کاک فوئاد ! ( پردێک لە نێوان مودیڕنیزم و مێژوودا )

کاک فوئاد !
( پردێک لە نێوان مودیڕنیزم و مێژوودا )

رەشاد – مستەفا سوڵتانی ، حەوتی خەرمانانی ١٣٩٧هەتاوی

بارودۆخی سیاسی ئێران بە ئاقاریکدا دەڕۆیشت ، کە چاوەڕوان نە کراو بوو . بەستێنی ئاڵ و گۆڕەکان بە ئاسانی دەبێنرا و هەموو ماسمێدیای ڕۆژ ئاوا ، بۆ دەر کردنی شا ،هەڵویستیان گرتبوو . لە هەمان کاتدا ، پێش مەرجەکانی داگیر کردنی هیژمونی سیاسی وڵاتی ئێرانیان بۆ تاقمی مەلا ئامادە دەکرد .
کونگەری یەکەمی کۆمەڵە لە دوو شاری سنە و نەغەدە بەسترا. ئاکامی گفتوگۆکان لە کتێبێکی بە نرخ چاپ کرا . لەو کتێبەدا ئەندیشە و هەڵویستی سیاسی و شەخسی بەشدار بوەکان بە ڕوونی دیارە و خۆی نیشان داوە . ئاستی بەرزی هەڵویست و لێکدانەوەی مەنتیقی و ڕێنوێنی و تەرجومەی ڕووداوەکانی ئێران لە لایەن کاک فوئادەوە سەلمێندراوە . کاک فوئاد دوای کونگەرە ، هەموو ژیانی بۆ خەبات و ڕێک خستنی جەماوری خەڵک تەرخان کرد . جار و بار لە مەریوان وئاڵمانە دەبینرا و پاشان ، بۆ شوێنیکی تری هەرێمی کوردستان سەفەری دەکرد . تەقریبەن هێچ جێگایەک نە ما کە کاک فوئاد سەفەری بۆ نەکردبێت . لەم شارانە پاوە، نەوسود ، کامیاران ، کرماشان، دیواندەرە ، سنە ، سەقز ، بۆکان، سەردەشت ، نەغەدە، بانە و سابلاغ بەئاشکرا سوخنڕانی و یا دیداری نهێنی کردووە . سەرجەم و کۆبەندی خەبات وڕێبەری کاک فوئاد پاش چوارسال زیندان ،هەر بە ئەندازەی کۆماری جوانە مەردگی مەهاباد و تەنها یازدە مانگی خایاند. چەک کردنی پادەگانی مەریوان لە بەرنامەیدا بوو . کاتێک لە بانەوە بۆ دەڤەری مەریوان و لە مەریوانە بەرەو بانە هات و چوی کردووە تەنیا چوار کەسی لەگەڵدا بوە . پیلانی بەر بڵاوی فاشیزمی ئیسلامی و توڕە جاسوسیەکانی ناوچەکە و نە بوونی هێزی پارێزگاری و دەیان فاکتوری نە بینراو و بینراوی تر ،دەستیان بە یەکەوە دا و، لە شەڕێکی نابەرابەر و سەخت لە گەڵ ڕیزدار کاک تەهمورس ئەکبەری گیانیان بەخت کرد . ناوەندی کۆمەڵە بۆ ئەوەی بەرپرسی ئەم خەسارەتە گەورەیە لە ئەستو نە گرێت ، هەمیشە لە ناو کۆڕ و کۆمەڵی تەشکیلات بانگەوازیان دەکرد کە مەرگی کاک فوائاد بە ” هەڵکەوت ؟ ” بوە . ودوای ٣٩ ساڵ هەرگیز لە ئەندامانی بنەماڵەکەی، هاوسەفەرەکانی ، خەڵکی ناوچە ودانیشتوانی مەسیری ئەو جێگایانە کە هات و چوی تێدا کردووە یەک پرسیاریان نە کردووە وتەنانەت دیکۆمێنت و پەروەندەیەکیش دروست نە کراوە. لە کونگەری دوو و پاش مەرگی کاک فوئاد، بە سەختی کۆمەڵە بریندار کرا.
