنیا دەبێت لە دەرەوە بانگ لە ئێمە بکرێت و ئێمەیش تەنیا بانگ لە خۆمان دەکەین. دەبێ کورد بانگ لە سەرتاسەری ئێرانیش بکات کە خۆیان تەیار بکەن بۆ بەردەوامکردنی شۆڕش.
لەڕاستیدا جیا لە ژن و کورد کە گرێژەنەی ئەم شۆڕشەن،دەبێ پارادایمی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئێکۆلۆژیک، لەسەر بنەمای ئازادیی ژن کە پارادیمی کۆمەڵگاتەوەرە و ڕێبەر ئاپۆ بونیادنەریەتی، لەم شۆڕشەداڕۆڵی ناوەندیی هەبێت، چونکووپارادیمێکی دونیاگیرە (جهانشمول) و تەنیا بۆ نەتەوەیەک و کۆمەڵگایەک خاوەن ڕێنوێنی نییە. ئەم پارادایمە لەبواری نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەوە خاوەن ڕێنوێنیەکی فرەڕەهەند و گشتگیرە. ئەوەش ڕێگە دەدات کە هەم بانگ لە کوردستان بکەین و هەم لە سەرتاسەری ئیران و تەنانەت جیهانیش کە دەبێ هێزی بەردەوامکردنی شۆڕش بن.
نابێت سەرچاوەی هێزی خۆمان و رۆڵی ئەم جیهانبینییە نەبینین و بەکاری نەهێنین. ڕەنگە سەرەتالە شوێنەکانیترداوەکوو کوردستان بەپێی پێویست بە پیرایی بانگەوازەکەمانەوە نەیەن، بەڵام نابێ ئەمە بێتە هۆی هەناسەکورتی و پاشەکشەمان و زۆرزوو گوتارەکەی خۆمان بە کەمبایەخو ناکاریگەر لە قەڵەم بدەین. پێویستە لەو بوارەدا پێداگر و پشوودرێژ بین. بە دڵنیاییەوە بە پێداگری و پشوودرێژی ئاکام وەردەگرین.تەنانەت نەتەنیا لە ئاستی ئێراندا بەڵکوو لە ئاستی جیهاندا پێویستە بانگ لە ڕایگشتیی ئازادیخواز و دیموکراتیک بکەین تا پاڵپشتی شۆڕشەکە بن و تەنانەت بە پاڵپشتیی ڕایگشتییەوە گوشار بخەینە سەر سیاسەتی دەوڵەتەکانیش تا دژی کۆماریئیسلامی بڕیار وەربگرن.
لە هەموویشی گرنگتر دەبێ فریوی ئاڵتەرناتیڤسازیی هێزەکانی مودێرنیتەی سەرمایەداری و هێزە ناوەندگەرا و شوڤێنیستەکانی ئێران نەخۆین کە خۆیان بۆ چوونەجێی کۆماری ئیسلامی ئامادە کردووە. هاوکات بە وشیارییەوە چاودێریی ئەو تاک و لایەنە بەرژەوەندیپەرەستانەی ناوخودی سیاسەت و کۆمەڵگای کوردییش بکەین کە لەچوارچێوەی دابینکردنی بەرژەوەندییتەسکی خۆیاندا و بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی گشتیی خەڵک و کۆمەڵگا و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان، زەمینەسازی بۆ سازشکاری و کەوتنە ئامێزی ئەو لایەنانە دەکەن.دەبێ لەو بوارەیشدا زۆر شارەزایانە رواڵەتی راستینەی ئەم هێزانە ڕووماڵ بکەین. پێویستە لەبەرانبەر هێزە جیهانییەکاندا، کە دەیانەوێت لەناو هێزە ناوەندگەرا شۆڤێنیستەکانی ئێراندا ئاڵتەرناتیڤ سازی بکەن، هەروەها لەبەرانبەر خودی هێزە ناوەندگەرا شۆڤێنیستەکانیشدا یەکگرتوو بین و کاراکتەری وشیار و ئازادینوێی کوردی لە بەرانبەریاندا زەق بکەینەوە و تێیانبگەیەنین کە چیدی کورد، کوردی جاران نییە کە ئەوان بە ئاسانی بتوانن بیخڵەتێنن و بیخافڵێنن. هاوکات دەبێ تێیانبگەیەنین کە چیدی کورد لە سەدەی بیست و یەکدا ژێردەستی و بێ ستاتۆیی قبووڵ ناکات.
