کەجەکە: کاتی قسەکردن نەماوە پێویستە هەموو گەلی کورد راپەڕن

2016-11-04

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کە پێویستە گەلی کورد و هەموو هێزە دیموکراسیخوازەکان راپەڕن و بەرخۆدان بکەن، گەنجان و هەمووی گەل کورد دەبێ بیسەلمێنن، کە دەسەڵاتداری ئاکەپە ناتوانێت ئیرادەی گەلی کورد تێکبشکێنێت، ئەمڕۆ رۆژی بەرخۆدانە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە:”دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە هێرشی کردووەتە سەر فیگەن یوکسەکداغ، سەلاحەدین دەمیرتاش و ژمارەیەکی دیکە لە پەرلەمانتارانی هەدەپە و دەستبەسەری کردوون، ئەو هێرشە قۆناغی پاش دەرکردنی بڕیاری لەناوبردنی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد لە کۆبوونەی دەستەی ئاسایشی نەتەوەیی لە رۆژی ٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠١٤دایە، ئەو هێرشە لە ٢٤ی تەمموزی ٢٠١٥دا گەیشتە قۆناغێکی نوێ، دەستبەسەرکردنی پەرلەمانتارانی هەدەپە هێرش بۆ سەر ئیرادەی گەلی کوردە، بڕیارێکە بۆ لەناوبردن و سیاسەتی قڕکردنی گەلی کورد.”

کەجەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش داوە، کە ئەم هێرشە لە ١٤یەمین ساڵیادی دەسەڵاتداری ئاکەپەدا ئەنجامدراوە، ئاکەپە بەم کارە پیشانیدا کە راستیەکەی چیە و چۆنە، ئەردۆغان بەنیازە بە لەناوبردنی کوردەکان سیستمێکی نوێی دەسەڵاتداری دامەزرێنێت، دەیەوێت دەسەڵاتداری فاشیستی خۆی باڵادەست بکات، ئەو هێرش دژی گەلی کورد و هەموو هێزە دیموکراسیخوازەکانە، ئەوان بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیاندا و هێرشەکان زیاتریش دەکەن، تاکەڕێگایە بۆ وەستانی ئەو هێرشانە تێکۆشانی گەلی کورد و تێکۆشانی هاوبەشی هێزە دیموکراسیخوازەکانە.

کاتی قسەکردن نەماوە، پێویستە هەمووان راپەڕن

کەجەکە رایگەیاند، کەپاش دەستبەسەرکردنی پەرلەمانتارانی هەدەپە هەموو راگەیاندنەکانی سەربە دەوڵەت وتیان:”ئۆپەراسیۆنی دژەتیرۆر لەبەرامبەر هەدەپە ئەنجامدراوە”، دیارە پیلانێک لەئارادا بووە، هەموو ئەو راگەیاندنانە دەیانزانی کە پاش ئەو هێرشە بۆ روماڵکردنی چ مانشێتێک بەکاربێنن، ئەوان دەیانەوێت بەم شێوە رۆماڵکردنە ئەو هێرشە بەڕەوا بناسێنن، رێککەوتنی ئاکەپە و مەهەپە بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتی لەناوبردنی گەلی کورد بەردەوامە، ئیتر کاتی قسەکردن نەماوە، پێویستە گەلی کورد و هەموو هێزە دیموکراسیخوازەکان دژی ئەم هێرشە بەرخۆدان بکەن و راپەڕن، ئەگەر بەرخۆدان ئەنجام نەدرێت بەواتای رێخۆشکەریە بۆ پیلانگێڕی ئاکەپە بەمەبەستی لناوبردنی کوردەکان.

ئەو هێرشە دژی خەڵکی باشور و رۆژهەڵاتی کوردستانیشە

کەجەکە لە راگەیەندراوەکەیدا راشیگەیاندووە، کە ئەو هێرشە نەتەنها دژی خەڵکی باکوری کوردستان بەڵکو دژی خەڵکی باشور و رۆژهەڵاتی کوردستانیشە، پێویستە هەموو پارتیە سیاسیەکانی کوردستان لەبەرامبەر ئەو هێرشە هەڵوێستێکی هاوبەشیان هەبێت و داوا لە هەموو گەلی کورد بکەن دژی هێرشەکانی ئاکەپە تێکۆشان بکەن، بەتایبەت پویستە حزبەکانی باشوری کوردستان داوا لە خەڵک بکەن دژی دەوڵەتی تورکیا تێکۆشان بکەن، هەر هێزێکی سیاسی کە لەبەرامبەر ئەو هێرشەدا بێدەنگ بمێنێت تاوانێکی گەورەی ئەنجامداوە.

ئەمڕۆ رۆژی بەرخۆدانە

کەجەکە لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا رایگەیاند، کە ئاکەپە و مەهەپە دژی پرۆسەی دیموکراتیزاسیۆنی تورکیا رێککەوتوون، تورکیا پێویستی بە دیموکراسی هەیە، ئاکەپە و مەهەپە لە دیموکراسی دەترسێن، هێزە دیموکراتیخوازەکان ئەگەر بەرخۆدان بکەن دەتوانن ئەو هێرشە تێکبشکێنن، پێویستە کە خەڵکی شاری ئامەد پێشتر لە هەموو شارەکانی کوردستان راپەڕن، پێویستە گەلی کورد نیشان بدەن و دەسەڵاتداری ئاکەپە ناتوانێت ئیرادەی گەلی کورد تێکبشکێنێت، ئەمڕۆ رۆژی بەرخۆدانە، رۆژی تێکۆشان دژی ئەو کەسانەیە کە دەیانەوێت هەبوونی گەلی کورد رەت بکەنەوە.

رۆژنیوز

Related posts