پارتی کرێکارانی کوردستان و ڕاستی

سەعید مامەندی

پارتی کرێکارانی کوردستان و ڕاستی

کورد لە ‌حیزبان دا فرە دەوڵەمەندە. هەموو حیزبە گەورە و بچکۆڵەکان بژمێرین؛ بێشک سەرووی شێستان دەبن. لێ لە نێوان هەموویان دا تەنیا و تەنیا چەند دانەیان بە نێوبانگ و بە باندۆرن. لەم نێوە دا پارتی کرێکارانی کوردستان، یەک لەم حیزبانەیە، لە ڕۆژی دامەزرانیەوە تا ئەمڕۆش؛ زۆرترین قسە و باسی لەسەر بووە. پرسیار و ڕوانگە لەم بارەوە زۆرن. لێنە گەرەکمە چکێ ڕوانگەی جیاواز لەم مژارە دا بێنمە بەر باس و وروژاندن.
ڕوانگەی یەکەم:
پارتی کرێکارانی کوردستان خۆی؛ چۆن خۆی پێناسە دەکا. لە گۆڕ کتێب و نووسراوەکانی ڕێزدار ئۆجالان و ڕاگەیاندنەکانی ئەم حیزبەوە، ئەوان بەرێ لە تەک چەپی تورک دا هاودەنگ و هاوخەبات بووگن. پاشان لە وان دابڕاون و بە سلۆگان و هزری خۆیان هاتوونە قاد و مەیدانان. مارکسیزم- لێنینیزم هەوێنی بیر و ڕایان بووە. بۆ دامەزرانی کوردستانی سوور و سەربەخۆ کورەی خەباتیان گەرم و گوڕ کردووە. جێگۆڕکەی ئاپۆ، لە تورکیەوە بۆ باکووری کوردستان و پاشان چوونی بۆ دەڕەی بەقا؛ ئەم حیزبەی لە قالبی تورکیەیی و دەڤەری دەرهێناوە.

لێرە دا پێداگری ئاپۆ لەسەر پەروەردە و ڕێکخستن، ئابووری سەربەخۆ و خەبات دژی پاشڤەرۆیی کۆمەڵایەتی، لێکگرێدانی ڕەفی کچ وکوڕ و دەسپێکی خەباتی چەکداریی دژی داگیرکارانی کوردستان؛ بە بەراورد لە گەڵ بزووتنەوەکانی پێشووی کورد ؛ زۆر دەگمەن و نامۆن. هەر ئەم مودێڕنیتە و نوێخوازیەشە، تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ بۆتە کۆڵەکە و ڕەمزی هەرمان و پاراستنی هزری ئاپۆیی.

بەرخۆدانی زیندانی ئامەد، دروشمی بەرخۆدان ژیانە، تیرۆری حەقی قەرار، ئاگر لە خۆبەردانیی مەزلوم دوغان و یەکەم فیشەکی هەڤاڵێ عەگید شاهیدن؛ بۆ مێژوو، دیرۆک و خۆنواندنی ئەم پارتە. ڕێکخستنی ژنان لە گشت بوارەکانی ژیان و خەبات دا؛ بە جۆرێک لە جیهان دا وێنەی نییە. بەڵێنیدانی قسە و کردەوەی وەک هەڤ، بەزاندنی سنوورە دەستکردەکان بە کردەوە و دروشمی باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، وەکهەڤی لە ڕیزەکانی ڕێکخستن، لە نێوان؛ ئەندام،کادر و ڕێبەری دا، میداڵی هەردەم زیندووی ئەم ڕێکخراوەن.

ڕوانگەی دووهەم:
داگیرکارانی کوردستان؛ تورکیە، ئێران، عێراق و سوریە: ” پ، ک ک ڕێکخراوێکی ترۆریستی و دوژمنی سەرسەختی ئێمەیە. ئەوان دەیانەوێ سنوورەکانی ئێمە تێکدەن و خەونی کوردستانی گەورەیان لە مێشک دایە. مناڵ دەڕفێنن، مامەڵەی مەوادی موخەددیر دەکەن، کافرن و بڕوایان بە ئیسلامیی پیرۆز نییە. بەکرێگیراوی هەندەرانن و پەروەردەی دەستی زایونیزمن. یەک بە شیعە و یەک بە کومونیست؛ یەک بە پیاوی ئامریکا و یەکیش بە ئاڵقە لەگوێی ڕوس ناوی دەبەن.”