کاک فوئاد وەک ڕێبەری ئورکستر ، هەموو دەنگەکان و فیکر و باوڕەجیاوازەکانی لە هارمونییەکی دڵگیر وبلاوێن و لە پێناو ئامانجیکی بەرز ڕێک خست . مرۆڤێکی پێشڕەوی داهێنەر و سەرکردەیەکی هەڵقوڵاوی ناو ئێش و ئازارەکانی ڕەنجدەران بوو . سیما و ڕووخساری هەمیشە لە خەندە و هیوا تژی و پڕ بوو . ( بە جۆرێکی سەر سوڕهێنەر کاراکتر و ستاتوس و شەخسیەتی سیاسی کاک فوئاد، سێبەری قورسی لە سەر دەور و سیما و خەباتی شٶڕشگێرانەی برا شەهیدەکانی تر دانا . مێژوو شاهیدە کە خەبات ودڵسۆزی ودەوری پێشڕەوی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەڕێزان : حسین ، ئەمین ،ماجید و ئەمجەد مستەفا سوڵتانی لە بزووتنەوەی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەی کوردستان و ئێران دیار و بەر چاوە وبۆ هەمیشە بەرز و گرانبەهایە .)
************
* خەباتی مەدەنی : کاک فوئاد ڕێبەری بزووتنەوەی مەدەنی بوو و، نرخی بۆ بیر و ڕای گشتی دادەنا . لە بەستێنی بەرەو پێش بردنی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و ئامانجە بەرزەکان بیر و ڕای گشتی هیدایەت دەکرد . و کردەوەکانی پەیوەندی قووڵی لە گەڵ ئاستی توانایی ، هێز و ئامادگی جەماوەر هەبوو . خەباتی چینایەتی و نەتەوایەتی پێکەوە ڕێبەری دەکرد . بار و دۆخی کۆمەڵگای کوردستان و ئێرانی بەشێوەیەکی زانستیانە تەحلیل دەکرد و ، بزووتنەوەی چەپ و ڕادیکاڵی کوردستانی بەرەو خێراییەکی بەر چاو پاڵ پێوە نا . کۆچی شارۆمەندانی مەریوان بەسام ترین و گەورەترین شێوەی خەباتی مەدەنی مێژووی هاوچەرخ بوو .
* تاکتیک : میعماری زۆر بە توانای تاکتیکەکان بوو . سیاسەتی گونجاو و تاکتیکی کارای هەڵدەبژارد . بۆ هەر دەرفەت و بار ودۆخی کۆمەڵایەتی ، لێکدانەوەی گونجاو و دەقیقی هەبوو و تاکتیکی لۆژیکی هەڵدەبژارد .کۆچ ، گفتوگۆ، مارش و ڕێپێوان ،دامەزراندنی ڕێکخراوە مەدەنیەکان نموونە گەلێکی تاکتیکەکان بوون. شەڕی داسەپاوی مەریوانی بە هەزاران زەحمەت دوا خست تا بزووتنەوەی شۆڕشگیڕانە گەلی کورد ،زەرفیەت و پوتانسیلی پێویست لە بەرانبە هێرشی فاشیزمی ئیسلامی دەستە بەر کات .
* یەکگرتن و وەحدەت : هەرگیز باوڕی بە یەکگرتنی کوڕ و کۆمەڵی ڕووناکبیر و لە سەرەوە نەبوو . لە سوخنڕانی مەهاباد بە ئاشکرا وتی : گوروپە ڕوناکبیرەکان لە تاران دەیانەوێت وەحدەت کەن. یەک هەنگاو بەرەو ئەو جۆرە یەکگرتنانە نە چوو . دوای مەرگی کاک فوئاد کۆمەڵە لە گەڵ جەرەیانێکی نەناسراو و بێ ئوتوریتە و بێ ستاتوسی کۆمەڵایەتی بە ناوی گوروهی سەهەند ( ئیتحادی خەباتگێڕانی کومونیست ) وەحدەتی کرد . کە لە ڕاستیدا دارێکی زڕی بێ ڕەگ و ڕیشە بوون . ئەم گروپە نوێنەری ڕاستەوخۆی ناسیونال – شوینیزمی نەتەوی فارس بوون. تاڵاو بە دەمیان و مێشکیان و قەڵەمیاندا دێتە خوارەوەو، ئەوی لە دەستیان هات وەک تەحقیر و سوکایەتی بە فەرهەنگ و کولتور و زمانی کوردی و بە تایبەت دژ بە پێشمەرگە وبزووتنەوی شۆڕشگیڕانەی ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان کردیان و دریغیان نە کرد .
