پژمان ئیبراهیمی

ئەم “پێنج کۆتری ئاشتییە” چییان ئەوێت لە پەژاک!؟

دوێنێ پێنج لایەنی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە ناوەندی هاوکاری کوردستانی “ئێران” ناسێندراون، پرۆژەکەی پەژاک و کۆداریان بە هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندی حکومەتی ئێران ناوزەد کرد و جارێکی دیکە سەلماندیان کە بەتەمان دەوری ئەنەکەسە لە رۆژهەڵات بگێڕن و ببن بە قافڵەچی داگیرکەران بۆ هێرش کردنە سەر لایەنە شۆڕشگێرکان بە مەبەستی شکاندنیان و هاوکات زل و زەقکردنی کاراکتێری دژەشۆڕشی خۆیان بۆ چه‌واشە کردنی خەڵکی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هاوکات سوار بوون بەسەر رەوتی رزگاریخوازی گەلانی ئێران کە رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو دوا وێستگەی خۆی هەنگاو ئەنێت. لەم بابەتەدا هۆکاری هێرشی سیستەماتیکی ئەم لایەنانە لە دژی بزاڤی ئاپۆیی لە رۆژهەڵات شروڤە ئەکرێت.
هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لایەنە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەژێر کاریگەری پارتی دیموکراتی ئێراق هێرش و ناوزڕاندنەکانیان بۆ سەر ئەم بزووتنەوە لاوە کە لە پۆلێک لە گەنجانی بەتوانا و تێکۆشەری روژهەڵاتی کوردستان ئاوا ببوو، تا دەرویشت زیاتر دەکرد. دو گریمانە هەیە کە مروڤ ئەتوانێ لەبەرچاوی بگرێت بۆ ئەم بابەتە: یەکەمیان لە ڕووی نەزانیەوە کە لە ژوورە هزریەکانی تورکیە و بە سەرپەرشتی پاراستنی پارتی ئورگانیزە دەکرا و لایەنە رۆژهەڵاتیەکان پراکتیزەیان دەکرد. دووهەمیان لە ڕووی زاناییەوە و پاش نزیک بوونەوە و دانووساندن لەگەڵ لایەن تورکی (هەڵبەت لە کاربەدەستانی پلە سێ و چواریان) و لە ڕێگەی کۆمەڵێک قەڵەم فرۆشی چەواشەکاری دوور لە ڕەوشتپاکی بە هەموو چەشنێک هێرشیان کردە سەر ئەو بزووتنەوە نوێیە و هەوڵی ڕەشکردنی ئەم بزاڤەیان دەدا و ئەم کردەوەیان بەردەوامی هەیە.
هوکاری هێرشەکان چی بوون؟!
دوای راگەیاندنی ئوتۆنومی لە باشووری کوردستان، دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان بەو مەرجە ئامادەبوون دان بەو ئوتۆنومیەدا بنن کە لە ڕێگەی ئەو دەسەڵاتە ساوایەوە شۆڕشی کوردی لە بەشەکانی دیکەی وڵات بکوژرێتەوە و بە ڕاکێشانی لایەنە کوردیەکان بۆ ناو خاکی باشوور کەمپنشینیان بکەن و وردە وردە مروڤە پاک و ڕەوشتپاک و شۆڕشگێڕەکانیان لێ تێرور بکەن تا ئەوەیکە ئەمێنێتەوە خۆی، خۆی لەناو ببات و… (هەڵبەت هۆکاری دیکە زورن، بەڵام لەبەر دوورکەوتنەوە لە باسەکە نایورووژێنین). تەنیا پارتیێکی کوردی کە نەچووە ژێر ئەم هەژموونیە پەکەکە بوو کە کەوتە بە غەزەبی لایەنەکانی باشوور و لە پارلەمانی دامەزراودا یەکەم بڕگەی یاسایی لەسەر هێرشکردنە سەر پەکەکە پەسەند کرا و بە تۆمەتی ملکەج نەکردن بۆ داگیرکەران بە تێكڕا هێرشیان کردە سەر پەکەکە و لە کۆتاییشدا نەگەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان و شکستیان خوارد. ساڵەکانی سەرەتای نەوەدەکان دەستپێکی هێرشی سیستەماتیک بۆسەر ئەم بزووتنەوەیە دەستی پێکرد و وەک یەکەم لایەن کوردی روژهەڵات کە کێشرا ناو ئەم گەمەیەوە یەکیەتی شۆڕشگێڕانی کوردستان بوو کە بە فەرمانی پارتی و بە مەبەستی سیخۆڕی چوونە شاخەکانی کوردستان و پاش ئاشکرابوونیان لەلایەن گەریلاکانەوە، ئەو چەند کەسە کوژران وئەمە لە لایەن پارتی و پاشکۆکانی وەک شەڕی کوردکوژی بەناو کرا لە کاتێکدا یەکەم بڕیاری پارلەمانی کوردی و بە کارگێڕی سەرەکی بارزانی و پارتەکەی لە دژی بزاڤی رزگاریخوازی کورد لە باکووری کوردستان دەرکرابوو!
