لە جیاتیی نیگەرانیی، بە کار کردن وەڵام بدەنەوە!

رێبوار رەشید

لە جیاتیی نیگەرانیی، بە کار کردن وەڵام بدەنەوە!

تویتێکی ترامپ دوێنێ، 19ی دیسامبەر، سەبارەت بە ئەوەی کە ئەمەریکا هێزەکانی خۆی لە سووریا دەباتەوە، لەلایەکەوە بووە بە مایەی دڵخۆش کردنی حکومەتی ئەردۆغان و لەو بارەوە ماشینی پروپاگەندەیان بە تورکیی و کوردیی و زمانەکانی دیکە لەو پەڕی توندیدایە، و لە لایەکی دیکەوە بەشێکی زۆر لە ناو کوردیشدا بە هەمان ئاست تووشی خەم و نیگەرانیی بوون و باس لە ئاشبەتاڵیی دیکە و دەستبڕین و ڕۆژانی ڕەش دەکەن.
لەو ڕووەوە وەبیرهێنانەوەیەک بۆ هەموومان پێویستە:
1. ئەوانەی داعشیان دروست کرد لە سەرەتادا مەبەستی سەرەکییان ئەوە بوو کە لە شەڕێکی سێکتاریی گەورەوگراندا سوننە دژ بە شیعەمەزهەبی ناوچەکە ببزوێنن. لە کۆتاییدا تورکەکان توانیان کە جڵەو لە دەستی عارەب و ئەمەریکا دەربهێنن و بە پێنج سەد هەزار ملوێن دۆلاری ئۆباما و ملیارد دۆلاری سعودیەی عارەبیی و ئەوانی دیکەی کەنداو داعش بە گژ کورددا بکەن.
2. کوردانی ڕۆژئاوا ئەمەریکایان داوەت نەکردووە بەڵکو هەر لە سەرەتاوە ئێران و تورکیا و رووسیا لە شەڕەکەدا بوون. هاتنی ئەمەریکا پێوەندیی بە هەڵوێستی هەندێک لایەن لە ئیدارەی ئەمەریکادا بوو کە دەستتێوەردانێک لە ڕێگای یارمەتیدانی کوردەوە پێویستە. ئەو لایەنە ئێستایش هەن بەڵام بە داخەوە لاوازن.
3. لەوەپێش گوتراوە کە جەنگی جیهانیی سێ لە ناوچەکەدا لە سەر بەرژەوەندیی جیاواز لە ئارادایە. خەباتی ئازادیخوازیی کوردستان هیچ پێوەندیەکی بەو بەرژەوەندییەوە نییە، بەڵام کەوتووەتە ناوجەرگەی ئەو شەڕ و ناوچەیەوە و ئۆتۆماتیک بووە بە بەشێک لێی و ناچارە وەڵام بداتەوە.
4. هەر لە سەرەتادا کوردانی ڕۆژئاوا ڕێگای سێهەمیان هەڵبژارد، چون دەیزانن کە ئیران و تورکیا دوو دەوڵەتی داگیرکەرن و تەنیا دەتوانن زەرەر بدەن، کە ڕووسیا و ئەمەریکا/ ئوروپا تەنیا بەرژەوەندیی خۆیان دەپارێزن. لەو بازاڕی بەرژەوەندیەدا ئاساییە کە جێگای مافی نەتەوەیی و دیموکراسیی کوردانی تێدا نابێتەوە.
5. کورد شەڕی داعش و چەتە ئیسلامیستە فاشیستەکان لەبەر خاتری کەس ناکات بەڵکو تووشی بەو شەڕەوە بووە. ئەگەر ئەو شەڕە هەروەها بە قازانجی مرۆڤایەتیی دێتەوە لە راستییدا بەو مانایە نایەت کە ئیدی ڕووسیا/ ئەمەریکا/ ئوروپا دەبن بە دۆست و بە یاری خەباتی ئازادیخوازیی کورد. بەڵام بێگومان هەموو یارمەتیی و هاوکارییەک، تەنانەت ئەگەر ستراتیژیش نەبێت، هەر قازانجی بۆ کورد هەبووە چون ئەوان بە باشترین لە چەکەکانی تورکیای داگیرکەر دەجەنگن کە وەڵامدانەوەیەکی چەکدارانە لەو ئاستەدا پێویستە.