لەڕاستیدا بۆ پێشگرتن و تێکدانی پلانی ئەو لایەنە قۆرخکار، قازانجخواز و ناوەندگەرایانە پێویستە جەوهەر و ناوەڕۆکی پارادیگماتیکی (دونیابینانەی) شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بپارێزین و هاوکات ئەو کولتوورەی کە تا ئیستا خولقاندوویەتی و بۆ جارێکیتر نرخە شۆڕشگێڕییەکانی بەرجەستە کردەووەتەوە، بکەین بە بنەمای کردەوەمان و پەرەی پێبدەین. هاوکات بە ورەبەرزییەوە بڵێین «ئەمە دەرهاوێشتەی کولتوور و تێکۆشانی مێژوویی کۆمەڵگای کوردستانە.» لەڕاستییشدا شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی سەرەتای پێگرتنی فیکر، کولتوور و وێژەیەکی نوێ و هاوبەشی سیاسی و شۆڕشگێڕیی لەناوماندا دروست کردووە و بەردەوام بەرەوپێشیش دەچێت و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی خێراتر لە یەک تێبگەین و وەک کورد بیکەینە هەوێنی یەکیەتی و کاری هاوبەش لە ناو خۆمان و لە دەرەوەی خۆماندا.
بەڕای من ئەو ٤ خاڵەیژێرەوە ئەو خاڵە سەرەکی و بنەڕەتییانەن کە ئەگەر لەسەریان پێداگر بین، دەتوانین پێش لە بەلاڕێداچوونی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بگرین و هاوکات پیلانی هێزە بەرژەوەندیپەرەست و ناوەندگەراکان تێک بدەین:
- شەڕی راستەقینە لەگەڵ سیستەمی پیاوسالاری، باوکسالاری و پیرسالاریدا (Gerontocracy) و بەڕووی ئەودیویشیدا، پێداگری لەسەر رۆڵی ناوەندیی ژنان و لاوان لە بەڕێوەبردنی شۆڕش و کۆمەڵگادا، ئەڵبەت لە رێڕەوی چەپ و شۆڕشگێریدا نەک بە ڕوانگەیڕاست و لیبرالیستییەوە. واتە: پاراستنی جەوهەر و ناوەڕۆکی شۆڕشگێڕانە و پێشڕەوانەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی.
- تێکۆشانی ڕاستەقینە بۆ دەستەبەرکردنی مافی نەتەوە ژێردەستەکان بەپێی گوتارێکی ڕاشکاوانە؛ واتە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕادیکاڵ لەگەڵ هەموو جۆرەکانی شۆڤێنیزم، فاشیزم و پانئێرانیزمداکە مافی نەتەوەیی نەتەوە بندەستەکان بە ڕەوا نابینێت و تەحەموڵی ناکات. چ لە فۆرمی پاشاخوازیدا بێت و چ لە فۆرمی ئیسلامی سیاسی یان لیبراڵ شۆڤێنیزم و سۆسیال شۆڤێنیزمدا بێت.
- بەرنگاربوونەوەیڕاستەقینە لەگەڵ پێکهاتەی چینایەتی و ئابووریی نیۆلیبراڵدا کە لە لایەکەوە دەبێتە هۆکاری کەڵەکەبوونی سەرمایە لە ژێر پاوانی ئەژمارێکی زۆر کەمی سەرمایەدارداو لە لایەکیتریشەوە دەبێتە هۆیکەڵەکەبوونی هەژاری و بێدەرەتانی لای بەشی زۆرینەی کۆمەڵگادا.
- بەرنگاربوونەوەیڕاستەقینە لەگەڵ سیستەمی ناوەندگەرا و ڕوانگەی ناوەند/پەراوێزدا و پێداگری لە سەر ڕۆنانی سیستەمێکی ناناوەند وخۆبەڕێوەبەر و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای شوراکان، کۆلێکتیڤەکان و کۆمیناڵەکانی خودیکۆمەڵگا. بە چەشنێکیتر، داڕشتن و چەسپاندنی دموکراسیی راستەوخۆ، رادیکاڵ، قووڵ و کومیناڵ لەباتییدیموکراسیی نوێنەرایەتی وسیستەمگەلی پارلەمانیی بۆرژوا-دیموکراتیک و لیبراڵ-دیموکراتیک کە تایبەتمەندی و شێوازی دیموکراسی نوێنەرایەتی سیستەمی سەرمایەداری و دەوڵەت ـ نەتەوەن. بێگومان دیموکراسیی نوێنەرایەتی بەتەواوی ڕەد ناکرێتەوە، بەڵام پێویستە ڕێژەیەکی کەم و پێویست لە بەڕێوەبەری بگرێتەوە و ڕێژەی زۆری بەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای دیموکراسیی راستەوخۆ بێت.