ئەم ڕەوتە لە بەکار هێنانی پاشکۆکانی بوو بە نەریتێک لە لایەن پارتیەوە و تا ئەڕۆشت ئەم کارتەیان بە شێوازی جوارجور بەکار ده‌هێنا بۆ لاوازکردنی پێگەی بزووتنەوەیەک کە لەق و پۆپی بو هەموو بەشەکانی کوردستان و بگرە گەلانی دیکەی روژهەڵاتی ناوەڕاست هاویشتبوو. پارتی بۆ ئەوەی لەو لەتکە حێزبانەی گرێداوی خوی کەڵک وەربگرێت بۆ لێدانی تەڤگەری ئاپۆیی کە لە دووای گرتنی ئاپۆ پۆل پۆل لاوان و گەنجان پەیوەست ببون بە کاروانەکەوە و بە دامەزراندنی بزاڤی نوێ لەسەر بنەما هزریەکانی ڕێبەر ئاپۆ پارتی سەربەخۆی بەشی خۆیان دامەزراند و بە هێزمەندیەوە و لە کاتێکی کەمدا بوون بە هێزی یەکەم لە بەشەکانی کوردستاندا، ئەم پێشکەوتن و پێشوازیە جەماوەری کە لەم پارتە نوێیە (پەژاک) کرا ترس و دڵەڕاوکێ خستە دڵی ئەم کۆندەپەپۆیە پیرانەوە کە پێگەیان لاواز ئەبێت لە بەرامبەر ئەم هێزە نوێەوە و پێویستە زوو تەدبیرێ بگرن بۆ ئەوەی لە پاشەڕۆژدا بێ بەش نەبن لە تاڵانکردنی سەروەت و سامانی گەلی کورد و پلەی داردەستی داگیرکەرانیان لە دەست نەچێت، چونکە بە ساڵان بوو خۆیان مڵاز دابوو کە پشکیان بەرکەوێت، وەک پێشڕەوەکەیان بارزانی و پارتەکەی!
ئەم لایەنانە ئازا هەستان بە دژایەتی کردنی پەژاک و هەر لەسەرتاوە بە هاوکاری کۆماری ئیسلامی ناوزەدیان کرد و بوونی گەریلای پەژاکیان لەناوخۆی کوردستان بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی ئێران دەزانی، چونکە خۆیان هێزیان نەبوو و توانایان نەبوو کە بڕۆنەوە ناوخۆ ئەم بۆختانانەیان ئەخستە پال پەژاکەوە؛ لە کاتێکدا کە پەژاک نە چووە و نە گەڕاوەتەوە و هێزی پەژاک لە هەموو چیاکانی روژهەڵاتی کوردستان هەیە و تەنیا هێزێکە لەناو گەلی خۆیدا ئەژیت و لە نزیکەوە دەست و پەنجە نەرمەکات لەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای کوردیدا. ئێستا دووای ساڵانێکی زۆر و لە دوای وەعدە و وەعیدگەلێک کە لە لایەن عەرەبستانی سعودی و بە پاڵپشتی بارزانی و تورکیە جەولەگەلێکیان دەستپێکردووە ئەوا ئامادەکاری ئەکەن بۆ هێرشەکانیان لە داهاتوودا بۆیە زەمینەسازیەکانیان بۆ ئەم مەبەستە بەردەوامە. خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە ئەم هێزانە بە رۆژی رۆشنا لەناو گوندەکانی کوردستان ئەسووڕێنەوە ئەویش ناوچەگەلێک کە تەنانەت ئەگەر کەسێک بۆ روژێک پێشمەرگایەتی یا خود گەریلایەتی کردبنێت ئەزانێت کە چوون بۆ ئەم ناوچانە چەند زەحمەتە و لە ئەگەری هێرشی رژیمدا ئەوا ئەم هێزە بە تەواوەتی لەناو ئەچێت، چونکە لە بواری مەنتقی شەڕەوە نە هاوسەنگی هێزیان وەک یەکە و نە جوگرافیایەك باشیان لەبەردەستە بۆ بڵاوە کردن و خۆ پاراستن. باشە ئەم چەکدارانەی حیزبی دیموکرات چۆن ئاوا ئەسووڕێنەوە و کەس کاری پێیانەوە نییە و لە هەمانکاتدا هێرش ئەکرێتە سەر پەژاک لە شاهۆ کە بەرزترین شاخی رۆژهەڵاتە و گەریلاکانیان شەهید ئەبن!
