ناهاوسەنگی نێوان پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و دواکەوتنی رەوشت و ویژدانی کۆمەڵگای مڕۆڤایەتی کارەساتبارە

ناهاوسەنگی نێوان پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و دواکەوتنی رەوشت و ویژدانی کۆمەڵگای مڕۆڤایەتی کارەساتبارە

ئەم تایتڵەی سەرەوە گەنگەشە و لێکۆڵینەوەی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام لێرەدا پێمخۆشە بە چەنر رستەیەک تۆزێ تیشک بخەمە سەری.
لە ماوەی ئەم دوو سەت ساڵەی دواییدا شارستانیەتی مڕۆڤایەتی لە رووی تەکنیکەوە زۆر پێشکەوتوە، لە هەمان کاتدا مڕۆڤایەتی لە رووی رەوشتی و ویژدانیەوە روو لە داچوونە. خۆپەرستی و راکردن بەدوای پارە و پوولدا بۆتە سیفاتی هەرە لەبەرچاوی ئێمە. ئێستا وای لێهاتوە کە زۆرێک لە مڕۆڤەکان بۆ ئەوەی دەستیان بگاتە پارەیەکی زیاتر هەموو رێگەیەک دەگرنەبەر.
پوولپەرستی و ئیگۆیزم باڵی کێشاوە بەسەر هۆش و بیرکردنەوەی زۆرێک لە مڕۆڤەکاندا. ئەوانەی کە ملیۆنێرن لە هەوڵداندان ببن بە ملیاردێر، ئەگەر لە سەر حیسابی هەزاران مڕۆڤی تریش بێ. ئەوانەی چەند ملیاردێکیان هەیە دەیانەوێت سەروەت و سامانەکەیان بکەن بە دەیان ملیارد، چاویان تێرنابێت، تەنانەت ئەگەر رێگەی گەیشتن بەو دەیان ملیاردە دۆلارە بە سەر سەری هەزاران مڕۆڤی تردا بێت ئامادەن بیکەن بەس بگەن بە مەبەستی خۆیان.
ئەمڕۆ زانستە سرووشتیەکان ئەوەیان سەلماندوە کە بەرزبوونەوەی رێژەی کاربۆن دایۆکساید دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەسەر رووی زەوی و ئەوەش بە نۆرەی خۆی دەبێتە هۆی درووستبوونی زۆرێک لە کارەساتە سرووشتیەکان بۆ نموونە وەک تواندنەوەی بەستەڵۆکەکانی هەردوو جەمسەری زەوی و تەنانەت بەستەڵۆکەکانی چیاکانی ئەلپ و ئێڤەرێستیش.
درووستبوونی تسوونامی و وشکە ساڵی و سەرئەنجامیش هەڵاتنی دەیان ملیۆن مڕۆڤ لە زێدی باوباپیرانی خۆیان و رووکردن لە وڵاتانی ئەورووپا کە بۆتە قیبلەی خۆشگوزەرانی و دڵنیایی بۆ هەموو پەناهەندەکان و تەنانەت ئەوانەشی کە تا ئێستا نەبوونەتە پەناهەندە و لە وڵاتی خۆیان ماونەتەوە، بەڵام خەون دەبینن بەوەی رۆژێک لە رۆژان لە بەهەشتی ئەورووپا و ئەمەریکا چاوهەڵبێنن.
من پێموایە رەگ و ریشەی هەموو قەیرانەکانی مڕۆڤایەتی چ لە سەر ئاستی ناوخۆی وڵاتێک بێ یان لە سەر ئاستی جیهان دەگەڕێتەوە بۆ لاوازبوونی رەوشت و ویژدانی مڕۆڤەکان، بەتایبەت ئەوانەی لە جمگەکانی دەسەڵاتدا جێگەیان گرتوە. مڕۆڤە بێڕەوشت و بێویژدانەکان تا پلەی دەسەڵاتیان هەڵکشێ ئەوەندە قەبارەی ئەو کارەساتانەی بۆ دەورووبەریان درووستیدەکەن گەورەتر و ماڵوێرانکەرتردەبێ. بەتایبەت ئەگەر لەپاڵ بێڕەوشی و بێویژدانیاندا زیرەکیش بن ئەوەندە کارەساتەکان گەورەتردەبن.
زۆر سیفەتی مڕۆڤایەتی هەیە کە ئێمەی مڕۆڤ ناوی زۆرمان لێیان ناوە. بۆ نموونە ئیمپاتی، سویمپاتی، هەستی بەرپرسیارێتی لە ئاست ئەوانی تردا، چۆنێتی هەڵس و کەوتکردن و بەکاربردنی ئەو دەسەڵاتەی کە هەتە، چۆنێتی هەڵس و کەوتکردنت لە گەڵ سرووشت و ئاژەڵەکاندا و چەندەها سیفاتی تری مڕۆڤایەتی. ئەمانە هەموویان دەگەڕێنەوە بۆ سەر بنەما سەرەکیەکانیان کە رەوشت و ویژدانە.