ڕوانگەی سێهەم:
هەندێ کوردی خۆماڵی و حیزبی کلاسیکی کوردی: “پارتی کرێکارانی کوردستان، سەرەڕۆیە. بەڵایە. لە باکووری کوردستان گوندێکی پێ ڕزگار ناکرێ. تەداخوولی بەشەکانی دیکەی کوردستان دەکا. ڕێبەرەکانیان شیعەن و بە فیتی ئێران هەڵدەسووڕێن. مناڵ دەڕفێنن. خۆشیان نازانن، داوای چی دەکەن. بۆ چەک دانانین؟ بۆ شەڕ نابەنە نێو شارەکانی تورکیە؟ چیان لە ئۆجالان داوە، بۆ دەستی لێ هەڵناگرن؟ چ دەکەن لە باشوور؛ بۆ ناچنەوە وڵاتی خۆیان؟ دژی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردن. سەر بە تورکیە و عێراقن. لەگەڵ حیزبی بەعسی سوریە پێوەندیان هەیە. ئێران خەت و خاڵیان بۆ دەکێشێ. شەڕی چەکداری هیچ خێر و بێری بۆ کورد نییە”.دوای ئەم گشت ساڵ خەباتە؛ بۆ کورد و کوردستان بە قسەی خۆیان، کەچی ئێستاش هەر بە تورکی دەئاخڤن. زۆر ناو و ناتۆرەی دیکەش، کە خۆیان سازیان دەکەن و لە گۆڕ دڵی خۆیان نێوکیان دەبڕن و ناودێریان دەکەن.

ڕوانگەی چوارەم:
دۆستان و لایەنگرانی دەرەوەی ڕێکخستن: “پارتی کرێکارانی کوردستان تاقە حیزبی کوردیە؛ هەل و مەرج وەک خۆی کە هەیە، دەخوێنێتەوە. بۆ گشت بەشەیل کوردستان بە پەرۆشە. دەزانێ مانۆڕ بدا. دەرەقەتی هەموو هەڵکشان و داکشانەکان دێ. بە هیچ بایەک نالەرزێ. تەنیا ڕێکخراوە دەڕۆستی ئەو زەخت و فشارانە دێ؛ لە کوردستان و دەرەوەش لێی دەکرێن. ئەم دەرد و بەڵایانەی بەسەر پ.ک.ک هێنراون؛ بەسەر هەر لایەنێکی دیکە هاتبان، لە مێژ بوو تەفر و توونا ببوو. پ.ک.ک لە هەر چوار بەشی کوردستان خەباتی مەدەنی و گەریلایی دەکات. خۆی بە خاوەن و بەرپرسی کوردستان دەزانێ. لە هیچ شوێنێکی کوردستان نەک میوان نییە؛ بەڵکو خانەخوێشە، چونکە لە سەر تا پای کوردستان شەهید و برینداری داوە. لە بەرژەوەندی هیچکام لە داگیرکارانی کوردستان، کار ناکا. تاقانە هێزی کوردیە؛ سەربەخۆ، لە گۆڕ ستراتیژ وتاکتیکی خۆی و بەرژەوەندی کورد؛ بەرپەرچی گشت پیلانەیل داگیرکارانی کوردستان دەداتەوە. بۆ سەرجەم پیلانی داگیرکاران دژکردەوەی گونجاوی هەیە. جیاوازی نێوان کۆمەڵگا، بەدەنە و ڕێبەری بە مووش نییە”.

لەم قسە و باسانەی سەرەوە دا هەر کەس؛ دۆست و نادۆست، یار و نەیار، بیر و ڕای خۆی لە سەر پ.ک.ک دەناسێتەوە. بۆ ڕوون بوونەوەی زێدەتر و هەندێ شیتەڵکاری وردتر؛ لە خوارێش چکێ لە سەری دەدوێم.
ژینگە یان هەل و مەرجی دامەزرانی پارتی کرێکارانی کوردستان؛ لەگەڵ پارتەکانی دیکەی کوردی جیاوازی فرەس. تەنیا کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و کۆمەڵەی مارکس-لێنینی لە باشووری کوردستان؛ لە بڕێک بوار دا، وەک پ.ک.ک دەچن. پاکی و نەهێنیکاری، بوێری و خۆ ڕێکخستن، ڕاوێژ و کرداری وەک هەڤ؛ ئەم تایبەتمەندیانەن، کە هەر سێک ڕێکخراو لەسەریان دامەزراون. مخابن کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد و کۆمەڵەی مارکس- لێنینی بەرگەی پیلانە نێوخۆییەکانیان نەگرت و دوو ڕێکخراوی دیکەی؛ دوور لە ئامانج و ڕێبازیان، واتە حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەستیان بەسەر میرات و شانازیەکانیان داگرتن. بۆیە وا دەڵێم؛ چونکە مخابن کولتور و کرداری یەکێتیی نیشتمانی و حیزبی دێموکڕات لەگەڵ کۆمەڵەی مارکس- لێنینی و کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد زەوی تا ئاسمانن.