* سەنگەری مفاوزات و گفتوگۆ: سەنگەرێکی تر بوو کە کاک فوئاد نرخی بۆ دانا . لە گەڵ حکومەتێک کەدوژمنی سەرسەختی بزووتنەوی کوردستان بوو، گفتوگۆی کرد . بۆ یەکەم جار کۆمەڵە ڕێبەرانی جمهوری ئیسلامی ناچار کرد بۆ چارە کردنی ستەمی نەتەوایەتی وگیرو گرفتەکانی میللەتی کورد بۆ دیداری نوێنەرانی کورد بەرەو مەریوان و سنە سەفەر کەن . لە مێشک و کۆدەکانی سیستەمی بیرکردنەوی کاک فوئاد ئەم سەنگەرە گرانبەها و گرنگ بوو . بۆیە چەندین دەور و جەلەسە لە گەڵ نوێنەرانی ئیسلامی سیاسی لە سنە و مەریوان دانیشت و گفتوگۆی کرد .
*مودێڕنیزم و خەباتی مەدەنی : باوڕ و ئێمانی بە هێزی لە شکست نەهاتوی ڕەنجدەران و هەژاران بوو . لەو پێناوەدا خەباتی مەدەنی و جەماوری بە دەستەوە گرت . کۆچی مەریوان نمونەی مێژوویی خەباتی مەدنی و شارستانی بوو . ئەگەرچی تەمەنی کۆچ کەم بوو، ئەمما لە ئاستێکی بەرزدا سنووری تێپەڕاند و تەئسیری لە سەر بیر و ڕای گشتی کوردستان و ناوچەکە دانا . لە پڕوسەی کۆچدا تەنیا کاک فوئاد نەبوو کە شانی دابوە ژیر ئەو بەرپرسیارەتی و مەسیئولیتە قورسە ، بەڵکوو دەیان کادری باوڕ پێکراو و خۆشەویستی چەپ و ڕادیکاڵی مەریوان و کوردستان یارمەتیدەر بوون.
* شێوە کار ومیتۆدی نوێ : کاک فوئاد لە هەڵبژاردنی میتۆد و سەبک کاری تازە ڕچەیەکی بەرزی شکاند و، بە ئاسانی شێوەکاری کلاسیک و کۆنی وەلا نا . بەگشتی ئاوڕدانەوی لە سەر هێزی جەماوری بوو ، کە دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە گارانتی دەکات . هەمیشە ڕەوت وسیمایەکی ئەنتر ناسیونالیستی بە بزووتنەوە و خەباتی مەدەنی دەدا . لە جەرەیانی کۆچدا دواخستنی شەری داسەپاو وئامادە کردنی جەماوەر بۆ نابودی ئورگانە سەرکوت گەرەکانی حکومەتی ئیسلامی لە بەر چاو بوو .
* تۆڕی ماسمێدیا : بە پێچەوانەی بزووتنەوە کلاسیکەکانی سەردەم و کۆن ، لە ڕوانگەی کاک فوئاد ماسمێدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ، گۆڤارەکان و ڕادیو ، ئامێرێکی گونجاو و چاک بۆ جاڕ دانی ستەمی نەتەوایەتی ، مافی گەلی کورد و ڕاکێشانی بیر و ڕای گشتی جیهان بوو . وتارێکی لە گۆڤارێکی شاری مەریوان سەبارەت بە جمهوری کوردستان نوسی ، کە لێکدانەوەکانی شایانی ڕێز و قەدردانیە . خاڵە لاواز و خاڵە بەرزەکانی کۆماری لێکدابوەوە . لە گەڵ چەند هەواڵنیری ئێرانی و خاریجی باس و گفتوگۆی کرد . مارشی ڕێپێوانی گەنجانی شاری سنە و شارەکانی تری کوردستان وەک ڕێپێوانی ئازادیخوازانی بانە و سەقز بەرەو مەریوان ، دەوری ماسمێدیای لە سەر بیرو ڕای گشتی کۆمەلگای ئێران و کوردستان گێڕا و نواند.
