پرسە

قاسم چیرە

پرسە

کوردێ هااات و…
وەک ماینێکی
کوێتی…
چ ئەسپەشێ نەبەزاندوو!
بەسەر شاشەی مێدیای چاوم
بەلەز ڕابورد.

کوردێ هااات و…
بەناو چۆلگەی
نەچەلاندووی…
شاری مێشکم
تیژ تێپەڕی و
گشت شەقام و
هەموو کوچە و
کۆڵانگەل و
داروبەردی ئەم دەوەرەی
عەمبەربۆ کرد.
*****

کوردە هااات و
وەک یەکینەی ‘ دوازدە سوارەی مەریوان’
قەڵای مێردین بەسەر شان و
دە چاوان دا،
خەمی زامێکی مێژوویی …
دایکانی ئاشتی ‘خاوەران’،
دە خوێنی دا
شیری شیرن وەک هەنگوینی…
کوێستانی ‘هەوشینان’،
بە هەگبەیەک
پڕاوپڕ لە خۆشەویستی…
هەژارانی ‘شاری پیران’،
وەک ‘ئارتین’ی رۆژەتاوی
وەرزی نەورۆز،
بەناو مێرگی ‘باوەجان’ دا
هاتوو ڕابورد.

کوردە هااات و
بە فوویەکی مەسیحایی…
زانای مەزن!
پۆلووی دامرکاوی …
پیرەدڵی ئەم بەیارەی
گەشاندەوە و
دەگەڵ خۆ برد.
*****

زمان هااات و…
بەم هیوایە
شێعرێک بڵێ
بۆ باڵای ئەم شۆڕەسوارە!
لە شۆقی ئەم دیدارە،
لۆغەی لە زار کەوت.
شپڵە لێی دا.
لە هەژمەتان،
خۆی لە هەش نا و
خاکوخۆڵی نیشتمانی
وەسەر خۆ کرد.

2016-11- 11

Related posts