کۆماری کوردستان، هێمای دیموکراسی و یەکگرتنی نەتەوەیی گەلی کوردە.

لێدوانی کۆدار بۆ بیرەوەری دووی ڕێبەندان، حەفتاو یەکەمین ساڵیادی “کۆماری کوردستان”

گەلی کورد لە کاتێکدا حەفتاو یەکەمین ساڵرۆژی “کۆماری کوردستان” پیرۆز دەکات کە لاپەڕەیەکی نوێ لە کتێبی تێکۆشانی خۆی نیشانی جیهان داوە. ئەگەر لە سەد ساڵی بیستەم، بە هۆی فێڵبازی و بێ ئەخلاقی سیاسی داگیرکەرانی کوردستان و هێزی ناودەوڵەتی لەلایەک و نەبوونی هێزێکی تۆکمەی سیاسی-سەربازی کورد لە لایەکی تر، کارەسات گەلێکی وەک لۆزان و سایکس-پیکۆ قەوما بەڵام ئیستاکە ئەو گەلە لە هەموو کاتی خۆی بەهێزتر و سیاسی تر بووە. کوردستان بووتە مەکۆ و پەناگای گەلانی بێ پەنا و کورد بۆتە رۆڵگێری سەرەکی تێکۆشان دژی هێزە تاریک پەرەستەکان. ئاگری شۆڕش لە هەر چواربەش بە تایبەت رۆژئاوا و باکوری کوردستان گوڕتر بووە و لە رۆژئاوای وڵات سەقامگیری سیاسی و سیستەمی رێوەبەری خۆی دامەزراندووە کە نەک خەڵکی کوردستان بەڵکوو گەلانی سوریا و ناوچەکەش لە چنگ گروپە تووندئاژوو و دروسکەرانی ئەوان دەپارێزێت.

بێ گومان ئەو دەستکەوتە مەزن و مێژوویانە بەردەوامی خەباتێکە کە پێشەوا قازی لە دامەزراندنی “کۆماری کوردستان” بەڕێوەی برد. گوتەکانی پێشەوای نەمر کە باسی یەکگرتنی گەلی کورد لە هەر قۆناخێک دەکات ئیستاکەش بۆ ئیمە بەرپرسیارەتیەک دەخولقێنێت. وەسیەتی قازی موحەممەد بۆ گەلی کورد و حیزبەکان ئەوە بوو کە بڕوا بە هیچ داگیرکەرێک نەکەن و هەول بدەین بە پەروەردە کردنی خۆمان ئاستی هۆشیاری نەتەویمان بەرز کەینەوە. دوای حەفتاو یەک ساڵ لە کۆماری کوردستان، ئیستاکە دەتوانێن بێژین وەسیەتی پێشەوای نەمر بۆ خولقاندنی کۆردێکی ئازاد و کوردستانێکی دێموکراتیک بەرەو وەدی هاتن دەچێت و رۆڵەکانی قازی بە پێشەنگایەتی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد سەرەڕای پیلان و کۆسپ و لەمپەڕەکان بەرەو پێشەوە دەچن.

ڕێبەر ئاپۆ لە نرخاندنی خۆیدا، کۆماری کوردستان وەک دەسکەوتێکی دیموکڕاتیک و مێژووی گەلی کورد ناوزەد دەکات کە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بێ جیاوازی لەخۆ دەگرێت. پرۆژەیەک کە پێکەوە ژیانی گەلان بە بنەما دەگرێت و نەک دابەش کردن بەڵکوو وڵات بەرەو یەکێتی دەبات. دەوڵەتی ئیرانیش ئەگەر دەخوازێت خۆی لە دابەشبوون و دەستێوەردانی دەرەکی بپارێزێت پێویستە بنەماکانی کۆماری کوردستان بۆ خۆی بەهەند بگرێت.

لە سەر ئەو بنەمایە وەکوو کۆدار، بانگ لە گەلی کوردستان و هەموو پارت و لایەنەکان دەکەین بە ڕوحی کۆماری کوردستان بۆ یەکرێزی گەلی کورد تێبکۆشن و ئەرک و بەرپرسیارێتی مێژووی خۆیان بەجێ بگەیێنن. پێویستە ژنان و گەنجانیش بۆ وەدیهێنانی وەسیەتی پێشەوا قازی بەشداری ریزەکانی شۆڕش بن. بەو بۆنەیەوە جارێکی تر ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە گەلی تێکۆشەر و کۆڵنەدەری کورد، شۆڕشگێرانی قارەمان و بنەماڵەی شەهیدان پیرۆز دەکەین و بەڵێن دەدەین ڕێڕەوی ڕێگەی پێشەوا و شەهیدانی کۆماری کوردستان بین.

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەرێوەبەری کۆدار

١ی ڕێبەندانی ٢٧١٦ کوردی

٢١ی ژانویە ٢٠١٧ زایینی

Related posts