* نوینەرایەتی و متمانە بە خٶ : کاک فوئاد خۆی بە سەر جەماوری خەڵکدا تەحمیل و فەرز و دانەسەپاندبوو . وەک کازیوەی بەیانیی بێگەرد ، ئەنترناسیونالیست، سادیق، بەوەفا، شۆڕشگیڕ و ئومانیست و بە دڵەوە نزیک بوو . لە بەرانبە بیر جیاوازەکان ، لیهاتوانە و هوشیارانە خاڵە هاوبەشەکانی دەس نیشان و بەستێنی هاوکاری دەخولقاند . ولە دەرفەتە مێژووییەکان بە شێوەیەکی تێگەیشتوانە لە پێناو خەباتی مەدەنی کەڵکی لۆژیکی وەر دەگرت . فورمی هێئەتی وتووێژ لە کاتی گفتوگۆ ودیدارەکان بریتین بوون ،لە خۆی،کەسانێک لە ئەندامی شورای شار و خەڵکی ئاسایی و جێگای متمانە . بە هاوکاری و یارمەتی هاوڕێ کانی و لە پێناوی ئامانجەکانی گەلی کورد لە شاری مەریوان و سنە دەیان ئورگانی دیموکراتیک وەک : شورای شار، ئیتحادیەی موعەلیمان و قوتابیان ، شورای ژنان ، ئیتحادیەی کرێکارانی بێ کار ، ئەنجومەنی لایەنگرانی مافی گەلی کورد ،جەمعیەتی دیفاع لە ئازادی و ئینقلاب، کانونی دانشجویان ڕێک خران .کە هەمووی ئەم ئوڕگانانە دەسکەوتی مێژوویی بوون .
* شەفافیەت و ڕاستگۆیی : کاک فوئاد هیچ شتێکی سیاسی ، ئابوری و کۆمەڵایەتی لە جەماوری خەڵک نەدەشاردەوە . و زۆر رقی لە سانسوری حیزبی، دماگۆژی و مەحروم کردنی جەماوری خەڵک لە ڕوداوە سیاسیەکان بوو . بە سەختی و بە ئێمانەوە لە شەفافیەتی سیاسی دیفاعی دەکرد . دیالۆگ و گفتوگۆ ی پشت پەردە و لە ژوورەداخراوەکان ، شاردنەوەی ڕووداوەکان لە جەماوەر ، دووڕویی سیاسی، چەسپان بە تیئوری وشک و بێ گیان و بێ کەڵک لە بنەما فیکریەکانی کاک فوئاد جێگایان نە بوو . خۆی زانا ، نابغە و دلۆڤان و بێ فیز بوو ، ئەمما گوێ بیستی پێشنیارەکان و تەنانەت قسەی نەیارانیش بوو .
* سایکۆلۆژی و هەڵویستی تاکی کورد : باری سایکۆلۆژی تاکی کورد لە لایەن داگیرکارانەوە بە سەختی شکێندراوە و بەو ئاستەیان گەیاندووە کە تاکی کورد متمانە و باوڕی بە خۆیی نەماوە . کاک فوئاد لە پلاتفورمێکی ڕانەگەیندراو ، کاری بۆ گەڕانەوەی متمانە بۆ تاکی کورد وباری خراپی سایکۆلۆژی تاکەکان کرد. کە ئیتر سوکایەتی ، ئیهانە و تەحقیر، ستەمی نەتەوایەتی قەبوڵ نەکەن . ووەک شارۆمەندێک متمانە بە خۆ بە دەس بێنن و ئیتر فەرهەنگی داسەپاوی خۆ نزم بینین و خۆ ڕووخێنی لە کاراکتری تاکی کورد نە مێنیت و، بەرپرسیارەتی و مەسئولیەتەکانی ئیدارە و بەڕێوە بردنی کوردستان وەر گرن .