6. تا ئەم دەقیقەیەش ئێمە قازانجی گەورەمان لە کوشتنی داعش و تیرۆریستانی ئیسلامیی و سەربازانی داگیر کردووە. دوێنێش نەمان کوشتنایە، سبەی هەر بە تووشمانەوە دەبوون. ئەوانەی کوژراون هەموو تیرۆریست و داگیرکەرێکن کە هەن، تا زووتر لەناویان ببەین باشتر. ئەوە ئەوانن کە درز و گرژیی و نەیاریی و تەنانەت دوژمنکارییش کەوتووەتە نێوانیان. تێکۆشانی کورد بۆ ئازادیی فرسەت و چەکوچۆڵ و شێوازی رێکخستنی جیاوازی قازانج کردووە، دۆستی پەیدا کردووە و دوژمنانی باشتر ناسیووە و بە ئەزموونتر بووە.
7. لەوەبەر، دەیان ساڵ پێش هەبوونی داعش و چەتە ئیسلامیستە تیرۆریستەکان، کاتێک کورد دژ بە ڕژیمی ڕەزا شا و خومەینی و تورکەکان و حکومەتەکانی ئێراق و سووریا جەنگیوە، ئەوان تووتەڵەی بەر دەرکی سۆڤیەت/ ڕووسیا و ئەمەریکا/ ڕۆژئاوا بوون. ئێستایش هیچ نەگۆڕاوە. لە ڕاستییدا هەر کورد قازانجی کردووە. دەیان ساڵە تورکیا بە باشترین لە چەکەکانی ناتۆ کورد دەکوژێت و تەنانەت خومەینیش هەتا دە ساڵەی یەکەمی حوکمکردنی هەر کۆنە چەکی ڕۆژئاوا و ئەمەریکای بەکار دەبرد. ئەم شەڕە ئێستا بووە بە باشترین زەمینەی بازاڕی ساخکردنەوەی چەک و تەقەمەنیی. ئێستایش دوور نییە ئەم بڕیارەی ترامپ تاکتیکێک بۆ زێدە دۆشینی سعودیەی عەرەبیی و ئەوانی دیکەی کەنداو نەبێت.
8. دروستە کە دەرفەتێکی باشمان لە ڕۆژئاوا وەدەست کەوتووە و نیگەرانیین. ئەوەیش دروستە کە خەسارەتێکی زۆر گەورەیە کە داگیرکەران ناهێڵن فرسەتێک بە چارەسەری ئاشتیی و دیموکراسیی بدرێت و کە بەو شێوە دەستکەوتی ڕۆژئاوا لە بەردەم هەڕەشەی هێرشی تورکیا و ئێراندایە، بەڵام ئەوەیش ڕاستیەکە کە تا بەر بە تورکیا و ئێران نەگرین مەحاڵە ئەوانە بهێڵن کورد یەک دانە دەستکەوت نۆشی گیانی بکات.
9. هەموو توێژینەوەیەکی زانستیی و ئازادیخوازانە و نیشتیمانیانە پێمان دەڵێت کە دەبێت لە تێکۆشاندا سەرسەخت و سەرگەرم و دڵگەرم و بەجۆش و خرۆش بین. ڕێگای دیکە نییە. هەموو خەمساردیی و نیگەرانییەک کە دڵ سارد بکاتەوە، هەموو ڕەشبینیی و خۆبەلاوازدانانێک زەرەری گەورە لە هەموو ئەو دەستکەوت و سەرکەوتنانە دەدەن کە بە خوێنی شیرینترین و دڵسۆزترین لە مرۆڤەکانی نیشتیمانەکەمان وەدەستمان هێاوە.
10. تا دەتوانن ڕەخنەی بەجێ و دروستکارانە لە شێوەی کار و خەبات بگرن، ڕەخنە لە خۆ و لە خۆدوورگریی و دوورەپارێزیی بگرن، بەڵام هاوکات لە تێکۆشانەکەدا جێگا بگرن. لە خۆپیشاندانەکان و مانگرتنەکاندا، لە ڕێپێوان و چالاکیەکاندا، هەبن. هەموو قامکێک، هەموو چاو و هەموو ڕووخسارێکی دڵسۆز دەبێت لە ناو کاردا بێت و نابێت لە دەرەوە بمێنێتەوە. تورکیا و ئێران