پ.ک.ک لە سەردەمی کودەتا و خەفەقان دا چەقەرەی کردووە. بە قەزا و قەدەر، یان لە کەش و هەوای ئارام دا، لە دایک نەبووە. بە پێی پێدەڤی زەمان و بۆ وڵامدانەوەی ویست و داخوازە نەتەوەییەکان، دەستی بە خەبات کردووە. لایەنی دەرەکی خەت و خاڵی بۆ نەکێشاوە. لە خۆڕایی و بێداوا نەبۆتە خاوەن دامەزراوە و دەزگا. چەکی دەستی گەریللا بە حەقدەستی کرێکاریی ئەندامان وەسەریەک نراوە. هەر لە ڕۆژی هەوەڵەوە بەرخۆدان تووش و دژوار بووە؛ لەوما دەستکەوت و شانازیەکانیش؛ زۆر جێی قەدر و پێزانینن. لە نێو پارتی کرێکارانی کوردستان دا هەنگاوەکان بە پلان و سروشتی بەڕێوە دەچن. هەڤاڵی پ.ک.ک. لەسەر کورد و کوردستان سەودا ناکا. خۆی لە گەل جیا ناکاتەوە. هەڤاڵبەندی پاقژ و خۆزاییە. بەرپرسیاری و ڕێبەری، بە پێی زانست و فیداکاری دیاری دەکرێن.

لێ ئەم سیستمەش کەم و کوڕی، خۆی هەن. دوای ڕفاندنی ڕێزدار ئۆجالان، ناو و دروشمەکان زوو زوو ئاڵ وگۆڕیان بەسەر دادەهات. تەنانەت بۆ ماوەیەک؛ پ.ک.ک هەر ناویشی نەما. بە کردەوە و خەبات کوردستانی، بەڵام بە ڕاگەیاندن و قسە، باسێک لە کوردستانی مەزن تونەیە. دوای ئەم گشت ساڵ خەباتە دژوارە؛ ئێستاش دەستبەرداری زمانی تورکی نەبوون و مخابن؛ لە فرە شوێنیش بەسەر کوردی دا زاڵی دەکەن. داخوازیە تاکیەکان فرە کەمڕەنگن و زۆرتر گرنگی بە کۆمەڵ دەدرێ. بۆیە لە کاتی ئەوتۆ دا پارسەنگ ڕاگرتن گەلێک دژوارە و هەر کەس ناتوانێ تا سەر بیکێشێ. ئەوەیە؛ زۆر کەس ماندوو دەبن و لە نیوە ڕێگا دا دەوەستن. جاری وایە کەف و کوڵی شۆڕشگێری زۆر دەچێتە سەر و هاوسەنگیەکانی جیهانیش لە بیر دەکرێن. ئەم ژینگەیە، وا دەکا خەڵکانێک نەوێرن تخوونی حەڕەکەت بکەون و لە ترسی دوا ڕۆژ، خۆیان دوورە پەرێز دەگرن. بۆیە ئەشێ پ.ک.ک خەڵکیتر بکرێ. داخواز و خەونی تاکیش لەبەر چاو بگیرێ. قۆستنەوەی دروشمەکانی ڕۆژ و هاوسەنگی بیر و ڕا جیاوازەکان، هەوێنی مانەوەی ڕێکخستنن.

پارتی کرێکارانی کوردستان لە ڕێکخستن دا شارەزایە. کاری دیپلۆماسی؛ کەماسی تێدایە. بۆ خەڵک وروژاندن هیچ لایەنێک نایگاتێ. لە خەباتی چەکداری و خۆڕاگرتن دا، بێوێنەیە. بۆ لێکگرێدانی خەباتی ژن و پیاو وەستایە. لاوانی کردوونە پێشەنگ و پیر و کاڵی لە مەیدان دان. حەپس و زیندان سەنگەری بەرخۆدانن. هەر کەس خۆی ڕیبەر و فەرماندەیە. کولتوری خۆ بە کەمگرتن باوی نییە. کەسایەتی کورد بەهێز و خوڵقێنەرە. چاو لەدەستی موچە، یان پلە و پایە لە ڕۆژەڤ دا نییە. گشت زاراوە و ئایینەکان وەک یەکن. هیچیان کەڵەگا نین و یەکتر ناتوێننەوە. پ.ک.ک وەک حیزبە چەپ، دێموکڕات و ئیسلامیەکانی دیکەی کوردی، ئیسلامی سووننە نییە. گشت مەزەبەکان بە سەرمایە و دەستکەوتی کورد و کوردستان دەزانێ. خۆی مەزەبێکی تایبەتی نییە و تێکەڵاوی شەڕە ئایینیەکانیش نابێ. بۆیە ئێژم پ.ک.ک؛ ڕاستیی کۆمەڵگای کوردستانە.