*دیموکراسی و بەها بە نرخەکان : بەهۆی داگیر کردن و میلیتاریزە کردنی کوردستانەوە ، دیموکراسی لە چاڵ نراوە و لە باتی تانک و تۆپ و دیکتاتوری جێ نشین بووە . جەماوری خەلک تا ڕادیەکی بەرز بە دەستی ئەم ئوڕگانانەوە دەیان ناڵاند . ڕەوتی دیموکراسی لە دەورانی بزووتنەوەی کوردستان ئەگەر چی کرچ و کاڵیش بوو ، ئەمما دەستی پێ کرد و ڕێگاکەیش هەموار نەبوو، بەڵام کاناڵی خۆی دۆزیەوە . لە ئوردوگای کانی میران ، کۆبونەوەی گشتی باو بوو . دانیشتوان حەقی دەنگ دانیان هەبوو . لە شورای شاری مەریوان کە ئەندامەکانی دانیشتوانی ئاسایی وجێگای متمانە و باوڕ بوون ، بە ڕاوێژ و هاو فیکری بڕیارەکان پەسەند دەکرا . پێشوازی وڕیز گرتن لە زیندانیە سیاسیەکان ،یادێک لە ڕێبەری بزووتنەوەی ساڵی ٤٦ گیانبەخت کردوو کاک سمایلی شەریف زادە و یارانی لە گۆڕستانی تایلە ی سنە، قەدردانی لە سەرکەوتنی مان گرتن لە خواردن و پشتیوانی خەڵکی شارو دیهات لە ڕەنجدەرانی بێلوو،ڕێز گرتن لە گیان بەخت کردووانی ڕێگای تورکەمەن سەحرا ، کە نۆ ٩ قارەمان بە مەبەستی یارمەتی خەڵکی تورکەمەن سەحرا گیانیان فیدا کرد هەموو ئەمانە لە ڕوانگەی کاک فوئادەوە بەها بەنرخەکان بوون ولەو پێڤاژەیەدا کولتوری دیموکراسیش ناڕاستەوخۆ گەشەی دەکرد.
* ژئو پولیتیک وناوچەی ستراتژی : بۆ بزووتنەوی عەدالەتخوازانەی گەلی کورد ناوچە ستراتژیەکان ، دەوری چارەنوس سازیان هەیە . کاک فوئاد ناوچەی هەورامانی وەک سەنگەرێکی قایم و ستراتژی لە بەر چاو بوو . و تەرح و پلانی بۆ هەرێمی هەورامان وەک ناوچەیەک کە پێویستە ئازاد کرێت داڕشتبوو . چونکوو تان و پۆی دانیشتوانی ناوچەکە بە گشتی کرێکارو زەحمەتکیشن . گوندەکان لە هەرێمەکانی لهون ، دزڵی و هەورامانی تەخت پڕ نەفوس و ئاوەدان و سیمای شارۆچکەیان هەیە . دەڤەرەکە تا دڵت بخوازێت شاخاویی و کوێستانی هەزار بە هەزارە . دوژمن ناوچەی هەورامانی فرە بە دژواری و هەمیشە بە پارە و بەرتیل و خەیانەتی هەڵخڵەتاوانی کورد و هێزی پڕ چەک و سپای زۆرەوە پاش چەندساڵێک پیلان گێڕی داگیر کردووە. بۆیە هەورامان لە ڕوانگەی کاک فوئادەوە، بۆ پێشمەرگە و بەرەنگاری جێگایەکی گونجاو و ستراتژی بوو و لە هەمان کاتدا هەل و مەرجی لە بار بۆ پەیوەندی لە گەڵ پارتەکانی باشوری کوردستان بە ئاسانی دابین دەکرد . ئەم ناوچەیە بە ناوچەکانی ترەوە وەک : کرماشان ،کامیاران ، نەسوو پاوە ،بێڵەوار، ژاوەرۆ،مەریوان ،سنە ،هەڵەبجە ، پێنجوین ،دەشتی شارەزوور و خورماڵەوە لکاوە و هات و چوی پێشمەرگە و گواستنەوەی بریندار و نەخۆش و بنەماڵەی پێشمەرگە و بە ساڵا چوەکان زۆر ئاسانە . کرێکاری فەسڵی سیمای دێهاتی