لە لاوازترین دۆخی سیاسیی و ئابووریی و سەربازییدان، بەڵام بە گوڕەوە دێنە پێش چون دەیانەوێت بمان بەزێنن یان تەنانەت دوورەبەزێنمان بکەن. ئەو تەپڵی شەڕە و ئەو هات و هاوارە دڕندەییە بۆ ئەوەیە کە هێزی ئەژنۆمان بشکێنن. ئێمە دەبێت زیاتر لەوە بزانین. ئەو چوار دەوڵەتە داگیرکەرن. بەشار ئەسەد بە موختاری دیموشق ڕازی دەبێت و ڕێگا بە تورکیا دەدات وڵاتەکەی داگیر بکات، بەڵام ئامادە نییە ببینێت کە کورد بە ئاسوودەیی بژی. تورکیا و ئێران سەری ماری داگیرکەرین و دەتوانیین لە کوردستان سەریان بپەڕێنین. بەزاندنی داگیرکەر هەر بە مانای بەزاندنی لە ڕووی سەربازییەوە نایەت، بەڵکو دەبێت هەموو ڕێگاکان و بوارەکان بەکار بهێنین و ڕێگایەکی باش هاتووین. لەبەرئەوە دەبێت ئەم دۆخە بکەین بە دۆخی یەکیەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانیی، بە هاوڕێیەتیی و هاوسەنگەریی، بە شان لە ناو شانخستنی شەپۆلێکی شاڵاو بۆ سەر ئەقڵ و زیهنیەتیی داگیرکەریی و دەتوانین چون توانای خۆڕێکخستن و تەکنیکی خۆڕێکخستنمان هەیە، چون سەرەڕای دڕندەیی داگیرکەران و چەکی پێشکەوتوو ئێمەیش لە ئاستێکدا چەکمان هەیە، دۆست و یارانمان هەن، و لە هەموو شتێک گرینگتر کوڕ و کچانێکمان هەن کە ئامادەن بە سەربەرزیی و شانازییەوە لەو تێکۆشانە ئازادیخوازییەدا بەشدار بن. باوەڕ بە خۆتان بکەن کە تێکۆشەرانی کورد هێزی ئەژنۆی تورک و ئێرانیان شکاندووە. ئەوەیە هاری کردوون. ئەوە 43 ڕۆژە لەیلا گویڤەن لە زینداندا مانی لە خواردنی خۆراک گرتووە. سەرتاپای زیندانەکان و تێکۆشەرانی دیکە لە دەرەوە کەوتوەنەتە ئەو گرەوە. تورکیا لە بەردەم ئیرادەی کورددا ئێسکی شکاوە. هەمان دڕندەیی ئەوان هەر ئەوەیە کە 760 ساڵ لەمەوپێش بەغدادیان سووتاند و ئێستا کورد دەستی ناوەتە گەرووی ئەو دڕندەیی و بێ شارستانیەیانەوە. ئەردۆغان ئامادەیە هەر هەموو تورکیا بە خاک و خەڵکەوە بفرۆشێت و لە فرۆشتندایە. خامنەیی هەر ساتێک بێت بە خەیاڵییدا لە بەر “خاتری ئێران” جامی ژەهر دەنۆشێت.
11. دەبێت باووەڕمان بە هێزی خۆمان بێت. هەر کەسێک هەر چیەکی پێ دەکرێت با بیکات. هەموو کەسێکمان دەتوانێت بە شێوەیەک کۆمەک بکات و ئاگری تێکۆشان گەرمتر بکات. دڵتان بەهێز بێت. ڕۆژێک دێت هەر ئەم ئیدارەیەی ترامپ دەستی کورد ماچ بکات چون کورد لە سەر خاکی خۆی دەژی و تێ دەکۆشێت و بڕیاری داوە بژی. دڵنیا بن سەر دەکەوین و دڵنیا بن پێکەوە بەهێزترین و زووتر و گەورەتر سەر دەکەوین.

سەری ڕێزم بۆ هەموو ئەوانەتان کە ئاگری تێکۆشان گەرمتر دەکەن دادەنەوێنم.

ڕێبوار ڕەشید
20-12-2018

سەرچاوە: لاپەرەی بەرێز نوسەر

Related posts