کاکی برا، پارتی کرێکارانی کوردستانی من و تۆ زەوی و ئاسمانیان فەرقە. تۆ سووننی و سنوورپارێزی. سەردەمیانە ناژی. بەلەمی ڕابردووی خۆت هەڵیگرتووی. چاوەڕوانی قەزا و قەدەری. نێوچەگەرای، هەر گۆرانیەکانی دەڤەری خۆت پێخۆشن. تەنیا زاراوەی خۆت بە کوردی دەزانی. بەشە کوردستانەکەی تۆ؛ مڵکی باب و باپیرانتە. پ.ک.ک لەوێ خەبات بکا؛ تەداخوول دەکا. دەبێتە ئاژاوەگێڕ و هاوکاری داگیرکارەکەی تۆ. ئەرێ؛ دەزانی ئەم بیر و بۆچوونانەی تۆ، ڕێک لەگەڵ هی داگیرکارانی کوردستان یەک دەگرنەوە؟ تەداخوولکردن بە تەرازووی تۆ و سنوور تێکدان بە تەرازووی داگیرکارانی کوردستان، و هەندێ قسە و باسی دیکەش کە بە زانا بوون یان هەوەنتە؛ لە دژبەرانی پ.ک.ک وەریان دەگری، دەنگی یەک دەهۆڵن و زوڕناژەنەکەیان جیاوازە. تەنیا؛ ئاهەنگ و شێوەی هەڵپەڕکێکانتان لە هەڤ ناکەن. لۆیە دەڵێم هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەکانی تۆی سنوورپارێز لەسەر پ.ک.ک ئەو قاس سووک و چرووکن؛ نەک قەپان، تەنانەت تەرازووی دیجیتاڵی ئەم سەردەمەش نایانکێشێ.

پارتی کرێکارانی کوردستانی من؛ لە هەمبەر گشت کوردستان دا بەرپرسیار و خاوەن ڕۆڵە. خوێندنەوەی سەردەمیانەی هەس. لە شەنگال ئێزیدیگەل دەپارێزێ. لە شاهۆ سەنگەر دەگرێ. لە باکوور لە قادان دایە و لە ڕۆژاواش مێژووی نوێی کورد و کوردستان دەنووسێتەوە. تێزەکانی دنیای سەرمایەداری هەڵتەکاندوون. هەنووکە باو؛ باوی هێڵی سێیە. ئیڕۆ لە ژێر سێبەری پ.ک.ک، دا کورد خاوەن کەسایەتی، هزر و هێزی خۆماڵی خۆیەتی. شین و شەپۆڕ، شایی و گۆڤەند، هەلهەلە و تلیلی، دەلالێ و لۆلۆ، قڕین و هاوار، خەبات و بەرخۆدان، لایە لایە و لۆرین، ئەز و تۆ؛ پیرۆت گوتەنی:”تووتنی خۆنن.” گشت زاراوەکان، ئاین و مەزەبەکان، بیر و بۆچوونەکان، خەزاڵ و خاتونەکان، پیر و کاڵ، مەل و پەلەوەر، گژ و گیا، لاوک و حەیران، سیا چەمانە و گەلۆ، گوڵ و قەرتیل، گۆرانی و ستران، بێ جیاوازی؛ مڵک و ماڵی خۆیین و هاوردە نین.
دەکرێ هەڵە و شاشی هەبێ. گلەیی و گازندە چێ بێ. چەک نە تەقێ. فیشەک سەر و ژێر بکا؛ لێ قەت نابێ؛ ئەز و تۆ، لە گۆڕ داخواز و دڵخوازی داگیرکارانی کوردستان لە مەڕ پ.ک.ک و هیچ هێزێکی تری کورد و کوردستانی دا، ڕا و بۆچوونمان شلوێ و لێڵ بێ. بەو، با دوور لە بەرژەوەندی وشکی خۆم و خۆت، بێ دەهۆڵ و زوڕنای داگیرکارانی کوردستان، دوور لە هزری شیعە و سووننە، لە گۆڕ؛ ئازار و ژانی خۆمان، بە پێی ئاوات و ئارەزووی گشتمان، خەبات و شایی بکەین. سەرچۆپی بۆ تۆ، گاوانی لۆ من. لێ وەرە؛ با بە یەک هەوا و ڕیتم هەڵپەڕین. ئەو دەم دیوار و سنوورەکان دەڕوخێن. من و تۆ؛ مانامان نامێنێ. گشت و گەورەییمان لێ دروست دەبێ. ئا لێرە دا، ڕەوتی دوونا و دوون دەست پێدەکا. گیانی من لۆ تۆ دێ و هی تۆش بۆ من. کوردستانی من و تۆ دەبنەوە یەک. ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، باکوور و باشوور؛ باویان نامێنێ. ئاران و زۆزان، گەرمیان و کوێستان پێناسەی؛ ڕاستینەی خۆیان وەردەگرنەوە.

سەعید مامەندی ستۆکهۆڵم٤/١/٢٠١٩

Related posts