من کە زۆر باس لە رەوشت و ویژدان دەکەم و هەموو قەیرانەکانی مڕۆڤایەتی دەگێڕمەوە بۆ بێڕەوشتی و بێویژدانی مڕۆڤە باڵادەستەکان، باوەڕم بە هیچ ئاینێک نیە. رەوشت و ویژدانی مڕۆڤەکان لە گەڵ درووستبوونی نەوعی مڕۆڤدا درووستبوە، هیچ پەیوەندی بە ئاینەوە نیە. ئەگەر چی ئاین زیاتر باس لە رەوشت و ویژدانیش دەکات.
تەکنەڵۆژیا ئەوەندە پێشکەوتوە لەچاو لایەنە مڕۆییەکانی ترماندا وەک رەوشت و ویژدا کە هیچ هاوسەنگیەکی تیا بەدیناکرێت. مڕۆڤەکان وردە وردە وەک مەکینەیەکی ئاڵۆزیان لێهاتوە. ئێستا زانستی پزیشکی و نەشتەرگەری وا پێشکەوتوە کە زۆربەی بەشەکانی لەشی مڕۆڤ دەگۆڕن، بەر لە ساڵێک بوو کە پزیشکێکی رووسی تەنانەت سەری مڕۆڤێکی لە لاشەی مڕۆڤێکی تر نا، من نازانم ئەگەر ئەو نەشتەرگەریە سەری گرتبێت یان نا. بەڵام هەوڵێکی لەو بارەیەوە درا، پێموایە فزووڵیەتی مڕۆڤەکان و تینوێتی زاناکان بۆ زانست و پێشکەوتنی تەکنۆڵۆژیا زیاتر هانیاندەدات بۆ بەردەوام بوون لەورێگەیەدا و سەرئەنجامیش من هیچ تووشی سەرسووڕمان نابم ئەگەر نەشتەرگەری دوەم و سێهەم و دەیەم لەو بوارەدا سەرکەوتووبێ. زانست و تەقەلای مڕۆڤ
بۆ فیربوون و تاقیکردنەوەی شتەکان هیچ سنوورێکی نیە، بۆیە ئەوە یەکم جار و دواهەمین جاریش نابێ کە هەواڵی دانانی سەری مڕۆڤێک بۆ لاشەی مڕۆڤێکی تر لە گۆڤار و رۆژنامەکاندا بخوێنینەوە.
هەوڵ و تەقەلای دوکتۆر و لێکۆڵەرەوەکان لەبواری کلوونینگدا، واتا کۆپیکردنی ئاژەڵ و مڕۆڤ ئەوە وا خەریکە کۆن دەبێ، ئەگەر چی زاناکان لە کۆپیکردنی بەرخی دۆڵی سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
مەبەستی سەرەکی من لەم کورتە وتارە ناهاوسەنگی نێوان پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و دواکەوتنی لایەنی ویژدانی و رەوشتی مڕۆڤەکانە، کە دەبێتە هۆی درووستبوونی کارەسات و ماڵوێرانی بۆ زۆربەی مڕۆڤایەتی.
با ئەوەشمان لەبیر نەچێت کە ژمارەمان وەک نەوعی مڕۆڤ لە حەوت ملیارد تێپەڕیوە. ئەو ژمارەیەش لە ژێر تیشکی ئەو چاوچنۆکی و ئیگۆیزمەی کە بۆتە لۆگۆی مڕۆڤایەتی لەسەر رووی زەوی تەنها کارەساتی لێدەکەوێتەوە لە غیابی نەبوون یان لاوازی لایەنە مڕۆییەکانی ترمان کە لەراستیدا کۆڵەگەی مانەوە و پێشکەوتنی شارستانیەتی مڕۆڤایەتین.

هەر وەک لە سەرەوە باسمکرد ئەم وتارە هەوڵێکی بچووکە بۆ تیشکخستنەسەر ئەو رەوشەی کە مڕۆڤایەتی و لە نێو مڕۆڤایەتیش ئێمەی کوردی تێکەوتوین. ئەم پرسیارانە لەمێژە مێشکمی بەخۆیەوە مەشغووڵکردوە، بەم زوانەش وازم لێناهێنن، بۆیە حەزم کرد ئەم بابەتە فڕێدەمە واڵی فەیسەوە. هیوادارم تاقەتی خوێندنەوەیتان هەبێ و سەرنج و رای خۆتانی لەسەر بڵێن.

08ی مارسی 2020
کاروان سەعید

شەرچاوە: فەیسبۆکی بەرێز کاروان سەعید

Related posts