بانگەوازی ڕێپێوان بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی ژن.ژیان.ئازادی

ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەی ۴۳ ساڵە که بە شێوەی جۆراوجۆر، گەل دەچەوسێنێتەوە و مافی ژیانێکی ئازاد و بەختەوەریان لێ زەوت دەکات. لەم پێکهاتە ستەمکار و پڕ لە هەڵاواردنەدا کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی دایمەزراندووە، ژنان، نەتەوە بندەستەکان (بەلووچ، عەرەب، کورد، تورک و هتد)، چینی کرێکار و هەژار و کەمینە ڕەگەزی و ئایینییەکان، ڕووبەڕووی ستەم و چەوساندنەوەیەکی گەورەتر بوونەتەوە و پەراوێز خراون. ئەم ڕژیمه پیاوسالاره هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی هاتنەسەرکارییەوە ژنانی سەرکوت کردووه، حیجابی زورەملی بەسەردا سەپاندوون و گەلێک نادادپەروەریتری لە یاسای بنەڕەتییدا چەسپاندوون. لە هەمانکاتدا پێکهاتەی فرەنەتەوەیی، ئایینی و زمانەوانیی ناو کۆمەڵگای ئێرانی کردوەتە ئامانجی سیاسەتگەلی تاڵانی ئابووری، سەرکوتی سیاسی و ئاسیمیلەکردنی کولتووری. لەناوبردنی مافی ژیان لەلایەن ئەم حکومەتەوە هاوکات بووە لەگەڵ گەشەسەندنی هەژاری و نایەکسانی و وێرانکردنی ژینگه.

به‌ڵام لەم هەموو ساڵە تاریکانەی ستەم و خنکاندندا، چ لە ماڵ، چ لە شەقام و قوتابخانە و کارگەکاندا ڕەنگی بەرخۆدانی نەپساوەی گەل کاڵ نەبوەتەوە. تووڕەیی گشتیی لەپاش کوشتنی کچی کورد ژینا ئەمینی لە ۱۶ی سێپتەمبەر بەدەستی کۆماری ئیسلامی، بەرخۆدانه لێک‌دابڕاوەکانی لە ژێر ناوی شۆڕشیژن.ژیان.ئازادییەکخست. ئێستەش زیاتر لە دوو مانگە، ئەم شۆڕشە بووە بە هەوێن بۆ وەرگرتنەوەی مافی ئازادی و ژیان بۆ هەمووان. شۆڕشیژن.ژیان.ئازادی که له کوردستان دەستی پێکرد ئێستا گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی کە لە ڕووبار و دارستانەکانی ئێرانەوە تا منداڵان، گەنجان، ژنان، کرێکاران و هەموو چین و توێژە پەراوێزخراوەکانی دیکە لە ژێر دروشمی ـ ژن ژیان.ئازادی– کۆ کردووتەوە تاکوو بەم دەسەڵاتە خوێنڕێژه بڵێن نەخێر. هەرچەند بەردەوامی ئەم شۆڕشە سەرتاسەرییە تا ئەم ساتە سەرکوتی خوێناوی و ئەشکەنجەی شۆڕشگێڕانی لەگەڵدا بووه  و بە نرخ و تێچووی زۆر لەوانە لەدەستدانی سەدان گیانی ئازیز دەستەبەر بووە.

بە مەبەستی پشتیوانی لە شۆڕشیژن ژیان.ئازادی لە ناوخۆی ئێران، بەرخۆدانی کوردستان و بەلووچستان و بەرزکردنەوەی دەنگی هەموو ئازادیخوازان لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێمە وەکوو کۆلێکتیڤی ژن.ژیان.ئازادی بە پێشەنگایەتی ژنان و هێزە یەکسانیخواز و دیمۆکراتیکەکانی کوردستان و ئێران و لایەنە دیمۆکراتیکەکانی نێو ئەوروپا بەتایبەت وڵاتی فەرەنسا لە رۆژی ٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ لە شاری پاریس چالاکییەک لە چەشنی ڕێپێوان و گردبوونەوەی جەماوەری بەڕێوە دەبەین. چالاکییەکەی ئێمە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانی بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان واتە رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر که خوی بۆنەیەکی گرنگە بۆ دەربڕینی پشتیوانی خۆمان له ژنان کە لە هەمانکاتدا پێشەنگایەتی شۆڕشیژن ژیان.ئازادی دەکەن و بوونەتە قوربانیی توندوتیژیی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بۆیە بانگهێشتی هەموو لایەنە ئازادیخوازەکان دەکەین کە بە ڕەنگ و هێمای خۆیان لەم کۆبوونەوەیە بەشداری بکەنبۆ ئەوەی ببێتە چالاکییەکی کاریگەر بۆ پشتیوانی لە شۆڕشیژن.ژیان.ئازادی لە کوردستان و ئێران.

شوێنکاتی چالاکی: ۲۶ نۆڤەمبەری ۲۰۲۲،پاریس، کاتژمێر ۱۴ تا ۱۷ ، ڕۆیشتن لە مەیدانی Republique 

کۆلێکتیڤی ژن، ژیان، ئازادیjinjiyanazadicollective@riseup.net

Related posts