ئەگەر ڕیکەوتنێک لەنێوان ئێوە و دەسەڵاتدا نییە چۆن چۆنیە بە دڵی خۆتان ئەسووڕێنەوە لە دەشتەکانی کەسنەزانی سەقز و گوندی نێ لە مەریوان و … کەس کاری پێتان نییە هیچ وێنەی سەرۆکی قیادە موەقەت گەورە ئەکەنەوە و مانۆڕی نەتەوەیی پێوە ئەدەن؟!
پاشکۆکانی میتی تورکیە و پارتی بارزانی کە تا دوێنێ لەبەیکیان بۆ خومەینی دەگوت و ئێستاش خزمەتکاری بەر ماڵی کۆڕی شا و موجاهێدینی خەڵق ئەکەن بۆ ئەوەی ئابڕووی لەدەستچوویان بە بەشداری لە ئایەندەی سیاسی ئێران بکڕنەوە و بەوپەڕی بێ شەرمیەوە و لە بێ‌پلانی و بێ‌بەرنامەیی خۆیان دێن دادەنیشن و پروژەکەی پژاک و کودار هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی لە قەڵم دەدەن لە کاتێکدا لە ماوەی چل سال حکومەتی کوماری ئیسلامی تەنانەت بۆ جارێک خاوەن پروژە و بەرنامەیەکی نووسەکی نەبوون بۆ گەلی کورد لەو بەشە.
ئێوە کە ئەو هەموو بلیمەتەتان هەیە کە پێلاوەکانتان بۆ واکس ئەکەن بۆ ناپرسن لێیان گۆڕینی یاسای بنەڕەتی وڵاتێک چ واتایێک ئەدات؟ بۆ ناڵێن دێموکراتیزەکردنی وڵاتێک وەک ئێران یانێ چی؟
نەکا ئەمجارە ئەتانەوێ بە دروشمی نەتەوەیی لەوس بووتان ئەوا هەست و سۆزی ئەم گەلە داماوە بۆلای خوتان ڕاکێشن و لە ژێر چەتری ئەم قسە زلانەدا ڕەوتی خاپاندنتان بەردەوام ئەکەن! ئێوە کە ئەو هەموو بانگەشەی نەتەوەیی بوون ئەکەن تەنیا دانەیەک لە کادر و ئەندامەکانتان بێنن کە خوێندنەوەی زانستی هەبێت لەسەر دیرۆکی کوردستان، یەک نەفەر بناسێنن توانایی ئەوەی هەبێت بە هەموو زاراوەکانی کوردی بدوێت و یەکێک لە پێناسە نەتەوەییەکەتان نیشانی خەڵک بدەن! ئەوەشتان پێشکەش، دە پێشمەرگە و کادرتان بخەنە بەرچاو کە سنووری موکریان و سنووری سەقز-سنەی بڕیبێت. باس لە نەتەوەیی بوون ئەکەن کە تەنانەت لە وشەی نەتەوە تێنەگەیشتوون و تەنیا کردووتانە بە بنێشتە خۆشە و خەڵکی پێ ئەخەڵەتێنن.
ئاخر ئه‌مڕۆ ئێوه‌ موهته‌دییه‌کان و هیجرییه‌کان ده‌تانهه‌وێت کلکه‌سووته‌که‌تان له‌ به‌ر ده‌رگای ره‌زا په‌هله‌وی به‌ مۆرک وه‌شاندن له‌ پژاک بشارنه‌وه‌؟! وا ده‌زانن ئه‌گه‌ر پژاکتان تاوانبار کرد به‌ “پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی حکومه‌تی ئێران” ئه‌وه‌ له‌به‌یکی قاسملوو بۆ خومه‌ینی و کۆڵسواری دانی موهته‌دی به‌ مه‌نسوری حیکمه‌ت و ئی ئه‌مجاره‌ی هه‌ردووکیان به‌ ره‌زا په‌هله‌وی له‌ بیر ده‌چێته‌وه‌؟! بابه‌شێخ ده‌یه‌وێت نه‌وچه‌یی خۆی بۆ ره‌جه‌وی نێر و مێ به‌و کاره‌ له‌ یادان بسڕێته‌وه‌؟! خالید عه‌زیزی و جێگره‌وه‌ تازه‌که‌ی دیه‌وێت قه‌ڵاندۆشدان به‌ چه‌ند فارسی بێناو و نیشان به‌ مۆرک وه‌شاندن له‌ پژاک بشارێته‌وه‌؟! ئه‌گه‌ر به‌راستی به‌ڵگه‌یه‌ک هه‌بووایه‌ له‌سه‌ر ئه‌و مۆرکانه‌ی له‌ پژاک ده‌یوه‌شێنن، به‌ قه‌د دیواری هه‌موو دونیادا داتان نه‌ده‌کوتا؟!
بەسە ئیدی خەڵکی کوردستان لێتان قەبووڵ ناکات ئاوا بێشەرمانە هەڵسووکەوت بکەن و لەگەڵ باوەڕ و هەستی بەشێکی زوری کۆمەڵگای کوردی یاری بکەن.

پژمان ئیبراهیمی

Related posts