لە ڕاستیدا بە پاراستن و پەرەپێدانی ئەم بنەمایانە هەموو پلانەکانی ئاڵتەرناتیڤسازی لە سەرەوە، تەڵەکەکانی ناوەندگەرایی، کۆنەپەرستی و پاشڤەڕۆیی و…، پووچەڵ دەکەینەوە. بە گشتییش بۆ بەرەوپێشبردنی شۆڕش لەسەر ڕەوت و رێگایەکی شۆڕشگێڕانە، پێداگری لەسەر ڕێگا و ڕێبازەکانی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. ڕێگا و ڕێبازەکانی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕییش بریتین لە:
- ڕێکخستنی کۆمەڵگا و سەرهەڵدانی گەل؛ هاوکاتبەڕێوەبردنی چالاکیی ناڕەزایەتیی جۆراوجۆریوەک مانگرتنی کەرتە جیاوازەکانی بەرهەمهێنان، بازرگانی و خزمەتگوزاری،بۆ وێنە بازار، کارگەکانی بەرهەمهێنان، بەتایبەت شوێنە گەورەکانی بەرهەمهێنان (صنایع بزرگ)، شوێنە گشتییەکان، ئیدارات، کەرتی هاتوچۆ، بەشی پەروەردە و…
- پاراستنیڕەوا لەسەر دوو لاقی:
ـ شەڕی پڕۆفیشناڵی گەریلایی و سەربازی
ـ پاراستنی جەوهەری گەل. واتە: خەڵک بە پێشەنگایەتییلاوان بتوانن خۆیان بپارێزن و هاوکات زەبر لە تاک و لایەنە سەرکوتکەرەکانی رژێمیش بدەن.
- پەیوەندیگرتن لەگەڵ کەسایەتی، لایەن و هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان و ئێراندا؛
- کاری هاوبەشی کاتی و دەمدرێژ لەگەڵ هێزە بەرهەڵستکارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا؛
- هاوپەیمانیی تاکتیکی لە بواری سیاسی و سەربازییەوە لەگەڵ هێزە مەیدانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا؛
- هاوپەیمانیی ستراتیژیک لەگەڵ تەڤگەرە کۆمەڵایەتییە شۆڕشگێڕ و دیموکراتەکانی دژبەری رژێمی دەسەڵاتدار، داپڵۆسێنەر و سەرکوتکاری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لەسەر ئاستی کوردستان، ئێران، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا.هێزگەلێکی وەک:
ـ تەڤگەرە سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان
ـ تەڤگەرە ئانارشیستەکان
ـ تەڤگەری ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی نەتەوە بندەستەکان
ـ تەڤگەری ژنان و لاوان
ـ تەڤگەرە کرێکارییەکان
ـ تەڤگەرە ئێکۆلۆژیستەکان
ـ تەڤگەرە ئتۆنۆمیستەکان
ـ تەڤگەرە دیموکراتیکەکان و هەموو ئەو لایەنە ئازادیخوازانەی کە بە دوای رزگاری و ئازادییەوەن.
بێگومان ڕێگاو ڕێبازەکانی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی کە دەتوانێت لە کوردستاندا ئامرازێکی بەهێز و کارامە بێت بۆ سەرخستنی شۆڕش، دەشێت لەلایەن گەلانیتری بندەستی ئێران و هەموو هێزە شۆرشگێڕەکانیترەوە پەیڕەو بکرێن و وەک وێنەیەکی دونیاگیری (جهان شمول) شۆڕشی سەدەی ٢١ سەیری بکرێت. ئەڵبەت بێگومان ئەمە بەپێی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی، کولتووری، ئابووری، سیاسی و جوگرافیایی جیاوازیی هەر شوێنێک هەڵگری پلانی جیاواز دەبێت.
هاوکات دەبێ ئامانجی شەڕی گەلی شؤڕشگێڕی،رزگاریی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی نەتەوەی دیموکراتیک، کۆمەڵگای دیموکراتیک و سۆسیالیزمی دیموکراتیکدا بێت، نەک ئاواکردنی دەسەڵاتی تاکێک، گرووپێک، حیزبێک، چینێک، ڕەگەزێک، ئایدیۆلۆژیایەک و باوەڕێک، دینێک و مەزهەبێک و هەروەها نەتەوەیەک و ئینجا سەپاندنی ئەم دەسەڵاتە بەسەر ئەوانیتردا.