هەورامانی گۆڕیوە وئاستی وەر گرتنی ئیدئولۆژی عەدالەتخوازانەیان بەرزە . ئەو هەموو زەخت و شەڕە کە لە لایەن فاشیزمی ئیسلامیەوە بە سەر پێشمەرگەکانی دیموکرات و کۆمەڵە داسەپا ، ئەگەر ناوچەی ستراتژی هەورامانیان بەدەستە بوایە ، هەم ژمارەی گیان بەخت کردوو و هەم زەرەری ماڵی ومرۆڤی بی ئەندازە کەم و هێزی پێشمەرگەش ئەوەندە ماندوو و هێلاک نە دەبوو . لە پێناو قازانجێکی سووک سپای ڕزگاری چەک کرا و قازانجێکی فرە گەورەیان یانی هەرێمی ستراتژیان لە دەس دا. سپای رزگاری مەوزوع و مەیدانی کاری ڕێکخراوەەیی و تەشکیلاتی کۆمەڵە بوو . دەکرا بە کەمەندی ڕاوێژ وبیرمەندانە و بە شێوەی کاری تەشکیلاتی سپای ڕزگاری لە ژێر چەتری سیاسی و نیزامی کۆمەڵەدا ،ڕێک خرین و ئەو مەیل و ئارەزوە لە ناو سپای ڕزگاری دەبێنرا . هێزی سپای ڕزگاری، دانیشتوی ناوچەکە بوون و خۆیان هەرێمی ستراتژیان دەپاراست . پاشان کۆمەڵە لە دێهاتی نزیک بۆکان گیرسایەوە . پشتیوانی خەڵکی شەریفی دێهاتی نزیک بۆکان سەبارەت بەهاوکاری
کۆمەڵە وپێشمەرگەکان شیاوی ڕیز و قەدەردانیە ، بەڵام لە باری نیزامیەوە بۆ بزووتنەوەی ڕادیکاڵی کوردهەرێمێکی ستراتژی و قایم نیە و ڕەوتی ڕووداوکان نیشانی دا و سەلماندی کە فاشیزمی ئیسلامی زۆر بە ئاسانی ناوچەکەی داگیر کرد و پێشمەرگەی ناچار بە پاشەکشە کرد . ئەمما پوتانسیل و زەرفیەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ستراتژی و نیزامی هەورامان بۆ پوچەل کردنەوەی هێرشەکان و شکست دانی دوژمن بێ هاوتایە و لە ئاستێکی فرە بەرزدایە و هەرگیز حاشا ناکرێت. خەباتی جەماوەری خەڵك و هێزی پێشمەرگە دەیتوانی ” هەرێمی هەورامان ” وەک ناوچەیەکی ئازاد کراو بۆ بزوتنەوی گەلی کورد گارانتی و زەمانت بکات . شایانی باسە ئەگەر لە ناوچەی ئیستراتژی ، کە بۆ بزووتنەوەی عەدالەتخوازانە و ئاشتی خوازانەی گەلی کورد زۆر پێویستە و باس دەکرێت بەمانای تەئیید و هاوڕەوتی لە گەڵ ماهییەت و ناوەڕۆکی سیاسی رێکخراوەی سپای ڕزگاری و هەڵویستەکانیان نیە .
*****
بۆ زانیاری زۆر تر ئەم کتێبانە چاپ کراون. و دەریایەک لە هەڵویستی ئازادیخوازان و تێکۆشەرانی چەپیش لەم کتێبانەدا نوسراون . ١ – مباحث کنگرەی اول کۆمەڵە، ویراستاران ساعد وطن دوست ، ملکە مصطفی سلطانی.
٢–کاک فوئاد کێ بوو، ئامانجی چی بوو و چۆن گیانی بەخت کرد . مەلەکە، ڕەزا و حیشمەت مستەفا سوڵتانی .
همین کتاب بە زبان فارسی ترجمە گردیدەاست ،
٣–کاک فواد مصطفی سلطانی بیوگرافی ،آرمان ها و چگونگی جانباختنش، ملکە ،رضا و حشمت مصطفی سلطانی
٤–کاک فوئاد ڕێبەر ، سیاسەتمەدار و زانایەکی سیاسی . ڕەشاد مستەفا سوڵتانی

Related posts